نابێ رێگا بدەین بە پاساوی نەبونی مۆڵەت، نوسینگەو بارەگای هیچ حزب و رێکخراوێک یاساغ بکرێت

لە هەفتەی ڕابردوودا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم! قوباد تاڵەبانی بڕیارێکی ڕاگەیاند کە ئەو حزب و ڕیکخراوە سیاسیانەی مۆڵەتی فەرمیان نیە، دادەخرێن…، نمونەی ئەم بڕیارە یەکەم جارنیەو لەڕیزی ئەو بڕیارانەیە کە دژ بە ئازادی سیاسی و ئازادی ڕێکخراوبونە، بڕیاری حزبێکی میلیشیایە کە هێزە چەکدارەکانی هیچ جۆرە مۆڵەتێک نایگرێتەوەو بەزۆر سەپێنراوە، بڕیارێکە بۆ مەبەستی بەرژەوەندی سیاسی حزبەکەیان و سەوداو مامەڵەیانە لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکەدا، خەڵکی کوردستان لە ناوەڕۆکی ئەم جۆرە بڕیارانە و پاساوەکانی ئاشناو ئاگادارن و فریو ناخۆن.

هەر بەدوای ئەو بڕیارەدا، دیمان کە بەئامادەیی پێش وەخت و بروسک ئاسا ٢٧/١١/٢٠١٨ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چواردەوری بینای تەڤگەری ئازادییان دا لە گەڕەکی چوار باغی شاری سلیمانی و هاوکات لە شاری ڕانیە گەمارۆیاندان، بە پاساوی نەبوونی مۆڵەتی یاسایی و ماوەی ٢٤ سەعاتیان دیاریکرد بۆ تەڤگەری ئازادی تا بارەگاکانیان دابخەن،  لەحاڵەتی پابەند نەبوونیان بۆ داخستنی نووسینگەکانیان، ئاسایش هەڕەشەی بەزۆر داخستنیانی کردووە.

جێگای باسە کە تەڤگەری ئازادی لە چوار ساڵ پێش ئێستاوە دامەزراوەو نوسینگەیان هەیە، هەر ئەوکاتیش داوای مۆڵەتی یاساییان کردووە، بەپێی یاسای حزب و ڕێکخراوەکانیش دەبێ لەماوەی ٩٠ ڕۆژدا وەڵامیان پێ بدرێتەوە… هاوکات تەڤگەری ئازادی وەکو لایەنێکی سیاسی لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە  بەفەرمی پەسەندکراوەو ژمارە ١٣٩ی پێدراوە…

سیناریۆی دەرکردنی بڕیاری یاسایی جێگری سەرۆکی حکومەت، بۆ ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسیانەی مۆڵەتی یاساییان نییە، هەروەها وەڵام نەدانەوە بەداواکاری ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی داوای مۆڵەتی یاسایی دەکەن، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەوداومامەڵەی دیبلۆماسیانەوە هەیە، تا لەو ڕێگایەوە، هەر کاتێک ویستیان نۆکەری پیشەیی بە داوای وڵاتانی کۆنەپەرست و چنگ خوێناوی ناوچەکە نیشان بدەن.

تەڤگەری ئازادی ڕێکخراوەیەکی سیاسیە و وەکو خۆیان دەڵێن، پابەندی هەموو یاساو بڕیارە یاساییەکانی دەسەڵاتی هەرێمن، بڕیاری داخستنیشیان لەلایەن دەسەڵاتی زۆنی سەوزەوە ڕاستەوخۆ گوێرایەڵی یەکێتی نیشتمانیە بە داوای دەوڵەتی تورکیا و وەکو مامەڵەیەک بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا.

ئیمە لەکاتێکدا بەتوندی ئیدانەی بڕیاری سەرکوتگەرانە و دژە ئازادی جێگری سەرۆکی حکومەت و هێرشی دەزگاکانی ئاسایش بۆسەر نووسینگەکانی تەڤگەری ئازادی دەکەین، هاوکاتیش ئەو پاشکۆیی و سەوداومامەڵەی حکومەت و حزبەدەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە کۆنەپەرست و سەرکوتکەرەکانی ناوچەکە ڕیسوا دەکەین. وە خوازیارین کە بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازی کوردستان، ڕێگە نەدەن لە ژێر هیچ بەهانەیەکی درۆزنانەو پوچدا هێرشەکانیان بۆ سەر ئازادیەکان توند بکەنەوە، نابێ ڕێگا بدەین کارو هەڵسورانی سیاسی ڕیكخراوو حزبە سیاسیەکان سنوردارو  یاساغ بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٧/١١/٢٠١٨

Check Also

بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەکۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین، ٢٩ی نۆڤێمبەر

بۆ چینی کرێکار و ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییەکان بۆ خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی بەرگریکار لەخەڵکی …