تیرۆر لەپاریس !

(١ و ٢)

خەسرەو سایە

saye.xasraw@yahoo.co.uk ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

(1)

پەلامارەکەی تیرۆریستانی ئیسلامی بۆسەر هەفتەنامەی شالی ئیبدۆ، سەلماندنەوەی ئەو ڕاستیەیە کەخەتەری تیرۆریزم پانتاییەکی گەورەی بەسەر سەری کۆمەڵگای جیهانی ئەمڕۆدا ڕاگرتووە،، بەلام ئەم کوشتارو ئینسانکوژیە، تەنها لەبازنەی هێرشی ئیسلامی بۆسەر ئازادی بیروڕادا قەتیس نابێ، بەڵکو ئەم تیرۆریزمە یەکێک لەگۆشەکانی جەنگێکی جیهانی ئیسلامی سیاسی ئاشکرادەکات کە قوربانیەکانی ڕۆژانە لەژنانو منالانو ئازادیخوازان وخەڵکی مەدەنی شەنگال وپاکستانو سوریاو عیراق وئوسترالیاو ..  دەسێنی تا دەسەلاتو نفوزی باڵێکی بۆرژوازی لەئاست جیهان و لەهەرولاتێکدا بەرەوسەرەوە بەرێ، ئەمە شەڕێکی دونیای ئەمڕۆی کاپیتاڵیزمە بۆ دوبارە سازدانەوەی بازاڕی سەرمایەو دابەشکردنەوەی سەروەتو دەسەلات، دیارە لەرێگاو لەقاڵبی هەرە ڕەشه‌و سەرکوتو خوێناویەکەیدا، بۆیە ناکرێ ئەم جەنگە تەنها لەبازنەی ئازادیو دژی ئازادیدا بخوێندرێتەوە. بەڵام ڕەخنەی ڕیشەیی لەم تیرۆریزمە لەکوێوە دەست پیدەکات؟

بڵاوکردنەوەی وێنە کاریکاتێریەکانی موحەمه‌دو ئیسلام وەڵامی دروست نییە بۆ ڕاوەستانەوە ومەحکومکردنی تیرۆر لەپاریس، تەنانەت تیژکردنەوەی بەتەنهای ڕەخنە لەئیسلام وهەڵدانەوەی مێژوە ڕەشەکەی، تائاستی خۆدەرخستن وەک ڕەوتێکی دژەدینی ودژە ئیسلامی کافی نییەو هێشتا لێکدانەوەیەکی سیاسیو وچیانیەتی لەجەنگی تیرۆریستان لەدژی بەشەریەت لەروانگەیەکی کۆمۆنیستیەوە بەدەستەوە نادات وڕۆشنگەری پێویست وبەرچاو ڕۆشنی کافی بەهەڵسوراوانی داکۆکیکار لەمەدەنیەت و ئینسانیەت وتەنانەت ئەوانەی ئەم جەنگە لەدیدی ئازادی بەیان وبیروراوە دەخوێننەوە نادات بەدەستەوە.  چونکە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە بەدیوێکی تردا ئەگەری کەوتنە داوی ڕاسیزم و لایەنگری لێی بەدواوە دەبێ، لەکاتێکدا ڕاسیزم دیوی دوهەمی هەمان تیرۆریزمی ئیسلامیە بەدژی کۆمەڵگای بەشەری. لێکدانەوەی دروست لەوێوە دەست پێدەکات کەتیرۆر لەپاریس بەتەنها تیرۆریزمی ئیسلامی مەحکوم ناکات، بەڵکو ئەو سیاسەتەش مەحکوم و ڕەخنە دەگڕێ کەئەم تیرۆریزمە دەرهاوێشتەیەتی. سیاسەتێک کەدەوڵەتانی غەربی بۆ پەلاماردانی هەم کۆمەڵگای سکولارو پێشرەو ومتەمەدنی ڕۆژئاوا وهەم کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات، لەژێرناوی مڵتیکالچەریزم ودیموکراسیدا گرتویانە تەبەرو ئیسلامیان بەناوی میانەڕەو وتوندڕەوەوە دابەشکرد وگوایە لەڕیگای راکێشانی باڵیکی ئیسلامی سیاسیەوە دەتوانن باڵە توندڕەوەکەیان کۆنترۆڵ بکەنو تیرۆریزم شکست پی بهێنن.. ڕوداوەکانی پاریسو ئەڵمانیا نیشانی دەدەن کەئەم سیاسەتە شکستی ‌هێناوە. هاوکات  سیاسەتێکی زاڵمانەو ئینسانکوژی کەئەمریکا ودەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بەکوشتاری فەلەستینیەکانو لایەنگریان بۆ سیاسەتی جەنگ وکاولکاری، گەمارۆی ئابوری وجەنگ لەعیراق وسوریاو یەمەن و لیبیا، لایەنگری لەو ڕژێمە ئیسلامیانەی کەلەفولەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاو غەربدا دەخولێنەوە،  سیاسەتی ڕژێم چینج وهێنانی دەستەوتاقمی ئیسلامی بۆ نیو “پرۆسەی دیموکراسی” وکردنی شەریعەتی ئیسلام بەسەرچاوەی یاسا وهەڵوەشانەوەی مەدەنیەتی کۆمەڵگا وچەمکی هاوڵاتی بونی یەکسان ودابەشکردنی ئینسانەکان بەسەر سونەو شیعەو ئیسلامی فەندەمیتاڵ ومیانەڕەودا…. ئەمە وێرای سیاسەتی کۆنترا کردنی گروپە ئیسلامیەکان ودەستگیرۆیی مادیو سیاسی بۆیان .. هەموئەمانە تیرۆریزمی ئیسلامیان کردۆتە ئامرازێکی سیاسیو عەسکەری بەدەست ئەمریکاو غەربەوە تا هەژمونی خۆیان بەسەر دونیاو بازاری کارو سەرمایەدا، جێبخەن و ڕەقیبەکانیان لەمیدان دەرکەن.

لەغیابی جوڵانەوەیەکی کۆمۆنیستی بەهێزو چیانیەتیدا، لەکزی هەژمونی لێکدانەوە وڕۆشنگەریەکی سۆسیالیستی وسیاسیو وچینایەتیدا، لە دونیای ئەمڕۆدا، بێشک ئەو لاوانەی کەڕۆژانە دەبینن لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە ماڵو حاڵی ئازیزانیان کاولدەکرێ، کەدەبینن دەسەلات لەولاتەکەیان بەدەست چەند حزب وتاقمیکی گەندەڵ وسەرکوتگەری میلیشیاوە، گیرۆدەی هەزارویەک دەردەسەری بوە، کەنابەرابەریەکی گەورە دەبینن بەوهەموو سەروەتو سامانەی لەولاتەکەیاندا هەیە.. کەچی ئەمریکاو غەرب نەک بەقازنجی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەنگاو نانێن، بەڵکو لەئەوروپاش “ژیانی پەنابەری” دەکرێتە بەرگیان ولەکەمپ وکونجی کۆمەڵگادا یەخسیر دەکرێن.. ئەم لاوانە بەپێویست دەکاتە کەرەسەو زەخیرەی جەنگی تیرۆریستان… تیرۆریزمی ئیسلامی بەرهەمی تیرۆریزمی دەولەتی وسیاسەتەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە بەرامبەر بەدونیای ئەمڕۆ. .. کەوایە تیرۆر لەپاریس لەیەکه‌م هەنگاودا پێمان دەڵی کەدەبێ هەموو ئەم واقعیەتانە ڕەخنە بکرێن وڕۆشنگەریان لەسەر بکرێ تا بەرەی ئینسانیەتو موتەمەدنی دونیا لەبەرامبەر جەنگی تیرۆریستاندا، بەئیسلامی ودەوڵەتیەکەیەوە یەکدەست بهێنێتە مەیدانەوە.  

)٢(

لەکردەوە تیرۆریستیەکەی پاریسدا یەکجاری تر هەڵویستی بەرژەوەندی خوازی حەقیر ونامرۆڤانەی ناسیونالیزمی کورد خۆی نمایش کردەوە.. ئەوەی کە لەپەیامی بەرزانییدا بۆ ئۆلاند ئاشکرایە، گوایە خەمی قوربانیەکانی پاریس بەچاوی بەرزانیەوە داناکەوێتە سەر زەوی، چونکە کوردستان لەڕێزی پێشەوەی بەرەی دژی تیرۆردایە!!، وەیا ئەوەی کەدەسەتەی نوسەرانی هەفتەنامەی شارلی ئیبدۆ لەپشتی ئالای کوردستانەوە وێنەیان گرتووە، بەسە بۆئەوەی تیرۆریزمی ئیسلامی مەحکوم بکرێ، وە یا خود ئەوەی کەپەکەکا ولایەنگرانی دەیانەوێت پاریس بکەنە بابەتێک بۆ گرێدانەوەی ئاکامەکانی جەنگێک وروداوەکانی کەرووی لەکۆمەڵگای بەشەریە بەتەنها بە “تیرۆری سێ کچەکەی پاریس” وە، کەدوو ڕووداوی جیاوازن، وەیان ئەوەی کەڕەخنەی لایەنگرانی یەکیەتی نیشتمانی لەدژی ئیسلامیەکانی کوردستانی توندکردوتەوە، لەبەرئەوەی بەیعەتیان بۆ بەرزانی کردووە لەمەڕ “بەنیشتمانی کردنی هێزی پێشمەرگە” .. بەڵگەی ئەوەن کەناسیونالیزمی کورد نەلە هەقیقەتی ئیسلامی سیاسی ڕەخنە دەگرێ و نەشێڵگیرە لەبەرامبەر جەنگی تیرۆریزمی ئیسلامیدا، بەڵکو ئەوەندە قسەی هەیە کەئەویش ئیسلام بەدەستەوە بگرێ بۆ تەوازناتی سیاسیو جێگە خۆشکردنی هەریەک لەحزبەکانی. لەم پێوەندەدا بەڕۆشنی دەبینین کەئەوە بزوتنەوەی گۆڕانە کەمادام هاوخەتی ئیسلامیەکانە ئیتر مەجبور نیە لەسەر پاریس قسەیەکی جدی بکات، ئەگەر هەشی بێت بۆ ئاوکردنە بەروخساری خۆداو نەهیچیتر..

لەڕاستیدا ڕوانگەی ناسیونالیستی کورد لەهەر روداوێکدا ئەوەبوە کە “کورد” چ قازانجێکدەکات، “ئەویش بەمانای ئەوەی کەتاچەند چینی دەسەلاتدار وحزبەکانی قازنجیەتی” وەتاچەند دەتوانێ لەو ڕووداوەدا تەسفیەی باڵەکانی نیوخۆ، لەسەر دەسەلاتو داهاتوی کوردستان بەجێگه‌یەک بگەیەنێ کەکۆمەڵگای پێ تەوەهومکات.

کارەساتی شەنگال کەتیرۆرێکی زیاترە لەوەی لەپاریس ڕوویدا چ لەرووی سیاسیو چ لەڕووی ڕێژەی قوربانیەکانیەوە، بەڵام چونکە لەکونجێکی نەناسراوی ڕۆژهەلاتدا ڕوویداوەو جێگایەکی ئەوتوی لەسیاسەتی دەوڵەتانی ئەوروپادا نیە، ئەویش وەک هەلەبجەی ساڵانی هەشتاکان، تەنها ڕشتنی فرمێسکی تیمساحانەی دەوڵەتانی غەربی بەسە، بەتایبەتی کە ئێستا ڕۆشنتر لەپێشوو بارزانی هاوپەیمانی بێ ڕەقیبی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە وهەرکاتێک دانیشتوانی ژێردەستی بکاتە ئاردی ناودڕک بێقازانج نییە بۆهیج لایەک!. لەسەرەتاوە هاتنی داعش بۆ بەرزانی و گشت ناسیونالیزمی کورد بەفرسەتی زیڕین لێکدرایەوە، لەکاتێکدا ئەم هاتنەی داعش دەیان هەزار کەسی کردە قوربانی وچەند سەد هەزاریشی ئاوارەو ماڵوێرانکرد. لەوەش زیاتر هاتنی داعش وەک ئەنجامێک لە سیاسەتی هاوبەشی بارزانی لەگەڵ کەمپی تورکیاو دەولەتانی خەلیجدا بۆ لابردنی مالیکی ئاڕاستەبوو، بەڵام لەدرێژەی خۆیدا بازاڕی فرۆشی نەوتو بازرگانی لەگەڵ تیرۆریستاندا گەرم کرد. 

مەسعود بەرزانی لەهەر بۆنەیەکدا ڕادەگەیەنێ کەحزبەکەی و دەسەڵاتەکەی، تەنانەت دژی تیرۆریزمە وتەنانەت دەڵی “هەریمی کوردستان لەبەرەی پێشەوەی جەنگی دژی داعش”دایە، بەلام نایسونالیزمی کورد وەک بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی، کەدەمی بەداهاتی ڕەنجی کرێکاری کوردستان چەور بووە، ناتوانی لەبازنەی کایەو سیاسەتی بۆرژوازی جیهانی ودەوڵەتانی وەک ئەمریکاو ڕۆژئاوا دەرچێ. حزبەکانی ئەم بزوتنەوەیەش فێربون کەجیاوازی لەنیوان باڵەکانی توندرەوو ومیانەڕەوی ئیسلامی سیاسیدا بکەن وبەدەستێک یەکگرتوو کۆمەڵ بۆ پێکهێنانی حکومەتی مۆزایکی قەبوڵ بکەن وشەرعیی ئیسلامیشیان بۆ بکەنە سەرچاوەی دەستورو یاسا تارادەی قەبوڵکردنی یاسای فرەژنی، بەدەستێکی تریش شەڕی داعش بەشەری دژی تیرۆر بناسێنن تا فرۆکەکانی ناردنی چەکو پارە لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە سەرەوژێر بێتەوە ودەرگای قونسوڵگەری وجاسوسیەکانیان بکەوێتە سەرپشت، لەولاشەوە موچەی کرێکارانو کارمەندان، بەخاتری هاتنی داعشەوە حەواڵەی بودجەو بەندوبەست لەگەڵ دەولەتی مەرکەزیدا بکات.. ئایا ئەمە تیرۆرێکی سەراپاگیر نییە؟. ئایا کارەساتی شەنگال وئەوەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی کوردستان کرایەوە ناچێتە خانەی پەلامارێکی بەکۆمەڵەوە؟. ئەگەر وایە ئیتر چ ڕاستەیەک لەپشتی ئالاو ئایدیۆلۆژیاو کوردبونەوە هەیە کاتێک وینەی روداوەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی دێنەروو. ناسیونالیزمی کورد لەکوردستان بەپشتی تانکو تۆپ وسیاسەتی جەنگخوازانەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەدەسەلات گەیشتووە، بەسەر سیاسەتی برسیکردن و گەمارۆی ئابوری و پەیژەی ئێسک وپروسکی مناڵانی عێراقدا سەرکەوتوە وخۆی لەبەرەی تیرۆریزمی دەولەتیدایە، بەڵام بەدروشمو بانگەشەی دژی تیرۆریزمەوە…

 ٨/١/٢٠١٥  

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە: