دەستخۆش جەنابی وەزیر ..!

جەبار مستەفا

چەند رۆژێک لەومەبەر، کەمال موسلیم وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێم رایگەیاند رۆژی یەکشەممە ١ی شوباتی ٢٠١٥ بەپی یاسا فەرمانی دەرکردنی (مەلا شوان کوردی) دەرکردوە.

ئەم مەلا شوانەش وەک زوربەی خەڵکی کوردستان دەزانن لە مانگی ١١ی سالی رابوردوەوە کارەکەی خۆی کە پێشنوێژی و وتارخۆێنیبوو لە یەکێک لە مزگەوتەکانی دارەتوی نزیک هەولێر، جێهێشت و بە خاوخێزانەوە چوە ریزی داعشەوە ولەچەند رۆژی رابوردودا لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە هەڕەشەی لە خەڵکی کەرکوک وهەلێر کرد.

جەنابی وەزیر ئەمبڕیارە یاسایەی روندەکاتەوە و دەڵێت ؛ “هەرکەسێک لەدەوام داببڕێت ، ئێمە بەپێ یاسا ئاگاداری دەکەینەوە لە ماوەیەکدا پەیوەندی بە دەوامەوە بکات ، ئەگەر نەیکرد دەری دەکەین ، لەگەڵ ئەو مەلایەش هەربەمجۆرە مامەڵەمانکردوە، بەپێ یاسا فەرمانی دەرکردنمان بۆدەرکردوە.”

تائێرە دەبێ دەستخۆشی لە جەنابی وەزیر بکەین چونکە ئەرکێکی یاسای خۆی ئەنجامداوە لەم کوردستانەدا کە زۆرکەس گلەیی لە سەروەرنەبونی یاسا دەکەن …!  بەڵام کە وتەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ئەوقافەوە دەخۆێننەوە ( بەگۆێرەی نوچە نێت نەویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت)   مەسەلەکەمان  زیاتربۆ روندەبێتەوە، سەرجاوەکە دەڵێت؛ ” دەرکردنی مەلا شوان پەیوەندی بەوەوە هەبوە وزارەتی ئەوقاف لەبیریکردوە ئەم مەلایە دەربکات تاخۆی دەرنەکەوت و هەڕشەی نەکرد وزارەت بیری نەبو دەریبکات ، بۆیە هەر بەپەلە فەرمانی دەرکردنیان بۆ دەرکرد”.

سەرجاوەکە رۆشنایی زیاتر دەخاتە سەر مەسەلەکە و دەڵێت؛” مەلا شوان ٣ مانگە کارەکەی خۆی بەجێهێستوە و بەخاوخێزانەوە جوەتە ریزی داعشەوە ،…….”

چەند رۆژێکە ئەمسەرچاوەیە ئەمقسانەی بڵاوکردۆتەوە وەزارەتی ئەوقاف هیچ وەلامێکی نەداتەوە ئەمەش گەواهی ئەوەیە کە جەنابی وەزیر درۆیکرد و خەڵکی کوردستانی بەلارێدابرد یان لانیکەم خەڵکی کوردستانی بەگێل زانی . ئێمە باس لەوە ناکەین کە دورنیە ئەم مەلایە داعشی بندیواربێت ، بەڵام لە وڵاتێکدا توزقاڵێك رێز لە یاسا بگیرێت یان  حورمەتی هاوڵاتیانی پارێزراوبێت دەبی جەنابی وەزیر دەست لەکار بکیشیتەوە و بدرێتە دادگا،هەم لەسەر ئەوەی کەمتەرخەمی کردوە لەکاری خۆیدا وهەم لەسەر ئەوەی خەڵکی کوردستانی چەواشەکردوە .

بەراستی کارەساتێک کە ئەم حکومەتی حزبەکانی کوردایەتی بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێناوە  لەم بێیاسایی و گەندەڵی ورێزنەگرتن لە مافی هاوڵاتیان و….هتدا قەتیس نابێتەوە ، ئەم لایەنانە سەرباری گرنگیان هیشتا جەهەرو ناوەرۆکی چینایەتی ودڕندەیی ئەم حکومەتە بەرامبەر بە کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەتی کوردوستان رۆشنناکاتەوە ، بۆ رۆشنکردنەەی هەندێک لایەنی ئەم بابەتە  با زیاتر سەرنج بدەینە وتەکانی خودی جەنابی وەزیر وسەرچاوەکەی وەزارەتی ئەوقاف .

سەرچاوەکە لە درێژەی وتەکانی لەسەر مەلا شوان دەڵێت؛ ” مەلا شوان دەرچوی پەیمانگەی زانستە ئیسلامیەکانی کوردستانە ؛ ئێمە بە پارەی خۆمان دوژمنێکمان پێگەیاند “.

جەنابی وەزیریش تۆزێک ئەملایەنە رۆشندەکاتەوە و دەڵێت؛” تا ئیستا ٤٨ کەس لە وەزارەتی ئەوقاف چونەتە ناو داعشەوە کە هەمویان موچەخۆربوون بە ناونیشانی جیا جیاوە، هەیانە قورئانخۆێن بووە، هەیانە بانگبێژ ویا خود فەرمانبەربوون” .

چەند ساڵێک لەمەو مەریوان نەقشبەندی کە ئەوکات فەرمانبەرێکی باڵای وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمبو لە یەکێك لە کۆنگرە ئیسلامیەکاندا کۆمەڵێك ئاماری ترسناک بڵاودەکاتەوە لەسەر توانا دامودەزگاکانی ژێر کۆنترۆڵی  ئیسلامیەکانی  کوردستان ، بەداخەوە زۆریانم لا نەماوە ، ئەو دەڵێت کە لە کوردستاندا ٥ هەزار مزگەوت هەیە ، رۆژانی هەینی نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس بەشداری دەکەن لە نۆێزی هەینیدا ، و ئاماژە بە ژمارەی زۆری قوتابخانە و پەیمانگە و کۆلێجە ئیسلامەیەکان  دەکات، ئەگەر ئەو پارە زۆرو بێشمارەیە کە راستەوخۆ دەکرێت بە قورگی حزبە ئیسلامەکاندا  بخەینە سەری، بۆمان رۆشندەبێتەوە کە ئەم رەوتانەی ئیسلامی سیاسی چرێژەیەکی گەورە و سامناک لە قوتی خەڵکی کوردستان هەڵدەلوشن.

ئیستا کاتی ئەوەیە بپرسین؛  ئایا ئەم حکومەتە بەدەستی خۆی لە ئارەقەو رەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان ئەم رەوتە دڕندانەی ئیسلامی سیاسی بەچمەبەستێک بەخێودکاتوچکارێکی پێانە؟ یاخود رؤشنتر بڵێین ئەم هێزانەی ئیسلامی سیاسی دەتوانن چخزمەتێک بەمرژێمە کۆمەلایەتیە- سیاسەی ئیستای کوردستان بکەن؟

پیشئەوەی راستەوخۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە پێمباشە ئاماژە بە بۆچونێک بدەم کە هەندێک لایەن و کەسایەتی، بەتایبەتی خۆدی ئیسلامیەکان دەهؤڵێکی زۆری بۆ لێدەدن ، ئەوەیە ، گوایە زوربەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن و خۆیان ئیسلامیان قبوڵە و هەر بە دەنگو بەپشتیوانی ئەوان چەند حزبێکی ئیسلامی سیاسی بە ئاشکرا و بە شیوەیەکی یاسایی کاردەکەن و چەند ساڵێکیشە کەمو زۆرنؤینەرێان لە پەرەلەماندان . ئایا بە راستی هۆیەکانی سەرهەڵدانو  گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە خەڵکی کوردستان و تەنانەت ئەندامو لایەنگران وسەرکردەکانی حزبە ناسیونالیستەکانیش ( کە حزبە ئیسلامیەکان پییان دەڵین عەلمانی) موسڵمانن؟

مێژوی کوردستان لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی رابوردوەوە بە تایبەتی لە کۆتای هەشتاکانو سەرەتای نەوەتەکانەوە ڕیک پێجەوانە ئەم  بۆچونە دەسەلمێنێت. ئەو سەردەمە واتە سەرەتای نەوەتەکان، سەردەمی هەرەسهێنانی بلۆکی رۆژهەلاتی بە ناو ( سوسیالیستی) و سەرهەڵدانی نەزمی نۆیی جیهان بو، سەردەمی هاتنە سەرکارو خۆقایمکردنی جمهوری ئیسلامی ئیران و رژێمی تالیبانی ئەفغانستان بو، سەردەمی گەشەکردنی کۆنەپەرستی وخرافەو ئیستبدای لەرادەبەدەروەحشی وبێئەندازە نا ئینسانیبو ، سەردەمی سەرهەڵدانی شەری قەومی، نەژادی و تایفەگەری کە ژمارەی کۆژراوەکانی دەبوایە بە ژمارەی فەلەکی حساب بکرایە ، لەو سەردەمەوە کوردستان کەوتە ژێر باری ئابڵوقەی ئابوری رۆژئاوا، ئابلوقەی ئابوری رژێمی بەعس ، شەری ناوخۆی یەکیتی و پارتی ، هێرشەکانی تورکیا و ئیران  و پەلکێشکردنی ناوە ناوەی هێزەکانیان لە لایەن هەردوو حزبی کوردایەتەوە بۆ کوردستان و….. لە و سەردەمەوە ئەم هێزانەی ئسلامی سیاسی لە کوردستاندا سەریان هەڵدا ، هەم دەوڵەتانی کەنداو هەم ئیران و تورکیا بە ژمارەی خەیالی پارەو  پولیاندەکرد بە قورگیاندا هەم بە چەک و جبەخانەی تازە و قورسو سوک درێغییان لێندکردن، لەو سەردەمەدا ئیسلامیەکان بوونە خاوەنی چەندین دەزگای راگەیاندنی بە توانا و حکومەتی هەرێمێش درێغی نەکردوە لە کردنەوەی سەدان قوتابخانە و پەیمانگا و کۆلیج و مزگەوتو تەکیەو ……هتد بۆیان ، دەیان رۆژنامە و گۆڤارو بڵاوکراوەی جۆراوجۆریان تا ئیستاش بلاودەبنەوە ، هەر رۆژەی گروپێکی ئیسلامی لەناکاو لە شۆێنێکی کوردستانەوە وەک دومەڵ لە لاشەی خەستەو برینداری کۆمەڵگەی کوردستان هەڵدتۆقی، هەر رۆژە شۆێنێکی کوردستان، شارۆچکەیەک، چەند دیهاتێک یان ناوچەیەکیان داگیر دەکرد و حکومەتی ئیسلامی و شەریعەتی اڵڵەیان تیدا رادەگەیاند ، لەملاشەوە لەو پارەو پولە بێشمارەی کە لە شێخنشینەکانی کەنداوەوە بەردەوام بۆیان دەهات  بە ناوی یارەمەتی دانی هەژارانو ماڵە هەتیوی کوردستان زەکاتو فەقیرانەیان دەبەخشیەوە  بەسەر هەندێک خێزانی نەداردا بەو مەرجەی نۆێژبکەنو ژنەکانیان حیجابی ئیسلامی بپۆشن ،ئەمکارانەیان تەنها بۆ ئەوە بو کە رەوتی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا بەهێزبکەن و سەرئەنجام بگەن بە دەسەڵات و حکومەتی ئیسلامی دابمەزرێنن. ئیستا، بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی شۆرشەکانی تونس و میسر…. ئەگەر دەسەڵاتو هێزی کۆمەڵایەتیان بەراورد بکەین بەو ساڵانە بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە پاشەکشەی جدیان کردوە یان لانیکەم  نەگەیشتن بە دەسەڵات و لەوەناچێت بەمزوانە ئەو ئامانجەیان بێتەدی. بەراستی نهێنی یاخود هۆی سەرەکی ئەم ناکامیەی ئیسلامیەکان لە گەیشتن بە دەسەڵات لە کوردستاندا لە فاکتۆرێکی سەرکیدا بەرجەستە دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنیە و ئەم هێزە کۆنەپەرستو جەهەننەمیەیانە قبوڵناکات. دەنا نە هێزو دەوڵەتەکانی ناوچەکە نە خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە پارتیو یەکیتیش، ئیستاشی لەگەڵبێت درێغیان نەکردوە و نایکەن لە کۆمەکی بێشوماری ئەم هێزانە. چونکە کارێک کە ئەمهێزە کۆنەپەرستانە ئەنجامی دەدەن لە کۆمەڵگەدا ، بێئەندازە سودبەخشە بۆ دەسەڵاتی بۆرجوازی کوردستان و ناسیونالیزمی کورد.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشودا دەبێ بلێم کە حکومەتی هەرێم   نۆێنەری چینی سەرمایەدارو دەولەمەندانی کۆمەڵگەی کوردستانە، کۆمەڵگەی کوردستان هیچ کات بە ئەندازەی ئیستا قەڵشتی چینایەتی تیادا زەق نەبوەتەوە  و ناکۆکی دوژمنکارانەی نێوان چینی بۆرجوازی لە لایەک و چینی کرێکار و زەحمەتکێشان لە لایەکی ترەوە قوڵنەبوەتەوە. دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا رێک نۆێنەرایەتی چینی سەرمایەداری کۆمەڵگەی کوردستان دەکات کە لەگەڵ سەرمایەداری دەرکی یاخود جیهانیدا نەک هاوقازانجە بەڵکو هاوچارەنوسیشە، کۆمەڵگەی کوردستان یاخود پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا پرۆسەیەکە هەم لە بارودۆخیکی جیهاندا بەرێوە دەچیت کە دەزگا زەبەلاحە ئابوریەکان ( مۆنۆپۆلەکان) کۆنترۆلی دەکەن، یان رۆشنتر بڵیم پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کوردستاندا لە بارودۆخیکی مۆنۆپۆلیانەی پە یوەندی کارو سەرمایە بەرێوە دەچێت ، دیارە بە قازانجی سەرمایە،  خودی ئەمپرۆسەیە  جێگاو ریگایەکی داوەتە کوردستان لە بازاری جیهانیدا کە دەبی هەم سەرچاوەیەکبێت بۆ کاری هەرزان و هەم بازاڕیکیش بێت بۆ بە بەکاربردنی(استهلاک) کاڵای مۆنۆپۆلەکان . لە لایەکی ترەوە دابینکردنی کاری هەرزان پیویستی بە کرێکاری خامۆشو بێدەنگە واتە کرێکارێک بە هەر کڕێەک بە هەر بێمافەیەک قایلبیت و نوزەی لێوە نەیەیت .

میژوی رژێمی سەرمایەداری سەلماندویەتی کە تەنها سەرکوتی راستەوخۆی چینی کرێکار تەنها هێزی پۆلیس وسەربازی، دەزگای ئاسایش وزانیاری وپاراستن و هێزی یاسا ،کوشتنو بڕێن داوی بۆرجوازی نادات بۆ پاراستنی رژێمەکەی،  بۆیە پێویستی بەهێزێکی ترە کە کرێکار وجەماوەری نارازی گێلبکات وبیخاتە گێژاوێکەوە کە هاوچینەکانی خۆی لێبکات بە دوژمن و دۆژمنە چینایەتیەکانی، ئەوانەی کە رۆژانە شیلەی گیانی دەگوشن، لێبکاتە دۆستو هاوچارەنوس، دەکڕیت لەمبواەردا ئاماژە بە چەندین ئایدۆلۆجیا وسیستەمی فیکری بکەین وەک ناسیونالیزم ، دیموکراسی بەلام لە نێوگشتیاندا هیچیان وەک ئایین و مەزهەب ولە نێو ئاینەکانیشدا هیچیان وەک ئیسلام ولەم رۆژانەدا ئیسلامی سیاسی خزمەتی چینی بۆرجوازی و رژێمی سەرمایەداریان نەکردوە. ئیسلام هەر لەسەرتاوە تەناتەت لەناو خێزانێکدا پیاو دەکاتە دەژمنی ژنان ، ژنان دەکاتە سەرچاوەی گوناح ، بۆیە پیاو دەبێ زاڵبێت بەسەریدا و بیکاتە کۆێلەی خۆی، ئیسلام هەر لەسەرەتاوە  دەبی بە حوکمی خەلێفە( حاکمی ) موسڵمانان رازیبێت ولە رویدا هەڵنەگەرێتەوە ، ئیسلام هەر لە سەرەتاوە چینی کڕیکار و جەماەوری زەحمەتکێش  دەکاتە دوژمنی یەک لە رێگای دابەشکردنیانەوە بۆ  ئیسلام وکافر، ئیسلام پیویستی کۆشتارو سەربڕینی هاوچینەکانی کرێکاران دەکاتە مەرجی ئیسلامبون و رەزامەندی خودا( جیهاد) ، بە کورتی ئیسلام وەک ئایدۆلۆجیا و سیستەمی فێکری وەک رێبازێک بۆ ژیانو بیرکردنەوە بۆ چینی کرێکار  تاعونێکە تا سەر ئیسقان دژ بە قازانج و خەباتیەتی، هەر بۆیە رەخنە لە ئیسلام ولە دین بەگشتی مەرجێکی بنەرەتیە بۆ رەخنە لە سیستەمی سەرمایەداری ولە گۆڕنانی، هەربۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەو خزمەتە گەوەرەیەدەکا بە ئیسلام لە راستیدا رەوتێک بەهێزدەکات لەناو کۆمەڵگەی کوردستان کە باشترێن پاداشتی دەداتەوە بەوەی سوپایەکی فراوان لە کرێکارانو خەڵکی خامۆش و بێدەنگی بۆ پەروەردە بکات .

لە لایەکی ترەوە لەمباردۆخە جیهانیەی سیستەمی سەرمایەداریدا کە، وەک ئاماژەمپێدا، توشی قەیرانیکی قوولو هەمەلایەنە بوە و کێشمە کێشێ نێوان باڵە جیاوازەکانی بۆرجوازی بە ئەوپەڕی خۆی گەیشتوە لە سەر دابەشکردنی قازانج و مانەوەیەیان لە دەسەڵاتدا، ئیسلامی سیاسی وەک رەوتێکی بۆرجوازی تاسەر ئیسقان کۆنەپەرستو درندە لە بەرامبەر بەشەکانیتری بۆرجوازی سەریهەڵداوە لە سەر کۆنترۆڵکردنی ئەو ولاتانەی کە توشی تاعونی ئیسلامبون لەرۆژهەڵاتی ناوەراست وناوچەکانی تری اسیا و ئەفریقیادا، کێشمە کێشی خۆیناوی ئەمدوو رەوتەی بۆرجوازی لەسەر دەسەڵات لەم ناوچەیەی جیهاندا هۆ و فاکتۆری سەرکی ئەم کارەساتەن کە  لەم ناوچەیەدا دەگۆزێت .

لە کۆتاییدا ئەوەندەی پەیوەستە بە حکومەتی هەرێمەوە دەبێ ئەوە بڵێـم کە ئەویش وەک هەر بەشێکیتری بۆرجوازی لە جیهاندا، بەتایبەتی دوای کولبونی نوکی کوردایەتیەکی وسوکبونی لەناو جەماوەردا، پیویستی بە ئیسلامە بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی کرێکارانو زەحمەتێكشانی کوردستان بۆیە لە تەمەنی زیاتر لە ٢٠ ساڵی حوکمڕانیدا درێغی نەکردوە لەکۆمەکو بەهێزکردنی رەوتە جۆراوجۆرەکانی ئیسلام .

ماوەیەکە کوردستان و ناوچەکەش روبەروی یەک واقعی سیاسی – سەربازی بوەتەوە ؛ داعش وەک رەوتیكی ئیسلامی سیاسی کە فشاری بۆ ناوچەکە هێناوە و لە ئیستادا کەوتۆتە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و سەرەگێژەیەکی جیددی بۆ دروستکردوە، ئەم حکومەتەو دۆستو پاڵپشتەکانی، ئەمریکا، تورکیا وشێخنشینەکانی کەنداو  لە  لایەکەوە وەک باسمکرد پێویستان بە ئیسلام و  ئیسلامی سیاسیە ولە لایەکی ترەوە  ئیسلام سیاسی وەک رەوتێکی بۆرجوازی لییان راستبوەتەوە خوازیاری دەسەلاتە لە نارچەکەدا ، بۆیە  ئەم هێزانە نە گەرکیانە و نە دەتوانن بە تەواوی و تاسەر روبەروی داعش ببنەوە، چونکە پاراستنی رژێمی سەرمایەداری ودەسەڵاتی بۆرجوازی خاڵی هاوبەشی هەردوولایانە. ئەوە چینی کرێکاروزەحمەتکێشانی کوردستانو ناوچەکەیە کە هەم قازانجی چینایەتیان وا دەخوازێت و هەم دەورونەقشیان لە کۆمەڵگەدا هێزەیان پێدەبەخشێت کە رەگو ریشەی ئەمهێزە دڕندەیە دەربکێشن و بۆ هەتا هەتایە لەگۆڕینێن بە و مەرجەی  لە ژێر ئالای شۆرشی سۆسیالیستی خۆیان و حزبی سیاسی و رێکخراوی سەربەخۆی خۆیاندا یەکبگرن.

سدنی ٣/٢/٢٠١٥

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە: