سزادان و هەڕەشەکردن لە کارمەندان و مامۆستایان پێشێلکردنی ئازادیە و دژی دەوەستینەوە!

بەدوای بەرێوەچونی مانگرتن و خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی تەندروستی و مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵکی ناڕازی لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان لەدژی سیاسەتی درێژەدان بە پاشەکەوتی مووچە، حکومەتی هەرێم و دەزگا جاسوسیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناو حکومەت، دەستیان داوەتە سزادان و هەڕەشەو چاودێریکردنی هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی ناڕەزایەتیەکان.

دەسەڵاتدارانی هەولێر، سەرباری راوەدونان و پەلاماردانی خۆپیشاندەران، سزای ١٩ مامۆستای داوە بە بڕینی مووچەکانیان و جێگۆڕکێکردن بە پلەو پۆستە ئیداریەکانیان. هاوشانی پارتی لە هەولێر، دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەستیان داوەتە پیلانگێڕی دژی کەسە چالاکەکانی ناو خۆپیشاندانەکان و لەرێگای تیمی تایبەتی دەزگا جاسوسیەکانیانەوە چاودێری هەڵسوڕاوان دەکەن!

ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا بەتوندی ئیدانەی ئەم رەفتارەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین، سەلامەتی ژیانی خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوو رێکخەرانی ناڕەزایەتیەکان دەخەینە ئەستۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم. هەروەها دژی هەرجۆرە تەنگەربەرکردنەوەیەکی ئازادیەکان دەوەستینەوەو ریسوای دەکەین. دەبێ دەستبەجێ ئەم بریارو هەنگاوە سەرکوتگەرانەیە دژی خۆپیشاندەران رابگیرێت. هاوکات سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵکی ناڕازی بانگەواز دەکەین کە بەشێوەیەکی یەکگرتوانە دژی ئەم پیلان و بڕیارە قەرەقوشیانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوەستنەوەو بەرگری لە هەڵسوڕاوان و رابەرانی خۆیان بکەن. تاکە رێگای بەرگرتن بە هەڕەشەکانی حکومەت هێزی یەکگرتووی ئێوەو وەستانتانە لە پشتی کەسە دڵسۆزەکانی خۆتانەوە کە دەوریان هەبووە لە ناڕەزایەتی رەوای ئێوە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانتان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٦-٤-٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …