جه‌مال موحسین:
١٣٥ ساڵه له ژیاندا نه‌ماوه و هێشتاش تارماییه‌كی سووره و به‌سه‌ر سه‌ری كۆمه‌ڵگای بۆرژوازیهوهیه، مۆته‌كه‌ی سه‌ر دڵی سه‌رمایه‌دارییه و له جه‌رگه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی كرێكارانه‌وه له‌رز بۆ سیستمه‌كه‌ی ئه‌بڕێ. ماركس ته‌نها ناوێك نییه و مابێته‌وه، به پێی ڕاپرسی ده‌زگاكانی خودی بۆرژوازی (بی بی سی به نمونه) له ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ردا و تا ئێستاش ماركس یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین بیرمه‌نده‌كانی دنیا.
بۆرژوازی جیهانی گه‌رچی هه‌وڵی زۆری داوه ماركس و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی و ئایدیاكانی بچوك بكاته‌وه و ته‌نها له قاڵبی ئه‌كادیمی و تیۆری ڕووتدا كورتی بكاته‌وه به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانیوه ماركسیزم وه‌ك چه‌كێكی زانستی و شۆڕشگێڕانه له ده‌ستی پرۆلیتاریای جیهان ده‌ربهێنێ. به‌خۆڕایی نییه قه‌یرانه ئابوریه‌كانی جیهان له‌م ساڵانه‌ی دوایی و به دیاریكراوی له ٢٠٠٨ ه‌وه كه تاكو ئێستا له ئاستی جیهانیدا درێژه‌ی هه‌یه سه‌رنجی چینی كرێكاری جیهانی و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و لاوانی توڕه له ناعه‌داله‌تی و بێدادی به‌لای كتێبی سه‌رمایه‌ی ماركسدا دووباره ڕاكێشاوه‌ته‌وه. ماشێنی ژۆرنالیستی و میدیایی بۆرژوازی و ئه‌كادیمیه خزمه‌تكاره‌كانی بێتوانان له‌به‌رامبه‌ر خستنه‌ڕووی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانانه و بگره هه‌رچی ههڵیشیانڕشتبێ توڕههاتێك بووه بۆ هێشتنه‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ژاری و نه‌داری و نایه‌كسانی و شه‌ڕ و كوشتار. هه‌ربۆیه جه‌ماوه‌ری زۆرینه‌ی مه‌حرومی دنیا به دوای تێگه‌یشتنه‌وه‌یه كه بۆچی جگه له‌وه‌ی به‌رهه‌می كاری ڕۆژانه‌ی ئه‌بێته سه‌رمایه و لای كه‌مینه‌یه‌كی بچوكی دنیا كه‌ڵه‌كه ئه‌بێ، هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێكیش قه‌یرانێكی ترسناك و دێوئاسا یه‌خه به نه‌وه له دوای نه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری ئه‌گرێ. له ئاكامی ئه‌م قه‌یرانانه‌شدا هه‌رچی بیروڕای كۆنه‌په‌رستانه و فاشیزم و نازیزمی نوێیه سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌نه‌وه. ئه‌گه‌رچی ته‌كنه‌لۆژیا تادێ گه‌شه و په‌ره‌ئه‌سێنێ كه‌چی هاوكاتیش ئه‌بێته ڕووپۆشێكی ڕه‌ش بۆ داپۆشینی دابه‌شبوونه چینایه‌تیه‌كان و نه‌هامه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگاكان. له‌پاڵ ده‌رده‌سه‌ریه‌كانی ژیاندا، بۆرژوازی له سه‌راسه‌ری جیهاندا بره‌و به بیروڕای دواكه‌وتوو و خه‌یاڵی و ئایدیاڵیستی و گه‌ڕانه‌وه بۆ چه‌مك و مه‌فاهیمه دینی و سهرووسروشتیهكان ئه‌دا تا كۆمه‌ڵگا گیرۆده‌ی سهرگێژهیی بكات و له هوشیاری چینایه‌تی دووریان بخاته‌وه.
به‌ڵام ماركسیزم ته‌نها زانستی لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری و بنه‌ما ئابوریه‌كانی نییه و به‌مپێیه‌ش ته‌نها تیۆری كۆمه‌ڵناسی نییه، ته‌نها تیۆری ماتریالیزمی مێژوویی نییه؛ به‌ڵكو به‌هۆی به‌ده‌سته‌وه‌دانی تێگه‌یشتنی زانستیانه و ڕه‌خنه‌ی نه‌فیكردن و هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه، كه خۆی له خۆیدا شۆڕشگێڕانه‌یه، ته‌رح و زه‌مینه‌كانی بنیاتنانی دنیایه‌كی تر له جێی دنیای زاڵمانه‌ی سه‌رمایه‌داری دایه ده‌ست پرۆلیتاریا و مرۆڤایه‌تی. به واتایه‌كی دی كارڵ ماركس شۆڕشگێڕێتی بڵاوكرده‌وه و كردی به ئیده‌ی پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه. لینین وته‌نی مه‌سه‌له‌یه‌كی سه‌ره‌كی له بیروباوه‌ڕی ماركسدا ئه‌وه‌یه كه ڕۆڵی مێژوویانه‌ی پرۆلیتاریای وه‌ك بنیاتنه‌ری سۆشیالیزم خسته‌ڕوو‘‘ (چاره‌نووسی مێژوویی بیروباوه‌ڕی كارڵ ماركس-١٩١٣). ماركس توخمی سه‌ره‌كی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی به پرۆلیتاریای كۆمه‌ڵگای پیشه‌سازی ئه‌بینێ. مانیفێستی حزبی كۆمۆنیست كه به‌رهه‌می ماركس و ئه‌نگڵسه به ڕۆشنی باسی سه‌رهه‌ڵدانی پرۆلیتاریای پیشه‌سازی و ڕۆڵی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م چینه ئه‌كات. ئه‌م به‌رهه‌مه نه‌ك هه‌ر له كاتی ده‌رچوونیدا واته ١٨٤٧ و پێش شۆڕشی كۆمۆنه‌ی پاریس، گرنگی سیاسی خۆی هه‌بوو وه بووه ده‌ستمایه‌ی یه‌كخستنی سیاسی چینی كرێكار و دواتر پێكهێنانی ئه‌نته‌رناسیۆنالی یه‌ك بگره تا ئێستاش یه‌كێكه له به‌هێزترین چه‌كی تیۆری و ئامێری ده‌ستی چینی كرێكار دژ به سه‌رمایه‌داری. هه‌روه‌ك مێژوو له شۆڕشی كۆمۆنه‌ی پاریس‌دا نیشانی دا سۆشیالیزمی سروشتی و واقعی ته‌نها لای ئه‌م چینه‌یه نه‌ك لیبراڵه‌كانی كه ئیدعای ئازادی و ماف و عه‌داله‌تیان ئه‌كرد تا ده‌سه‌ڵاتی چینی بۆرژوایی بهێڵنه‌وه و هه‌ر ئه‌وانیش به سه‌ركوتكردن و له خوێنههڵكێشانی كرێكاران توانیان شكست به كۆمۆنه بهێنن. شۆڕشی ١٩٠٥ ی ڕووسیا كه پرۆلیتاریا له هێزێكی ئه‌وتۆی حزبی و سیاسی و ڕێكخراوه‌یی وا به‌هره‌مه‌ند نه‌بوو تاكو به‌رده‌وامی به شۆڕش بدات و به سه‌ركه‌وتنی بگه‌یه‌نێت نمونه‌یه‌كی تری پێداگری تیۆری شۆڕشگێڕانه‌ی ماركسه كه چینی كرێكار كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی شۆڕشی سۆشیالیستیه. تاكو دواتر له شۆڕشی مه‌زنی ئۆكتۆبه‌ردا به كرده‌وه و له ڕووی سیاسیه‌وه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پیاده‌كرا و ده‌سه‌ڵاتی چینی كرێكار دامه‌زرا.
ماركس له هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌ڵێ كه په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگا له سه‌رده‌مه مێژووییه جیاوازه‌كاندا زاده‌ی په‌یوه‌ندی ئابوری و ژێرخانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ن. هه‌روه‌ك له پێشه‌كی به‌شداریه‌ك له ڕه‌خنه له ئابوری سیاسی‌دا به ڕوونی باس له‌وه ئه‌كات كه ئه‌وه بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه هوشیاریهكهی دیاری ئه‌كات، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌مه بنه‌مای لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنی ماتریالیستانه‌یه له مێژوو. هه‌ربۆیه به‌وپێیه‌ی كه ماتریالیزم به شێوه‌یه‌كی گشتی وا هوشیاری ڕوونئهكاتهوه كه به‌رهه‌می بوونه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، جێبه‌جێكردنی ماتریالیزم به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی مرۆڤدا هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ وا ڕوونئهكاتهوه كه به‌رهه‌می بوونی كۆمه‌ڵایه‌تیه‘‘ (لینین، بایۆگرافیهكی كورتی ماركس و خستنه‌ڕووی ماركسیزم، ساڵی ١٩١٤). هه‌ر ئه‌م بیرۆكانهشه كه به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر له كتێبی یه‌كی سه‌رمایه‌دا باسی لێوه ئه‌كات. به پێویست لێره‌دا یه‌ك ئیقتباسی لێ وه‌رئه‌گرین: ته‌كنه‌لۆژیا شێوازی په‌یوه‌ندیگرتنی مرۆڤ به سروشته‌وه و ئه‌و پرۆسه ده‌ستبه‌جێیه‌ی به‌رهه‌مهێنان كه ژیانی خۆی لێوه به‌رده‌وامی پێئه‌دات ئاشكرائهكات و هه‌ر لێره‌شه‌وه په‌رده له‌سه‌ر شێوازی پێكهێنانی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی و ئه‌و تێگه‌یشتنه هزریانه‌ی له‌مانه‌وه سهرچاوهئهگرن لائه‌دات‘ (كاپیتاڵ، به‌رگی یه‌ك، بهندی١٥: ئامێرسازی و پیشه‌سازی مۆدێرن-په‌راوێزی ٤). به‌مجۆره ماركس باس له‌و گه‌شه ماتریالیانهیهی له ته‌كنه‌لۆژیادا پێكدێت ئه‌كات كه سه‌رئه‌نجام پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانیش لێوه‌ی گه‌شه ئه‌كات و هه‌ر ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دیاری ئه‌كات. ئه‌وه‌ش بوون و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن كه هوشیاری و تێگه‌یشتنی مرۆڤ دیاری ئه‌كه‌ن. تا كاتی ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ی ماركس تێگه‌یشتنی مادیانه له مێژوو و كۆمه‌ڵگا و بوون و هوشیاری لنگه‌وقوچ بوو!
كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش كه نوقمی بێمافی و شه‌ڕ و كوشتار و بێدادیه، پێویستی به ماركس هه‌یه، پێویستی به ماركسیزم و به‌رهه‌مه‌كانی هه‌یه، پێویستی به مانیفێست و كاپیتاڵ و هه‌ژاری فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی و ڕه‌خنه له ئابوری سیاسی و ١٨ برۆمێری لویس ناپلیۆن و…. دانه دانه‌ی به‌رهه‌مه فیكری و سیاسی و تیۆریه‌كانی ماركس هه‌یه. دنیای ئێستا له هه‌ر كات زیاتر پێویستی به تیۆر و میتۆدی شۆڕشگێڕانه‌ی كارڵ ماركس هه‌یه. چینی كرێكار پێویستی به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌م تیۆر و میتۆده‌یه و ئه‌بێ بۆ تێگهتشتن له دنیای ئێستا و هاوكێشه‌كانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لێكدانه‌وه‌كانی ماركسیزم، به‌ڵام له زاری ماركس خۆیه‌وه. پلیخانۆف وته‌نی بۆرژوازی ماركس له ده‌ستی دوو و سێ و چواره‌وه به جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌ش ئه‌ناسێنێ كه وێنه‌یه‌كی تری لێ به‌ده‌سته‌وه ئه‌دات، بۆیه ئه‌بێ ماركس خۆی له خۆیه‌وه بخوێندرێته‌وه و ببینرێ. ئه‌گه‌رچی باس و تیۆره‌كانی ماركس سه‌خت و قورس دێنه به‌رچاو به‌ڵام چونكه له دڵی واقعی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری مه‌وجود ئه‌دات، كه‌واته له‌گه‌ڵ ژیانی واقعی و دڵی چینی كرێكاردایه. سه‌ختیه‌كه‌ی هه‌رگیز به ئه‌ندازه‌ی وردبوون له نه‌هامه‌تیه‌كانی دنیادا نییه. بگره به پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ئاڵان وودز ئه‌ڵێ: خوێندنه‌وه‌ی ماركس وه‌ك سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر شاخێكدا وایه كه تێكۆشان و لێبڕاویهكی زۆری ئه‌وێ، به‌ڵام هه‌رئه‌وه‌نده‌ی گه‌یشتیته لوتكه‌كه‌ی ئه‌زانی چ ئاسۆیه‌كی ڕوون كه‌وتۆته به‌رده‌مت‘‘ (ئاڵان وودز، له یادی مه‌رگی ماركسدا٢٠٠٢).
هه‌روه‌ك ماركس خۆی ئه‌م وته‌یه‌ی به‌كارهێناوه گوڵ لێره‌یه، لێره سه‌ما بكه‘‘ (١٨ ی برۆمێری لویس ناپلیۆن، ١٨٥٢)، سیستمی سه‌رمایه‌داری گۆڕه‌پانی دڕكاوی و مینڕێژكراوه ئه‌بێ بازی به‌سه‌ردا بدرێ. ئه‌م بازه‌ش ته‌نها به چینی كرێكار ئه‌كرێ و وه‌ك براوه‌ش ئه‌بێ بگاته لای گوڵه‌كه.
١٤ ی مارسی ٢٠١٨