وەزیر و پەرلەمانتارە خۆفرۆشەکان…!!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

خۆفرۆشی یان رادەستکردنی ئیرادەی سیاسی خۆ بە حزب و هێزێک، دەزگایەک، دەوڵەتێک، لە پێناو پارەو بۆ دابینکردنی ژیان لەهەلومەرجی ژێر سایەی دەسەڵاتی تاڵانچیدا، لە دۆخی گرانی و بێکاری و برسێتیدا، دیاردەیەکی بەرچاوی کۆمەڵگەو دەوڵەت و وڵاتەکانی دنیای سێهەم و کۆمەڵگەی شەرق زەدەیە…

کەم نین و ئەو نووسەر رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی و میژوونووس و ئەدیب و گۆرانی بێژ و رۆشبیر و…. کە لە پیناو پارەو ساماندا، خۆیان هاویشتۆتە باوەشی دەسەڵاتەوە و کاریان جوانکردن و ماکیاجکردنی رووی دزیوێ دەسەڵات و بەرپرسە تاڵانچیەکان و بازرگانانی سیاسی و سیستەمی زاڵم و نابەرابەرو کۆنەپەرستەکانە… وە ژیان لەسەر خۆفرۆشی دەکەن و نانخواردنیش بە نرخی رۆژ عادەتێکی ئاساییانە…

ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەناو ئەو خێڵە لە خۆفرۆشان و بە نرخی رۆژ نانخۆر باسیان بکەم، ئەو وەزیر و ئەندام پەرلەمان وکاربەدەستە سیاسی و سەربازیانەی کوردن کە لە بەغدان و شانازی دەکەن بەوەی کە خاوەنی پۆست و بەرپرسیارێتین لە حکومەتە تایفی و ناسیونال. ئیسلامیەی کرێگرتەی ئیران لە عێراقدا…

ئەو ئەندام پەرلەمان وەزیرو بەرپرسانە بە سەرۆک کۆماری عێراقەوە کە هیچ کاری نییە جگە لە واژۆکردنی لەسێدارەدان… سوکترین و خۆفرۆشترین بەش و توێژی کۆمەڵگەن… ئەوانە پاسا بۆ دەستدرێژیەکانی عەبادی دەهێنەوە، ئەوانە بێدەنگن لەبەرامبەر دەسەڵاتی تایفی و هێزی چەکداری تایفی و سەرکوت و هێرشەکانیان بۆسەر خەڵکی کوردستان… ئەوانە دەیانەوێ بەبوونی رەخنەو نارەزایەتیان بە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بزوتنەوەی کوردایەتی رەوایەتی بدەن بە درندەیی و هەسارپچراوی دەوڵەت و حکومەتە مافیایی و گەندەڵ و کرێگرتەکەی عەبادی… ئەو توێژ و بەشە، زۆر سوکترن لە ئەندام پەرلەمانەکان و وەزیرەکانی سەردەمی بەعس و سەدام حسێنی جەلادی لە گۆرنراو… دیارە ئەو جەنابانە باش دەزانن هیچ رۆڵیکی ئەرینی و هیچ نەخشیکی کردەییان لەسەر هیچ پرس و مەسەلەیەکی سیاسی وئەمنی و یاسایی و حقوقی نییە… لە دەوڵەت و حکومەتی ئێستای عێراقدا، مەگەر جار جار شانازی بە بەرگری لە ناردنی پارەی فرۆشتنی گەنمی جوتیاران بکەن!!!!.

ئەوان باش دەزانن کە بوونی ئەوان لەرێگای سازان و تەوافوقی سیاسی نیوان هێزە سیاسیەکانی هەریم و بەغداوە بووەو کە بەرهەمی هاوسەنگیەکی تایبەت بووە… ئەو هاوسەنگییە تەواو یان بەتەواوی گۆراوە… وە بەدەنگدان ئەگەر هەر هەمووشیان هاوئاوازو هاودەنگ بن ناتوانن بەلۆژیکی زوربە و کەمایەتی هیچ بگۆرن و هیچ کەیسێک ببەنەوە… وە ئەگەر تا بەر لەرووداوی ١٦ ئۆکتۆبەر پاساوێک بۆ مانەوەیان لە بەغدا هەبووبێت… دوای ئەو رووداوەو هیرشی سوپاو حەشدی وەحشی بۆسەر کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، مانەوە یان پاساو هێنانەوە بۆ عەبادی یان بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەو هێرش و سەرکوتەدا کە دنیا شاهیدیەتی، جگە لە خۆفرۆشیەکی ئاشکرا هیچی تر نییە…

ئەو وەزیر و ئەندام پەرلەمانانە و مانەوەیان لەگەڵ دەسەڵاتی تایفی و سەرکوتگەرانەو دەسەڵاتی گەندەڵی بێ وێنەی عەبادی و دەم گەرمیان لە میدیادا، تەنها بۆ پارەو ئیمتیازاتە… نیشانەی سوکی و بێمواراڵی بێ وێنەیانە بۆ نۆکەرایەتی…

دەسەڵاتێک تایفی و دینی بێت و هێرش بۆسەر کوردستان بهینێت و تۆش، بەشیک لەو دەسەڵاتە بێت… دەبێ خەڵکی کوردستان چۆن مامەڵەی ئەو وەزیرو ئەندام پەرلەمانانە بکات… جگە لەوەی کەپێویستە وەکو رەفیق حزبیەکان و ئەمن و ئیستیخباراتەکانی بەعس تەماشا بکرین.

بەبەرچاوی ئەو جەنابانەوە یاسای زەواجی مناڵانی تەمەن ٩ ساڵ، لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت… دەسەڵاتی محمەدی و شەریعەت رەوایی پێدەدرێت… ئەو جەنابانە کە هیچیان پێناکرێت ئامادەنین تف بکەنە ئەو دەسەڵات و یاساو حکومەت و دەوڵەتە… چونکە بوونەتە کۆیلەی پارە و ئیمتیازات… دەبێ لێیان بپرسرێت، بەراستی خۆتان ئامادەن کچە نۆ ساڵانەکانتان بدەن بەشو؟ بەراستی ئامادەن کچانی تەمەن ٩ ساڵ بکەنە هاوسەرتان؟  چ سوکیەکە ئەوە ببینیت و بێدەنگ بیت و لە حکومەتێکدا بمێنیتەوە کە دەیەوێت زەواجی مناڵان بەیاسایی بکات؟

ئەو وەزیر و بەرپرس و ئەندام پەرلەمانانەی کورد کە لە پەرلەمانی عێراق و لە حکومەتی دژی ئینسانی عەبادی و دەسەڵاتی تایفیدا ماونەتەوە، گەورەترین شەرمەزارییە بۆ خۆیان و نیشاندانی سوکی و بێ مۆراڵی و خۆفرۆشیەکی ئاشکرای کەم وینەیە بە دەسەڵاتێکی کەم وێنەی دژی ئینسانی… خەڵکی کوردستان پێویستە سزای ئەو تاوانکارییەی ئەم جەنابانە بدات، لە ریسواکردنەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی داهات و ئیمتیازاتی بەرهەمی خۆفرۆشی نۆکەرایەتیەکەیان.

ناوەراستی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

تێبینی:ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٦ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *