” سەبارەت بە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا!”
موحسین کەریم :
ناسیۆنالیزمی کورد هەمیشە بەشوێن ئەوەوە بوە لە رەمزەکانی خۆی پاڵەوانی کارتۆنیی رزگاریبەخش بۆ کۆمەڵگا دروست بکات! لەکاتێکدا ئەم پاڵەوانە کارتۆنیانە بەردەوام بوونەتە مایەی کارەسات بۆ خەڵک و سیاسەتە بەرژەوەندخوازو کورتبینانەکانیشیان شکست و بێ ئومیدی و بێ ئیرادەیی کردۆتە نسیبی خەڵکی بەشمەینەت و ستەمدیدەی کوردستان.
لە هەلومەرجی سیاسی- کۆمەڵایەتی تازەی کوردستاندا، کە دوو حزبی سیاسی- میلیشیایی بۆرژوازی داهات و سامانی کوردستان تاڵان دەکەن، ئازادیەکانیان لەژێر پێ دەنێن، پارەی مووچەو خەرجی رۆژانە و شیری مناڵ و دەرمانی نەخۆش وەکو پاداشت و هاندان دەکەن بە قورگی هێزە چەکدارو ئەمنی و داپڵۆسێنەرەکانیاندا، پاڵەوانێکی کارتۆنی وەکو رزگاریبەخشی خەڵك لەلایەن میدیای بەناو ئەهلی و نوسەرانی ناسیۆنالیستی نارازیەوە دروست دەکرێ و کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانی خەڵکی دەدرێتە دەست! هەموو رۆژێك مژدەی گەڕانەوەی لە بەریتانیاوە بۆ کوردستان دەکرێتە سەردێڕی هەواڵەکان و ئومێدی کردنەوەی گرێ کوێرەی بارودۆخی سیاسی کوردستان بە درکاندنی چەند ووشەیەكی ئەودا هەڵدەواسرێ! ئەو پاڵەوانە کارتۆنییە، نەوشیروان مستەفایە، کە زیاتر لە کەناڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، نوسەرانی ناسیۆنالیست و سیاسەتمەدارە دووڕوەکانی بۆرژوازی و میدیای بەناو سەربەخۆو ئەهلی، بەباڵایدا هەڵدەدەن و گەڕانەوەکەی، دوای ٨ مانگ لە پەناگیری و نەدرکاندنی وشەیەك سەبارەت بە بارودۆخی قەیرانگرتوو و ژیانی کارەساتباری خەڵکی مافخوراو، وەکو گەڕانەوەی پەیامبەری رزگاریبەخش بانگەشە دەکەن.
ریاکاری و چەواشەکاری ئەم تەیفە لە سیاسەتمەدار و نووسەرانی بۆرژوازی سەبارەت بە ئومێدهەڵچنینەکان لەسەر گەڕانەوەی و کردنەوەی دەرگا کلۆم دراوەکانی قەیرانی سیاسی و ئابوری لە کوردستان، ئەوکاتە خاسیەتی بۆگەن و کۆنەپەرستانەی خۆی ئاشکرا دەکات، کە بەراوردی بکەی بەو سەردەمەی ناوبراو چەندین ساڵ لە کوردستان بوو. لەوکاتەدا نەوشیروان پرۆژەی سیاسی خۆی بۆ سیستەمی حوکمڕانی و پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوانی بۆرژوازی خستەروو، بەڵام نەك هەر نەیتوانی هەنگاوێك بارودۆخی سیاسی کوردستان بە ئاقارێکی ئیجابی و لە بەرژوەندی خەڵکدا بەرێتە پێشەوەو گۆڕانکاری تیدا بکات، بەڵکو نەیتوانی پرۆژەکەی خۆشی یەك سانتیمەتر بەرەو پێش بەرێت. جێهێشتنی کوردستان و خەڵوەتە ٨ مانگیەکەشی لە لەندەن، بەڵگەیەکی بێ چەندوچوونی دانپێدانانی بوو بە شکستی پرۆژەکەیدا!
خەڵکی کوردستان لە خراپترین هەلومەرجی ژیاندا گوزەران بەسەر دەبەن. هێرشێکی فراوانی برسیکردن و هەژارکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێم و حزبە میلیشیا دەسەڵاتدارەکانەوە دەستی پێکردوە. باج و رسوماتێکی زۆر لەسەر هەموو خزمەتگوزارییە حکومەییەکان دانراوە. خەستەخانە حکومیەکان لەپاڵ خەستەخانە ئەهلیەکاندا بونەتە کۆمپانیای بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خەڵك! بەئاشکرا بەشێکی سەرەکی مووچەی کرێکارو کارمەندان و مووچەخۆرانی حکومەت بۆخۆیان لووش دەدەن، تەنانەت تاقە سەرچاوەی بژێویی خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و دەستبەری کۆمەڵایەتیان تاڵان کردوە. لەولاشەوە کەشوهەوایەکی بێدەنگکردن و تەنگەبەرکردنەوەی ئازادییەکانیان بەسەر کوردستاندا زاڵکردوە. گاڵتەجاری ریفراندۆمیان بەرێخستوە تا ئەم هەموو کارەسات و بێمافییە بە نرخی بەدیهێنانی ئومیدی لەمێژینەی خەڵکی “کورد” بە هاوڵاتیانی بێدەرامەت و برسیکراو قبوڵ بکەن. لە هەلومەرجێکی لەم چەشنەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەمانگی (٩)دا ووردە ووردە گەرم دەبێتەوە و پرۆسەیەکی دیکە لە چەواشەکاری و دزینی دەنگەکان لە خەڵك دەست پێدەکاتەوە.
نەوشیروان مستەفا جارێکی دیکە دەیەوێ ئەو نەخشەی کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا گێڕای، ئێستاش بیبینێتەوە. دەورێك کە لەلایەکەوە بۆرژوازی کوردی لەبەردەم زەربەی نارەزایەتی خەڵک و ئەگەری رادیکاڵ بوونەوەی نارەزایەتیەکان پاراست و گەورەترین زیانی بە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری زەحمەتکێش و چەمکی شۆڕش گەیاند. وەهمێکیشی لەناو خەڵکدا بڵاوکردەوە کە بڕوا بکەن لەرێگای چاکسازی دەسەڵاتی میلیشایی- عەشیرەتی ناسیۆنالیزمی کوردەوە بە خواستەکانیان لە ژیانێکی شکۆمەند و یەکسان و ئازاد دەگەن! بەڵام بەپێچەوانەوە بەشکستی پرۆژە سیاسیەکەی لەسەر بەردی واقعی سیاسی کوردستان و دەسەڵاتی میلیشیاییدا، تەوژمێکی نائومیدی بەسەر زەین و بیرکردنەوەی خەڵکدا زاڵ کرد.
نەوشیروان مستەفا کە ئامادە نەبوو زەحمەت بکێشێت و بۆ پرسەکەی هاوسەرەکەی بگەڕێتەوە کوردستان، ئێستا بۆئەوەی پرسەی دەسەلاتی میلیشایی بۆرژوازی کورد دوور بخاتەوە، لە سەروبەندی نزیك بونەوەی هەڵبژاردنی “پەرلەمان”دا بە پەلە خۆی دەگەینێتەوە کوردستان. نەوشیروان مستەفا بۆئەوە هاتۆتەوە کە دوای شکستی پرۆژەکەی پێشووی، جارێکی دیکە پرۆژەیەکی دیکەی لەسەر حسابی خەڵك تاقی بکاتەوە. بۆئەوەیە کە خەڵکی نارازی و توڕە لە دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کورد بەهاوکاری میدیای بەناو ئەهلی و نووسەرانی نارازی ریاکاری ناسیۆنالیست جارێکی دیکە چەواشە بکاتەوەو بەرەو سندوقەکانی دەنگدان پەلکێشیان بکاتەوە، بۆئەوەی هاوکاتی دەرکردنی بزوتنەوەکەی لەبەشی “انعاش”، بۆ ماوەیەکی دیکە دەسەلاتی نایەکسان و چەوسێنەرانەی بۆرژوازی کورد لە توڕەیی خەڵك بپارێزێ!
١٤/٥/٢٠١٧