نووسینی: ئاسۆ کەمال
تارماییەک هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا ڕاودەکا ئەویش تارمایی مارکسە. ئیکۆنۆمیست وەک زمانحاڵی بۆرژوازی لیبراڵ هاوار دەکا” باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لەوەی ببیت بە قوربانی داهاتوی مارکس ئەوەیە کە دەست پێ بکەیت بەوەی جدی وەریگری”.*١
ئەم ترسە لەپای چی؟
ئاشکرایە مەسەلەکە شۆڕشێك نییە بەڵکو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانییە، بەڵام مافی هەڵبژاردن هەرچەند بەرتەسک و ڕوکەشیش بێت فرسەتی بەدەنگدەر داوە کە بیرێکی ڕادیکاڵتر لەوە بکاتەوە کە بەرامبەر بەم ئەزمەیەی سیستەمی سەرمایەداری ئێستا لە ئارادایە ،هەڵبژاردەی ئەو چییە؟
باڵی چەپی حزبی کرێکاران بە لیدەری جێرمی کۆربن و ڕاوێژکارەکەی جۆن ماکدۆناڵ، مانیفێستێکیان خستۆتەڕوو کە دەیەوێ ڕیفۆرمی ئابوری بە قازانجی کرێکاران و خوێندکاران و مناڵان و کرێچیەکان و دانانی باجی زیاتر لەسەر سەرمایەداران دابنێ. ئەم مانیفێستە شۆڕشگێڕانە نییە و ریفۆرمیستیە بەڵام ئەم داواکاریانە لە دەورانی ئەزمەی ئێستای مالی و بریکزیت (دەرچونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) و بەرنامەی ڕاستڕەوی حزبی پارێزگاراندا دەنگ و چاوەڕوانیەکی شۆڕشگێڕانە لەهەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ کە دەنگدانەوەی کۆمۆنیزمی مارکسە.
ڕادەی دەوڵەمەندبونی سەرمایەداران Social Market Foundation (SMF) بەپێی ئاماری لە بەریتانیادا ٪٦٤ هەڵکشاوە و ڕادەی هەژاری کرێکاران ٪٥٧زیادی کردوە. معاشی بەڕیوەبەری بانکەکان ٣٠٠ بەرامبەری معاشی فەرمانبەرێکە، لەکاتێکدا پیشتر ٢٠-٣٠ ئەوەندە بوو.*٢ هەروەها ٪١ی دەوڵەمەنترین سەرمایەدارەکان بەهێندەی ٥٥ ٪ دانیشتوانی هەژاری سامانی هەیە*٣. ئەم واقعیەتە کە مارکس وەک چڕبونەوەی سەرمایە لەلایەک و هەژاری لەلایەکی تر وەک یاسای ئابوری سەرمایەداری خستویەتیە ڕوو ئەمڕۆ لەم کۆمەڵگەیەدا بە گۆشت و خوێن سەلمێنراوە و “ئیکۆنۆمیست” یش ناچارە دروستی تیۆریەکەی مارکس پشت ڕاست بکاتەوە و بورژوازی لەئاکامی ڕاست و ڕەوابوونی بانگەشەکانی مارکس ئاگاداردەکاتەوە کە لەم کاتانەی ئەزمەدا ئەگەر ببنە مانیفیست و چاوەڕوانی کرێکاران تارماییەکەی کۆمۆنیزم خۆی نیشان دەدا. هەر ئەوەندە بەسە کە مەزاجی شۆڕشگێڕانە لەکاتی ئەزمەدا فرسەتی دەرکەوتن پەیدا بکا تا وەک ئاگری بن پوش یاساکانی کەڵەکەی سەرمایە و هەژارکردنی کریکاران ئاگربگرن.
نیولیبرالیزمی پارێزگاران هەمان بەرنامەی ئابوری ترامپ و باڵی ڕاستی بورژوازی هەیە کەدەیەوێ لەم ئەزمەیەدا باجەکانی سەر کرێکاران و هەژاران زیاتر بکا و بیمە و زەمانەتە کۆمەڵایەتیەکان لابەرێ و کرێی خانو زیاتر بکا و پەنابەران دەربکا و درێژە بە دەستێوەردانی سەربازی و پێشبڕکێی ئەتۆمی و قەرزدارترکردنی وڵاتە گەشەنەکردوەکان بدا و کۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی و پیشێلکردنی پاراستنی ژینگە و هتد بدەن.. گرنگی باڵی چەپی حزبی کریکاران لەم کاتەدا ئەوەیە کە دەیەوێ دژ بەم شەپۆلەی نیولیبرالیزم و کۆنسەرڤاتیزم ڕاوەستێ و بەرگری لە مافی کرێکاران و سەندیکاکانیان و بەرزکردنەوەی لانی کەمی کرێ بۆ ١٠پاوەند لە سەعاتێکدا و دابینکردنی خانو و خۆڕاییکردنی خوێندن و بەکورتی باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و توێژە کەم دەرامەتەکان دەکا و پەنابەران دەپارێزێ و ڕیگری دەکا لە دەستێوەردانە سەربازیەکان و خوازیاری پاراستنی ژینگەیە. ئەمە هەرچەند مانیفیست و شەڕیکی بەرگریکارانەیە نەک کۆتاییهێنان بە سیستەمی کۆیلایەتی کاری بەکرێی سەرمایەداری، بەڵام گرنگی لە دروستکردنی جەوێکی لەبارتر بۆ خەبات دژی سەرمایەداریە.
هەربۆیە بورژوازی بەریتانیا ،وەک گەنجێکی وشیاری بورژوازی لیبراڵ، چۆن سەد ساڵ لەمەوبەر هوشداری دا بە بورژوازی جیهانی کە تارمایی لینین ڕاوی دنیای سەرمایەداری دەکا و پێویستە بە فیشەک وەڵامی بەلشەفیزم بدرێتەوە و شۆڕشی ئۆکتۆبەر نیشانی دا کە خەتەری سوور ڕاست بوو. ئیستاش ئیکۆنۆمیست ،ئەم پیرە بیرتیژەی بورژوازی نیولیبرال هوشداری دەداتەوە بورژوازی بەریتانیا تا جارێکی تر نەبێتەوە بە قوربانی مارکس و هەڕەشەی تارمایی مارکس بەجدی بگرێ.
سەرکەوتنی حزبی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی بەریتانیادا بەهەر ڕادەیەک بێت دەتوانێ ئەم بانگەشە کۆمۆنیستیەی مارکس بۆ شکاندنەوەی قەیرانی ئێستا بەسەر بەشی سەرمایەداران لەداهاتی کۆمەڵگەدا جێبەجێ بکا و زەمینەی گۆڕانی مەزاجی شۆڕشگێڕانە دروست دەکا کە کرێکاران ئەمڕۆ بۆ وەڵامدانەوەی سەرمایەداری قەیرانگرتو پێویستیان بە کردنی ئەم ڕۆحیەتە بە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە .
*٢ http://www.bbc.co.uk/news/business-32824770
*٣ https://www.theguardian.com/uk-news/2014/may/15/britains-richest-1-percent-own-same-as-bottom-55-population