دیمانە لەگەڵ بەکر عوسمان، برای سەردەشت لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتدا

بۆپێشەوە: چەند رۆژێکی تر یادی حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتی ئازیزو نووسەرو سومبلی ئازادییە، دەمەوێ بەو پرسیارە دەست پێبکەم، کەیسی سەردەشت بەکوێ گەیشتووە؟

بەکر عوسمان: دۆسیه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان بەومانایە کە دادگایی و سزادانی بکوژەکان و نەخشەدارێژەران و بریاردەرانی تاوانەکە بدات، بەئەنجامی خۆی نەگەیشتووە. دەنا ئەگەر مەبەست دەستخستنی بەڵگەو ئاشکرابوونی تاوانبار و بکوژان بێت، سەردەشت پێش ئەوەی تیرۆر بکرێ، وێنەی بکوژانی خۆی بەهەموو دونیا پیشاندا، کێشەی سەرەکی دۆسیەی سەردەشت لەسەرەتاوە کەمی بەڵگە و زانیاری لەسەر ئەنجامدەران و نەخشەدانەرانی ئەو تاوانە نەبووە و نییە. بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی دادگای سەربەخۆ و دەزگای دادوەری بێلایەنە لەکوردستاندا. دۆسیەکە دانەخراوە و بێدەنگی لێنەکراوە، بەڵکو دۆسیەکە بەکراوەیی ماوەتەوە تا ئەو ڕۆژەی دادو دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە کوردستان بوونی دەبێت. ئەوەمان ڕەتکردۆتەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەڕێگای سیناریۆ قێزەونەکانی دادگاوە دۆسیەکە و ئێمە بخاتە نێو موزایەدەی ناشیرینکردن و بەکاریکاتۆریکردنی مافەکانمان.

دۆسیەی سەردەشت بەو ئەنجامە گەیشتووە، بەسەدان بەڵگە و دۆکۆمێنت، تاوانباران و تیرۆرستان و بکوژەکانی سەردەشت ئاشکران. بەو ئەنجامە گەیشتووە ئەم دەسەڵاتە لەپشتی پەنادانی تیرۆرستان و تاوانباران وەستاوە و دەسەڵاتی زوڵم و زۆردارییە. بەو ئەنجامە گەیشتووە لەچوارچێوەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتەدا هیچ ماف و دادێک لەدادگاکان بەدەست نایەت.

دۆسیه‌ی تیرۆری سه‌رده‌شت لای ئێمه‌ و ئازادیخوازانی كوردستان به‌كراوه‌یی ماوەتەوە، تا ئه‌و كاته‌ی دادگایه‌كی دادپەروەرانە و بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ لە کوردستان بوونی دەبێت. بەسزا گەیاندن و دادگایی تاوانبارانی تیرۆری دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان، بەتەنیا بابەتێکی  یاسایی و دادوەری نییە “ئەگەرچی ئەو دەزگایە لە بنەڕەتدا لەکوردستان ناوی هەیە و بوونی نییە”.

لە کاتێکدا ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشتی ئەو تاوانە تیرۆرستیە وەستاون، لەباڵاترین ئۆرگانی دەسەڵاتدارەتیدان، دەسەڵاتی ئێستا ئەوانن و ئەوان زەبربەدەستی یەکەمی کوردستانن. دەمەوێت بڵێم  خۆشباوەڕیەکی بێهودەیە هەر کەسێک لای وابێت، لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بکوژەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد دادگایی دەکرێن. دادگایی ئەوانە مانای دەستبردن بۆ هەڵوەشانەوەی سیستەمی مافیای و کارتێلی دەسەڵاتداری کوردستان.

ئەم دۆسیە، دۆسیەیەکی سیاسیە. کۆمەڵگای کوردستان و ئازادیخوازان لەبەردەمی پرسی چارەنوسسازدا ڕادەگرێ. نابێت و ناکرێت تەسلیمی ویستەکانی دەسەڵاتێکی مافیایی و تاوانکار و خوێنرێژ بیت. ئێمە چ وەکو کەس وکارو خانەوادەی ئەو قوربانیانەی کە تیرۆرکراون، چ وەکو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، لە خوێنی هیچ یەک لەو ئازیزانەمان خۆش نابین. ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە زووبێت یان درەنگ دەبێ باجی سەرجەم ستەمکاری و نقومکردنی کۆمەڵگای کوردستان لە کارەسات و بێدەرەتانی، باجی کارە تیرۆریستیەکانی و تیرۆری سەردەشت و ئەوانی دیکەش بداتەوە. رۆژێک دەبێ لە دادگای دادپەروەرانەی خەڵکدا وەکو سەرانی رژێمە دیکتاتۆرو سەرکوتکەرەکانی تر سزای عادلانەی خۆیان وەربگرنەوە.

بۆپێشەوە: وەکو ئێوە دەڵین، دادگای سەربەخۆ لە کوردستان بوونی نییە، وە ئەوانەی لەپشت تیرۆری سەردەشتەوەن لەباڵاترین ئۆرگانی دەسەڵاتدارەتیین، کەواتە دەبێ چ رێگایەک بگیرێتە بەر؟ چۆن ئەم دۆسیەو دەیان دۆسیەی تر، کاریان بۆ بکرێت. تاتۆمەتباران و نەخشەدارێژەرانیان، بەسزای یاسایی و عادلانە بگەیەنرێن؟

بەکر عوسمان: بەداخەوە ئێمە لەبەردەم دێفاکتۆیەکی تاڵ و ناخۆش داین، لەکوردستاندا شتێک نەماوەتەوە ناوی دادگا و داد بێت. لەنێو دادگاکانی کوردستان  سوکایەتی و پێشێلکاری گەورە بە ماف و داواکارییەکانی هاوڵاتی و خەڵکی کوردستان کراوە و دەکرێ.  چی بکرێ بۆ دۆسیەی سەردەشت و تیرۆری دەنگە ئازادەکان؟ هەمان چی بکرێیە بۆ هەزاران کێشەی سەپێنراو و خوڵقێنراوی ئەمرۆی کوردستان. پێویستە هەموو ناڕازیەتیەکان لەچوارچێوەیەی تۆڕێکی گشتگیر یەکبخرێ بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانە لەگەڵ دەسەڵاتی کوردیدا.

بانگەوازی من بۆ کەسوکار و قوربانیانی دەستی تیرۆری دەسەڵاتی کوردی، هەموو ئەو هاوڵاتیانەی رۆژانە لەبەر نەبوونی رێگاوبانی گونجاو لەشەقامەکان لاشەی رۆڵەکانیان هەڵدەگرنەوەو دەبنە قوربانی،هەموو ئەوانەی کوێر و کەمئەندام دەکرێن لەنەخۆشخانەکان، یان لەبەرنەبوونی پێداویستی تەندروستی گیان لەدەستدەدەن، ئەوانەی مووچەی مانگانەیان پێنادرێت و رۆژانە لەگەڵ ژیانێکی مەمرە و مەژی رووبەڕوون و ناتوانن سەرەتایترین حەز و خۆزگەی خۆیان و مناڵەکانیان پڕبکەنەوە، کەس و کاری ئەو نەوجەوان و منداڵانەی لەتاو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بوونە خۆراکی ماسیەکان و لەدەریا سامناکەکان خنکان. داواکاری و هەوڵەکان و ناڕازایەتیەکانی خۆمان لەگەڵ سەرجەم داواکانی خەڵکی ستەمدیدە لە دژی دەسەڵاتی ستەمکاری ئێستا بکەین بەیەک، بۆ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە تیرۆریست و سەرکوتگەرە و دادگاییکردنی سەرانی تاوانکاری.

بۆپێشەوە: راستە لە کوردستان دادگای سەربەخۆ نییە، بەتایبەت بۆلێپرسینەوە لە بەرپرسان و سەرمایەداران، ئەی ئایا ئێوە ھیچ ھەوڵتان نەداوە لە دەرەوەی وڵات، وڵاتێکی ئەوروپایی سکالا تۆماربکەن؟ لەکاتێکدا خۆتان دەزانن دۆسیەی سەردەشت تارادەیەک دنیای دەرەوەش پێێ ئاشنایە… ئەگەر کردوتانە بەکوێ گەیشتووە؟ ئەگەریش تا ئێستا پەناتان بۆ ئەم رێگایە نەبردووە، نیازتان نییە دەستی بۆ ببەن؟

بەکر عوسمان: بەڵێ سەبارەت بە دۆسیەی سەردەشت لە دادگاکانی هه‌رێمی کوردستان، ئەوەی بەڕێوەچووە سوکایەتییەکی گەورەیە بەدادگا و دەزگای قەزایی لە کوردستاندا. دەربارەی کارکردن لەسەر ئەو دۆسیە لەدادگایەکی نێودەوڵەتی، بەهاوکاری و پشتیوانی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی “ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور و ئەمنستی ئەنتەرناشیونال” و چەندین ئەندام پەرلەمان و کەسایەتی ئازادیخواز لە ئەوروپا بۆ ئەو دۆسیەیە هاتونەتە سەرخەت و پشتیوان و هاوکاری مەیدانی بوون لەگەڵماندا. دۆسیەی سەردەشت خراوەتە بەردەم  دادگای ئەوروپا. بێگومان هەر دادگایەک پرۆسە و ڕێوشوێنی خۆی هەیە، ئەنجامەکەشی بەستراوەتەوە بە دونیابینی ونەفەس درێژی و لێکۆڵینەوەکانی ئەوان.

بەبەردەوامی هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین لە هەر شوێنێک دادگایەکی کارا هەبێت بۆ گەیاندنی سکاڵا و دۆسیەی سەردەشت،کاوە،سۆرانی مامەحەمە، ویداد حسێن… لەوێ ئامادەین. دۆسیەی سەردەشت وێرای ئەوەی لەباری یاساییەوە بە کۆمەڵێک بەڵگە و دۆکۆمێنت دۆسیەکی تەواو و کامڵە، هاوکات دۆسیەی ئازادی دەربرینە لە کوردستان. بۆیە سەرکەوتنی ئەو دۆسیەیە سەرکەوتنی ئازادی و ئازادیخوازانە.

بۆ پێشەوە: پرۆژەی  پەیکەرکەی سەردەشت و دووبەرگ بۆ کۆکردنەوەی ئەوبابەتانەی لەسەر سەردەشت نووسراون، بە کوێ گەیشت… دیارە مەبەستم بەرگی دووەمە چونکە بەرگی یەکەمی دەمێکە بڵاوبۆتەوە؟

بەکر عوسمان: بەڵێ پرۆژەی پەیکەرەکە لە پشتیوانی و هاوکاری فراوانی جەماوەری و رۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەهرەمەند بوو وە پشتیوانی لێکرا. پەیکەرەکە کاره‌ هونه‌رییه‌کانی تەواو بووە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێر  رێگری لەدانانی پەیکەرەکە کراوە.  ئەمەوێت بڵێم دەسەڵاتی کوردستان کەباکی نەبێت بەکوشتنی ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و گەنجان، چۆن رێگە دەدات بەوەی کە پەیکەرێک لەشوێنی تیرۆرکردنەکەی دابنرێت و هەموو رۆژێک ئەوکارە قێزوەنەیان بیر بخاتەوە؟ ئەو پەیکەرە بەروخانی ئەم دەسەڵاتە روناکی دەبینێت و دواجاریش دەبێتە یەکێک لەسیمبول و هێماکانی ئازادی.

دەربارەی بەرگی دووەمی کتێبی “سەردەشت عوسمان”، بەدوای چاپی بەرگی یەکەم سەرنج و پێشنیاری زۆرمان بۆ هاتووە. لەم ماوەیەدا کارمان لەسەر ئەوە کردووە بتوانین بەرگی دووەم بە شێوەیەکی پوختتر ئامادە بکەین. ئێستا ئامادەیە بۆ چاپ، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەچاپ دەگەیەنرێ.

ڕەنگە جێگەی پرسیار بێت لەلای خەڵک کە بەرگی دووهەم بۆچی؟ لەوەڵامی ئەوەشدا دەڵێین: ئێمە لە ئاست نووسینەوەی دیرۆکی خۆماندا گەلێک کەمتەرخەم وخەم ساردین، هەر بۆ نمونە کاتێکی زۆری برد تاتوانیمان کەمێک لەتاوانکارییەکانی بەعس (ئەنفال وجینۆساید و، هەڵەبجە) لەدووتوێی چەند کتێبێک کۆبکەینەوە. بەرگی دووهەم هەوڵێکی بچوکە بۆ نووسینەوەی چیرۆکی تیرۆری دەنگێکی ئازاد، دەنگێک تەنها خەونی ئەوەبوو وەک هاوڵاتیەکی سەربەخۆبێت و ئازادانە بژی.

 

بۆپێشەوە: هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر لەنووسەرو رۆژنامەنووس و خەڵکی ئازادیخواز لە ناوخۆو دەرەوەی کوردستان… ساڵیادی سەردەشت بەکۆر و پانێڵ و چالاکی جۆراو جۆر رێزلێدەگرن، بۆ ئەمساڵ هیچ پرۆژەیەکی دیاریکراو هەیە، لەو یادەدا بکرێت؟

بەکر عوسمان: دۆسیەی سەردەشت دۆسیەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە و دۆسیەی پرسی ئازادی و ئازادی دەربرینە. هەروەها یادی سەردەشت لەلایەن رۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخواز بەردەوام بەرزو بەڕێز ڕاگیراوە. وەک هەڵوێستێک بە مەراسیم و چالاکی جەماوەری، ناڕەزایەتی  و نەفرەت لە دەسەڵاتی سەرکوت و تیرۆر لە کوردستان و دەرەوە بەڕێوەچووە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی تیرۆری سەردەشت لەلایەن رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان و چالاکوانان پەیوەندی زۆرمان پێوە کراوە و باس لە کار و هەڵسوڕانی جۆراوجۆر دەکەن لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتدا.

ئەو کارانە جێگەی ڕێز و پێزانینی زۆرە لای ئێمە و دەستخۆشی لە هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشانە دڵسۆز و ئازادیخوازانە دەکەین، کە یادی سەردەشت و دەنگە ئازادەکان بەرزو بەڕێز ڕادەگرن. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەماوەی حەوت ساڵی رابردوو بەبەرجەستەکراوی سەلماندیان ئامانجێک کە سەردەشت لەپێناویدا تیرۆرکرا،ئامانجی سەرجەم خەڵکی کوردستانە و سەردەشت هی ئەوانە و لەپێناو ماف و ئازادییەکانی ئەواندا تیرۆرکرا.

لێرەوە دەمەوێت لەرێگەی ئێوەوە رای بگەێنم کەئەمساڵ جیاوازتر لەساڵانی پێشوو یادی سەردەشت دەکەینەوە، ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوش ئێمە هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئازادی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین. ئێمە لامان وایە کەکوردستان ناتوانێت سەربەخۆ بێت ئەگەر هاووڵاتیەکانی سەرکوت بکرێن و سەربەخۆییان لێزەوتکرابێت. لەو بڕوایەدام ئەگەر هاوڵاتیانی کوردستان لەنێوان ئەوەی راپرسی لەسەر سەربەخۆی کوردستان و سەربەخۆییان لەدەست ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە سەرپشک بکرێن، ئەوا پرسی ( رزگاربوون لەم دەسەڵاتە زۆرینەی ڕەها بەدەست دەهێنێت).

 

بۆپێشەوە: لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتدا،پەیامی ئێوە بۆ دەسەڵات و هاوکات بۆ خەڵکی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازی کوردستان چییە؟

بەکر عوسمان: یادی سەردەشت، گەورەیی ڕق و توڕەییە لەتاوانباران و تیرۆرستان و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و مافیاییان. ئەمڕۆ دەبینین لەژێر سێبەری ڕەشی دەسەڵاتی ئەواندا،کۆمەڵگای کوردستان دووچاری کارەساتی برسێتی و نەدارییەکی کەمەرشکێن بووە. نەداری سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان و برسێتی دەستی ناوەتە گەردنی خەڵک. بە سیستەم کۆمەڵگای کوردستانیان نوقم کردووە لە گەندەڵی و تاڵانی و چەواشەکاری و کۆنەپەرستی و سەرکوت و دەمکوت و تیرۆر.

سەردەشت تەنها بەشێک لەوانەی باس کرد، ئەوان تیرۆریانکرد، فیشەکیان لەنێو دەمیدا لەبەرئەوەی ئەو قسانەی کرد. سەردەشت بە رۆشنی بەهەمووانی گوت، تاکاتێک پارە و هێز لەدەستی خێڵ و خێزانێک بێت بە ئارەزووی خۆیان بیبەخشنەوە، هەر رۆژە و دەبێت چاوەڕوانی کارەساتی گەورەتر و ناخۆشتر بکەین.

هەموو ئەو دۆخەی کە کوردستانی پێدا تێدەپەڕیت، ڕاستی و دروستی گەواهی قسەکانی سەردەشت و پەیامەکەی سەردەشت لای ئێمە گەورەتر و بەرزتر دەکات. ترسی سەردەشت لەرۆژێکی وەکو ئەمڕۆ بوو کە شیری دەمی مناڵەکان ببێتە کارتی ململانێی و کێشمەکێشمی نێوان (کارتێلەکانی) کوردستان، ئەوانەی سامانی گشتی و دەسەڵاتییان بۆ خۆیان قۆرغ کردوە و خستۆتە خزمەت خۆیان ودارودەستەکانیان، دواجار هەر هێز و گروپێک بەئارەزووی خۆیان بۆیان هەبێت ببڕن و بکوژن بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک.

ئەم دەسەڵاتە لەسەر مەرگەساتی خەڵکی کوردستان سەما دەکات. بۆتە مۆتەکەیەکی تۆقێنەر بەسەر ژیانی خەڵک و ئایندەی کوردستان. تا بینەقاقای نقومی تاوانکاری و گەندەڵی و مافیاییە،خاوەنی تۆڕی مافیای دەست بەسەرداگرتنی نەوتی کوردستان و قاچاغچێتییە. لەسەر بنەمای کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگای کوردستان خۆی بەرهەم دێنیتەوە. ژیانی هاووڵاتیانی کوردستانی بەبارمتەگرتووە بۆ پارێزگاریکردن لەکورسی دەسەڵاتەکەی. ئەم دەسەڵاتە بە هێزی چەکداری میلیشیای و مافیای بەزۆر خۆی داسەپاندووە، بە هەڕەشە،ترس و تۆقاندن، کوشتن و تیرۆر و دەسەڵاتدارە.

لەچەند ساڵی ڕابردوودا زۆر هەوڵمانداوە بۆ مافە سەرەتاییەکانمان. لەبازنەی فۆرمی گەمەی دیموکراسیدا، دادپەروەری و داد و ماف بەدەست نایەت. پێویستە هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن  لەپێناوی پێشگرتن بە ملهوریەکان و تاوانەکانی و دادگایی و بەسزاگەیاندنی مافیا و تاوانکاران.

لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم لەپاش تیرۆری سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، کاوەگەرمیانی و قوربانیانی حەڤدەی شوبات و ویداد حوسێن، هیچ پاساوێک نەماوە بۆ دانپێنان بەم دەسەڵاتە، ئەم دەسەڵاتە لەو رۆژەوە شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە کە بەسەرکوت و تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان بەرگری لە ماناوەی دەسەڵاتەکەی و کورسی دەسەڵاتەکەی کرد. هەرکەس و لایەن و دەستەو تاقمێکیش پشتیوانی ئەم دەسەڵاتە بێت ئەوا پشتیوانی تیرۆرو تۆقین وبرسیکردنی خەڵکە.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *