لەگەڵ ئین ئارتی…نووسینی عەبدوڵا مەحمود

ئایا ریفراندۆم و هەڵبژاردن کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم چارەسەر دەکات؟

نە ریفراندۆم و نە هەڵبژاردن بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم نییە، بەڵکو لەدریژەی کێشە ناوخۆیەکانی هەرێمدا دەستیان بۆ دەبرێت… بۆیە ناکرێت لێرەوە بەدوای چارەسەری کێشەکانی هەرێمەوە بین… بەڵام با بپرسین کێشە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان یان وردتر بلێین کێشەکانی خەلکی کوردستان کامانەن؟ کاتێک باسی کێشەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، دەبێ بەیەقین لەو راستییە دڵنیا بین کە کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە روانگەی خەڵکی کوردستانەوە شتێکن و لە روانگەی حزبەکانی خانەوادەی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی دەسەڵاتەوە شتێکی ترن…

لە روانگەی ئەحزبی بۆرژوازی کوردەوە، کێشە ناوخۆییەکان و سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان بریتین، پەک کەوتنی پەرلەمان، پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و نایاسایی بوونی سەرۆکی هەرێم، ناهاوسەنگی لە دابەشکردنی دەسەڵات بەپێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، عینادی نێوان پارتی و گۆڕان و لێک دوور کەوتنەوەیان… هەموو ئەو بەڕیزانەش کە لەبەرنامەکەدا بەشدار بوون فۆکوسیان لەسەر ئەمانە بوو… لەکاتێکدا ئەمانە کێشەی خەڵکی کوردستان نین و کێشەی نێوان ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردە… کێشەی نێوان پارتی وەکو حزبی دەستبەسەرداگری هەموو جومگەکانی حکومرانی و داهات و بریاری سیاسی و جوڵاندنی دۆسیەو کەیسەکان و داپۆشین و پاش و پێش پێکردن… لەلایەک و حزبەکانی ترە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە زۆرەی پارتی و دەیانەوێت پارتی پاشەکشە لەو جێگاو رێگایەی بکات و حزبەکانی تر بکاتە برا بەشی سیاسی و بریاردان و بەشدار لە دەسەڵاتدارێتی و بەهەندگرتنی روانین و نەخشە و پاکیجەکانیان… پارتیش مل بەو خواستانە نادات و بەو جۆرەی دەیەوێت، لەهەوڵی ئەوەدایە پێگەی دەسەڵاتداریتیەکەی قایمتر و قایمتر بکات و زۆر زیاتر لە ئێستە حزبەکان بکاتە دەستەمۆی نەخشەو سیاسەتەکانی تا رادەی بە پاشکۆ کردنیان…

لەروانگەی خەڵکی کوردستان و هەموو ئینسانێکی ئاگاو هوشیارەوە، پەرلەمان هیچ بایەخێکی نییە، رۆڵێکی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی خەڵکی کوردستاندا نەبووە… نەیتوانییوە هیچ یاساو رێسایەکی شایستە لە پەیوەند بەخەڵکی کوردستان و پەیوەست بە سوککردنی گرفت و کێشە کەڵەکەبووەکانیان، بخاتە دەستورەوە… خۆ ئەگەر یاسایەکیش لەم پەرلەمانەوە پەسەند کرابێت… بە هۆیەوە هێزی جێبەجێکار حزب بووە نەک حکومەت… ئەم یاسایە تەنها وەکو مرەکەبی سەر کاغەز ماوەتەوە… ئەگەر کەسانێک حاشا لەو راستیانە دەکەن با بفەرموون و یەک یاساو برگەی یاسایمان نیشان بدەن کە پەیوەندی بە خەڵکی کوردستانەوە هەبێت و چووبێتە واری جێبەجێکردنەوە؟ بۆیە پەرلەمان لەدنیای واقعیدا هیچ نییە جگە لە جێگایەکی بۆ دامەزاراندنی دەیان کادری حزبی پلە نزمی گوێ رایەڵ و وەکو فەرمانبەری تاڵانچی لە داهاتی خەڵکی کوردستان… وا بۆ ساڵێک دەچێت پەرلەمان دەرگاکەی بە هێزی حزبی کڵۆم دراوە… هیچ شتێکی تایبەتیش رووی نەداوە… لە دنیای واقعیدا ئەوە حکومەت و پەرلەمانە دەبێ دەرگای حزب و ڕێکخراوەی سیاسی و جەماوەری بە یاسا کڵۆم بدات… لە کوردستانی ژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیاییدا.. حزب  حکومەت و پەرلەمان دادەخات…

پرسی سەرۆکایەتی هەرێمیش هیچ پەیوەندیەکی بە کێشە ناوخۆیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییەو سەرۆک هەبێت یان نەبێت هیچ شتیک ناگۆرێت… هەر سەرۆکیك لە کوردستان تا ئەوکاتەی دەسەڵات حزبی و میلیشیاییە، تا ئەوکاتەی بۆشایی یاسایی و دەوڵەتداری بوونی هەبێت، ناتوانێت هیچ سەنگیکی یاسایی و هیچ دەسترۆشتویەکی سەراسەری و هیچ پێگەیەکی لە ناو کایەی حقووقی و سیاسی فەرمیدا هەبێت… ئەوەی دەتوانێت لەگەڵ دنیای دەرەوە لە پەیوەندی دابێت، مایەی لەسەر دابنرێت… سەرۆکی ئەو حزبە سیاسییە کە دەسەڵاتی سیاسی و قەڵەمرەیی و جغرافیایی و هێزی چەکدار و داهاتی زۆرو زەبەندی خەڵکی کوردستانی دەست بەسەردا گرتووە… ئەم هێزە ئیستا پارتیە… ئەگەر ئەم هاوسەنگی هیزە بە قازانجی یەکێتی یان گۆران بشکێتەوە… بێگومان سەرۆکی حزبی ئەوان وەکو کەسی یەکەمی کورستان مامەڵەی لەگەڵ دەکریت… بۆیە پرسی سەرۆکی هەریمیش پەیوەندی بە کێشە ناوخۆیەکانی کوردستانەوە نییە، ئەوە حزبە پشتگوێخراوەکانن دەیانەویت ئەم پرسە بکەنە پرس و کێشەی خەڵک…

ناهاوسەنگی هێز لە بەشداری دەسەڵاتدا بە پێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان… ئەمەش کێشەی خەڵکی کوردستان نییە… ئەم ناهاوسەنگیە بەرهەمی پوچ بوونی هەڵبژادن و کایەی هەڵبژاردنەکانە لە کوردستان و ئاکامی مەنتقی دەسەڵاتی میلیشیاییە… هەزاران هەڵبژاردنیش بکریت… ناتوانرێت هێزیکی سیاسی کە دەستی بەسەر داهاتی کوردستاندا گرتووە، خاوەنی هیزی زۆر زەوەندی چەکدارە، خۆی گرێداوە بە سیاسەت و نەخشەی وڵاتانی دنیاو ناوچەکەوە، لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی لێ بسەندرێتەوە و یان مل بەئاکامی هەڵبژاردن بدات… بۆیە ئەمە زۆرتر لە ورێنەی سیاسی دەچیت، تا لۆژیکی سیاسەت.

کێشەی نیوان پارتی و حزبی گۆران… ئەمەش کێشەی خەڵکی کوردستان نییە، کێشەی ناوخۆیی خانەوادەی بۆرژوازی کوردە… گۆران دەیەوێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە د. یوسف سەرۆکی بێت و وەزیرەکانیان بگێردرێنەوە بۆ هەولیرو لە تاڵان و برۆی داهاتی خەڵکی کوردستاندا بەشیان پێ بدرێت… بەراستی ئەگەر پارتی بەهەموو ئەو مەرجانە رازی بێت… چ شتیک لە پەیوەند بەخەڵکی کوردستانەوە، ئاڵوگۆری بەسەردا دێت؟ ئەگەر دۆخەکە بگەرێنرێتەوە بۆ پیش رێگری کردن لەسەرۆکی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆران… چ شتێک دەگۆرێت… بێ گومان هیچ روونادات… بۆیە ئەمەش هیچ پەیوەندی بە کێشە سەرەکیەکانی هەرێمەوە نییە…

دیارە زوربەی حزبەکان و خێڵێکی بەرین لە نووسەرانی دەربار و موچەخۆر، دەیانەوێت ئەم چەند دۆسیەی سەرەوە وەکو کێشەکانی خەڵکی کوردسیان نیشان بدەن و لە گەمژەیی خۆیانەوە، کۆمەڵگا بگەمژێنن… بەڵام تائێستا نە یانتوانییوە ناش توانن ئەم کێشانە بکەنە کێشەی خەڵکی کوردستان.

کێشەکانی خەڵکی کوردستان… نەبوونی موچە و پاشەکەوتی موچە و گرانی و هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک و ئاو کارەباو تەندروستی و سیستەمی هاتوچۆ و وێران بوونی سلکی پەروەردە و بێ یاساییە… لکاو بوونی فەرمی تا ئێستای کوردستانە بەعێراقی ئیسلامی و عروبی عێراق و ململانێی نەبراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداو بە کورتیەکەی کێشەی فیدارلیزمی قەومییە… کە هەمیشە خەڵکی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسی و کارەسات… وە کێشەی ئازادی و ئازادییە سیاسی و رۆژنامەگەریی… کێشەیەکی تری واقعی خەڵکی کوردستانە. تابۆکانی سەر ئازادی هێندە زۆر و کۆنەپەرستانەن کە تۆرێکی زۆر فراوانن بۆ تەڵبەندکردن و پەل بەست کردنی ئازادییەکان. لە ژێر ناوی مقەدەساتی قەومی و دین و نیشتیمانی و کەلتوری و ئەخلاقی و میژووی و رەمزو… بە تەواوەتی ئازادی جڵەو کراوە، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و کۆنەپەرست لە رێگای ئەم مقەدەساتانەوە، دەستی بۆ سەرکوت و زیندانی و رفاندن و تیرۆر ئاوەڵاییە و لەم چوارچێوە دژیی ئازادیەشدایە، تۆمارێكی بەرین لەسەرکوت و پیشلکاری ئازادی و ئازاددیەکان لە کوردستاندا هەیە. کیشەیەکی تر، کێشە خودی دەسەڵاتی میلیشیایی و هەڵبژاردنە درۆزنانەکانیانە… ئەگەر بریار بێت کێشەکانی ناوخۆی هەرێم” کێشەکانی خەڵکی کوردستان” چارەسەربکرێن، دەبێ وەڵام بەو چەند گرفتە بدرێتەوە… گرفتی نان و ئازادی و لکاو بوونی کوردستان لەژیر ناوی فدرالیزمی قەومیدا بە عێراق و گرفتی دەسەڵاتی میلیشایی… بۆ ئەمەش خواستی نان و ئازادی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتدارێتی شورایی… وەڵامی کارسازو دروستە و دەبێ خەڵکی کوردستان لەدەوریان کۆبێتەوە…

پرسی ریفراندۆم… گەمەیەکی نوێیە بۆ کایەکی نوێ… کایەی دوای تێکشکانی توانایی سەربازی داعش و وەدەرنانی هێزەکانیان لەو شوێنانەی کەماون… وە بەشێکە لە کەمپەینێکی هەڵبژاردنی بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن پارتییەوە… هاوکات بەدەستەوە گرتنی فایلی ریفراندۆم خۆی رێگایەکە بۆ شاردنەوەی و گرفتەسەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان و گوێزانەوەی سەرنجی خەڵکی کوردستانە لەگرفتەکانیەوە بۆ ریفراندۆم و رێگایەکیشە بۆ کڵۆم دانی زوربەی کێشەکانی نێوان حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد. لەم نێوەدا پارتی گەمەیەکی ئامانجدارانە دەکات و دەیەوێت لەژێر ناوی پرسی نەتەوەییدا، ریفراندۆم بکاتە چوارچێوەیەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو حزبەکانی بۆرژوازی کورد لە ژێر جەتری ریفراندۆمدا… بەو هەنگاوەش تەواوی دۆسیەکانی تر کە کێشەی نیوان حزبەکانە، دەشارێتەوە. باسی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و داخستنی پەرلەمان و لاکەوتەکردنی حزبەکان لە پرۆسەی سیاسیدا… حەواڵەی دوای پرسی ریفراندۆم دەکات.

هەڵبژاردنیش… لەکوردستان مێژوویەکی هەیە… میژووەکەش میژووی پوچ نیشاندانی هەڵبژاردنەکانە… بۆیە لەوبارەیەشەوە هەڵبژاردنەکان، ناتوانن هیچ بگۆرن… جگە لەوەی لەو رێگایەوە دەیانەوێ فریوی رای گشتی دنیای دەرەوە بدەن و لەناوخۆشدا لەژێر ناوی هەڵبژاردندا ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی میلیشیایان بدەن.

بە کورتیەکەی نە ریفراندۆم و نە هەڵبژاردنەکان… هیچ گرفتێک چارەسەر ناکەن و ئەم دۆخە ئابدەیت و درێژ دەکەنەوە کە ئێستا هەیە. بۆیە خەڵکی کوردستان نابێت فریوی ئەم بانگەشانە بخۆن و ببنە خۆراکی سیاسی ئەم دوو پرسە، کە حزبەکانی کوردستان، بەتایبەتیش پارتی پێش قڵدریەکەی گرتووە. ریگای دروست خەباتێکی لێبراو و شۆرشگێرانەی پشت بەستوو و رێکخراوە بە خستنە گەرێ ئیرادەی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان، بەدەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی بۆرژوازی کورد… پیش مەرجی هەر ئاڵوگۆر و ئایندەیەکی باش و شایستەی ئینسانی لە گرەوی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەدایە…

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *