سەردەشت سومبلی ئازادییە

عەبدوڵا مەحمود:

ئەوانەی بڕیاریاندا، گیانی سەردەشت بکێشن، ئاگاهانە ویستیان لەو رێگایەوە، گیانی ئازادی دەرکێشن. ئەوانەی بڕیاریاندا، سەردەشت لەبەین ببەن و لەکۆمەڵگەدا بیسرنەوە، بەنەخشەوە ویستی لەبەینبردنی ئازادی و سرینەوەی ئازادیخوازییان، هەبوو. ئەوانەی نەخشەیان کێشا سەردەشت نابێ لەژیاندا بمێنێ، ژمارەیەک گەوجی سیاسی بوون، ترساوی کەشی ئازادی و ئازادیخوازی بوون.  لەبەرامبەر ویستی ئازادی و شکۆدا، لەبەرامبەر رەخنەی قوڵ و تیژی ئینسانیدا، جگە لە زمانی زبر و دەستبردن بۆ سەرکوت و زیندان و چەکی گەرم، زمانێکی تر نازانن.

ترساندنی کۆمەڵگە بە ترساندنی ئازادی و لە رێگای سەرکوت داپڵۆسین و فریوکارییەوە، دەست پێدەکات. لە ترساندنی دەنگە ئازادەکانەوە هەنگاو دەنێ. شێوازەکانی جەنگین لەدژی ئازادی، یەک رەنگ و یەک جۆر و تاک نەریتی نییە. جەمال عیرفان لەسەردەمی شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان، عەبدولخالق مەعروف لەکاتی حکومرانی بەعس، عەبدولستار تاهیر شەریف و سۆرانی مامە حەمە کاوە گەرمیانی تا دەگاتە سەردەشت و ویداد، لەژێر دەسەڵاتی مافیایی کوردایەتیدا… هەر یەکەیان بەجۆر و شێوازی جیاجیا، گیانیان لێسەندراوەتەوە. هەموو تیرۆرەکان یەک ئامانجیان هەبووە، بەڵام هەرکام لە شێوازی تیرۆرەکان، هەڵگری ماناو دەلالەتی تایبەتی خۆیان بوون.

سەردەشت بەئاشکراو لەبەردەم زانکۆدا، دەرفێنرێت و بەناو تۆرێک لە بازگەی تیژبینی دەسەڵاتی کوشتار و تیرۆردا، بەرەو موسڵ دەبرێت. پاشان بەوپەری دڵرەقیەوە تیرۆر دەکرێت. سەردەشت بۆیە بە ئاشکرا دەرفێنرێت و تیرۆر دەکرێت، چونکە ئیتر شاردنەوەی پەیامی دژی ئازادی و فکری ئینسانی و پێشکەوتخوازی لەلایەن دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەتیش پارتی، گرنگی خۆی لەدەستداوە. دەسەڵاتێک بە ئاشکرا تاڵانی بکات. خۆپیشاندانی خەڵکی بۆ نان و ئازادی و عەدالەت، لەخوێن هەڵبکێشی. لەخۆشخزمەتی و نۆکەرایەتی و پێش لەشکری بە وڵاتانی چنگ بەخوێن بی دریغ بێت. لەژێر سایەیدا جینوسایدی ژن بەرێوەبچێت، سامانی بەشێک لە بەرپرسانی حزبی و بنەماڵە چەند بەرابەری داهاتی هەموو خەڵکی کوردستان بێت، خەڵک بە بیستنی ناوی ئاسایش لەرز دایبگرێت. پێویستی بە شاردنەوەی تاوانی رفاندنی ئینسان و تیرۆری نووسەر و رۆژنامەنووسان و نەیارانی سیاسی رەخنەگری ریشەیی دەسەڵات نییە. سەردەشت بۆیە تیرۆر کرا، بانگی رەخنەی ریشەیی لەدەسەڵات و بانگەوازی بۆ ژیانی شایستەی ئینسان دەکرد. پیرۆزییە بەزۆر داسەپاوەکانی دایە بەرەخنە. بە رەخنەیی چینایەتی و رۆشنی کۆمەڵایەتی دیوە شاراوەکانی رەمزە قیزەونەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و قڵشتی چینایەتی و جیاوازی دوو دونیای لێک دوورو دژ بەیەکی دووچینی” زۆرداران و بێبەشان” ی خستە روو. بەزمانێکی سادە و رەخنە ئامێز نەریتی بنەماڵەیی، نیشان دەدا. خەون و خولیای چەپینراوی لاوانی بەیان کردەوە. لەکاتێکدا ئەمانە هەموویان بەشێکن لە پراکتیسەکردنی ئازادی فەردی و نووسین و دەربرین… کەچی جەنابانی پارێزەری داب و نەریتی پرتوکاوی کۆنەپەرستی و ژن بە کویلە زانین و خۆ بەخوا!! مەزندەکردن، پەتی تەحەمولیانی پچراو هەوسارپچراو بوون. بۆیە چەقوکێش و باندە نۆکەرەکانیان بزواند و سەردەشتیان، لەبەین برد.

بۆیە ئاوا بە ئاشکراو نارەواو دڵرەقانە گیانی سەردەشتیان کێشا، تا گیانی ئازادی و ئازادیخوازی و رەخنەی قوڵ و چینایەتی دڵرەقانە بکێشن و رەخنەو تورەیی و نەفرەتی سەردەشتەکانی کۆمەڵگای کوردستان، خەفە و بەرەو داکوژان ببەن… بەڵام ئەگەر خەونی سەردەشت و سەردەشتەکانی کوردستان، خەون و خولیایەکی راستەقینەی قابیلی پەرەپۆش کردن نییە و زیندووە. ئەوا خەونی ئەم دەسەڵاتە و بکوژی رەخنەو ئازادییە، نەزۆک و بێ گیانە. سەردەشت تائەو کاتەی تیرۆر دەکرێ، نووسەرو رەخنەگر و کوڕێکی لاوی خێزانێکی سەربەرزو تیکۆشەری شاری هەولێرە. خۆشەویستی هاوڕێ و دۆست و هاوپۆل و خزم و ناسیاوەکانیەتی. خۆشەویستی خوێنەرەکان و ئەوانەیە نووسیەکان وپەیامەکانی دەخوێنەوەو تێدەگەن، بەڵام لەوکاتەوەی تیرۆر دەکرێت، سەردەشت ئیتر بەتەنها ئەم کورە لاوەی خانەوادەو هاوڕێ و هاوپۆل و خوێنەرانی نووسین و رەخنەکانی نییە. کورە لاوەکەی پێشوو نییە، و دەبێتە کورە لاوە عەزم جەزم کردوەکەی کۆمەڵگای ژێر ستەمی هەزار سەری چینایەتی. دەبێتە لاوە خۆشەویستەکەی هەموو بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگا و تینوانی ئازادی. دەبێتە نوکەرمی رەخنەی قوڵ و چینایەتی ئۆردویەکی بێئەژماری دژی دەسەڵاتی نەریتی و بنەماڵەیی و دواکەوتوو  تاڵانچی کوردستان. دەبێتە رەمزی ئازادی. دەبێتە سومبلێک، کە هەرکەس بۆ ئازادی تێبکۆشی، رەخنەگری راستەقینەی دەسەڵات بێت، دژی نابەرابەری ئابوری و کۆمەڵایەتی و زوڵمی چینایەتی بێت. سەردەشت لای ناویکی زیندوو بێت.

حەوت ساڵە سەردەشت لێرە نەماوە… نە خولیای ئازادی خامۆش بووە، نە رەخنە لەم دەسەڵاتە کول. حەوت ساڵە سەردەشت نانووسێ… نە نووسینی رەخنەی ریشەیی لەدەسەڵات و نە بانگەواز بۆ بەرابەری و یەکسانی خامۆش بووە. حەوت ساڵە سەردەشت لەناو خانەوادەو دۆست و هاوڕیێانی نەماوە… کەچی کاتێک دەروانین لەناو هەموو خانەوادە توڕەکان و ئازادیخوازەکانی کوردستانە. لەریزی پێشەوەی هەموو بزوتنەوە نارەزایەتییە رەواکانی خەڵکی نەدارە. ئاڵابەدەستی وشەی ئازاد و بزواتی ئازادی رۆژنامەگەری و رەخنەی قوڵ و سازشهەڵنەگری دەسەڵاتی چینە داراکانی کوردستانە. لەهەموو زانکۆکاندا بەدژی هەڵاواردن و بێمافیدا، هەڵدەشاخێ. گوڵ بەدەستە و خەندەی سەر لێوانی نابڕی و بەرەو ئاسۆ دەروانێ. بەڵی سەردەشت حەوت ساڵە تیرۆرکراوە، لەوکاتەشەوە بۆتە  سومبلی ئازادی و ئازادیخوازی و رەخنەی قوڵی بێبەشان لەدەسەڵات. تا ئەوکاتەش ئازادی و کۆمەڵگای بەرابەرو ئینسانی، دەبنە راستیەکی ژیان، لەسەر کەلاوەی روخێنراوی دەسەڵاتی زاڵمانەو نابەربەر، سەردەشت هەر رەمزی ئازادییە و ئەوکاتەش ئازادی دەبێتە واقعیەتی جێکەوتووی ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگایەکی ئینسانی، ناوی سەردەشت و سەردەشتەکانی کوردستان و هەوڵیان بۆ ئازادی دەبێتە وانەی فێربوونی تێکۆشان بۆ ئازادی، بۆ نەوەکانی داهاتوو.

سەرەتای ئایاری ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *