با خاڵی کۆتایی ڕستە دانێین و دێڕی تازە بە کاپیتاڵێکی نوێ دەستپێبکەین!

نووسینی لاوژە جەواد:

سەردەشت عوسمان بەدوای ئەوەی کە هەڕەشەی لێدەکرێت لە وتارێکیدا بەناونیشانی کاتی زەنگی مەرگم لێدرا پێماندەڵێت” تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ‌ماوین ئه‌بێت قسه‌بكه‌ین، له‌و شوێنه‌ش، كه ‌ته‌مه‌نمان كۆتاییهات با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوێ و سه‌ر له‌نوێ ده‌ستپێبكاته‌وه‌”

سەردەشت عوسمان وەک نمونەی شێوەیەک لە ناڕەزایەتی نوێ بەتایبەتی بەدوای پرۆسەی بەناو ئازادی عیراق بەرامبەر دەسەڵاتی خۆماڵی دەستیکرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتی خۆماڵی و کەوتە نووسین و بڵاوکردنەوە دەربارەی دزی و ڕاو و ڕوتەکانی دەسەڵاتی کوردی و خستنە ڕووی جیاوازییە چینایەتیەکان لە کۆمەڵگەی کوردیددا، کە ناودارترین نوسینی کە بە هۆکاری تیرۆرەکەشی دەزاندرێت وتارە تەنز ئامێزەکەی بوو بەناونیشانی ( من عاشقی کچەکەی بارزانیم).

دیارە دەسەڵاتی کوردی هەر لەسەرەتاوە کەوتە داپڵۆسینی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە ساڵانی نەوەتەکان کۆمۆنیستەکان سومبولی ئەم خەباتە بوون. بەڵام لە ناوەڕاستی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیە ئەم ناڕەزایەتییە چووە قۆناغێکی ترو سەردەشت نموونەی ئەم نووسەرو ڕۆژنامەنووسانە بوو کە  دەستپێشخەر و بوێر بوو لە بەرجەستەکردنی ئەم ناڕەزایەتیانە.

بەدوای دەستپێکی ئەم خەباتەو تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی ئازادیخوازیش لە هەمان کاتدا بۆیەکەم جار بەشێوەیەکی بەرچاو ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرفراوان دژی نەبوونی ئازادی و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان دەستپێدەکات و ئەم دیاریدەیە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بە ئاشکرا لە شەقامەکان، لەڕێگای دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوازی پەرش وبڵاو و تاکەکەسی، ناڕەزایەتی دەردەردەبڕن بەرامبەر دەسەڵات و ئەوەی لە دڵیاندایە نایشارنەوە. ئەم دیاردەیە زۆر بەرچاو بوەو بەجۆریکیش دەسەڵات دەستی لەگەڵ ئەم جۆرە ناڕەزایەتیانە نەرمکردوەو لەوانەیە پێشی خۆشبێت کە خەڵک لەم ڕێگایەوە ناخ و توڕەیی خۆی خاڵیدەکاتەوەو دەست بۆ ڕێگا چارەی تر نابات بۆ باشترکردن و بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ریشەیی لە کۆمەڵگادا و بەم شێوەیە مەترسی کەمترە بۆ دەسەڵاتداران.

دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی ٢٦ ساڵ بە هەمو شێوەیەک فاشیل بوونی خۆی لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەکی ئاسایی نیشان داوە، لەسایەی ئەم حیزبانەی ئەمڕۆ باڵادەستن لە کوردستان بە قەومی و ئیسلامیەوە دۆخی خەڵک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و خۆشیان فیرعەون ئاسا ژیان دەکەن. دەسەڵاتێکی میلیشیایی خۆسەپێن و دیکتاتۆر کە تەنها لەهەندێ وڵاتی ئەفریقیا نموونەیان ماوە حاکمیەت دەکات، ئەم جۆرە دەسەڵاتانە پشتیان گەرمە بە میلیشیاکانیان وە هەروەها ئەو پەیوەندیە ناوچەیی و جیهانیانەی کە لەسەر تاڵان کردنی کۆمەڵگا، لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاوپەیمانیان لەگەڵ دەکەن، لەم جۆرە سیستەمانەدا کۆمەڵگا و هاووڵاتیان هیچ جێگا و ڕێگایەکیان نییە و بە چاوی نزمەوە سەرجەم کۆمەڵگا دەبینن، خۆیان لە جنسێکی تر دەبینن و زۆرجاریش فەرزی دەکەن بەسەر کۆمەڵگا وەکو پیرۆزی و مۆقەدەس سەیریان بکەن.

لە هەمانکاتیشدا ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی بۆرجوازی و سەر بە کەمپی سەرمایەداری جیهانییە کە ئەمڕۆ جیهان بەڕێوەدەبات و لەسایەییدا ژیانی ئینسانەکان خراپترو خراپتر دەبێت و ناتوانێت وەڵام بە خواست و داخوازیەکانی ئینسانی ئەم سەردەمە بداتەوە و سەرتاپای کۆمەڵگا خراوەتە خزمەت بەرژەوەندی کۆمەڵێک کۆمپانیا و بازرگانەوە.

بۆچی دەڵێم پێویستمان بە دەستپێکی کاپیتاڵێکی نوێ هەیە؟

هەروەک لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا ئەم شێوە خەباتەی کە تائێستا دەستمان بۆ بردوەو بەدروست لەکاتی خۆی دەستیپێکردو سەردەشت یەکێک لە پێشرەوانی بوو لە ئێستادا وەڵامدەرەوە بە بەربەریەتی دەسەڵات نییە لە کوردستان!

ئێمە خەڵکی ئازادیخوازو یەکسانیخواز، چەپ و پێشکەوتوخوازی کۆمەڵگا پێویستمان بە بیرکردنەوەو وردبونەوەی زیاتر هەیەو دەبێت دان بەوە دابنێین ئەم شێوە خەباتەی تا ئێستا دەستمان بۆ بردوە نەیتوانیوە گۆڕانکاری بە بەرژەوەندی خەڵک بەدی بهێنیت. با سەیربکەین دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە تەندروستی و پەروەردەو هەموو خزمەتگوزاریە گشتیەکانی تر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. بەرەی یەکسانیخوازی کە 26 ساڵە هاتۆتە مەیدان و خەبات بۆ باشکردنی دۆخی ژنان و بەرەنگاری توندوتیژیان دەکات، نەک کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە بەڵکو بەئاشکرا دۆخی ژنان خراپتر دەبێت و خەریکە تەنانەت وەک و ئینسانیش بەحساب نایەن. منداڵان زیاترو زیاتر لە خوێندن دادەبڕێن و لەسەر شەقام و بازاری کاردا دەبیندرێن. کۆنەپەرستی زیاتر باڵ بەسەر کۆمەڵگا دەکێشێت و مەدەنیەتی کۆمەڵگا لە پاشەکشەدایە. گەنجان خوێندن تەواو دەکەن و هیچ سەرنوێشتێک بۆخۆیان نادۆزنەو لە کۆمەڵگەو ڕێگای ئەوروپا دەگرنە بەرو دەبنە خۆراکی ماسیەکان لەڕێگادا. بارودۆخی خەڵکی هەژار بەرەو خراپتر دەچێت ڕێژەی بێکاری لە بەرزبونەوە دایەو تەنانەت موچەی کرێکاران و کارمەندانیش بە نیوە ناچڵی و بە چارەک و نیوە دەدرێت. ئاماری تیرۆری ڕۆژنامەنوسان لەزیادبون دایەو…تاد.

کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بەکام ئەڵتەرناتیف هەیە؟

دەسەڵاتی کوردی بۆتە ئەم خانوە کۆنەی کە هیچ چاکسازیەک هەڵناگری و مەجالی پینەو پەڕۆی نەماو. لەسایەی ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵگا هیچی بەسەر هیچدا نەماوەو دەبێت لەبناغەوە هەڵگێڕدرێتەوە بنیاتبندرێتەوە.

من پێموایە کۆمەڵگای کوردستان پیویستی بە ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی هەیە، پێویستی بە هاتنەمەیدانی ئیرادەی خەڵک و ڕێکخراوبون و دەستبردن بۆ خۆ بەڕێوەبردن هەیە.

لەوانەیە هەموومان ئەوە بزانین کە لە 26 ساڵی ڕابردودا ئەم دەسەڵاتە کاری لەسەر بێئیرادەکردنی خەڵک و نەهێشتنی مەیلی ڕێکخراوبونی واقیعی جەماوەری کردوە و هەوڵیداوە ئیرادە لە خەڵک بسەنێتەوە، ئەو هێزانەی بەناوی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان لە مەیداندابوونە  ڕۆڵ و نەخشی سەرەکیان گێڕاوە لە بێ هیواکردنی جەماوەری بەرامبەر بە ناڕەزایەتی و مەیلی ڕێکخراوبوون، چونکە زۆربەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە دەورەی ڕابردو لەلایەن ئەوانەوە ئیستغلال کراوەو داخوازیەکان لەسەر میزەکانی گفتوگۆ ساتوسەودای پێکراوەو دەسکەوتی زیاتری پێوەرگیراوە.

لەوانەیە کۆبونەوە بە ئامانجی ڕێکخراوبون و دانانی سترایجیەتێکی نوێ ئەوەندە ئاسان نەبێت، بەڵام موستەحیل نییە.

لە کوردستان خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، چەپ و پیشکەوتوخواز یەکجار زۆرەو زۆربەشی ناڕازییە. هەریەک بەجۆرێک و لەڕێگای خۆیەوە دەیەوێت بەرامبەر بەم دۆخە بوەستێتەوەو ڕێگاچارەی خۆی بخاتە ڕوو.

هەر وەک چۆن ئەزمونی دەسەڵاتداران لە 26 ساڵی ڕابردو کارساز نەبووە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی شایستە، هەوڵ و خەباتی ئێمەش نەیتوانیوە ئاڵتەرناتیڤێکی تۆکمە و یەکدەست، کە بتوانێت ببێتە هیوای گۆڕانکاری و ئاسۆیەکی ڕون بخاتە پێش ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵگە. دەبێت ئاوڕێک لە ڕابردوی خەباتی خۆمان بدەینەوە و دان بە شکستی ڕابردومان بنێین و کۆبینەوە هەموومان بەیەکەوە بیر لەڕێگا چارە بکەینەوەو بزانین لەکوێوە دەست پێبکەینەوە؟ ڕێگا چارەمان چییەو چۆن میکانیزمێک بۆ گەڕانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک بگەڕێنینەوەو کارێک بکەین کە مەیلی ڕێکخراوبون و دەرئەنجامی کاری یەکگرتوانە ببینین.

تەنها ڕێگا چارەی دەربازبوون لەم دۆخە شۆڕشەو ئەویش پێویستی بە کار هەیە، پێویستی بە بیرکردنەوەو دۆزینەوەی میکانیزم هەیە، کە چۆن ئەم کۆمەڵگەیە بۆ شۆڕس ئامادە بکەین و دەسەڵاتێکی شورایی بهێنینە دی؟

با بۆساتێک بیر لە وتەکەی سەردەشت بکەینەوەو خاڵێک دابنێین و لە سەرەتاوە دەستپێبکەینەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *