ئێوارەی ١٧/٥/٢٠١٦، رێکەوتننامەیەک لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی لە شاری سلێمانی ئیمزا کرا. رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی، پێشهاتێکی چاوەرەوانکراو و پێداویستیەکی ناچاریی هەردوو ئەو لایەنە بوو، لە هەلومەرجێکی زۆر تایبەت و هەستیاری ناوچەکەو عێرا ق و کوردستاندا.
ململانێی زلهێزەکانی دنیا لە ناوچەکەدا، گۆڕانی باڵانسی هێز لەنێوان ئەو بلۆکانەو بەتایبەتیش ئەمریکاو رۆژاوا لەلایەک و روسیاو چین لە لایەکی ترەوە، بۆتە مایەی ئاڵوگۆر لە توانایی دەوڵەتو هێزە ناوچەییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا… ناکامی سیاسی ئەمریکا لە ناوچەکەو بەدیاریکراوی لە عێراق و سوریا لە ململانێ لەگەڵ ئێراندا، لەگەڵ دەستێوەردانی راستەوخۆی روسیا لە ململانێی ناوچەکەو بەدیایکراویش لە سوریادا و پێکهاتنی سێکوچکەی عێراق و ئیران و سوریا، لەبەرامبەر قوتبی تورکیا و سعودیەو وقەتەر … تا دەگاتە لاواز بوون و بەرتەسک بوونەوەی توانایی دارایی و سەربازی و جوگرافیایی داعشو دەستپێکردنی رەوەندی بەرەوکۆتایی چوونی، ئەو دۆخەیە کە هەمووحزب و هێزە سیاسیەکانی ناوچەکەی خستۆتە بەردەم هەڵوێستەو چاوخشاندنەوە بە هاوپەیمانیەتیەکانی پێشوو وە دوبارە سازدانەوەی هاوپەیمانیەتی و رێکەوتنی تازە… وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئاڵوگۆگۆرەکان و پێشهاتەکانی داهاتوو.
یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆران، وەکو دوو حزب و هێزی سیاسی نزیک لەیەک، لە زونێکی تایبەت و نزیک لە قوتبی ئیرانی، دەیانەوێت کەڵک لە ئاڵوگۆری باڵانسی هیزە ناوچەیەکان وەربگرن و بە نزیکبوونەوە و مۆرکردنی رێکەوتنامەیەک لەگەڵ یەکتریدا، ئەو دۆخە قەیراناویەو نەخوازاوەی پێشوویان تێپەرێنن.
یەکێتی نیشتمانی وەکو شەریکی دەسەڵات لەگەڵ پارتیدا هەستی بە پەراوێزکەوتن دەکردو لەناوچەی ژێردەسەلاتی خۆشیدا لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە کێشەو سەریەشەی بۆدروست دەکراو ئەوەش ئەوەندەی دیکە لەبەرامبەر پارتیدا لاوازتر نیشانی دەدا. سەرباری ئەوە یەکێتی لەناو تەلاری رێکخراوەیی خۆیشیدا بەدەست گرفتە ناوخۆیەکانیو نەبوونی رابەریەکی یەکدەستەوە، دەناڵێنێ.
بزوتنەوەی گۆڕانیش کە بە بانگەشەی گەورەوە هاتە مەیدان و لەسەرەتادا توانی نارەزایەتیە بەرهەقەکانی خەڵکی کوردستانی لە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی، بەلارێدا ببات، بەڵام زووتر لە پێشبینی خۆیان و دنیای دەرەوە پرۆژە سیاسیەکەی شکستی خواردو خۆشباوەری خەڵک بە بانگەشەو سیاسەتەکانیان، رووی لە رەوینەوە کردو نائومێدیش ریزەکانی داگرتو رەوتی پووکانەوەی دەستی پێکرد…
کەواتە لە هەلومەرجێکی سیاسی لەم جۆرەدا، ئەم رێکەوتنە ئامانجی ئەوەیە کە هاوکاتی خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتە سیاسیەکانی دوای نەمانی داعش و رێکەوتنەکانی جنێف و پەیداکردنی جێ پێیەکی سیاسی بۆخۆیان، هەوڵێکیشە بۆ پێشگرتنو بەرەنگاربوونەوەی تەماحە سیاسیە بێکۆتاییەکانی پارتیو سنوردانانێک بۆ دەسەڵات و قۆرخکاریەکانی.
هەموو ئەو بەندو خاڵانەی کە لە رێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا وەکو خواستی خەڵك ریزکراون، تەنها بۆشاردنەوەی ئامانجی سەرەکی ڕیکەوتنامەکەیە، دەنا دوورو نزیک پەیوەندیان بە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەلکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادیە سیاسی و خواستە رەواکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە. هەروەکو هیچ ریگایەکیش بۆ وەڵامدانەوە بە گرفتە بناغەیەکانی خەڵکی کوردستان کە مەسەلەی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیاییە، ناخاتەروو، بگرە دەسەڵاتی میلیشیایی بەرجەستە دەکاتەوە.
ئەزمونی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان و ململانێ و رێکەوتنەکانی هێزە سیاسەکانی بۆرژوازی کورد ئەوەیان بەروونی نیشانداوە کە کێشەو ململانێ و رێکەوتنەکانیشیان هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ خواستو ئومێدو بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستاندا نەبوەو نیەو ئەم رێکەوتنەی نێوان گۆڕان و یەکێتی یش لەم حوکمە گشتیە دەرباز نابێت. بۆیە خەلکی کوردستان نابێت هیچ جۆرە خۆشباوەریەکی بەو رێکەوتننامەیەو بە بانگەشەکانی هەبێت. چونکە حکومەت و پەرلەمان هەبێت یان نەبێت، کارا بێت یان ئیفلیج، بەدەست گۆڕان و یەکێتیو قوتبی ئێرانەوە بیت یان پارتی و قوتبەکەی بەرامبەری؛واتە دەوڵەتی تورکیا ، هیچ لەو راستییە ناگۆڕیت، کە حکومەت و پەرلەمان لە ژێر دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشاییدا، جگە لە کارتۆنیک و فریوکاریەکی بەناو یاسایی بۆ شیواندنی رای گشتی دنیای دەرەوە زیاتر شتێکی تر نییە.
باشکردنی ژیان و گوزەرانو کۆتایی هێنان بە قەیرانە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی کوردو حزب و هێزە سیاسیەکانی لە ریگای سیاسەتی ئەم حزبانەوە ناکرێت کە چەندین ساڵە سفرەی خاڵی خەڵك تاڵان دەکەن، لەرێگای پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی ئەوانە کەنار ناخرێت و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بە قازانجی خەڵکی بێبەش و کەمدەرامەت ناکرێت، رێگای گەیشتن بەو خواست و ئومێدانە رێگای شۆرش و هاتنە مەیدانی ریزی رێکخراو و سەربەخۆی چینی کرێکارو جەماوەری چەوساوەو بێبەشی کوردستانە لەژێر ئاڵای سۆشیالیستی چینی کرێکاردا. رێگای خەباتی رێکخراوی هوشیارانەو یەکگرتووی خۆمانە بۆ پیکهێنانی ئاڵوگۆڕ لەژیانو گوزەرانو دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆمان بەدەستی خۆمان. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەپێشەوەی ئەو خەباتەدا رادەوەستێتو بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەو ئاڵوگۆڕانە تێدەکۆشێت.
١٩/٥/٢٠١٦