ئاماده‌کردنی؛ شه‌ماڵ علی:
باس کردن له 8 ی مارس بی باس کردن‌و یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو ڕابه‌ره به‌رجه‌سته‌و مێژووییه‌ی جووڵانه‌وه‌ی سۆشیالیستی کرێکاریی‌و جووڵانه‌وه‌ی ژنان ناته‌واوه. بێده‌نگه‌کردنی ناوهندهکانو هه‌ڵسوڕاوانی فیمینیست سه‌باره‌ت به مێژووی ئه‌م که‌سایه‌تیه گه‌ورانه‌ی جووڵانه‌وه‌ی ژنان هۆکاری ئاشکرای هه‌یه، ئاخر له که‌سایه‌تی ئه‌م دوو ژنه خهباتکارهدا هاوچاره‌نووسی‌و هاومێژوویی جووڵانه‌وه‌ی کریکاریی‌و جووڵانه‌وه‌ی ژنان به‌رجه‌سته ده‌بیته‌وه، ئه‌مه‌ش ڕاستیه‌که که فه‌لسه‌فه‌ی وجودی فیمینیزمی بۆرجوازی په‌رده‌پۆشکردنێتی.
کلارا زیتکین
کلارا زیتکین 5 ی ته‌موزی 1857 له ویلایه‌تی ساکسۆنیا له ئه‌ڵمانیا له دایک بووه، باوکی کلارا مامۆستا بووه‌و ئه‌میش پاش ته‌واوکردنی خوێندن وه‌ک مامۆستا کاری کردووه، له ساڵی 1874 په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی ژنان په‌یدا کردووه‌و له 1878 بووه‌ته ئه‌ندامی حزبی سۆشیال-دیموکراتی ئه‌ڵمانی. به هۆی ڕاوه‌دوونانی پۆلیس له هه‌مان ساڵدا ناچار بووه بچێته زیوریخ له سویسرا‌و له 1882 چۆته پاریس. کلارا له پاریس ڕۆڵی گه‌وره‌ی له پێکهێنانی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌مدا بینیوه.
کلارا بایه‌خێکی زۆر گه‌وره‌ی به کێشه‌ی ژنان داوه‌و له بواری خه‌باتکردن بۆ فرسه‌تی یهکسانو مافی ده‌نگدان بۆ ژنان که‌سایه‌تیه‌کی به‌رجه‌سته‌ی سه‌رده‌می خۆی بووه. ئه‌و بناغه‌دانه‌ری جووڵانه‌وه‌ی سۆشیالیستی ژنانی ئه‌ڵمانیا بووه. له 1891ه‌وه تاکو 1917 سه‌رنووسه‌ری بڵاوکراوه‌ی “یه‌کسانی” بووه، که بڵاوکراوه‌ی ژنانی حزبی سۆشیال-دیموکراتی ئه‌ڵمانیا بوو. ئه‌م بڵاوکراوه‌یه له‌سه‌ر ده‌ستی کلارا به جۆریک فراوان بووه‌وه که له ساڵێ 1914دا 125 هه‌زار دانه‌ی لێ بڵاو ده‌کرایه‌وه.
له کۆنگره‌ی حزبی سۆشیال-دیموکراتی ئه‌ڵمانیا له ساڵی 1896 کلارا زیتکین سه‌رنجی کۆنگره‌ی بۆ ئه‌وه ڕاکێشا که ته‌نها به خه‌باتی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ژنانی پرۆلیتاریا سۆشیالیزم ده‌توانێت سه‌ربکه‌وێت، ئه‌و له وتارێکدا که له‌ژێر هه‌مان ناونیشاندا خویندیه‌وه له کۆتاییدا ووتی: “…وه‌ک چۆن پرۆلیتاریا ته‌نها به خه‌باتی یه‌کگرتوو، بێ له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازی نهتهوهییو پیشه‌یی، ده‌توانن سه‌ربکه‌ون، هه‌روا ته‌نها کاتێک ده‌توانن سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن ئه‌گه‌ر شانبه‌شانی یه‌کتر، بی جیاکردنه‌وه‌ی جنسی، ڕابووه‌ستن. هاوکاری جه‌ماوه‌ری به‌رینی پرۆلیتاریای ژن له خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی پرۆلیتاریا‌دا یه‌کێک له پێشمه‌رجه سه‌ره‌کیه‌کانی سه‌رکه‌وتنی سۆشیالیزم‌و بیناکردنی سۆشیالیزمه” ئه‌و به وه‌فاداری به‌م بیرکردنه‌وه‌و تێڕوانینه‌ی خۆی به هیمه‌تێکی گه‌وره‌وه له هه‌موو بواریکدا هه‌وڵی به‌رجه‌سته کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ژنانی ده‌دا، ئه‌وه‌بوو له یه‌که‌مین کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ژنانی سۆشیالیست که به‌ر له کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌م له ساڵی 1907 له شتوتگارتی ئه‌ڵمانیا به‌سترا، بیرۆکه‌ی رێپێوانی جیهانی له یه‌ک رۆژی دیاریکراودا بۆ داکۆکی له مافه‌کانی ژنانی کرێکار له‌وانه‌ش مافی ده‌نگدان پیشنیار کرد. سێ ساڵ دوای ئه‌وه له دووه‌م کۆنفرانس‌دا که 100 که‌س له نوێنه‌رانی حزبه سۆشیالیسته‌کان‌و ئیتیحادیه کرێکاریه‌کانی ژنان‌و کۆڕ‌و کۆمهڵو یانه‌کانی ژنان له 17 وڵاته‌وه تیایدا به‌شدار بوون، بریاری دانانی ڕۆژێکی وه‌ک ڕۆژی جیهانی ژنانی پێشنیار کرد‌و به رای هه‌موو به‌شداربووان پێشنیاره‌که قبووڵ کرا.
زیتکین ئه‌م بڕیاره‌ی له‌سه‌ر کاغه‌ز نه‌هێشته‌وه‌و له 19ی مارسی 1911 یه‌که‌مین ڕۆژی جیهانی له ئه‌ڵمانیاو چه‌ند ووڵاتی ئه‌وروپایی تر یادکرایه‌وه، ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای که یه‌کێکی تر له هه‌ڵسوڕاوانی سۆشیالیستی ژنی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو و له ڕێکخستنی خۆپیشاندنانی ئه‌ڵمانیا چالاکانه به‌شداری کردبوو سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانی ئه‌و ڕۆژه ده‌ڵێت: “…سه‌رکه‌وتنی [ئه‌و ڕۆژه] له‌سه‌روو هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌کانه‌وه بوو، ئه‌ڵمانیاو نه‌مسا له ڕۆژی ژنانی کریکاردا ده‌ریایه‌ک له جۆش‌و خرۆشی ژنان بوون، کۆبوونه‌وه‌ی جۆراوجۆر له هه‌موو جیگایه‌ک ڕیکخرا، له شارۆچکه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له گونده‌کانیش هۆڵه‌کان به ڕادده‌یه‌ک پڕ بوبوون که داوا له کرێکارانی پیاو کرابوو که جێگاکانی خۆیان بده‌ن به ژنان.
دیاره ئه‌مه یه‌که‌مین نیشاندانی گیانی جه‌نگاوه‌ریی (میلیتانتی) بوو له لایه‌ن ژنانی کرێکاره‌وه. پیاوان له ماڵه‌وه له لای مناڵه‌کانیان دانیشتبوون…ژنه‌کانیان، ژنانی زیندانی کراوی کونجی ماڵ، چوون بۆ میتینگه‌کان. له خۆپیشاندانه فراوانه‌کاندا که نزیکه‌ی 30 هه‌زار به‌شداریان ده‌کرد، پۆلیس بڕیاری دا که لافیته‌ی ده‌ستی ژنان دابگرێت، ژنان به‌رامبه‌ریان وه‌ستانه‌وه. له‌و ده‌سته‌ویه‌خه بوونه‌ی به دوای ئه‌مه‌دا پێشهات، خوێنڕژان ته‌نها به هاوکاری ئه‌ندام په‌رله‌مانه سۆشیالیسته‌کان به‌ری پێ گیرا.”
له ناو حزبی سۆشیال-دیموکراتی ئه‌ڵمانیادا، کلارا زیتکین له پاڵ هاوڕێی هه‌ره نزیکی، رۆزا لۆکسیمبۆرگ، یه‌کێک بوو له که‌سایه‌تی به‌رجه‌سته‌کانی باڵی چهپو شۆڕشگێڕی ئه‌و حزبه. له جه‌ده‌ل له به‌رامبه‌ر ڕیڤیژنیزمی ناو حزبدا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا له‌گه‌ڵ ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ڕه‌خنه‌ی توندیان له تێزه ئۆپۆرتۆنیست‌و ریفۆرمیستیه‌کانی ئیدوارد بێرنشتاین گرت. له ساڵێ 1916 له‌گه‌ڵ ڕۆزا لۆکسمبۆرگ‌و ژماره‌یه‌کی تر له هاوڕێکانیان گروپی سپارتاکیست‌و له 1917 حزبی سۆشیال-دیموکراتی یه‌کگرتووی ئه‌ڵمانیای پێکهێناو له 1918 به حزبی کۆمۆنیستی ئه‌ڵمانیاوه په‌یوه‌ست بوو. له نێوان ساڵه‌کانی 1920 تا 1933 له رایخستاگ (په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا) وه‌ک نوێنه‌رێکی حزبه‌که‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان بوو، له ساڵی 1932 وه‌ک سه‌رۆکی په‌رله‌مان بانگه‌وازی خه‌ڵکی ئه‌ڵمانیای کرد که له دژی نازیسم خه‌بات بکه‌ن. پاش هاتنه سه‌رکاری هیتله‌ر ناچار بوو ئه‌ڵمانیا به‌ره‌و ڕووسیا جێ بهێڵێ‌و له‌وێ له 20ی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵداو له ته‌مه‌نی 76 ساڵێ بۆ هه‌میشه چاوی لێکنا.
ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای
جێگاوشوێنێک که کلارا زیتکین له مێژووی جووڵانه‌وه‌ی ژنانی دنیادا هه‌یه‌تی مه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای له‌و ئاسته‌دا بێت.
ئه‌لکساندرا میخایلۆڤنا کۆلۆنتای له 31ی مارسی 1872 له خێزانێکی ئه‌ریستۆکراتی ڕوسی له دایک بووه. باوکی جه‌نه‌راڵیکی گه‌وره‌ی سوپا‌و دایکی کچی بازرگانێکی گه‌وره‌ی فینله‌ندی بووه. وه‌ک کچه ئۆرۆستۆکراتێک کۆلۆنتای خوێندنی له ماڵه‌وه به سه‌رپه‌رشتی مامۆستای تایبه‌ت ئه‌نجامداوه. ساڵی 1893 ئه‌لکساندرا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئامۆزای خۆیدا کرد، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌کی زۆر کورت هه‌ستی به بێزاری کردووه له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیانی نوێ له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی قووڵی ئه‌و بۆ فێربوون‌و پێگه‌یشتنی زیاتر ناکۆک بووه. له کاتێک که له‌گه‌ڵ مێرده ئه‌ندازیاره‌که‌ی له یه‌کێک له گه‌شته‌کانیدا سه‌ردانی کارگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جلوبه‌رگ ده‌که‌ن، کۆلۆنتای ته‌رمی مناڵێکی کرێکار له نێو کۆگایه‌کی ئه‌و کارگه‌یه‌دا ده‌بینێت که زۆر بێ بایه‌خ له نێو شتومه‌که‌کاندا فڕێ دراوه‌و ئه‌م ڕووداوه ده‌بێته سه‌ره‌تای گۆڕانێکی گه‌وره له ژیانیدا.
ساڵی 1898 کاتێک به نووسین‌و بیرکردنه‌وه‌ی مارکس‌و لینین ئاشنا بووه، به مه‌به‌ستی خوێندن ڕووسیاو هاوکات ژیانی ژن‌ومێردایه‌تیشی به‌جێ هێشتووه‌و بۆ خوێندنی ئابووری سیاسی ڕووی کردووه‌ته زیوریخ. له‌وێ به‌شداری له جووڵانه‌وه‌ی سۆشیال-دیموکراتی ئه‌ڵمانیادا کردووه‌و په‌یوه‌ندی نزیکی له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتوو ترین ڕابه‌رانی وه‌ک رۆزا لۆکسمبۆرگ‌و کلارا زیتکین دروست کردووه. پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ڕووسیا له ساڵی 1906 به مه‌به‌ستی تویژینه‌وه له کێشه‌کانی ژنانی کرێکار‌و ڕاهێنان له‌سه‌ر شێوازه جۆراوجۆره‌کانی سازدان‌و هاندان له نێو ژنانی کرێکاردا، له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی له حزبی سۆشیال-دیموکراتی ڕوسی یانه‌ی ژنانی کریکاری پیک هێناوه. ئه‌م یانایه کاریگه‌ری له‌سه‌ر پێکهاتنی ناوکۆکه‌ی سه‌ره‌تایی جووڵانه‌وه‌ی سۆسیالیستی ژنانی ڕوسیا دانا. کۆلۆنتای به هۆی ڕاوه‌دوونانی پۆلیس، له ساڵی 1907 ناچار بوو دووباره ڕوسیا جێبهێڵیو بچێته ئه‌ڵمانیا. له‌و ماوه‌یه‌دا که له ده‌ره‌وه‌ی روسیا بووه کتێبێکی به ناونیشانی “بناغه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی مه‌سه‌له‌ی ژن” نووسیوه، له 1911 له ڕێکخستنی یه‌که‌مین یادکردنه‌وه‌ی ڕۆژی جیهانی ژنان له ئه‌ڵمانیا به‌شداری کردووه‌و پاشان سه‌ردانی فه‌ره‌نسای کردووه بۆ ڕیکخستنی مانگرتنی ژنانی ماڵه‌وه له دژی گرانی.
کۆلۆنتای که تا ده‌ستپێکردنی جه‌نگ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبی مه‌نشه‌فی هه‌بوو، له‌به‌ر ناڕه‌زایه‌تی سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئۆپۆرتۆنیستانه‌ی مهنشهفیهکان له‌مه‌ڕ جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، له‌وان دابڕاو له حوزه‌یرانی 1915 په‌یوه‌ندی به به‌لشه‌فیه‌کان‌و لینینه‌وه کرد. له پاش ڕووخانی حکومه‌تی تزار گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕوسیا‌و زۆر هانی بهلشهفیهکانی دا که بایه‌خی تایبه‌ت به کارکردن له‌نێو ژنانی کرێکاردا بده‌ن. به‌شداری له ده‌رکردنی بڵاوکراوه‌ی کرێکاریی (ژنانی کرێکار) کرد‌و له ڕێکخستنی جووڵانه‌وه‌ی ژنانی کرێکاردا له دژی گرانی‌و باری قورسی کاری نێوماڵ ده‌ورێکی به‌رچاوی بینی. له پاش شۆڕسی ئۆکتۆبه‌ر کۆلۆنتای بوو به کۆمیسیاری خه‌ڵک(وه‌زیری) بۆ کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له یه‌که‌مین حکومه‌ت که له‌لایه‌ن لینینه‌وه سه‌رکردایه‌تی ده‌کراو تاکو ئازاری 1918 له‌م پۆسته‌دا مایه‌وه. له‌م ماوه که‌مه‌دا بناغه‌ی کۆمه‌ڵێک ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی له‌بواری بارودۆخی ژنان‌و خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌کاندا دانا. یه‌که‌مین هه‌نگاوی چاککردنی باری گوزه‌رانی که‌مئه‌ندامانی جه‌نگ بوو. پاشان ئه‌م کارانه‌ی ئه‌نجام دا: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاموزشی ئاینی کچان له قوتابخانه ڕه‌سمیه‌کان، گواستنه‌وه‌ی ڕه‌به‌نه ژن‌و پیاوه‌کان بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی مه‌ده‌نی، دانی مافی خۆبه‌ڕیوه‌بردنی کچان له قوتابخانه‌کاندا، فه‌راهه‌مکردنی دامه‌زراوێکی تایبه‌ت به ده‌ربه‌ده‌ره‌کان بۆ شوێنکردنه‌وه‌ی ههتیوانو مناڵانی ناشه‌رعی، پێکهێنانی لیژنه‌یه‌ک که یاسای بیمه‌ی ته‌ندروستی خۆڕایی بۆ هه‌موو دانیشتووانی ڕووسیا دانا، دانانی بیرۆی ناوه‌ندی چاودێری دایکایهتیو مناڵان له سه‌ره‌تای 1918، گۆڕینی خه‌سته‌خانه‌کانی مناڵ بوون بۆ دامه‌زراوو خانه‌ی خۆڕایی بۆ چاودێری کردنی دایکایهتیو مناڵان که کاری ئامۆژگاری کردنی ژنانی سکپڕ بکات‌و که‌ره‌سته‌کانی ڕێگرتن له سکپڕی فه‌راهه‌م بکات‌و دانانی دایه‌نگای ڕۆژ بۆ سه‌رپه‌رشتی کردنی مناڵانی ژنانی کرێکار‌و…هتد. له ماوه‌ی ساڵێک له ده‌سه‌ڵاتی به‌لشه‌فیه‌کان گوزه‌رابوو که ده‌سه‌ڵاتی که‌نیسه به‌سه‌ر پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریه‌وه به یه‌کجاری وه‌لانراو یه‌کسانی حقوقی ته‌واو له نێوان ژنان‌و پیاوان له خێزاندا بهدیهاتو هاوسه‌رگیری بووه ڕیکه‌وتنێکی ئازادانه له نێوان دوو که‌سی یه‌کسان که به‌هاوبه‌شی ژیانی پێکه‌وه‌یی دروست دهکهنو هه‌ر یه‌که‌یان بۆی هه‌یه هه‌ر کاتێک ئاره‌زووی کرد داوای کۆتایی هاتنی بکات.
کۆلۆنتای ڕۆڵی له‌وه‌دا هه‌بوو که ده‌وڵه‌تی سۆڤێت نموونه‌یه‌ک بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتێک که ژنان له سایه‌یدا به یهکسانیو ئازادیه‌ک بگه‌ن که پێش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له هیچ جێگایه‌کی دنیادا نموونه‌ی نه‌بوو، و بۆ کاتی خۆی به چه‌ندین هه‌نگاو پێش پێشکه‌وتوو ترین وڵاتانی دنیا که‌وتبوو. کۆلۆنتای له‌وه‌شدا که 8 ی مارس وه‌ک ڕۆژی پشووی ڕه‌سمی ڕاگه‌یه‌نرا ده‌وری پێشڕه‌و پێشنیارکه‌ری هه‌بوو.
ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای له یاداوه‌ریه‌کانی خۆی که له ساڵی 1926 نووسیویه‌تی ده‌ڵێت:” ئه‌گه‌ر شتێکم له‌م دنیایه‌دا به‌دیهێنابێت ئه‌وا ناگه‌ڕیته‌وه بۆ کاره‌کته‌ری که‌سایه‌تی خۆم، ئه‌و کارانه‌ی ئه‌نجامم داون نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ژنان که‌وتوونه‌ته سه‌ر ڕێگایه‌ک که به ئاراسته‌ی داننانی گشتی به ڕۆڵیان ده‌چێته پێشه‌وه…ته‌نها لافاوه شوڕشگێڕانه نوێکان هێزی ئه‌وه‌یان په‌یداکرد که هه‌موو گرێ ده‌روونیه‌کان‌و خه‌ڵته‌و پاشماوه‌کانی ڕابردوو که له دژی ژنان بوون ڕاماڵن، ته‌نها خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی به‌رهه‌مهێن ده‌توانێت یه‌کسانی ته‌واوو ئازادی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژنان، له ڕێگای بیناکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێوه، به‌دیبهێنێت”
کلارا زیتکین‌و ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای له که‌سایه‌تی خۆیاندا له کاره گه‌وره‌کانیاندا ئازادیخوازی چینی کرێکار‌و سۆشیالیزمیان به‌رجه‌سته کردووه.
به‌رزو به‌ڕێز بێت یادی قاره‌مانه‌کانی خه‌باتی پرۆلیتاری له پێناو ڕزگاری‌و یهکسانیو ئازادی ژناندا به‌رزو به‌ڕێز بێت یادی کلارا زیتکین‌و ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای.