پرۆژە “چاکسازی”ەکەی حکومەتە بن بەستەکەی هەرێم خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان لە هەژاری‌و برسێتی زیاتردا نقوم دەکات!

بەیاننامەی حزب: ٣/١/٢٠١٦

حکومەتی هەرێم دوای ئەوەی بە کردەوە تووشی بنبەست و مایەپووچی بووە و بەرامبەر دابینکردنی ژیان و گوزەران‌و مووچەو سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان، دەستەوەستان ماوەتەوەو هەموو رێگاچارەو دەروازەکانی لێداخراوە، کەچی ئێستا بەناوی ئەنجامدانی “چاکسازی”یەوە پرۆژەیەکی (١١) خاڵی راگەیاندوە جگە لە چەواشەکردنی خەڵکی ناڕازی‌و کەمدەرامەتی کوردستان هیچ کارێکی تری پێ ناکرێت. پرۆژەکە دەیەوێ وا لەخەڵك بگەیەنێ کە پارەی تەخشانکراو بەسەر پۆست و پلەباڵاکانی دەسەڵات‌و حکومەتی هەرێمدا کەم دەکاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا تەنها بەشێكی کەم لەو دەرماڵە زۆرو زەوەندەی کە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت‌و پەرلەمان‌و داموودەزگا بیرۆکراسیە بێخێرەکانی دیکەیان خەرج دەکەن، لە ئێستادا ڕادەگرن، نەك کەمی بکەنەوەو بیبڕن.

لەهەمان کاتدا بە هیچ جۆرێک باس لە مووچەی بێحەدو حسابی ئەو پۆستانە ناکەن‌و تەنانەت باسی مووچەو ئیمتیازاتە دارایی و خەرجیەکانی ئەو لەشکرە زۆروزەبەندەی میلیشیاکانیان لە پاسەوان‌و  هێزی تایبەت‌و دامەزراوەی سەرکوتی تایبەت بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە بەرگی دەزگای حکومەییان بە بەرداکراوە، ناکەن و بەدەست لێنەدراوی دەمێننەوە. لەلایەکی دیکەوە نیشانەی لەوە گرتوە کە چۆن دەرماڵەی کارمەندان‌و کرێکارانی کەرتی گشتی بخەنە ناو گێژاوێکی بیرۆکراتیەوە کە ئامانجەکەی بڕین‌و کەمکردنەوەیانە بەو جۆرەی ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێ، بەرنامەیان بۆئەوە داڕشتوە کە چۆن بیمەو هاوکاری دارایی بۆ خێزانە کەمدەرامەت‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کەم بکەنەوە، خزمەتگوزاریەکانی ته‌ندروستی پەروەردەو كاره‌با و شاره‌وانی  کە ئێستا لەئاستی نەبووندایە ئەوەندەی دیکە وێرانی بکەن‌. پڕۆژەکەیان بەهیچ جۆرێك ئاماژەی بەوە نادات کە بەرامبەر بە دابینکردنی ژیان‌و گوزەرانی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستان کە بەهۆی قەیرانی ئابوری‌و سیاسەتی تاڵانچێتی ئەوانەوە ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نیە، یان سەدان هەزار فەرمانبەرو کرێکاری کەرتی حکومی کە مووچەکانیان چوار مانگە دواخراوە، چ بەرپرسیارێتیەك دەگرێتە ئەستۆ‌و چی دەکات بۆ دابینکردنی موچەی مانگەکانی داهاتووی کارمەندان‌و مووچەخۆران!

ئەم سیاسەت‌و پرۆژەیەی حکومەت راگەیاندنی فەرمی و ئاشکرای  نابەرپرسیارێتی و بێدەربەستی ڕەهای بەر پرسە باڵاکانی حکومەت و بەرپەرسی باڵای پارتە دەسەڵاتدرەکان و لەگەڵ دەستەیەك سەرمایەداری تاڵانچی نزیك لە خۆیان، کە ساڵانێکە لە داهاتی خەڵك سامانی خەیاڵی کۆدەکەنەوە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدرەکانی، تاڵە دەزوویەك پەیوەندیان بە بەرژەوەندیەکانی خەڵكەوە نەبوەو نیە. نەک باری قورسی قەیرانی ئابوری‌ لە ملیارە دۆلارەکانی خۆیان‌و تاڵانچیەکانی نزیك لە خۆیان قەرەبوو ناکەنەوە، بەڵکوهەوڵ ئەدەن سفرەی کرێکاران‌و کارمەندان‌و خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان بەتاڵتر بکەن.

ئەم حکومەتە گەندەڵ و بێدەربەست و نابەرپرسەی کە بۆخۆی سەرچاوەی کێشە سیاسی‌و ئابوریەکانی کوردستانەو هیچ بوارێکی بۆچاکسازی لەناوخۆیدا نەهێشتۆتەوە، بۆیە پێویستە بەرپرس‌و پلەباڵاکانیان بەنارەزایەتی وسکاڵای جەماوەری کوردستان بدرێنە دادگا، بۆدادگایی کردنیان لەسەرتاڵان کردن و تەخشان و پەخشان کردنی داهاتی کوردستان ‌و گێرانەوەی ئەوەی تاڵانیان کردوە بۆ خەزێنەی گشتی وخەرج کردنی بۆ دابینکردنی مووچەو بیمە کۆمەڵایەتی‌و خزمەت گوزاریە بنەڕەتیەکان بۆسەرجەم خەڵکی کوردستان.

 حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٣/١/٢٠١٦

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …