ڕاگەیاندنیک سەبارەت بەسەردانی بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئۆسترالیا ونیوزیلاندا

لە جەند رۆژی رابوردودا ودور لە چاوی میدیا و رەوندی کوردستانی ئۆسترالیا و جەماوەری خەڵکی کوردستان فەڵاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم سەردانێکی چەندرۆژەی بۆ ئۆسترالیا و نیوزیلاندا ئەنجامداو و چاوی بەچەند لێپرسراوێکی هەردوو دەوڵەت کەوت و لەبواری گەشەپێدانی پەیوندی دیبلوماسی و ئابوری وبازرگانیدا گفتوگۆی ئەنجامداوە لەگەڵیاندا. جگەلەمە بە نهێنی وبەبێ ئاگاداری رەوەندی کوردستانی دانیشتوی ئۆسترالیا چاوی بەچەند کەسێکی هەلبژاردە لە ئەندامان ولایەنگرانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار کەوتوە لە کاتیکدا زۆربەی زۆری روەندی کوردستان بە دڵەراوکێەکی زۆرەوە بەدوای هەواڵە ناخۆش ودڵتەزێنەکانی کوردستانەوەن کە لایەنەکانی حکومەتی هەرێم دەیخولقێنن بۆ خەڵکی کوردستان وە پەرۆشی ئەوەن کە لێپرسراوانی ئەم حکومەتی قەیران و شەرە شتێکێیان بۆ رۆشنبکاتەوە. خۆدزینەوەی ئەم گەورە لێپرسراوەی حکومەتی هەرێم بەهەر هۆیەکەوە بێت سەرئەنجام جارێکیتر بێباکی و بێدەربەستبونی خۆیان بەرامبەر خەڵکی کوردستان دوباتکردەوە و سەلماندیان ئەوان نەک هەر نۆێنەرایەتی بەرژەوەندی و داخوازیەکانیان ناکەن بەڵکو بوون بە مۆتەکەیەکی قورس بەسەر شانیانەوە ودەبێ خەبات بکەن بۆ وەلانیان.هاوکات ئەم خۆ دزینەوەیەی لە رەوەندی کوردستانی لە مەترسی روبەروبونەوەی بو لە نارەزایەتی هەروەک لە چەند وولاتی تر لە سەردانەکانی توشی نارەزایەتی بوە. حکومەتی هەرێم کە ئیستا بە یەکێک لەگەندەڵترین دەسەڵاتەکانی جیهان هەژماردەکرێت و ماوەی ٢٤ ساڵە بەهێزی میلیشیا وبەخەڵەفاندنی جەماوەر دەسەڵاتەکەیان بەرێودەبەن ، سیاسەتێکی تاسەر ئیسقان کۆنەپەرست ودژە ئازادی لە کوردستاندا پیادە دەکەن. نە دەتوانن ونە گەرکیانە پەیوەندی بازرگانی و هیچ جۆرە پەیوەندیکیتر نەلەگەڵ ئۆسترالیا ونیوزیلاندا ونەلەگەڵ هیچ دەوڵەتێکی جیهاندا گەشەپێبدەن بە قازانجی خەڵکی کوردستان. دامەزراندن یان گەشەپێدانی ئەمجۆرە پەیوەندیانە تەنها بەقازانجی تاقمێک دزو گەندەڵە یان لە باشترین حاڵەتدا چەند عەشرەت و حزبێکی مافیایدایەو ئەوەندەیتر بەهێزیان دەکات لەبەرامبەر خەڵکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستاندا.  لایەنەکانی ئەم حکومەتە کە تا ئیستا سڵیان نەکردۆتەوە لە بەکوشتدانی رۆڵەکانی کرێکارانی وزەحمەتکێشانی کوردستانداهەم لەشەرەکانی نێوان خۆیانداو هەم بەهۆی دابەشبونیان بەسەر دەوڵەت ومیحوەرەکانی ناوچەکە و کلکایەتی کردن بۆیان. وە بەو هۆیەشەوە خەڵکی کوردستانیان توشی دەیان ماڵویرانی ونەهامەتی کردوە، هەزاران رۆڵەیان بەکوشتداون ، بونە هۆی کۆچ ودەربەدەری دەیان هەزار گەنج ویەخسیرکردن و سەبیکردنی دەیان هەزار ژنو منداڵی کوردستان ،چۆن دەتوانن نۆێنەرایەتی ئامانج و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن؟  ئەم حکومەتە زیاتر لە ساڵێکە بە ئاشکرا داهاتو قوتی رۆژانەی کرێکاران وموچەخۆران و تەنانەت ئەو پێشمەرگانەش کە لەسەنگەرەکاندا شەڕدەکەن داگیردەکات .دەست ناپارێزی لە دزیکردن لە سفرەی بێڕوەنەقی دەیان هەزار ژنو منداڵی لە ئەنفال بەجێماو کەچی لەولاشەوە گەوەرە لێپرسراوانی حزبەکان رۆژبەرۆژ سامانی زیاتر کەڵەکە دەکەن و بە برسیکردنی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان ژیانی شاهانەی خۆیان درێژەپێدەدەن. ئەم حکومەتە حکومەتی تیرۆر و تۆقاندن ودژە ئازادیە ،چەند نوسەر روناکبیرو ورۆژنامە نوسی ئازادیخواز لە سایەی ئەم حکومەتەدا بەدڕندەترین شیوە تیرۆرکرا و بەقێزوەنترین شیوە توشی ئازاردان وتۆقاندن وهەراسانکردن بوون. مانگانە چەند ملیار بەخەرجدەدەن بۆ میدیا ئەڵقە لەگۆێکانی لایەنەکان لەپێناو خەڵەتاندن و چەواشکردنی جەماوەری ستەمدیدەی کوردستا . چەند هەزار ژنیان بە بیانوی دارزیوی ناموسەوە کوشت وسوتاند. پەرلەمانێک کە چەندین ساڵە رای گشتی جیهان و خەڵکی کوردستانی پێچەواشە دەکەن هەر خۆیان رسوایان کرد وبردیانەوە سەرقاوغە رەسەن وگاڵتە جاڕیەکەی خۆی،ئاخر لە وڵاتێکدا تۆزقاڵێک رێز لە سەروەری یاسا بگیریت چۆن دەبێت پەرلەمان ملکەچی فەرمانی مەکتەب سیاسی حزبی دەسەڵاتداربێت؟ لەکاتێکدا زیاتر لە ساڵێکە قەیرانی موچەیان خولقاندوە سەرباری قەیرانەکانیتر ودەیانەوێت کرێکار وفەرمانبەر ومامۆستا بەقەرز یان بەخۆرایی کاریان بۆبکات کەچی سامانی خەوتوی هەر لایەنێکیان بژێوی سەرتاپای خەڵکی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێک دابیندەکات.  حکومەتێک لە پیناوی مانەوەی خۆیدا یان لەپێناوی مانەوەی حزبێک ، عەشرەتێک یان تاکە کەسێکدا ئامادەبێت کوردستان بکاتە مەیدانێکی کراوە بۆ هێزودەوڵەتەکانی ناوچەکە، جەماوەری خەڵک برسی بکات، موچەیان ببڕێت ، دەیان هەزاریان لەبەرەکانی جەنگدا بکاتە قوربانی ، سەدان هەزار گەنج توشی نەهامەتی کۆچکردن بکات ، حکومەتێک ئاو، کارەبا، خۆراک، شیر لەمنداڵ وگەورە ببڕێت و دابینکردنی موچە بکاتە دەستکەلای ناکۆکی قێزەونی مانەوەی لەدەسەڵاتدا نەک هەر نۆێنەرایەتی ئامانج وداخوازی خەڵکی کوردستان ناکات بەڵکو دەبێ بەرنەفرەت وتوڕەيیان بدرێت و هەرچی زوە بە هیزی یەکگرتویان بۆ هەتا هەتایە وەلابنرێت.

کۆمیتەی ئۆسترالیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
٢٢/١٠/٢٠١٥

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …