بێدەربەستی حکومەتی هەرێم بەرامبەر بە ژیانو گوزەرانو تاڵانکردنی قووتی خەڵكو بێمافیی رەهای لاوانو ژیانی شاهانەی بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، رقو توڕەییەکی فراوانی لەناو خەڵک بەتایبەتی لاواندا دژی ئەو حکومەتە دروستکردوەو بە بچوکترین پڕیشك گڕدەگرێتو دەتەنێتەوە. بێمنەتیی حکومەت بەرامبەر خواستو داواکاری خۆپیشاندەران کە نزیك بە دوو هەفتەیە درێژەی هەیەو هەوڵی چەواشەکارانەی هێزە نەیارەکانی ناو حکومەت بۆ گۆڕینی ئاراستەی نارەزایەتیەکان، بوونە هۆی ئەوەی کە بەشێك لە خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێبکەوێتەوەو دەیان کەس برینداربوون و ٥ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
دوای ئەو روداوانە، پارتی بیانووی ئەوەی کەوتۆتەدەست کە مەسەلەی هاندانی خۆپیشاندەران بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی لەلایەن گۆڕانەوە، وەکو پاساوێك بەکاربێنێ بۆ ئەوەی فەزای سەرکوتی سیاسی لە هەولێرو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیدا توندتربکاتەوەو رێگا لەهەرجۆرە نارەزایەتیەکی مامۆستایان و کارمەندان بگرێ کە خەریك بوو شکڵی دەگرت. یەکێتی نیشتمانیش بەناوی پاراستنی ئاسایش و رێگری لە ئاژاوەگێڕی دەستی کردوە بەگرتنو لێدانو زیندانیکردنی خۆپیشاندەرانو دەیان کەسی زیندانی کردوە. هەروەها سیمای شارەکانی میلیتاریزە کردوەو هاوشێوەی پارتی کەوتۆتە هەوڵی سەپاندنی فەزای سەرکوتو تۆقاندن.
ئەم سیاسەتە چەپەڵەی حیزبە نەیارەکانی ناو حکومەتی بنکەفراوانی بۆرژوازی بۆ شێواندنی نارەزایەتیەکانو داسەپاندنی فەزای داپڵۆسینو سەرکوت، ئامانجەکەی ترساندن و بێدەنگ کردنی جەماوەری نارازی کوردستانە و درێژەدانە بەو بێمافی و هەژاریەی بەسەریاندا سەپاندوون. سەندنەوەی ئامرازی خەباتێكە لێیان کە هەرئێستا دەستیان بۆ بردوە بۆ وەرگرتنەوە مووچەو مافە زەوتکراوەکانیان، ئەویش کۆبونەوەو مانگرتنو خۆپیشاندانو دەربڕینی نارەزایەتی جەماوەریە. ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی بۆرژوازی کورد کە بەرامبەر بە دابینکردنی سەرەتایی ترین مافەکانی خەڵك بێدەربەستە، دەیەوێ نارەزایەتیەکان بۆ مووچەو بۆ خزمەتگوزاری و دژی نایەکسانی و گەندەڵی بپێچێتەوەو خەڵك بە قبوڵکردنی هەژاریو بێمافیو ملکەچکردن بۆ دەسەڵاتی تاڵانچی و فیرعەونی ئەوان ناچار بکات.
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان وەکو هێزێکی بەرپرسیار بەرامبەر بە ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشو کەمدەرامەتی کوردستان هەرچی لەتوانادابێت بۆ پاراستنی خەباتو نارەزایەتیەکانو بەرژەوەندیەکانی ئەو جەماوەرەی کە هەرئێستا بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان هاتونەتە مەیدان، لەناوەوە دەرەوەی کوردستان ئەنجامی بدات. هاوکات بانگەوازی کرێکارانو کارمەندانو مامۆستایان و سەرجەم جەماوەری نارازی کوردستان دەکات کە بەشێوازی جەماوەریو رێکخراو درێژە بە خەباتو نارەزایەتیەکانی خۆیان بدەن و فراوانی بکەنەوە بەجۆڕێك کە سەرجەم دامەرزاوەکان و خوێندنگاو زانکۆکان بگرێتەوە. خۆیان بپارێزن لەو هەوڵانەی کە دەیانەوێ نارەزایەتیەکانیان بەلاڕیدا بەرن و بیکەنە کەرەستەی کێشمەکێشە سیاسیەکان. هەروەها دەبێ دەستبەجێ بارودۆخی میلیتاریزەکراوی شارەکان هەڵوەشێنرێتەوە و هەموو دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن. بۆ پاراستنی ئارامی شارەکانیش، دەبێ هەرچی بارەگای چەکداری حیزبیە لەناوشارەکان ببرێنەدەرەوە. سەرچاوەی نائارامی شارەکان و رەمزی زوڵمو هەڵلوشینی مووچەو داهاتی خەڵك ئەو هەموو بارەگا حیزبیانەیە کە ملیۆنەها دۆلاریان بۆ خەرج دەکرێت.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٣/١٠/٢٠١٥