نابێ ڕێگە بدرێت خواستی موچەو خزمەتگوزارییەکان، بەلارێدا ببرێن وتێکەڵ بە شەری حزبەکانی دەسەڵاتدار بکرێت!

بێدەربەستی حکومەتی بنکەفراونی شکستخواردوی (٥) حیزبی، لەوەڵامدانەوەیان بە سەرەتاییترین خواستەکانی خەڵکی کوردستان، لەدانی موچەو دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان توڕەیی پەنگخواردوی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵاتی نایەکسان‌و گەندەڵ و تاڵانچی، کۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندانی بەشیکی زۆری شاروشارۆچکەکانی کوردستانی بەدوایی خۆیدا هێناوە.

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان‌و کۆبونەوەو مانگرتن، نەک هەر سەرەتاییترین و ڕەواترین مافی کرێکاران و کارمەند و فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانە، بەڵکو تەنها رێگایەکە کە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بۆ خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان ماوەتەوە تا دریژەدان بە ژیان و گوزەرانیان بدەن.

گرانی و بێکاری وبرسێتی جەماوەری خەڵك، دزی و گەندەڵی بەرپرسان و سەرمایەدارانی نزیك بەخۆیان، نەبوونی موچەی کرێکاران و کارمەندان و فەرمانبەران، نەبوونی خزمەتگوزاریەکان، سەرکوت و هێرشی بێپسانەوە بۆ سەر ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، نایەکسانیەکی قوڵی ئابوری…تاد، هیچ رێگایەکی بۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان نەهێشتۆتەوە جگە لەوەی کە بێنە مەیدان و بە هێزی سەراسەری سەربەخۆیی خۆیان، بە رێکخراوکردنی ڕیزەکانیان، گوشار بخەنە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتە بنکە فراوانەکەیان، تا ناچاری بکەن مل بەخواست و داوا ڕەواکانیانیان بدەن.

خۆپیشاندان و نارەزیەتیەکانی خەڵکی کوردستان، نەفرەتە لە دەسەڵاتیک کە دوای ٢٤ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی، ناتوانێ ئاو کارەبا و سوتەمەنی، موچەی کرێکاران و کارمەندان، سەرەتاییترین خزمەتگوزاری، تا دەگات بە ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات، کەچی ژمارەی ملیاردیر و ملیۆنیرەکانی بردۆتە سەر، ژیانی شاهانەی بۆ بەرپرسە حزبیەکان، وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەرێوەبەرەو گشتیەکان، خولقاندووە. خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کورستان، بەدژی ئەم دۆخ و هەڵ و مەرجە نەخوازاوەیە.

جەماوەری نارازی کوردستان!

ململانێی سیاسی نێوان ئەم حزبانە، دوورو نزیک پەیوەندی بە خواستە ڕەواکانی ئێوەوە نییە. هیچ کام لەم حزب و لایەنە سیاسیانە کە حەوسەڵەی گوێگرتن و وەڵامدانەوە بەخواستی ڕەوای خەڵکیان نییە، یان دەست بۆ چەک و سەرکوت و خوێن ڕشتن دەبەن یان دەیانەوێت ناڕەزایەتی و خواستە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکەنە دەستمایەی بەدەستهێنانی پۆست و بەشی سیاسی زۆرتر. دەیانەوێ ناڕەزایەتی و نەفرەتی ئێوە لە دەسەڵات و حکومەتی بنکە فراونی شکستخواردوو، بکەنە ڕێگایەک بۆ سات و سەودای نێوانیان. دەیانەوێ خوێنی بە ناڕەوا رژاویی ڕۆڵەکانی ئێوە ببەنە سەر میزی سازانیان بۆ پۆست و بەشی سیاسی خۆیان. بۆیە ئێوە هەڵسوراوانی کریکاری و جەماوەری و خەمخۆرانی ماف و ئازادیەکانی خەڵك نابێ ڕێگە بدەن ئەم حزبانە، داوا ڕەوکانتان بە لاریدا ببەن. نابێ رێگا بدەن خواستی مووچە و ئاوی پاکی خواردنەوەو کارەباو سوتەمەنی‌و خزمەتگوزاریەکان بەشێوەیەکی گشتی بپێچرێتە شەرو ململانێی سیاسی نێوان ئەم حزبە گەندەڵ و بەرژەوەندخوازانە!

دابین کردنی کار بۆ بیکاران یان بیمەی بیکاری، دابین کردنی مووچەی شیاو، گیڕانەوەی دەست بەجێی موچەی ٣ مانگ دواخراوی کارمەندان و فەرمانبەران، دابین کردنی ئاوو کارەباو سوتەمەنی و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و زامن کردنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، سزادانی ئەوانەی دەستیان لە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانی ئیوە بووە، دوور خستنەوەی بارەگای چەکداری حزبەکان لە شوێنی ژیان وکاری خەڵکی، سەرەتاییترین و ڕەواترین خواستی ئێوەیە کە دەبێ دابین بکرێن. دابینکردنی ئەم خواستانە بەبێ رێکخراوبوون و لەدەوری یەکتر کۆبونەوە، بەبێ جیاکردنەوەی ڕیزی خەباتکارانەتان لەم حزب و لایەنە سیاسیانەی بۆرژوازی کورد و بەشدار لە حکومەتی دزو گەندەڵیدا، مەیسەر نابێت. هێزی ئێوە و سەرکەوتنی ئێوە لە ڕێکخراوبوون و سەربەخۆبونتان دایە، لە دەوری خواستە ڕەواکانتان. کە دابین کردنی موچە و خزمەتگوازی و ئازادی و ئارامی و ئاسایشە.

حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان

١٠/١٠/٢٠١٥

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …