به‌ ڕێکخستنی ڕیزه‌کانمان و سه‌راسه‌ری کردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان، ده‌سه‌ڵات ناچار به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ ده‌که‌ین.!

حکومه‌تی بنکه‌ فراوانی بۆرجوازی کورد که‌ پێکهاته‌وه‌ له‌ چه‌ند حزب ولایه‌نێکی قه‌ومی –ئیسلامی، له‌ درێژه‌ی ئه‌و ململانێ وکێشمه‌کێشانه‌یان له‌ سه‌ر پۆست وده‌سه‌ڵات، زیاتر له‌ماوه‌ی ساڵێکه‌ جه‌ماوه‌ر وخه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستانیان، دووچاری قه‌یرانێکی سیاسی ئابوری زۆر قورس کردۆته‌وه‌، رۆژ به‌رۆژ کێشه‌کانی سه‌رژیانی خه‌ڵک زیاتر ده‌بێت، مووچه‌ی سه‌دان هه‌زار کرێکاران وکارمه‌ندان نزیکه‌ی 4 مانگه‌ نه‌دراوه‌ و بێکاری وهه‌ژاری ڕۆژانه‌ وه‌ک مۆته‌که‌یه‌ک به‌سه‌ر سه‌ر خه‌ڵکه‌وه‌ سایه‌ ده‌کات.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌فتار وسیاسه‌تانه‌ی حکومه‌تی بنکه‌ فراوانی بۆرجوازی کورد، له‌هه‌فته‌ی ڕابوردوه‌وه‌، کرێکاران وفه‌رمانبه‌ران ومامۆستایان، له چه‌ندین فه‌رمه‌نگای جیاواز وله‌ ‌شارو شارۆچکه‌کانی سلێمانی وده‌وربه‌ری وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ وچه‌مچه‌ماڵ و سه‌ید سادق، ده‌ستیان داوه‌ته‌ مانگرتن وبایکۆتکردنی ده‌وامکردن وخۆپیشاندان، هاوکات ئه‌م مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیانه‌، ئه‌مجاره‌ به‌جۆرێک هاتۆته‌ مه‌یدان، که‌خۆشخه‌یاڵی به‌ پڕوپاگه‌نده ‌و فریوکاری لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو که‌ئێستا له‌ حکومه‌تدان به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌شدا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری به‌رزبۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها خاڵیکی دیکه‌ی پرشنگداری ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه پێداگریانه‌ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ڕیزه‌کان وهه‌وڵدان بۆ سه‌راسه‌ریکردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م شارو شارۆچه‌که‌کانی کوردستان .

ئێمه‌ له‌ کۆمیته‌ی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، پشتگیریی ته‌واوی خۆمان بۆ خواسته‌ به‌رهه‌قه‌کانی کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران ڕاده‌گێنین، هاوکات پێداگری له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆی و یه‌کگرتووی ریزه‌کانی ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه‌ ده‌که‌ین و هه‌روه‌ها وه‌ک هه‌نگاوێکی پێشره‌وانه‌ له‌راستای به‌هێزکردن و پته‌وکردنیان، پێویسته‌ پانتاییه‌کانی سه‌رتاسه‌ری بکرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چۆک به‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی بهێنین و ناچاریان بکه‌ین که‌ وه‌ڵام به‌ خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بده‌نه‌وه‌.

 کۆمیته‌ی سلیمانی 

حزبی کۆمونسیتی کرێکاریی کوردستان

05-10-2015

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …