دوای دووساڵ تێپەربوون بەسەر ئەو کێشمەکێشو ململانێیەی لەجەرگەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا لە نێوان حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستو ئیسلامیەکان لەسەر ڕەشنوسی دەستوری هەرێمو درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتەکەی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، جارێکی تر ئەم پرسە کەشوهەوای سیاسی کوردستانی داگیرکردۆتەوەو بووە بە بابەتیکی گرنگی ململانێو دانوسانی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی کورد، بەو جیاوازیەوە کە ئێستا هەرسێ حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو (گۆڕانو یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی) لەگەڵ هەردوو پارتی دەسەڵاتداری پێشوو (یەکێتی و پارتی)دا لەدەسەڵاتدا بەشدارن.
ئاشکرایە کەدووساڵ لەمەوبەر بەرێکەوتنی پارتی و یەکێتی، ویلایەتەکەی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم بۆ ماوەی دوو ساڵ لەکردەیەکی نایاسایی و پێچەوانەدا بەخودی دیموکراتیەتێک کەئەم حزبانە بانگەشەی بۆدەکەن درێژکرایەوە. سەرەنجام مەسعود بەرزانیو دەسەلاتەکەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپێندرایەوەو مەسەلەی دەستوری هەرێمێش خرایە کەنارەوە. بەڵام ئەوەی لەم جارەدا بەرچاوە، ئەوەیە کە حزبەکانی ئۆپۆزیسۆنی دوێنێ بوونەتە بەشێک لەپەیکەرەی دەسەڵاتی هەرێمو لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا سپاردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم بەمەسعود بارزانیان بەهەموارکردنەوەی دەستورو بەپلەی سەرەکی بە سەڵاحیاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوە گرێداوەتەوە. بەڵام سەرەرای گرفتە یاساییەکان کە لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا، خودی دانوسانە بێسەمەرو پڕگرفت و گۆڵەکانی نیوان پارتیو لایەنەکانی دیکە، نیشانەی ناتەباییەکی ئاشکرایە لەدەستەی باڵای فەرمانڕەوایی بۆرژوازی کورد دا.
ڕیشەی ئەم ناتەباییەی چینی دەسەڵاتدارو حزبە پێکهینەرەکانی حکومەتی ئێستا، لەلایەکەوە ئاکامی فەشەلی سیاسیانە لە پەیوەند بە شەریان لەدژی داعشو لە لایەکی دیکەوە ئاکامی شکستی ڕیکەوتنی هەرێمو بەغداو بنبەستو شڵەژاویانە لەبەڕێوەبردنی کۆمەلگاو دابین نەکردنی موچەو وەڵام نەدانەوە بەژیانو بژێوی هاوڵاتیانی کوردستان. لەکاتێکدا کە شەڕی داعش حیزبە سەرەکیەکانی دەسەڵاتداری هەرێمی بەسەر بلۆکبەندیە ناوچەییەکان(ئێرانو تورکیا)دا دابەشکردووە، هاوکات لەسیاسەتی چاوەروانیدا بەدیار کێشمەکێشی دەولەتانی ناوچەکەوە گیرۆدە بوون. لەم پەیوەندشدا و لە ئێستادا جێگاورێگای پارتی وەکو هێزی یەکەمو بڕیاردەری بۆرژوازی کورد کەوتۆتە ژێر پرسیارەوەو ناچار بەوەبووە کە بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی، مل بدا بەسازش بۆ لایەنەکانی دیکەی ناوحکومەت، بەتایبەتی یەکێتیو گۆڕانو دانی بەشی زیاتر لە دەسەڵاتدارێتی هەرێم پێیان.
بەڵام ئەوەی کەلە ململانێو بانگەشەکانو سازانی حزبەکان لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم و دەستوردا بەرجەستەیە، خولانەوەی هەموو ئەم لایەنانەیە لەناو ئەڵقەی ڕاگرتنی سیستەم و دەسەلاتدارێتی بۆرژوازی کوردا، کە بەنوینەرایەتی بەرزانیو حزبەکەی بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوەن. ئاکامی ئەم سازشو سازانە ئەگەر بۆ حیزبەکانی وەکو گۆڕانو یەکێتی بەدەستهێنانی دەستکەوت و ئیمتیازی سیاسی بێت لە پارتی، وە بۆ بەرژەوەندی پارتیش وەرگرتنەوەی بەیعەتی ئەو لایەنانە بێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم بۆ ٤ ساڵی دیکە، ئەوا بۆ خەڵکی کوردستان درێژکردنەوەی چوار ساڵی دیکە دەبێت لەژیانکردن لەناو گیژاوی سیاسی و نائارامی و بێکاریو هەژاریو بێمافیو کۆنەپەرستی سیاسیو دەیان دەردو مەینەتی تردا. مەسعود بەرزانیو سیاسەتەکانی وەکو سەرۆکی هەرێم ئەگەر لە قازانجی سەرمایەدارانو خاوەن کۆمپانیاکانو پارەدارانی نێوحزبەکان بێت، ئەگەر کەسایەتیەکی شیاو بێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانو قۆرخکاری داهاتی کوردستان، ئەگەر هاورای پیاوانی ئاینی و کۆنەپەرستان و شەریعەتی ئیسلامی بێت، ئەوا خۆی و سیاسەتەکانی، بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازانی کوردستان کۆسپو لەمپەرێکە بۆ گەیشتن بەژیانێکی شایستەی ئینسانی. کارنامەی چەند ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی بەرزانیو باڵادەستی حزبەکەی، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆسەلماندنی ئەم راستیە. بەدەستەوەگرتنی پرسی دهستورو دانوسانەکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی تردا تەنها بۆئەوەیە کەهەمویان پێکەوە فێڵێکی سیاسی لە خەڵکی کوردستان بکەن.
لایەنەکانی دیکەش کە دەسەلاتی ئێستای پارتی یان قەبوڵکردووە، پۆستی سەرۆکی هەرێمو دەستوریان وەک بابەتێک بۆ بەدەستهێنانی پۆستی زیاترو ئیمتیازات بەدەستەوەگرتووەو لەژێرەوە وەک ئەڵقیەکی تەواوکار بۆ دانانەوەی مەسعود بەرزانی و تێپەرکردنی دەستور بەو ناوەڕۆکە دژی خەڵکیەوە کەهەیەتی قەبوڵدەکەن و ڕۆڵدەگێڕن ودەیانەوێت تێی پەرێنن. ئەمانە کەکاندیدێکیان لەبەرامبەر مەسعود بارزانیدا نیەو لیرەولەوێ، دانانەوەی مەسعود بەرزانی بەمەرجی کەمکردنەوەی سەلاحیەتەکانی سەرۆک و گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆپەرلەمانی دەبەستنەوە، بەڵگەی ئەوەیان بەدەستەوەداوە، کەبالادەستی پارتی و فەرمانڕەوایەتی مەسعود بەرزانیان قەبوڵە. ململانێیەکێش کەئەم لایەنانە لەسەر پرسی دەستور دەستیان بۆبردووە شتێك نیە بێجگە لە چەواشەکردنی خەڵکی کوردستانو بەکارهێنانی وەکو کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ داپۆشینی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەناوی خەڵکەوە. بەتایبەتی ڕەخنەکانی ئەو چوارلایەنەی ناو حکومەتی هەرێم لەپارتی، لهپرسی دهستوردا بهتهنها لهسهر ئهو مادانه چهقی بهستووه کە تایبەتن بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و سهلاحیهتهکانیو ههموو ئهو بنەما و مادانەش فەرامۆش دەکەن کهپهیوهندی راستهوخۆیان بهمافو ئازادیهکانو ژیانی هاولاتیانی کوردستانهوه هەیە. لهکاتێکدا کێشەی ئەسڵی ئەم دەستورە ئەوەیە کە سەرتاپا دەستورێکی کۆنەپەرست، دژی ئازادی، دژی ژنانو مافەکانی خهڵکی کرێکارو زهحمهتکێشه. گرنگترین ئەو بنەمایانهی ئهم دەستورهی لهسهر داڕیژراوه بریتییە لەوەی:
ئهم دەستوره مۆرکی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستیو ئیسلامی لێدراوەو پیرۆزیه ئاینیو نهتهوهییهکانی کردۆته شتێکی ئهبهدیو رەها بەسەر کۆمەڵگادا. هاوڵاتیانی کوردستانی بەسەر کوردو عەرەبو تورکمانو کلدانو ئاسوریو ئەرمەندا دابەشکردوەو لەسەر ئەم بنەمایەشەوە مافەکانیان بەپێی ژمارەی زۆرو کهمی دیاریکراوە. فیدڕالیزمی قهومی کردۆته بنامهی ڕیکخستنی پهیوهندیهکانی نیوان ههرێمی کوردستانو دهوڵهتی عێراقو لهسهرو بڕیاری خهلکی کوردستانەوە کوردستان بهدهوڵهتو دهستورێکی عروبی و ئیسلامیهوه ئیلحاق دەکاتەوە. شەریعەتی ئیسلامی کردوە بەبنهما وسەرچاوەیەکی سەرەکی یاساکانو نابێ هیچ یاسایەك دەربکرێ کە ناکۆکی هەبێ لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلامدا. ئهمهش پێچهوانهیه لەگەڵ ئازادیی بیروباوەڕو عەقیدەو ناکۆکە لەگەڵ بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤو ئازادیەکانیدا. خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژواییو جیاکاری چینایهتی پیرۆزو ئەبەدی دەکات. ئازادیهکان سنورداردەکات. لەجێگای بەڕەسمی ناسینی ئازادی سیاسی، باسی فرەیی سیاسی دەکات. سەبارەت بە ئازادی دامەزراندنی حیزبەکانو قەوارە سیاسیەکانیش، مەرجی ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان و سرودە نیشتمانیەکەی دادەنێت، کە بەمەش هەر لەسەرەتاوە مافی بزوتنەوەو قەوارە سیاسیە ناتەباو جیاوازەکان لە ناسیۆنالیزم و بۆرژوای دەسەنێتەوە. لەدەستوردا مافی کوشتنی یاسایی دەداتە دەستی دەوڵەتو بەوجۆرە سزای سێدارە دەکاتە بەندێکی دەستوری هەرێمی کوردستان. دهستورێک کهمادهو بڕگهکانی ئاو لهم بنهمایانه دەخواتەوە، سهرتاپا کۆنهپهرستانهیهو ناکۆکه لهگهڵ ژیانو ئازادیو یهکسانیو مافهکانی هاولاتیانی کوردستاندا. ئهم دهستوره نهشایستهی خهڵکی کوردستانهو نهچاکسازی ههڵدهگرێ، بۆیه دهبێ بهخهباتی جهماوهری وههڵبڕینی دهنگی ناڕهزایهتی فراوانی کرێکارانو ژنانو لاوانو ڕۆشنبیرانو ئازادیخوازانی کوردستان، ڕهتبکرێتهوه و بهزبڵدانی مێژوو بسپێردرێت.
خەڵکی کوردستان نابێ ڕیگابدەن پارتیو لایەنەکانی تریان چەواشەیان بکەنو خۆڵ بکەنەچاویان. نابێ ڕیگا بدەن جارێکیتر مەسعود بەرزانی بەسەر ژیانو چارەنوسیاندا داسەپێندریتەوەو دەستورێکی دژی خەڵکی و کۆنەپەرستانە ژیانی ئێستاو داهاتووی نەوەکانیان لەقاڵب بدا. مەسعود بەرزانی نەمافی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێمو نەهێشتنەوەی لەپۆستەکەیدا کارێکی شەرعی و قانونیە، بۆیە دەبێ بەهێنانە مەیدانی ڕیزی یەکگرتوو خەباتگێرانەی خۆیان هەولەکانی پارتیو لایەنەکانی تر بەشکست بکێشن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدایە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٠/٥/٢٠١٥