پەیامی ئایار، پەیامی چینی کرێکارە بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی شۆڕشگێرانەو ڕزگاری کۆمەڵگای بەشەری!

یەکی ئایار رۆژی یەکیەتی و هاوخەباتی ئەنتەرناسیونالیستی چینی کرێکار بەڕێوەیە. کرێکارانی جیهان لەدەورەیەکدا بەرەو پیری ئەم رۆژە دەڕۆن کەچینی بۆرژوازی و دەوڵەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی کۆمەڵگای بەشەریان لەنێو تاریکستانێکدا ڕاگرتووە. ململانێی هێزە ئیمپریالیستەکان لەسەر دابەشکردنەوەی دونیا و هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕی سەرمایەداری، دونیایان دوچاری نائەمنی و نەهامەتی گەورە کردووە. ئەمڕۆ بەهەڵدانەوەی لاپەڕەی هەر ڕۆژنامەو چاولێکردن لەشاشەی هەر تەلەفزیۆنێک، هەواڵ و تابلۆی جەنگ و ئینسان کوژی بەکۆمەڵ، وێران کاری و ئاوارەیی ملێۆنی، دەستدرێژی بۆسەر ژنان و منالان و بازاڕی کۆیلە فرۆشی، کارنامەی وەحشیگەری هێزو ئەحزابی قەومی و فاشیستی و ئیسلامی دەبینین و دەبیستین، کەچۆن بەربونەتە گیان و ژیانی کۆمەڵگای بەشەری. لەلایەکی تریشەوە درێژەکێشانی قەیرانی ئابوری، سیاسەتی برسیکردن و لێگرتنەوەی ئابوری و خزمەتگوزاریەکان، بۆتە چەکێک بەدەست چینی بۆرژوازی و دەوڵەتانی سەرمایەداریەوە و ئاستێکی بێوێنەیان لەهەژاری و فەلاکەت و بێکاری بەسەر چینی کرێکارو کۆمەڵگادا داسەپاندووە، بەم جۆرەش توانیویانە ژێانێکی پڕ لەدەردومەینەتی و نائارام بەسەر بەشەریەتدا داسەپێنن و کۆمەڵگا بۆدواوە بگێڕنەوە. هەمو ئەمانەش بەخاتری هەڵکشانی قازانجی سەرمایە و داهاتی دەوڵەتان و کۆمپنیاکانە .

لەکوردستان چینی بۆرژوازی و حکومەتی هاوبەشی حزبە قەومی و ئیسلامیەکان، لەیەکساڵی رابردوودا، نەک هەر فشارێکی هەمەلایەنەیان بۆ سەر کرێکاران و زەحمەتکێشان بەڕی خستووە و شانی خۆیان لەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەژیان و گوزەرانی خەڵک خاڵی کردۆتەوە، بگرە سەراپای کۆمەلگای کوردستانیان لە نێو تونێلێکی تاریک لە گێژاوی سیاسی و قیرانی ئابوریدا ڕاگرتوە. مونافەسەی ئەم حزبانە لەسەر دابەشکردنی دەسەلات و سامانی کۆمەڵگا و هەڵخستنی دۆخی لەبار لەبەردەم بازاڕی سەرمایەداران و کۆمپانیا ئابوری و بازرکانیەکاندا، ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵکی سپاردەوە بەنائارامی و کێشمەکێشی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو پەرەگرتنی فاشیزمی ئیسلامی و هەژرای و بێکاری و سەرکوتگەری بێ‌وێنە. حزبە بۆرژوا دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، لەرێزی پێشەوەیاندا مەسعود بەرزانی و حزبەکەی کاتێک کە وەلانانی مالیکیان کردبوە ڕێگایەک بۆ بەدەست هێنانی ئیمتیازات و پلەو پایە لەحکومەتی عیراق و گەرمکردنی بازاڕی نەوت و وەرگرتنی بودجە، لەلایەکی ترەوە لەبەرەی ناسیونالیزمی عەرەبی و دەستەو تاقمە تیرۆریستی سونیەکان ڕاوەستان و پشتیوانیان لێ کردن، لەهەمان کاتدا دەستی ئینسان کوژی داعشیان بۆ سەر خەڵکی شارەکانی ناوەراست راکێشاو پەلامارە خوێناویەکانی ئەم تاقمە خوێنخۆرەیان بە”فرسەتی زێڕین بۆ کورد” و”سەربەخۆیی و جێبەجێ بونی مادەی ١٤٠” بانگەواز دەکرد. کاتێکێش کەعەبادی هاتە سەر حوکم، ئەوان دەستیان لەهەموو ئەم بانگەشانە هەڵگرت و لەسەروو بریار و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە درێژەیان دایەوە بەهەمان سیاسەتی لکاندنەوەی کوردستان بەدەوڵەتی عێراقەوە. وەختێکیش داعش پەلامارەکانی بۆسەر کوردستان وەرچەرخاند، شەڕی داعش کرا بەبەهانەیەک بۆ نەدانی موچەو راگرتنی پڕۆژە ئابوریەکان و بێکارکردن و زیادکردنی هەژاری و توندکردنەوەی سەرکوت و کۆنەپەرستی.

کرێکارانی کوردستان بەدرێژایی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی بەردەوام لەبێمافی و هەلومەرجی سەختی کارو کەمی کرێ و سەعاتکاری زۆردا ڕەنجی کێشاوە و ساڵانە ژمارەیەکیان بونەتە قوربانی روداوەکانی شوێنیکار. کارکردن بەپاشماوە قانونیەکانی ڕژێمی بەعس و نەبوونی یاسایەکی کار لەکوردستان، هەلومەرجی کارو ژیانی ئەم چینەی سپاردووە بەبازاڕی سەرمایە و خاوەن کۆمپانیاکان و ئاوەلا بوونی دەستیان لەچەوسانەوەی بێسنوری کڕیکاراندا. بەم جۆرەش کارنامەی دەسەڵات و سیستەمێک کەبۆرژوازی کورد و حزبەکانی بەسەر سەری خەڵکەوە رایان گرتووە، بەڕۆشنی ئەوەی سەڵماندووە کەدژایەتی هەیە لەگەڵ ئازادی و بژێوی زۆرێنەی خەڵکی کوردستانداو تەبایە لەگەڵ چینی سەرمایەدارو دەوڵەمانداندا.

هەموو ئەو راستیانەی سەرەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە چینی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی چ لەکوردستان و چ لەجیهاندایە، هیچ ڕێگاچارەیەکیان لە بەرنامەدانیە بۆ باشکردنی ژیان و چارەسەری کێشە ئینسانیەکانی ئەم سەردەمە، هاوکات ئەم دۆخە چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەت و ئازادیخوازان بانگەواز دەکات بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئاڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی وبەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری. بەواتایەکی تر درێژەکێشانی کۆیلەیەتی ئابوری و نایەکسانی و ستەم و چەوسانەوەو جەنگ و ماڵوێرانی و برسێتی وهەزارویەک دەردو مەینەتی تر بەسەر کۆمەڵگای بەشەری ئەمڕۆدا، ڕیشەکەی لەتوانای ئابوری و میلیتاریستی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی، چینی بۆرژوازیو دەسەلاتەکەیدا نییە، بەڵکو لەپەرتەوازەیی و ناڕێکخراوبوونی حزبی و جەماوەری چینی کڕێکارو زەحمەتکێش و کۆنەبونەوەیاندایە لەژێر ئالای شۆڕشگێرانەی کۆمۆنیستی و چیانەیتی خۆیاندا. لەناهۆشیاری چیانیەتی و پەیبردن بەتوانای خۆیان و هێزی یەکگرتویاندایە. شۆرش و ڕاپەڕینەکانی دونیای عەرەب، مانگرتن و ناڕەزایەتیە جەماوەری و کرێکاریەکان لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا، هەمویان ئەوە دەرسەیان دەیان جار سەلماندۆتەوە کەجەمارە توانای پشت لەعەرزدانی دەسەڵاتی هەیە، بەڵام سەرکەوتن و لەدەست گرتنی چارەنوسی کۆمەڵگا، هاتنەمەیدانی چینی کرێکارو ڕیزی یەکگرتوو هۆشیار وڕێکخراوی دەوێ.

هاوڕێیانی کرێکار!

یەکی ئایار رۆژی یەکیەتی و ناڕەزایەتیە بەرووی نیزامی سەرمایەداریدا، رۆژی هەڵبڕینی ئاڵای ئازادی و ڕزگاری بەشەریەت و هەویەتی چینایەتی و ئەنتەرناسیونالیستی چینی کرێکارە. ڕۆژی ڕاگرتنی چەرخەکانی بەرهەم هێنان و خستنەڕووی داخوازیەکانمانە لەڕاستای باشکردنی هەلومەرجی کارو باش بژێوی و جێگیرکردنی ئازادیەکانمان. ڕۆژی ناکام کردنەوەی دەوری سەندیکاکانی سەربەدەسەڵات و توندکردنەوەی هەوڵەکانمانە بۆ سازدانی کۆبوونەوە گشتی ودانانی بەردی بناغەی ڕێکخراوە کڕێکاریەکان و پەرەدانە بەئەڵقە کڕێکاریەکانمان، لەتەوای ناوەندەکانی کارو گەڕەکە کرێکاری و زەحمەتکێشەکاندا.ڕۆژی برنەسەری ئاستی یەکیەتی کۆمۆنیستە کڕێکاریەکان و حزبیەتی چینی کڕێکار و دەخاڵەتگەری هەرچی زیاترمانە لەخەبات و نارەزایەتیەکانی ئێستای کۆمەڵگای کوردستاندا.لەیەک ووتەدا پەیامی ئایار، پەیامی چینی کرێکارە بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی شۆڕشگێرانەو ڕزگاری کۆمەڵگای بەشەری و هەڵگرتنی هەنگاوەکانی ئەم ئەرکەیە. دەبا ئایاری ئەمساڵ هەرچی زیاتر لەڕێگای سازدانی مەراسیمە سەربەخۆکانی خۆمان و بەرینکردنەوەی کوڕو کۆمەڵ و کۆبونەوە گشتیەکانمانەوە هەرچی زیاتر شکۆدارکەین.

بژی ئایار ڕۆژی جیهانی و هاوخەباتی کرێکاران!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ٢١/٤/٢٠١٥

Check Also

چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە …