شاپور: شۆڕشی سۆشیالیستی رێكدەخەم
هاوپشتی – ڕاپۆرتی: فەرمان چیمەن/*/
كاتژمێر 8:50 خولەكی سەرلەبەیانی رۆژی شەمە بەرواری 18 – 4 – 1998 لەنوسینگەی یەكێتی بێكاران لەهەولێر هێزێكی چەكداری تیرۆریستی دوو رابەری بزوتنەوەی كۆمۆنیستی بەناوەكانی(شاپور عەبدولقادر – ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق) و (قابیل عادل – ئەندامی كۆمیتەی ڕابەری رێكخراوی كوردستانی هەمان حیزب)یان تیرۆر كرد. بەپێی زانیاریەكانی هاوپشتی، شاپور عەبدولقادر شوكر لەدایكبووی ساڵی 1967 ی شاری كەركوك لەدێی بەیانلولەی سەر بەناوچەی قەرە حەسەنی سەر بەناحیەی داقوقە و لەدوای خۆی كچێكی بەناوی (لاڤیار) بەجێهێشتووە، ئێستا كچەكەی شاپور تەمەنی 17 ساڵانەو لەگەڵ دایكی لەوڵاتی نەرویج دەژی.
قابیل عادل تەیب لەدایكبووی ساڵی 1967 ی شاری كەركوك، قابیل لەدوای خۆی كچێكی بەناوی (لێوە) بەجێهێشت كە لەگەڵ دایكی‌دا لەوڵاتی فنلەندا دەژین.
كێ شاپورو قابیلی تیرۆر كرد؟
پاش دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو تیرۆركاریەدا گۆڤاری گوڵان لەژمارە 270 ، دانپێدانانێكی گروپێكی پێنج كەسی بڵاوكردەوە كە بەناوی گروپی سەید قوتب دەستگیركرابوون، بەپێی دانپێدانانەكەیان ئەوان ئەو دوو رابەرە كۆمۆنیستەیان تیرۆركردووە، یەكێك لەو گروپە پێنج كەسیە دانی بەوەدا ناوە كە بە بڕیاری (بیلال سولەیمان) ئەو دوو ڕابەرەیان تیرۆركردووە، ئێستا بیلال سولەیمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامیشە. لەراپۆرتێكی ساڵی 2011 لەژمارە 86ی گۆڤاری سڤیل، بیلال سولەیمان لەو بارەیەوە دەڵێت “من ئێستا ئەو بابەتە دەبیستم و ئەوكاتیش بابەتی وام لەگۆڤاری گوڵان نەبینیوە تا وەڵامی بدەمەوە، ئینجا ئەگەر من دەستم هەبووە لەكوشتنی ئەو دوو كادیرەی كۆمۆنیستەكاندا بۆچی دادگا منیان بانگهێشت نەكردووە؟ هەركات دادگا لەسەر ئەو مەسەلەیە با‌نگم بكات ئامادەم برۆمە بەردەم دادگا” بیلال سولەیمان ناسراو بەحاجی بیلال بۆ گۆڤاری سڤیل وتووشیەتی “من جێگری فەرماندەی سەید قوتب بووم نەك فەرمادەی ئەو گروپە”. لەهەمان ڕاپۆرتی گۆڤاری سڤیل، عیسمەت ئەرگوشی بەرێوەبەری ئاسایشی گشتی هەولێر باسی لەوە كردووە كە ئەو بەدواداچوونی بۆ كەیسی ئەو دوو ڕابەرەی كۆمۆنیستەكان كردووەو ئەوەیشی نەشاردۆتەوە كە مەلەفی ئەو شەهیدانە داخراوە، بەڵام وەك ئەو باسی كردووە دەكرێ لەدادگا بەدواداچوونی بۆ بكرێت.
موحسین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان لەو بارەیەوە بۆ هاوپشتی وتی “ئەو کەسەی کە بەتۆمەتباری سەرەکی و راستەوخۆ ناسرابوو لەلایەن ئێمەو کەسوکاری ئەو دوو هاورێیەمانەوە، مەلا بەشیر بوو، کە لەلایەن پارتیەوە بانگهێشت دەکرا بۆ راوێژکردن سەبارەت بە پاراستنی بارودۆخی شار کە لەو ماوەیەدا بەهۆی روداوی تیرۆرەکەوە، بەتایبەتی کە ئەو دوو هاورێیەی ئێمە نفوزی بەرچاویان لەناو خەڵکی هەولێردا هەبوو، بارودۆخێکی تایبەتی هەبوو”. ئەو وتیشی “تەنانەت پارتی بەڵێنیان دا کە لە زوترین کاتدا تاوانباران بدۆزنەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ ئەوەیان راگەیاند کە چەند کەسێکی ئیسلامی‌یان دەستگیرکردووە کە دانیان بەوەدا ناوە ئەوان بەو کارە هەستاون، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە نە ئێمەو نە کەسوکاری ئەو دوو هاورێیە ئاگاداری چۆنیەتی لێکۆڵینەوەو دادگاییەکە نەبووین، بۆیە ئێمە لەوەش دڵنیا نین کە ئەو کەسانەی بەو تاوانە ئیدانە کراون ئایا بەراستی ئەوان ئەنجامدەری ئەو تاوانەن یان نا؟ هەروەها کام لایەن و کام دەزگا لە پشتیەوە بوون؟ کێ تەسهیلاتی بۆکردوون؟ چونکە ئەوانە هەمووی بەشێکن لە پرۆسەی لێکۆلێنەوەو دادگایی‌کردن کە ئێمە وەکو تەرەفی قوربانی ئاگاداری هیچی نین”
قومری عادل خێزانی شاپور عەبدولقادرو خوشكی قابیل بۆ هاوپشتی وتی “ئەم كردە تیرۆریستیە راستەوخۆ ملی ئیسلامی سیاسی و پارتی دەسەڵاتدار دەگرێتەوە لەهەولێر، كە پارتی دەسەڵاتدار هەمیشە باوەشێنی ئەفكاری دواكەوتوو كۆنەپەرستانەی ناو كۆمەڵگای كردووە”.
سمكۆ محەمەد نوسەرو هاورێی نزیكی شاپورو قابیل پێی وایە دەزگای گوڵانی پارتی لەپشت تیرۆركردنەكەی ئەو دوو هاورێیەوە بووە، ئەو بۆ هاوپشتی وتی “لەدوای ساڵانی نەوەدەكان ئەو هێزەی بەرگری لەزەحمەتكێش و چینی كرێكار‌و ئازادیە گشتیەكان دەكرد بەتەنها مابویەوە، هەرچی هێزی كۆنەپەرست و بەناو ناسیۆنالیست هەبوو ئەگەرچی لەیەكتریش جیاوازبوون، بەڵام خۆیان لەبەرەیەكدا دەبینیەوە دژ بەهێزی بەرگریكار لەئازادیە گشتیەكان و چینی كرێكار، چونكە ئەم هێزە پێشكەوتووخوازە مەترسی بوو لەسەر هەموو ئەو هێزانە، تیرۆری هاوڕێیانم شاپورو قابیل لەئەنجامی سیناریۆیەك بوو كە دەزگای گوڵانی راگەیاندنی پارتی داینابوو، كەیسەكە لەدادگای هەولێر نمایشكرا و لەشاشەی گوڵان كاری لەسەر كرا‌و دواتر داخرا، دەبوایە ئەو مەلایە بەپێی یاسا ئەوكات زیندانی بكرابا، چونكە هانی خەڵكی دابوو كە شاپورو قابیل تیرۆر بكەن”.
جه‌لیل ره‌زایی هاورێی نزیكی شاپورو قابیل پێی وایه له‌سه‌ر فه‌توای مه‌لا به‌شیر ئه‌وان تیرۆر كراون، ئه‌و وتی “ئەوان بۆیە لەو کاتە تێرۆر کران چونکە، کۆمونیزمی کرێکاری و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرەستی کۆمەڵگا لە کێشمەکێشدا بوون، مەلا بەشیر کە لە نوکی ڕمی کۆنەپەرەستیەوە وەستابوو دەستی دایە هەڕەشەو فه‌توای کوشتنی هەڵسوڕاوانی کۆمونیزمی کرێکاری و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانی دا، ڕۆژێک دوای فهتواکەی مەلا بەشیر ئەوان تێرۆر کران”
بۆچی شاپورو قابیلیان تیرۆر كرد؟
قومری خوشكی قابیل و خێزانی شاپوور وتی “قابیل و شاپوور بوو بوونه ڕه‌مز و ڕابه‌ر و ڕێکخه‌ری هه‌موو ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی که له‌و ناوچه‌یه‌دا ڕووی ده‌دا له ئاوه‌ره‌کان و بێ سهروپهناکانهوه بگره تا وه‌رگرتنه‌وه‌ی پارووه نانی دزراوی خه‌ڵکی کوردستان و ده‌رهێنانی له قوڕگی شێره‌کانی بزوتنەوە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەكان تا ده‌گات به ڕابه‌رو بوون به ڕه‌مزی به‌رگریکردن له‌ژنان و بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی و به‌رابه‌ری ژنان که به ڕابه‌ری حزبی کۆمۆنیستی کرێکارێی عێراق و ڕابه‌ره‌کانی به‌ڕێکه‌وتبوو له‌کۆمه‌ڵگادا، هه‌موو ئه‌م کار و ههڵسوڕانانه به‌س بوون بۆئه‌وه‌ی که کین و ڕقی ئیسلامیه تیرۆریسته‌کان به‌رزبکاته‌وه‌و کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی به‌م جۆره ئه‌نجام بده‌ن له‌ژێر سایه و ده‌سه‌ڵاتی پارتی دا”.. ئەو زیاتر وتی “به کورتی ئه‌مان ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و کرێکاریی بوون له کوردستان و له‌سه‌نگه‌ری کۆمۆنیزم و چینی کرێکاردا بوون و به‌رامبه‌ر به بورژوازی و کۆنه‌په‌رستی وه‌ستابوونه‌وه به‌هه‌موو باڵه جۆراوجۆره‌کانیه‌وه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامیه‌کان، بۆیه پارێزه‌ری ئه‌و کاتی شاری هه‌ولێر ڕاسته‌وخۆ بهشاپووری ووتبوو که له شارێکدا دوو پارێزگار ناتوانێت ببێت و ووتبووی یان من پارێزگار ئەبم یان تۆ”.. جەلیل رەزایی هاورێی نزیكی شاپورو قابیل پێی وایە ئەوان بووبوونە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی ئەوكاتی پارتی و ئیسلامیەكان، بۆیە تیرۆركران، ئەو وتی “تیرۆری ئەوان بە هەڵکەوت و سوتفە نەبوو، ئەوان مەترسی جیددی و واقیعی بوون چ بۆ دەسەڵاتداران و چ ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، ئه‌وان بە بێ هیچ پشتیوانیەکی ماددی دەیانتوانی ڕێکخەر بن و جەماوەر بجوڵێنن”.
سمكۆ محەمەد نوسەرو هاورێی نزیكی شاپورو قابیل وتی “شاپورو قابیل دوو كەسی زۆر چالاك بوون، دەیانتوانی حیزب لەهەولێر ئاڕاستە بكەن، بەڵام هەڵە تێگەیشتن لەخەباتی ئاشكرا‌و یاسایی كە ئەوكات كاری پێدەكراو سەركێشی لەبەرامبەر دەسەڵاتێك كە هیچ یاسایەك نیە دانی پێدا بنێ، هەروەها شەڕی ناوخۆیی نێوان یەكێتی و پارتی كە زەمینەی تیرۆركردنی كەسانی كۆمۆنیست و چالاكی نێو كۆمەڵگا خۆشكردبوو، ئەمەش ئامانجێكی تر بوو بۆئەوەی كە هەر كەس و لایەنێك دژی ئەو هێزە یەكسانیخوازە بێت، بەئاسانی بتوانێ دەستی خۆی بوەشێنێت، توانیان هەرچی لەخەیاڵیاندا بوو بیكەن، بەوەش مەترسیان خستە دڵی سەدان كادیری پێشكەوتووی ئەو هێزە كۆمەڵایەتی و چەپ و كۆمۆنیستەی كە تەنها ئەوان بوون بەڕاستگۆیانە بەرگری لەئازادیەكان بكەن و ئەو زاراوانەی ئێستا كاریان پێدەكرێت موڵكی ئەو حیزبەو ئەو كادیرە چەپانە بوو”
پەیامی شاپورو قابیل
شاپور: شۆڕشی سۆشیالیستی رێكدەخەم
وەك قومری عادل خێزانی شاپورو خوشكی قابیل بۆ هاوپشتی باسی كرد، شاپورو قابیل پەیامی مرۆڤایەتیانەیان هەبووە، دەیانویست ژیان و دونیای مرۆڤەكان بگۆڕن بەرەو دونیایەكی باشتر، ئەو وتی “شاپوور و قابیل ته‌نانه‌ت مناڵه‌کانی خۆشیان به یه‌کێک له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا حسێب ده‌کردو رزگاری مناڵه‌کانی خۆشیان وابه‌سته کردبوو به رزگاری کۆمه‌ڵگاوه، شاپوور ده‌یوت “سه‌رباری ئه‌وه‌ی که که‌مترین کاتم هه‌یه به ته‌نها له‌گه‌ڵ مناڵه‌که‌م به سه‌ری به‌رم یان کار بکه‌م بۆ نان په‌یدا کردن بۆی، به‌ڵام مانای ئه‌وه نیه که حه‌زم لێ نیه یان موشتاقی ئه‌وه نیم که هه‌میشه هه‌ناسه‌م لێی نزیك بێت، به‌ڵام ڕزگاری مناڵه‌که‌م وابه‌سته‌یه به‌ڕزگاری هه‌موو مناڵانی کۆمه‌ڵگاوه، ئه‌مه به شه‌خصی رۆژانه ئه‌و ئینسانه‌ی لای من گه‌وره‌تر ئه‌کرد”.. قومری وتیشی “بۆیه ده‌ڵێم ته‌نها کچه‌کانمان باوکیان له ده‌ست نه‌دا، به‌ڵكو له‌ده‌ستدانی ئه‌وان زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره بوو وه گهورەیه له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگا به‌هه‌موو چین و توێژه‌کانیه‌وه”.
جەلیل رەزایی وەك خۆی باسی كرد ماوەیەکی زۆر لەگەڵ هاوڕێ شاپور لە مەکتەب عەسکەری ئەو کاتی حیزب ئیشی کردووە، ئەو وتی “شاپور کۆمۆنیستێکی جیدی و ماندوو نەناس بوو، زۆر جار بۆ خۆشی پێمده‌وت بەم هەموو ئیشە سیاسی و حیزبیە تۆ دەیکەیت بە دڵنیاییەوە چەند مانگی تر سکرتێری حیزبی، لە وەڵامدا دەیوت نەك تەنها سکرتێری حیزب، بەڵکو شۆڕشی سۆسیالیستیش رێکدەخەم”.. ئەو زیاتر وتی “شاپور مەسئولی مەکتەب عەسکەری بوو، بەڵام بڕیارەکانی پشت ئەستور بوون بە قەناعەت و تێگەیشتن، هێچ کاتێک قەراری وشک و عەسکەری نەبوو، شاپور لای هێزی چەکداری حیزب خۆشه‌ویست بوو، لەگەڵ یەکە بەیەکەی هاوڕێیان پەیوەندی ڕاستەوخۆو داستان و قسەی خۆشی هەبوو، دڵسۆزی و بە خەمەوەبوونی بۆ هاوڕێیان ڕوون و ئاشکرا بوو، لەکاتی مەترسیدا خۆی لە ڕیزی پێشەوەو ئاگای لە هاوڕێیان بوو، هەمیشە لێواولێوی ورە بوو”
خێزانی شاپورو قابیل داوای یاساییان تۆمار كردووە
قومری خێزانی شاپورو خوشكی قابیل باس لەوە دەكات كە ئەوان تەنها بۆ مێژوو داوای یاساییان تۆمار كردووە، ئەگینا ئەوان دڵنیان كە خودی بكوژ ناتوانێت بكوژیان بۆ دادگایی بكات، ئەو بۆ هاوپشتی وتی “ئێمه وه‌ک که‌سوکارو خێزانی ئه‌م دوو هاوڕێیه داوای یاساییمان تۆمارکردووه چ وه‌ک هاوسه‌رانی ئه‌وان و چ وه‌ک باوک و دایکیشیان، به‌ڵام ئاشکرایه که بەدادگایی کێشانی تاوانبارانی ئه‌م هاوڕێیانه هاوسەنگی هێزی سیاسی ده‌یبڕێنێته‌وه نه‌ک دادگا کارتۆنیه‌کانی ئه‌وان، ئه‌وان به‌درێژایی مێژووی خۆیان و بۆ به‌لاڕیدابردنی خه‌ڵک هه‌میشه خه‌ریکی سیناریۆ سازکردنن له‌م جۆره که‌یسانه‌دا، ئه‌وه‌بوو پاش دوو ساڵ له‌م کرده تیرۆریستیه پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئه‌و هه‌موو بێده‌نگی یه و له‌ژێر فشاری ده‌نگی ئازادیخوازی و به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخوازی کۆمه‌ڵگاو حزبدا، سیناریۆیه‌کیان سازکردو دوو که‌سیان هێنایه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان که گوایه ئه‌مانه بکوژانی شاپوور و قابیلن، ئه‌وه‌ی جێگای گاڵته‌جاڕی بوو له‌م سیناریۆیه‌دا به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌کەم ئه‌وه بوو که هیچ که‌سێک له‌وانه‌ی که داوایان له‌دادگا تۆمارکردبوو نه‌ک بۆ یه‌ک جاریش بانگ نه‌کران، به‌ڵکو وه‌ک هه‌موو که‌سێکی تر له‌کوردستاندا له ڕێگای شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ی پارتی یه‌وه ئاگاداربوون له‌م کێشه‌یه، باس له دادگا‌و چوونه دادگا قسه‌یه‌کی پووچه و ئێمه ته‌نها وه‌ك کارێک بۆ مێژوو کردوومانه نه‌ک پێمان وابێت بکوژانی خه‌ڵک خۆیان بتوانن خاوه‌نی دادگاکان بن و عه‌داله‌ت جێبه‌جێ بکه‌ن”
قسەی حیزب لەسەر ئەم كەیسە
سمكۆ محەمەدی نوسەر ڕەخنە لەحیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق دەگرێت، ئەو وتی “حیزبیش لۆژیكیانە مامەڵەی نەكرد، بەنمونە دەیتوانی خەبات بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو رابگرێت، هەروەك چۆن لینین ساڵی 1905 بەهۆی نالەباری بارودۆخی سیاسی ئەوكاتی ڕوسیا خەباتی بۆ كاتێكی نادیار كە سەعاتی سفری شۆڕشگێڕی بوو راگرت، چونكە ئەوكاتیش بۆ كۆمۆنیستەكان لەكوردستاندا بارودۆخی سیاسی نالەبار بوو، هێزی پێشكەوتووخواز تەوەقوعی نزم بووبوویەوە، لەبەرامبەریشدا هێزە نێودەوڵەتیەكان تا دەهات پشتگیری‌یان لەكۆنەپەرستەكان دەكرد”
لەو بارەیەوە موحسین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان بۆ هاوپشتی وتی “کاتی تیرۆركاریەکە ئێمە ڕووبەرووی ئەوە بووینەوە کە پارتی لەجیاتی لێکۆڵینەوە لەو تاوانەو هاوکاری ئێمەو کەسوکاری ئەو دوو هاورێیە بۆ دەستنیشانکردنی تاوانباران، رێگای لەوە گرت کە مەراسیم بۆ ئەو دوو هاورێیە لە هەولێر دابنرێ، بەو بیانوەوە کە بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بێجگە لەوە دادگای هەولێر هیچ هاوکاری نەکرد لەبەرامبەر دەعوای کەسوکاری ئەو دوو هاورێیەدا، لەرووی سیاسیشەوە، پارتی بنکەی بێکاران و رێکخراوی سەربەخۆی داخست و بڵاوکراوەی یەکسانی قەدەغەکرد، رێگری بۆ جموجوڵەکان و چالاکیەکانی حیزب پێکدەهێنا، ئەمانە هەمووی بەناوی ئەوەی کە فەزای شار تێکدەچێت”. ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان وتیشی “پارتی رووداوی تیرۆرەکەی بەفرسەت وەرگرت بۆ تەنگەبەرکردنەوەی سەرجەم چالاکیەکانی حیزب و قەدەغەکردنی هەڵسوڕاوانی رێکخراوەکانی نزیك لە حیزب، ئەمە ئەو مانایەی هەیە کە وەکو چۆن تیرۆریستەکان هاورێیانی ئێمەیان تیرۆرکرد تا لەو رێگایەوە تەنگەبەری بۆ هەڵسوڕانی حیزبی ئێمە دروست بکەن، پارتیش خاوەنی قوربانیەکانی وەکو تاوانبار مامەڵە کردووە، بۆیە لەجیاتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکەو دەستگیرکردنی تاوانباران،کارەکەی ئەوانی بەشێوەی خۆی تەواوکردو تیرۆری سیاسی لەبەرامبەرمان بەكارهێنا”
بۆچی ئێستا حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان داوا تۆمار ناكەن؟
موحسین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان بۆ هاوپشتی ئاشكرا دەكات كە بۆچی ئەوان وەك حیزب لەئێستادا داوای یاسایی سەبارەت بەكەیسی شاپورو قابیل تۆمار ناكەن، ئەو وتی “لە کوردستاندا دادگا بەدەست دوو حیزبی دەسەڵاتدارەوەیەو سەربەخۆ نیە، بۆ نمونە ئەوە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئێمە لەسەر تاوانی ١٤-٧-٢٠٠٠ لە سلێمانی کە یەکێتی پێنج کادیری ئێمەی تیرۆرکردو بنکەو ئۆفیسەکانی حیزب‌و رێکخراوەکانی نزیك لە حیزبی بەزۆری چەك داخست، سکاڵامان تۆمارکردووەو هەموو پێداویستیەکانی پرۆسەی دادگاییکردنەکە لەلایەن ئێمەوە تەواو بووە، بەڵام دیار نیە کە ئەو کەیسە لەناو بەندوبەستی سیاسی‌دا چی بەسەر دێت، ئەوە ئەگەر بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی یەكجار راست بێت بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دە جار راستە، جگەلەوەش پارتی بەرژەوەندی سیاسی لەوەدا بوو کە ئەو هاورێیانەی ئێمە لەهەولێر نەبن، چونکە هەڵسوڕانی ئەوان‌و حیزبی ئێمە بۆ پارتی جێگای قبوڵ نەبووەو نیە”
حیزب چی كردووە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شاپورو قابیل؟
موحسین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان باس لەچۆنێتی بەرز راگرتنی یادی ئەو دوو ڕابەرەیان دەكات، ئەو وتی “ئێمە بەردەام بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵمان داوە کە یادی ئەوان و بەتایبەتی هۆکاری سیاسی تیرۆری ئەوان لەیادەوەری جەماوەردا بە زیندوو بهێڵینەوە، ئێمە لە زۆر ولاتی ئەوروپا مەراسیممان سازکردووەو بابەتی جۆراوجۆریان لەسەر نوسراوە، لەکوردستان بەشێوازی جیاجیا یادیان کراوەتەوەو دەکرێتەوە، سەردانی گۆڕی هاورێیان کراوە، لە هەر فرسەتێکدا بەتایبەتی لە بواری میدیادا هەوڵمانداوە کە بەردەوام ئەوتاوانە بیری کۆمەڵگا بخەینەوە، بەڵام مەسەلەیەك کە زۆر گرنگە لای ئێمە ئەوەیە کە ئێمە ئەو تاوانە وەکو کەیسێك بە کراوەیی دةهێڵینەوە تا ئەوکاتەی کە ئەو هۆکارەی بووە هۆی تیرۆری ئەوان لەسەر سەری خەڵکی کوردستان لادەچیتو خەڵکی کوردستان لە بەڵای تیرۆر‌و سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی ئازادی و مافەکانیان رزگار دەبن”. جەلیل رەزایی هاورێی شاپورو قابیل بۆ هاوپشتی وتی “بەرز و بەڕێز ڕاگرتنی یادی گیان بەختکردوان بۆ کۆمۆنیستەکان جیاوازی هەیە، ئێمە بڕوامان بە تەقەدوساتی خورافی نیە، یادی ئەوان هانمان دەدات، خۆمان هەرچی زیاتر تەیار کەین و بۆ بەدی هێنانی سۆسیالیزم ، کۆڵ نەدەین تا ڕاست و دروستی دونیایەکی باشتر لە بەرپابوونی سوسیالێزم دە چەسپێنین”.
قومری خوشكی قابیل و خێزانی شاپور، بۆ هاوپشتی وتی “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ئه‌وه‌ی له توانایدا بووه کردوویه‌تی بۆ ئه‌م که‌یسه، به‌ڵام ئه‌وه‌شت بیر نه‌چێت هه‌ر له‌یه‌که‌م ڕۆژی ڕووداوه‌که‌وه جارێکی تر حزبیان وه‌ک قاچاخ ڕاگه‌یاند بۆئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ن ده‌ستی ببه‌ستن له کاره‌کانیدا، بۆیە حزب به درێژایی ئه‌و مێژووه ئه‌و مه‌له‌فه‌ی به کراوه‌یی هێشتۆته‌وه و داواکاره، به‌ڵام ئه‌وان که ته‌نها یه‌ک پرسیان به خێزانه‌کانیان نه‌کردبێت چۆن وه‌ڵامی حزب ده‌ده‌نه‌وه به تایبه‌تی که هاوسەنگی هێزت نه‌بێت بتوانیت شته‌کان به‌سه‌ر ئه‌واندا فهرزبکهیت، بۆیه ئه‌دای حزب ئه‌گه‌ر که‌موکورتیه‌کی تیابێت له به‌ده‌نگه‌وه نه‌هاتن و گرنگی نه‌دان نیه به‌م که‌یسه، به‌ڵام توانیویه‌تی هه‌ر ئه‌وه‌نده بکات”
قومری باس لەوە دەكات كە كاركردن لەسەر ئەم كەیسە بۆ حیزب ئاسان نەبووەو نیە، ئەو وتی “حزب هه‌میشه له یادی ئه‌م دوو سه‌رکرده مه‌زنه‌ی خۆیدا به‌یانی ده‌رکردووه و کۆری یاده‌وەری بۆ گرتوون و هه‌وڵی داوه خه‌ڵکی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ش له ده‌رس و ته‌جروبه‌کانی ئه‌م دوو هاوڕێ یه ئاگاداربکاتەوە، هاوکات هه‌وڵی داوه که وه‌ک ڕابه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی خه‌ڵکی کوردستان بیان ناسێنێت، به‌ڵام حه‌تمه‌ن هیچ کارێکیشمان تا ئێستا بێ که‌مو کورتی نه‌بووه و زۆر کاری تر هه‌یه که ده‌توانین بیکه‌ین، بەڵام ئه‌مانه‌ش هه‌مووی په‌یوه‌ندی به جێگا‌و ڕێگای حزب و بزووتنه‌وه‌که‌مانه‌وه هه‌یه له کوردستاندا”