خەڵکی ئازادیخوازی فەلەستین!
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی حزبمان بە نیگەرانیەکی زۆرەوە لە دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانی ئێوە و تاوانەکاریەکان و ملهوری و فاشیزمی دەولەتی نەژادپەرستی ئیسرائیل دژ بە ئێوە دەڕوانێ. دەولەتی دڕندەی ئیسرائیل بەپشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکا و دەولەتانی رۆژاوایی بەبێ حسابکردن بۆ هەر پرەنسیپ و پێوانەیەکی ئینسانی، بەبێ حسابکردن بۆ ئەو هەموو دامودەزگا دووڕووانەی کە گوایە چاودێری مافی مرۆڤ دەکەن، بەبێ سڵەمینەوە لە ئەنجامدانی هەرجۆرە تاوانێک دەرهەق بە خەڵکی مەدەنی، ساڵ و نێوێکە بە بەرچاوی خەڵکی دنیاوە دەستی داوەتە پاکتاوی بەکۆمەڵ و کوشتاری خەڵکی غەززە. هێرشە دڕندانەکانی بەبۆمب و چەکی کۆکوژی قەدەغەکراو بۆسەر خەڵکی غەزە و رەفەح و تەنانەت ئۆردوگای ئاوارەکان، تەواوی ئەو ناوچانەی کردوە بە کورەی ئینسان سوتاندن بۆ توانەوەی جەستەی منداڵ و پیرو گەنج و ژن و پیاوی ستەمدیدەی فەلەستین.
لەماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردودا، دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل بەو بۆمبە وێرانکەر و چەکەکۆکوژانەی کە لە ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپیەوە وەریدەگرێت، بە وەحشیانەترین شێوە ماڵ و قوتابخانە، نەخۆشخانە، چادرگەی ئاوارەکان، وێستگەکانی کارەباو پرۆژەکانی ئاو و هەرچی پێداویستیەکانی ژیانی مەدەنی خەڵکە، بەسەر دانیشتوانی غەزەدا خاپورو وێران دەکات و جەستەی دەیان هەزار ئینسانی بێتاوانی لەژیر داروپەردوی بیناڕوخاوەکاندا ناشتوە کە بەشێکی زۆریان منداڵ و تەنانەت منداڵی ساوان! ئەمە جگە لە ئاوارە و دەربەدەرکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە بەدەست برسێتی و بێدەرمانی و بێخانەولانەییەوە دەناڵێنن و گەورەترین کارەساتی مرۆیی لەمێژووی تازەی مرۆڤایەتیدا خوڵقاندوە!
ئەم بەربەریەتەی دەوڵەتی فاشیست و نەژادپەرستی ئیسرائیل و بەپشتیوانی بێشەرمانە و راستەوخۆ و هەمەلایەنەی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپی، خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی ڕاچڵەکاندوە. دیمەنی ئەو منداڵانەی لەژێر بینا ڕوخاوەکاندا تەرمەکانیان دەردەهێنرێن، ئەو ئاوارانەی کە تەنانەت پەناگای ئاوارەیشیان بەسەردا دەروخێنن، هاواری ئەو دایکوباوکانەی کە لاشەی کۆرپەو جگەرگۆشەکانیان لەباوەش گرتوە، نەفرەت و توڕەیی خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی بەوپەڕی خۆی گەیاندوە. بەڵام ئەم خەڵکە دەستەوئەژنۆ دانەنیشتون و تەماشای ئەم دیمەنە دڵتەزێنانە بکەن. لەمسەری دنیا تا ئەوسەری دنیا، لە رۆژهەلاتەوە تا رۆژئاوا، لە باکورەوە تا باشوری گۆی زەوی، خەڵکی ئینساندۆست و ئازادیخواز و چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش ڕۆژانە دەڕژێنە سەرسەقامی شارەکان بۆ ئیدانە و سەرکۆنەکردنی ئەم جینۆسایدەی لە دژی ئێوە بەرپاکراوە!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هەمیشە لەڕیزی پێشەوەی ئەم بزوتنەوە مەزن و جیهانداگرەدا بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین و مافە ڕەواکانی راوەستاوە. ئەم بزوتنەوەیە و بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان و چینی کرێکار شەڕێکی سەروماڵییان لەگەل بەربەریەتی ئیسرائیل و پشتیوان و هاوکارەکانی راگەیاندوە. ئەم بەرامبەرکێیە کە بەپانتایی جیهان برەوی سەندووە، جەنگی گەیشتن بە ئازادی و ئاسایش و ئاشتیە دژی کۆنەپەرستی و وەحشیگەری و بەربەریەتی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و منالە نازدارەکەیان، یانی دەوڵەتی رەگەزپەرست و فاشیستی ئیسرائیل! ئەمە جەنگی ئینساندۆستیە بەرامبەر بە ملهوڕی و کۆمەڵکوژ و پاکتاوی رەگەزی. حزبی کۆمۆنیستی کریکاری خۆی بەبەشێک لەم بزوتنەوە مەزن و جیهانداگرە دەزانێ و پێی وایە تەنها ئەم بزوتنەوە مەزنەیە کە ئەتوانێ دەستی ئەم دڕندە و ئینسانکوژانە ببەستێتت.
کۆتایهێنان بەم وەحشیگەریە و مسۆگەرکردنی مافی خەڵکی فەلەستین لە دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆ و بەهرەمەندبوونیان لە ئازادی و ئاشتی و ئاسایش کاری بەشەریەتی ئازادیخواز و چینی کرێکاری جیهانە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەهەموو توانای خۆی بۆ پەرەپیدانی ئەم بزوتنەوەیە و سەرخستنی ئامانجەکەی تێدەکۆشێ و لەم کاتە سەخت و دژوارەدا لە پەنای ئێوە ڕادەوەستێ.
ریسوایی بۆ دەولەتی فاشیستی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی!
ئازادی و بەختەوەری و ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆ خەڵکی فەلەستین!
دامەزرێ دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین!
١٩/٤/٢٠٢٥