کۆمەڵگا پێویستی بە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار هەیە!

یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ڕۆژی ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانی ئۆردوی کارە بەدژی نەزم و نیزامی سەرمایەداری. ڕۆژێکە کە کرێکاران سەربەخۆ لە ناسنامەی نەتەوەیی و دینی و ئایدیۆلۆژی و ڕەگەزی، لە سەرانسەری جیهاندا، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و جیاواز هێزی خۆی نمایش دەکات.

ئەمساڵ کرێکاران لە دۆخێکدا بەرەو پیری ئایار دەچین کە سەرمایەداری و حکومەتەکانی، کۆمەڵگای بەشەرییان لەنێو گێژاوی چەندین قەیران و جەنگی ناوچەیی و توندکردنەوەی فەزای میلیتاریزم و شەڕی ئابوری و پێشبڕکێی چەک و کاولکاریدا لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان لە نێوان زلهێزەکاندا ڕاگرتوە. دۆخی ئیستای جیهان کە گوزارشت لە چەقبەستویی سیستەمی سەرمایەداری و بێوەڵامیی بۆرژوازی جیهانی و حکومەتەکانی  بە کێشەکانی ژیانی ملیارەها ئینسان، دەکات، ملی ناوە بە سیاسەتی هێرش بردن بۆ سەر ژیانی چینی کرێکار و هەموو ئەو بەها سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیانەوە، کە دەستکەوتی چەندین دەیەی خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بووە و لە ئەنجامیشدا ژیان و مانەوە و ئایندەی کۆمەڵگای بەشەرییان خستۆتە بەردەم تونێلێکی تاریك و هەڕەشەی لەناوچوونەوە!

جەنگی ٣ ساڵەی ئۆکرانیا، کە ژیانی سەدان هەزار مرۆڤی کردۆتە قوربانی و ئەو وڵاتەی بە یەکجاری نابوت و وێران کردوە و ملیۆنەها هاوڵاتی ئۆکرانیای ئاوارەی ووڵاتانی ئەوروپا کردوە، هاوکات کاولکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، تا تیرۆر و بۆردومان و هێرشە سەربازیەکانی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ بۆ سەر خەڵکی لوبنان و سوریا، تا  پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا و نۆکەرانی بۆسەر دانیشتوانی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا، تا  شەڕە ناوخۆییەکانی باڵەکانی بۆرژوازی لە سودان و وڵاتانێکی ئەفریقیا و دواتریش ملهوڕی و هێزنواندنی ئەمریکا دژی ئێران کە دۆخی ناوچەکەی ڕووبەڕووی مەترسی جدی کردۆتەوە، هەموو ئەمانە لەپاڵ پەرەگرتنی ڕاسیزم و توندڕەوی و کۆنەپەرستیدا، لەپاڵ، چوونەسەری ڕێژەی بێکاری و گرانی و برسێتی و پشێویە کۆمەڵایەتیەکاندا، وەک بەرهەم و ئەنجامی ئەم دۆخە قەیرانگرتوەی سەرمایەداری، دەسەڵاتدارانی چینی بۆرژوازی لە جیهاندا وادارکردوە بەوەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژوەندیەکانی خۆی مرۆڤایەتی بۆ ناو کورەی ئاگر پاڵپێوەبنێت.

عێراق و کوردستان کە ڕاستەوخۆ دەکەونە ناو ئەم گێژاوی کارەسات و ماڵوێرانیەی سەرمایەداری جیهانیەوە، بەناچاری چینی کرێکار و کۆمەڵانی بەشمەینەت لەگەڵ لێکەوتە و کاریگەریە زیانبارە ئابوری و سیاسیەکان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە کێشمەکێشی نێوان هێز و دەوڵەتانی ناوچەکەوە دێتەکایەوە بەرەوڕوو دەکاتەوە. لەم نێوەشدا دۆخی کوردستان بەدیار سازدانەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، کێشمەکێشی بزووتنەوە و لایەنە بۆرژواییە عەرەبی و ئیسلامیەکان بە سوننە و شیعە و ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە دادەنێ و بەم هۆیەشەوە دۆخی سیاسی کوردستان و هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار بەتایبەتی و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لە سەرەگێژی و ناڕۆشنیدا ڕادەگرێ و دۆخی  ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش ڕووبەڕووی بارگرانییەکی گەورەتر دەکاتەوە.

کرێکارانی کوردستان کە لەسایەی دەسەڵاتدارێتی حیزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورددا، ڕووبەڕوی هەلومەرجێکی سەختی کارو بژێوی بوونەتەوە، وێرای کەمی کرێ، سەعاتکاری زۆر، بێکاری و گرانی و کاری مناڵان و نەبونی یاسایەکی کاری هاوچەرخ کە لانی کەمی مافەکانی چینی کرێکار و ئازادیی مانگرتن و ڕێکخراوبوون بەڕەسمی بناسێنێ، هاوکات دەسەڵاتداران دەستی کۆمپانیا و خاوەنکارەکانیان ئاوەڵاکردوە کە بە دڕندانەترین شێواز کرێکاران بچەوسێننەوە و ماف و ئازادیەکانیان پێشێلبکەن و لەژێر شمشێری لەسەرکاردەرکردن و مەرجەکانی کۆمپانیاکاندا ڕایانبگرن. حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کار کە سیستەمی کارکردنی لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد و کاری کۆمپانیاکان دامەزراندووە، بەتەواوی خۆی لە بەرپرسیارێتی لەئاست ژیان و بژێوی کرێکاران و هاوڵاتیاندا دزیوەتەوە و ئامادە نییە لانی کەمی بژێوی و بێمەکۆمەڵایەتیەکان بۆ کرێکاران دەسەتەبەربکات. دابینکردنی موچە لە سامانی کۆمەڵایەتی، بۆ کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان کە ئەرکی هەر حکومەتێکە، مانگانە دەبێتە کێشە و ژیانی زۆربەی خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی تەنگانەی نەبونی و بێبازاڕی دەکاتەوە. 

چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان لەوەها دۆخیکدا کە بەرەو یەکی ئایار دەچن، نابێ هیچ چاوەروانیەکیان لە دەسەلاتداران و خاوەن کۆمپانیاکان هەبێ، بەلکو دەبێ پەی بەهێزی یەکگرتوی خۆیان ببەن و بە خەباتی خۆیان ماف و داخوازیەکانی خۆیان بسەپێنن. هەربۆیە گۆڕانکاری لە دۆخی ئیستای کوردستاندا، وەیان هەرجۆرە باشبونێک لە سیستەمی کار و بژێویدا، بەندە بە هاتنەمەیدانی کرێکاران خۆیانەوە. بەندە بە خەباتێکی یەکگرتوانە و سەراسەری کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشەوە. ئەگەر یەکی ئایار ڕۆژی ناڕەزایەتیە بەڕوی سەرمایەداری و هەموو ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەی کە خاوەنکار و سەرمایەداران لە کرێکارانی دەکەن، ئەوا دەبێ ئەم ڕۆژە ببێتە ڕۆژی کۆبونەوە لە دەوری داخوازیەکان و ڕیێخراوبونی ڕیزەکانی کرێکاران بۆ باشکردنی دۆخی ژیان. بۆ هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئازادیی مانگرتن و ڕێکخراو بوون، بۆ هەلومەرجێکی سەلامەت و ئینسانیتر لە ناوەندەکانی کاردا، بۆ بەدەستهێنانی کرێ و هەقدەستێکی ئەوتۆ کە ژیانێکی شایستە بۆ کرێکاران و خێزانەکانیان مسۆگەر بکات، بۆ بەڕەسمی ناسینی نوێنەرایەتی کرێکاری و بەهرەمەندبوون لە یاسای کارێکی هاوچەرخ،….. کۆمەڵگا پێویستی بە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار هەیە. پێویستە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان، هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی کرێکاری ڕۆژی یەکی ئایار وەک مەیدانێک لەدژی فەزای جەنگی و هەموو ئەو کارەساتانەی ڕووی لە کۆمەڵگا و ناوچەکە کردووە بەدەستەوەبگرن. ڕێگا نەدەن هێزە ڕەنگاوڕەنگە بۆرژوازیەکان بە پڕوپاگەندەی قەومی و ئاینی ڕیزەکانیان پارچەپارچەبکەن. هاوخەباتی و هاوپشتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ کرێکارانی عێراق و ناوچەکە و جیهان و لێکگرێدانی خەبات و ناڕەزایەتیەکان بەدژی دەسەڵاتداران لەیەک ڕیزی سیاسی سەربەخۆی چینایەتیدا مەرجی دانانی سنورە بۆ هەموو ئەو ستەم و چەوسانەوەیەی بەسەر کرێکارانەوەیە.

بژی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکار

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥

Check Also

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، کۆمیتەی بەریتانیا لەکۆنفرانسی ڕێکخراوی “ڕزگاری کرێکاران” ۆرکر لیبرەیتی بەشداری کرد

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، کۆمیتەی بەریتانیا لەکۆنفرانسی ڕێکخراوی “ڕزگاری کرێکاران” ۆرکر لیبرەیتی بەشداری کرد ولەلایەن …