سیروان حەمەڕەشید
ئەوەی سەرەوە ناونیشانی پەرتوکێکە لەفەڕەنسیەوە، لەلایەن ئازاد عەبدوڵاوە وەرگێردراوە بۆسەر زمانی کوردی ، ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لەڕوانگەی بیروباوەڕی چوار سەرکردەی دیارو کاریگەری مارکیسستیەوە ( ترۆتسکی، لۆکسمبورگ، گرامشی و لینین). کتێبەکە خوێندنەوەو شیکاری بۆڕووداوە دراماتکییەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیزم وشۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ و ڕۆڵ ونەخشی حیزبی بەلشەفینزمی کردوە. ئەم ڕێبەرانەی کۆمۆنیزم وشۆڕشی ئۆکتۆبەر بەشێوەیەکی وردو هەمەلایەنە باس لەهۆکارەکانی سەرکەوتن وشکست ولەمپەڕەکانی بەردەم شۆڕشی ئۆکتۆبەر وململانی نێوان بەلشەفیک ومەنشەفیک وکومۆنستەکان ولادانەکانی ستالییزم وبۆرژوازی وڕەوتی کاوتسکی وبێرنیشتاینیان شیکردۆتەوە.
یەکەم: ڕوزالۆکسمبۆرگ:
لەوتاری یەکەمدا ڕێبەری دیاری کۆمۆنیست وخاوەنی بۆچوونی شۆڕشی بەردەوام وبزووتنەوەی خۆرسکانەی جەماوەری لەشۆڕشدا لەلایەن ڕۆزالۆکسمبۆگەوە خراوەتەروو. ئەو دەڵێت: شۆڕشی ڕووسیا بەچەشنێکی خێرا گەشەی کردو لەماوەیەکی کەمدا مەودایەکی فراوان وسنورێکی مەزنی گرتەوەو کڵپەو بڵێسەی شۆڕشەکە بەو پەڕی تینوتاوەوە بڵاوبووە، واتا ڕۆزا وەک ژنە ئازادیخوازو شۆڕشگێڕێک و وەک کۆمۆنستێکی واقعبین جەختی لەسەر شۆڕشی بەردەوام دەکردوە، ئەو پێوابوو کەهەلومەرجی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیادا، هەلومەجێکی گونجاو نەبوو، ئەمەش بەرئەساسی ماتریالیزمی مێژووی وئەو قۆناغ وسەردمە کاتێک هەلومەرج ئامادەنەبوە بۆ شۆڕشی کۆمۆنیستی لەدوا قۆناغیدا، هەروەها ڕۆزا ئاماژە بەوە دەکات کەڕووسیا وڵاتێکە لەڕووی ئابووریییەوە دواکەوتووە بوە وبەشێوەیەکی گشتی وڵاتێکی شتوکاڵییە. واتە لەقۆناغی دەرەبەگایەتیدایە. لەبەرئەوە هێشتا هەلومەرج وزەمینە لەبار نییە ونەخەمڵیوە بۆ شۆڕشیکی سەرکەوتوی سۆسیالیزم.
ڕۆزا لەشوێنکدا زۆر ستایشی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکات وپێیوابوو بەلشەفیک هیوای زۆری بەتوانای ڕێخستن وڕاگەیاندن و پابەندبوونی شۆڕشی ڕوسیای بەپڕۆلیتاریای جیهانییەوە هەبووە..
دووەم: ئەنتۆنیۆ گرامشی:
یەکێکی تر لەسەرکردە دیارییەکانی مارکیسزم وکۆمۆنیزم، ئەنتۆنیۆگرامشیە، کەلە سەر چالاکی وهەڵوێستە سیاسی وفیکرییەکانی لەلایەن دەسەڵاتی فاشیزمی ئیتاڵیاوە دەستگیرکراو بەشی زۆری تەمەنی گەنجیەتی لەزینداندا بەرێ کرد، گرامشی لەزیندانەوە ڕۆڵی سەرەکی وبنەڕەتی لەخەباتی شۆڕشگێڕانەو بزووتنەوەی کۆمۆنیزمدا بینیی، هەرچەندە گرامشی زیاتر سەندیکالیزم بوو، پێوابوو لەڕێگەی شورا و ئەنجومەنە کرێکارییەکانەوە، کرێکاران دەتوانن بگەن بەدەسەڵات، ئەو بۆچونی وابوو حیزبی کۆمۆنستی زیاتر نەزعەی دەسەڵاتگەریتی هەیەو ومەترسیە بۆگەرانەوەی ستەمکاری.
گرامشی بۆچون وهەڵسەنگاندنی لەسەر شۆڕشی پڕۆلیتایای ڕوسیا بەجۆرێکە کە دەڵێ: “شۆڕشی ڕوسیا هەموو جیهانی دەکاتە دووبەرەوە لەلایەکەوە ئەوانەن کەلایەنگری شۆڕش دەکەن ولەلایەکی دیکەوە ئەوانەن کەدژایەتی شۆڕش دەکەن ودەیانەوێت گەلی ڕوسیا نقومی خوێنببێت.
گرامشی مارکیسزمیکی لێبڕاو وخاوەن توانایەکی زۆربوو. ئەمەش وای لەدەسەڵاتەکەی مۆسۆلینی کرد، ترسی زۆر لێی هەبێت و لەکونجی زینداندا توندی بکات، گرامشی لەسەر شۆڕشی ڕوسیا پێیوابوو شۆڕش تەنها هەلومەرجی تایبەتی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو بەرهەمی جەنگی ئیمپریالیسیانەی جیهانە.
سێیەم: لیۆن ترۆتسکی:
ترۆتسکی ڕێبەرو سەرکردەی هەڵکەوتووی ئێجگار کاریگەری مارکیسزم وشۆڕشی ئۆکتۆبەر وپارتی بەلشەفیک بوو، وە خاوەنی بیرۆکەی شۆڕشی بەردەوام بوو، هاوتای لینین بوو، ڕۆڵی سەرەکی لەدامەزراندنی سوپای سووردا بینیوە، لەسەر شۆڕش بۆچونی وابوو تەنها شۆڕشی پڕۆلیتاریایە کە دەتوانێ ببێتە زامنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگا گشتوڵایەکان و لەو کۆت وپێوەندانەی لەلایەن دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە بەزۆری زۆر داسەپێنراون، ڕزگار دەکات، ئەوەیش بەیەکخستنی هەموو گەلان، لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی هاوبەشی توندوتۆڵی ئابوورییانەدا بەپێیپلانێکی ئابووری یەکگرتوو وهاوبەش.. ترۆتسکی لەسەر مافی گەل ونەتەوە ژێردەستەکان پێیوابوو کە شۆڕشی سیۆسیالیزم دەتوانێ ئازادی ڕاستەقینە بۆ هەموو نەتەوە ژێردەستەکان دەستەبەربکات وڕێگەی گەشە پێدان وئازادی وکەلتوری نەتەوەییان بەدیبهێنت.
ترۆتسکی خوێندنەوەی لەسەر بیرکردنەوەو سایکۆلۆژیای ستالین وابو، کەستالین نەتوانی پەیوەستوپابەندی پڕەنسیپەکانی شۆڕش وئایدیۆلۆژیای مارکسیزم بیت، بۆیە لەئامانج و ستراتیژی مارکیسزم لادەدات وگەندەڵ دەبێت ولەدیکتاتۆری پڕۆلیتاریاوە دەگۆڕێت بۆ دیکتاتۆریەتی شەخسی وستالینزم .
هەر ئەم ناکۆکییەی نێوان خۆی وستالین بوو کە لەئەنجمادا لەڕیگای دەست وپیوەندەکانیاەوە وبە پیلانی خودی ستالین لەشارێکی مەکسیک بەدەستی گروپێکی ستالین لەساڵی ١٩٤٠دا تیرۆرکرا..
چوارەم: ڤلادیمێرلینین
لێرەدا بەکورتی بۆچونی لینین کەلەوتاری ڕۆژی ٧/٣/١٩١٩ کەلە کۆنگرەی یەکەمی ئەنتەرناسیۆناڵی سێهمەدا پێشکەشی کرد دەخەینەڕوو، هەڵبەت لینین وەک ڕێبەرو سکرتێری گشتی حیزبی کۆمۆنستی ڕوسیا وسەرکردەیەکی بەرچاوی بەلشەفیک وشۆڕشی ئۆکتۆبەر. ئەم سەرکردەیە ڕۆڵی مەیدانی وسەرەکی وچارەنوسازی لەڕابەرایەتی شۆڕشی وحیزبی بەلشەفیدا هەبوو لەگەڵ ئەوەشدا تیۆرەڕێزەی مارکیسزم وئەدەبیات وفەلسەفەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری دەکرد. ئەو ٢٧ تێزی لەچوارچێوەی ٢٧ کتێبدا وەرگێڕدراوەتە سەرتەواوی زمانە جیاجیاکانی جیهان.
کتێبە بەناوبانگەکەی “دەبێ چیبکەین” هێڵە ستراتیژیەکانی دامەزارندنی حیزبی کۆمۆنیستی وەک ناوکۆکەی شۆڕش و بزووتنەوەی سۆسیالیسی ڕوونکردۆتەوە. لەوتارەکەیدا لینین تێڕوانینی بۆ شۆڕش وبزووتنەوەی کرێکاری جیاوازە لە روزا لۆکسمبورگ، ئەو پێوابوو پارتی کۆمۆنست ئامرازی خەبات وڕێکخستن وداینەمۆی شۆڕشە وتەنها لەڕێگەی حیزبی کۆمۆنیستو پێشڕەوانی پرۆلیتاریاوە دەتوانرێت بزووتنەوەی خەباتی چینایەتی سەرپێبخات وبەسەرکەوتنی بگەیەنێت.
دیدی لینین لەسەر شۆڕش وبزووتنەوەی خەباتی چینایەتی وپڕۆلیتاریا لەسۆنگەی فەلسەفەی مارکیسزمەوە بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی کۆمۆنێستی پێیوابوو لەکۆمەڵگای سەرمایەداریدا کێشەوململانێ چینایەتییەکان لەئەنجامدا بەدوو دەسەلاتی جیاواز دەگات کەناکرێت تێکەڵ بەیەک بکرێن ئەوانیش دیکتاتۆری بۆرژوازی و دیکتاتۆری پڕۆلیتارییە. لینین پێی وایە ئەوەی کەبیر لەپێکەوە بەستن وکوبونەوەی یەکگرتن ی ئاشتییانەی نێوان دیکتاتۆری بۆرژوازی ودیکتاتۆری پڕۆلیتاریا بکاتەوە ئەوا هیچ لەبیروباوەڕە ئابووری وسیاسیەکانی مارکیسزم تێنەگەیشتوە.
ئەگەر سەیری هەلومەرجی ئێستای جیهان وسیستەمی تاکجەمسەری سەرمایەداری بکەین دوای دوو سەدسال تێپەڕبوون بەسەر نوسین وفەلسەفەو تیۆرەی زەمارکیسزم وئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم ولیکدانەوەو هەڵسەنگاندن و پێشبینەکانی مارکیسزمدا، ئەوا دەبینین لەسایەی باڵادەستی سەرمایەداری جیهاندا دۆخی مرۆڤایەتی گەیشتوە بەچکارەساتێکی ئینسانی، ژیان وکەرامەتی هەر مڕۆڤیک چۆنچۆنی بێ ئەرزشکراوە تەنانەت لەئەمریکادا سەرماداری ڕۆژانە چەندان کارمەندوکرێکار بەفەرمانێکی تڕامپ لەسەر کار لادەبرێت ودەنێرنە ماڵەوەو ژیانی هەزاران کرێکار ومرۆڤ دەخەنە ژێر پێی دڵڕەقانەی سەرمایەدارییەوە؟ هەروەها چۆن ئەم سیستەمە باڵادەستە کرێکاران ومرۆڤەکان لەسەرەتاترین مافی ژیان بێبەش ومحروم دەکرێن، و سیاسەتی ستەمکارانەی لەمڕۆڤ خستن پەیڕەودەکرێت. کاتێکیش نوسراو بارنامە وبۆچونی ئەم ڤیگەرە کۆمۆنستانە دەخوێنینەوە، دەگەینە ئەو باوەڕەی کەجارێکیدی جیهانی مرۆڤایەتی پێویستی بەوەڵامدانە وەی پرسیارەکانی کۆمۆنیزم وشۆڕشی سۆسیالیزم هەیە وسەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ پڕەنسیپ وفیکری مارکیسزم سەرپێخستنی بزووتنەوەی شۆڕشیگێڕانە وکۆمۆن وشۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر.
*/ بۆنوسینی ئەم وتارە سودم لەکتێبی پرسیارکانی کۆمۆنیزم وشۆڕشی سۆسیالیستی. ئازاد عەبدوڵا لەفەڕەنسیەوە کردویەتی بەکوردی، وەرگرتوە.