کارەبای ٢٤ کاتژمێری و بازرگانەکانی کوردایەتی!

موحسین کەریم

کێشەی کارەبا، وەکو چەندین کێشەی دیکە، لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا دەستی پێکرد. لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا، دەسەلاتی ملیشیایی بۆرژوازی کورد، نەیتوانی کێشەی نەبوون و کەمی کارەبا چارەسەر بکات، بەڵام توانی هەر لەوماوەیەدا چەندین ملیاردێر و سەدان ملیۆنەری دۆلار لە بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکانی نزیک لە دەسەڵات، لەسەر حسابی دەستبەسەراگرتنی قووتی هاوڵاتیانی کوردستان، پێبگەیەنێت!

بێگومان دابینکردنی کارەبا و باقی خزمەتگوزاریە شارستانیەکان بۆ هاوڵاتیان، بەر لە هەموو کەسێك بەرپرسیارێتی دەوڵەت و حکومەتە. ئەوەی کە چۆنی دابین دەکات کێشەی ئەو حکومەت و دەسەڵاتەیە کە خۆی وەکو نوێنەرو فەرمانڕەوای کۆمەڵگا ناوزەد دەکات. ئەگەر نا ئەوا ئیتر جێگایەك بۆ شتێك نامێنێتەوە کە ناوی  حکومەت و دەوڵەت بێت، تەنانەت لە شێوازە هەرە لیبراڵەکەشیدا کە دەوڵەت کەمترین بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خزمەتگوزاریەکانی هاوڵاتیان هەڵدەگرێ! ‌

حکومەتی هەرێم، کە لەراستیدا دەسەڵاتی دوو حزبی میلیشاییە بە دوو ناوچەی دەسەڵات و نفوزی سەربەخۆوە، لەماوەی دەسەڵاتیاندا ئەو خزمەتگوزاریە گشتیانەی کە لە ڕابردوودا هەبووە، لە بواری خوێندن، خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی، رێگاوبان، ئاو و کارەبا، سوتەمەنی، خزمەتگوزاری شارەوانی و تاد. نەك بەپێی پێداویستیەکانی خەڵکی کوردستان و لەگەڵ گەشەی دانیشتوان و زیادبوونی خواست بۆ خزمەتگوزاریەکان پەرەیان پێنەداون، بەڵکو بەرەو پوکانەوە و نەمانیان بردوون! بەڵام هاوکات هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەیان سپاردوە بە بازاڕ و بوونەتە سەرچاوەی دابینکردنی داهات و قازانجێکی زۆر بۆ کۆمپانیاکانی حزب و بەرپرسەکان و سەرمایەدارانی نزیک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان!

کێشەی کارەبا وەکو یەکێك لە خزمەتگوزاریە هەرە پێویستە شارستانیەکان، لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی رابردوودا، هەمیشە یەکێك بووە لە کێشە سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان. هیچ کاتێك حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کارەبای نیشتمانی بەپێی پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکات. لە باشترین حاڵەتدا وەزیری کارەبا شانازی بەوەوە دەکات کە توانیویانە ٨ تا ١٠ یاخود ١٢ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی( یاخود حکومی) دابین بکەن. بەناچاری هاوڵاتیانی کوردستان بۆئەوەی بتوانن کاتێکی زیاتر کارەبایان هەبێت، پەنایان بۆ بەکارهێنانی موەلیدە ئەهلیەکان بردوە کە ئەویش بە نرخێکی زۆر گران لەسەریان کەوتوەو نەیانتوانیوە بەپێی پیویستیش کاروبارەکانی خۆیانی پێ ئەنجام بدەن! ئەوە سەرەڕای ئەو هەموو دوکەڵ و دەنگەدەنگەی کە زیانی گەورەی بۆسەر تەندروستی و ئیسراحەتی هاوڵاتیان هەیە!

دوای ئەم هەموو ساڵانە، تازە حکومەتی هەرێم بەرنامەی ئەوەی هەیە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ خەڵك دابین بکات! بەڵام چۆن؟

حکومەتی هەرێم وەکو بازرگانیكی چاوچنۆک سەیری ئەم پرۆژەیە دەکات کە دەیەوێ زۆرترین قازانجی لێبەدەست بهێنێت. حکومەت ئامانجی دابینکردنی خزمەتگوزاری نیە بۆ خەڵك، بەڵکو بەدەستهێنانی زۆرترین قازانجە لە پێشکەشکردنی ئەم کاڵایە بە هاوڵاتیان! حکومەت دۆخی بێزاری خەڵك لە کارەبابڕان و گرانی نرخی کارەبای موەلیدەو کێشە و گرفتەکانی بەکاردەهێنێ بۆئەوەی ئەم کاڵایەی خۆی، واتە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لای خەڵك خۆشەویست بکات و بەنرخێکی خەیاڵی بە هاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە. ئەو نرخەی کە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندوە زیاتر لە (٥) ئەوەندەی ئەو نرخەی ئیستای کارەبای نیشتمانیە! ئەگەر ئەم نرخە جێگیربکرێت و بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا هاوڵاتیانی کوردستان زۆر زیاتر لەو پارەیەی دەیدەن بە موەلیدە ئەهلیەکان، دەبێ لەمەودوا بیدەن بە حکومەتی هەرێم، ئەگەر بیانەوێ بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنن، ئەگەرنا دەبێ کەمترین ئامێری کارەبایی ئیش پێبکەن تا نرخەکەی لەنرخی ئێستای موەلیدەکان زیاتر نەبێ!

بێگومان دابینکردنی کارەبای٢٤ کاتژمێری هەم خواست و هەم پێداویستیەکی زۆر گرنگی هاوڵاتیانی کوردستانە و هەم مافێکی شارستانیشە کە دەبێ حکومەت دەستبەری بکات. بەڵام گرانکردنی نرخی کارەبا لەسەر خەڵك بە بیانووی چارەسەرکردنی کێشەی کارەباو نەهێشتنی کارەبای موەلیدەو دابیکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، نابێ بەهیچ شێوەیەك قبوڵ بکرێ. هەموو پێداویستیەکانی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سوتەمەنی و سەرچاوەی دارایی بۆ ئامێرو کەرەستەو تواناییە مرۆییەکانی لەداهاتی گشتیەوە دابین دەکرێ، نەك لە گیرفانی بەرپرسە چاوچنۆکە گیرفان پڕنەبوەکانی دەسەڵات و حکومەتەوە. بۆیە دەکرێ بەهەمان ئەو نرخەی ئێستا، کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەستەبەربکرێت! ئەوە مافێکی سەرەتایی هاولاتیانە و ئەرکێکی سەرەکیی و مەبدەئی حکومەتیشە، ئەگەرنا ئەوە بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ لێسەندنەوەی پێناسەی حکومەت لێیان!

 

 

 

Check Also

پرسیارەکانی کۆمۆنیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی

سیروان حەمەڕەشید ئەوەی سەرەوە  ناونیشانی پەرتوکێکە لەفەڕەنسیەوە، لەلایەن ئازاد عەبدوڵاوە وەرگێردراوە بۆسەر زمانی کوردی ، …