ڕێبوار ئەحمەد

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیدانێکی گەرمی کێشمەکێشی دەوڵەتانی زلهێزی جیهان و جەمسەری شەرق و غەرب و دەوڵەتانی زلهێزی ناوچەکەیە، لەپێناو ئارایشدانەوە و دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوز و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان. تا بەر لە ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ڕوسیا و ئیران پێگەیەکی بەهێزتر لەئێستایان هەبوو. ڕژێمی ئەسەد مێژوویەکی دورودرێژ بەشێک بوولە نفوزی جەمسەری شەرق و یەکێک لە پێگە گرنگەکانی جمهوری ئیسلامی، تا ڕۆژی ڕوخانەکەی ڕۆڵیکی گرنگی هەبوو لە قورسکردنی جیگاوڕێگای ئەم جەمسەرە لە ناوچەکەدا. بەتایبەتی ڕۆڵیکی گەورەی هەبوو بۆ ئیران لە بەرامبەرکێ لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەکانی وەکو تورکیا و ئیسرائیل و سعودیە لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا. ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد ئەم هاوکێشەیەی لەبەریەک هەڵوەشاند. هەم جەمسەری ڕوسیا و هەم جمهوری ئیسلامی بەڕوخانی ئەسەد گورزێکی گەورەیان بەرکەوت. ئەم ڕژێمە هەم لەڕوی سیاسی و هەم لەڕوی ئابوریەوە جێگایەکی گرنگی هەبوو بە تایبەت بۆ ئێران و بەرژەوەندیەکانی.

ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد ئاڵوگۆڕێکی گەورەبوو لە ناوچەکەدا و بارودۆخێکی بەتەواوی تازەی هێنایە کایەوە. لە دڵی ئەو بارودۆخەدا سەرجەم دەوڵەتانی زلهێزی جیهان و ناوچەکە کەوتنەخۆ بۆئەوەی لە ئارایشدانەوەی سیستەم و سەقامیری سیاسی بە قازانجی جوڵەی سەرمایە، بەشی خۆیان بەدەست بهێنن. ئەگەر ئێران و ڕوسیا دۆڕاوی ئەم ئالوگۆڕە بوون، لایەنی براوەش بە پلەی یەکەم تورکیا پاشان جەمسەری غەرب و ئەمریکا بوو. ڕوخانی ئەسەد دەرفەتێکی بۆ ئیسرائیلیش کردەوە تا لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی تازە ئەسپی خۆی تاوبدات. بۆ ئەم مەبەستەش هەرزوو دەستی خۆی وەشاند، هەم ناوچەگەلێکی لە سوریا داگیرکرد و هەم گورزی کوشەندەی لە توانای ئابوری و سەربازی سوریا وەشاند.

تورکیا بەوپێیەی کە ڕۆڵێکی سەرەکی بوو لەڕوخانی ڕژێمی سوریا و پرچەککردن و هاوکاریکردنی پاشماوەکانی داعش و بەرەی نوسرە کە لەژێر ناوی” جەیش تحریر شام”دا خۆیان سازدایەوە، بەهەمان ڕادەش لەم دۆخە تازەیەدا لەچاو هەموو دەوڵەتانی دیکە بەشی زیاتری پێبڕاوە. تا ئەو ڕادەیەی کە بەدەر لەوەی بۆی مەیسەر دەبێت یان نا، خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە دەبینێ. ئەم مەسەلەیە بۆ تورکیا بایەخێکی زۆری سیاسی و ئابوری هەیە، بەتایبەت کە ڕژێمی تورکیا لە ناوخۆی تورکیادا گرفتاری قەیرانی قورسی ئابوری و سیاسیە و دەیەوێ لە ڕێگای بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەهیزەوە لە ناوچەکەدا، بەسەر قەیرانەکانیدا زاڵبیت، یان لانی کەم کەمتری بکاتەوە. ئەمریکا و غەرب لەڕێگای دەرهێنانی سوپای تەحریری شام لە لیستی تیرۆر، کە لەڕاستیدا ئەلگۆی داعشی غەرب پەسەندە، باوەشیان کردەوە بۆ پەیوەستبوونی سوریای نوێ و ڕژێمە تازەکەی ئەحمەد شەرع بە بلۆکی غەربەوە. هەرچەند ئەم پەیوەستبونە هێشتا نەبڕاوەتەوە و دەبێ ببینین ڕوداوەکان و کێشمەکێشەکان بە کوێ دەگەن. جمهوری ئیسلامی و ڕوسیا هێشتا دەستیان لە سوریا نەشتوە و بەتەواویش دەستیان لە مەیدانی سیاسی و سەربازی سوریان نەبڕاوە. لەڕێگای هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتن لە پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد و ڕەوتە ئیسلامیەکانی دیکە و هێزە کوردیەکان و تەنانەت سازانیش  لەگەڵ ڕژێمی ئەحمد شەرع، لە هەوڵدان دیسان جێ پێییەک پەیدابکەنەوە.

لە جەرگەی ئەم هەلومەرجە تازەیەی ناوچەکەدا مەسەلەی کورد جارێکی تر بەرجەستە بووە. زلهێزە ناوچەیی و جیهانیەکان دەیانەوێ مەسەلەی کورد و هێزە ناسیۆنالیستە کوردیەکان وەکو کارتێکی فشار و مەقاش بەکاربهێنن لە کێشمەکێش لەسەر بردنی بەشی زیاتر لە سیستەمی سیاسی تازەی ناوچەکەدا. دیارە بۆ هیچ یەک لەم دەوڵەتانە چارەسەری دادپەروەرانەی ئەم کێشەیە هیچ جێگایەکی نیە. بێگومان ئەوان مەبەستیان چارەسەری مەسەلەی کورد نیە و ئەم کێشەیە بەم پڕۆژە و تەرحانە چارەسەر نابێت. ئەم کێشەیە بەڕادەیەک قورس و ئاڵۆز بووە، کە لە ئامادەنەبونی ڕێگاچارەیەکی سۆسیالیستیدا، ڕێگاچارەی پێشڕەوانە و دادپەروەرانە لەو وڵاتانەدا ئەوەیە خەڵکی کوردزمان ئازاد و سەرپشک بکرێن بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ یان مانەوە لەگەڵ دەوڵەتانی مەرکەزی.

لەم بەرجەستەبونەوەیەی مەسەلەی کورددا حزبی بارزانی هەم بەپێی جێگە و پێگەی لە مەسەلەی کوردو هەم بەوپێیەی بووە بە دەستەڕاستی دەوڵەتی تورکیا وەکو زلهێزی مەیدانداری ناوچەکە، هەروەها هەسەدە وەکو هێزێک کە لە سوریای چەقی کێشمەکێشەکاندا سەنگ و ڕۆڵی هەیە، لە هێزە کوردیەکانی دیکە زیاتر بونەتە جێگای بایەخ و دەوڵەتانی ناوچەکە چاویان تێبڕیون. تورکیا کە بە خوێنی سەری هەسەدە وەکو لقی سوریای پەکەکە تینوە و وەکو بەربەستێکی بردنەپێشی پلانەکانی لە سوریا تەماشای دەکات و هەمیشە پەلاماری داوە و هەوڵیداوە لەبەینی بەرێت، بەڵام دەزانێ لە هەلومەرجی ئێستادا لەبەینبردنی ئاسان نیە، بۆیە رازیە ڕژێمی تازەی هاوپەیمانی لە سوریا، ئەگەر بەشێوەی کاتی و تاکتیکیش بێت، لەگەڵ هەسەدە رێکبکەویت و بەمجۆرە ئیحتیوای بکەن. لەلایەکی ترەوە هەوڵیداوە لە ئۆجەلانی ڕابەری کاریزمای گشت نەرێتی پەکەکە و لقەکانی بەناوی پرۆسەی ئاشتی کەڵک وەرگرێت و قورسایی کێشەی کورد و پەکەکە لەسەر قەیرانەکانی لابەرێت و دەستی ئاوەڵاتر بێت بۆ خەونی بەهێزکردنی پێگەی ناوچەیی و تورکیایەکی گەورەتر لە جوگرافیای تورکیا.

جمهوری ئیسلامیش هەرچۆن هەوڵیداوە ڕیاکارانە لە مەسەلەی فەلەستین کەڵک وەرگرێ دژی رەقیبەکانی و بەهێزکردنی پێگەی ناوچەیی خۆی، بەهەمان مەبەست دەیەوێ مەسەلەی کورد و هێزە ناسیۆنالیستەکان بەکاربەرێت. لەم ڕۆژانەدا مەراسیمێکی جمهوری ئیسلامی لە زانکۆی شاری سنە بە سرودی ئەیرەقیب دەستی پێکرد. هەوڵی بەهرەبەرداری ئەم ڕژێمە لە بەرجەستەبونەوەی مەسەلەی کورد تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشتوە کە لەسەر سرودە بەناوبانگە نیشتمانی و پیرۆزەکەی ناسیۆنالیزمی کورد، پێشبڕکێ لەگەڵ هێزەکانی کوردایەتی دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا لە هەوڵدایە سەرنجی هەسەدە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئامادەیی نیشانداوە هاوکاری ئەم هاوپەیمانەی ئەمریکای شەیتانی گەورە بکات لەپێناو کردنەوەی جێپێیەک لە مەیدانی سیاسی تازەی سوریادا.

پەیامی ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە لە جەرگەی هەلومەرجێکی بەم جۆرەدا مانا پەیدادەکات و هاتوەتە ئاراوە. بەشێک لەوانەی پەکەکە بە نوێنەری مافی خەڵکی کورد دەزانن، پەیامەکەی ئۆجەلا وەکو خیانەت و تەسلیمبوون بەڕژێمی ئەردۆگان لێکدەدەنەوە. پەکەکە نوێنەری مافە سیاسی و مەدەنیەکانی خەڵکی کورد نەبووە و نیە تا خیانەتی لێبکات، بەڵکو وەکو هەر هیزێکی ناسیۆنالیستی دیکەی کوردی مەسەلەی کورد و ستەمی میللی بەکارهێناوە بۆ ئامانجی شەریکبونەوە لە دەسەڵاتدا و هەر لەم راستایەدا دەستی بۆ چەک برد. بەڵام خەباتە چەکداریەکەی زۆر دەمێکەیە بە بنبەست گەیشتوە. ڕۆژگارێک کە ئاڵای خەباتی چەکدارانەی هەڵگرد، ئابڵۆقەدانی شارەکان لەلایەن ئەو خەباتی چەکدارانەیەی لە دێهاتەوە بەرپاکرابوو، نەک هەر لە تورکیا و پارچەکانی تری کوردستان، بەڵکو لەزۆر جێگای دنیا مانا و جێگایەکی هەبوو. بەڵام لەوکاتەوە کە پەکەکە دەستی بە خەباتی چەکداری کردوە، هەلومەرجەکە گۆڕانی گەورەی بەسەرهاتوە. لەپێشدا ئەوەی کە پێشتر پەکەکە لەچوارچێوەی بلکۆبەندی شەرق و غەربدا لەبەرەی شەرق و ڕوسیادا دژ بە تورکیای سەر بە غەرب و ئەندامی ناتۆ دەجەنگی، بەڵام ئێستا وەکو ئۆجەلان خۆی دانی پێداناوە کەوتوەتە ناو باهۆزی دیموکراسی غەربەوە، لەڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسیەوە و باسی کۆمەڵگەی دیموکراتیك دەکاتە پاساوی تیۆری ئەو سەنگەر گواستنەوەیە.

جگە لەوە دوو فاکتۆری تریش کاریگەریان بووە بۆ لەکارخستنی ڕۆڵی خەباتی چەکداری گەریلایی: یەکەم پەرەسەندی شارنشینی و گەورەبونەوەی لەڕادەبەدەری شارەکان و پەرەگرتنی خەباتی سیاسی و جەماوەری لە شارەکان و کاڵبونەوە و لاوازبونەوەی ژیانی دێهاتی و بەم پێیەش لاوازکردنی پێگەی ئەو خەباتە چەکداریەی پشتی بە دێهات بەستبوو. دوەم گەشەی لە ڕادەبەدەری تەکنۆلۆژیایی جەنگی بوارێکی ئەوتۆی بۆ خەباتی گەریلایی و پێشمەرگایەتی نەهێشتوەتەوە. خەباتی چەکدارانەی پەکەکە دەمێکە نەک هەر بەبنبەست گەیشتوە، بگرە بووەتە خاڵی لاوازی ناسیۆنالیزمی کورد لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیادا. لەو خەباتەیدا زۆرتر خۆی کوشتار دەدات بەبێ ئەوەی بتوانێ خەسارەتێکی کاریگەر لە دوژمنەکەی بدات. لەلایەکی ترەوە بەهۆی ئەم خەباتە چەکداریەوە لە خەباتی سیاسی و جەماوەری مەیدانداری شارەکان بێبەری بووە.

ئۆجەلان و پەکەکە زۆر دەمێکە ئامادەی چەکدانان و دەستهەڵگرتن لە خەباتی چەکدارین بەومەرجەی بواری ئەوەیان پێبدرێت وەکو حزبێکی سیاسی کار و هەڵسوڕان بکەن. بەڵام دەوڵەتی توکیا بەوەش ڕازی نەبوە. خەباتە چەکداریەکەیان تەنانەت نەیتوانی دەوڵەتی تورکیا ڕازی بکات بە تەسیلمبونەوەی پەکەکە و گەڕانەوەی بۆ ناو شارەکان و بۆ خەباتی سیاسی. ئێستا دوای ئەوەی ئومێدێکیان نەماوە کە تورکیا تەنانەت لێبوردنێکی گشتیان بۆ دەرکات، وە لەکاتێکدا کە نەرێتی پێڕەو لە نەهجی ئۆجەلان حزبی سیاسی دیکەی لە شارەکاندا دامەزراندوە، ئیتر پەکەکە جگە لە چەکدانان و هەڵوەشانەوە ڕێگایەکی تریان بۆ نەماوەتەوە. کۆتا داواکاری(نەک مەرج)ی پەکەکە لەبەرامبەر چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەدا ئازاد کردنی ئۆجەلانە، ئەوەش دیار نیە کە بۆی مەیسەر دەبێت یان نا؟لە ڕاستیدا چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە فەزای شەڕ و شۆڕ و میلیتاریزمێک لە کۆڵ خەڵکی کوردستان دەکاتەوە کە جگە لە دەردیسەری هیچ سودیکی بۆ خەڵک نەبوو.

تا ئەوجێگایەی بە هەسەدە دەگەڕێتەوە وەکو باڵی چەکداری پارتی یەکێتی دیموکرات(پەیەدە) و جێگە و پێگەی ئەمڕۆی لە هاوکێشەی سیاسی سوریا و ناوچەکەدا، بەگشتی وەکو بەشێک لە بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی و بورژوازی کورد، هەروەکو ناسیۆنالیستە کوردەکانی پارچەکانی تر ئامانجی شەریکبونەوەیە لە دەسەڵاتی سیاسی لە پەراوێزی دەوڵەتی مەرکەزی سوریادا. ئەگەر ڕژێمی ئەسەد ئەم بەشداریەی بۆ مەیسەر بکردبایە دەمێک بوو لەگەڵی دەسازا. هەڵبەت نابێ چاوپۆشی لەوە بکرێت کە ئەم هێزە لە ماوەی ١٠-١٥ ساڵی ڕابردودا لەپەیوەند بە چەند مەسەلەوە ڕۆڵێکی ئەرێنی (موسبەت)ی گێڕاوە. جەنگی لە دژی داعش جگە لە ڕاوەستانی قارەمانانە بەرامبەر ئەم هێزە دڕندەیە، بەکردەوە ڕێگای گرت لەوەی کارەساتی شەنگاڵ لەو ناوچانەدا دوبارە بێتەوە. هەروەها ڕادەیەک لە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا بۆ هاوڵاتیان دابینکردوە، مەرسومێک کە لە پەیوەند بە مافەکانی ژنانەوە دەریکرد پێشڕەوانە و بێوێنە بوو لە هەموو ناوچەکەدا، بەرجەستە نەکردنەوەی ناسنامەی قەومی لە دەسەڵاتەکەیدا، ئەمانە بەرچاوترین ڕۆڵە ئەرێنیەکانین.

بەڵام ناکرێ لەم مەسەلانەوە ئەو ئەنجامە بگیرێت کە ئەم هێزە “پەیەدە یان هەسەدە”دەکەوێتە دەرەوەی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی بورژوازی کوردەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێکجار ئەزمونەکەیان بەراورد دەکرێت لەگەڵ کۆمۆنەی پاریسدا. بەم پێیەش ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم کۆبانی بە خیانەت ناوزەد بکرێت. لەڕاستیدا هیچ خیانەتێک لەئارادا نیە. ڕاستە ئەم هێزە لە سیاسەت و کارکردیدا جیاوازیەکی لەخۆی نیشانداوە لەگەڵ هێزە ناسیۆنالیستە کوردە تەقلیدی و هەرە کۆنەپەرستەکاندا. ئەگەر مەرسومەکەیان لەسەر مافی ژنان بەراورد بکرێت بە هەڕاجکردنی مافەکانی ژنانی عێراق لەلایەن حزبەکانی بارزانی و تاڵەبانیەوە لەپێناو کۆمەڵێک ئیمتیازی قەومی و مالی حەقیرانەدا، یان جەنگی کۆبانی بەراورد بکرێت بە کارەساتی شەنگاڵ، جیاوازیەکە ڕوونە، بەڵام ئەم جیاوازیە خەسڵەتی چینایەتی و ناسیۆنالیستی ئەم ڕەوتە ناگۆڕێ. پێویست نیە کرێکاری و کۆمۆنیستی و هەتا چەپ بیت بۆئەوەی دژی بەربەریەتی ئیسلامی بجەنگیت، تەنانەت ئەوەندە بەسە حزبێکی بڕێک شارستانی بیت بۆئەوەی دژی کۆنەپەرستانەترین یاساو نەرێتە ئیسلامیەکان بیت دەرحەق بە ژنان.

لەڕاستیدا بەشێک لە سیاسات و کارکردی هەسەدە ئاکامی دیفاکتۆی هەلومەرجەکە و واقعیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەیە کە فەرمانڕەواییان دەکات. جەنگی دژی داعش وەکو خاڵی بەهێزیان، بەناچاری ڕەنگدانەوەی بوو لەسەر هەڵوێستی ئەم هێزە بەرامبەر نەرێت و یاسا ئیسلامیە کۆنەپەرستەکان. ئەوەی کە ناسنامەی قەومیان بەرجەستە نەکردوەتەوە و تەنانەت لە ناو ڕیزەکانی و لە پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیدا خەڵکانی غەیرە کورد وەکو عەرەب و ئەرمەنی و پێڕەوی دین و مەزهەبە جیاوازەکان جێگایان پێدراوە، بەشێکی ئەوەیە کە ئەو ناوچانە وەکو سلێمانی و سنە و دیاربەکر نیین کە نزیک بە هەموو دانیشتوانەکەیان کورد بێت. خەڵکانێکی زۆری عەرەب و ئەرمەن و ئیسلام و مەسیحی لەوێ دەژین. بۆیە ناچارە بۆ گرتنەخۆی دانیشتوانی ناوچەکە ناسنامەی قەومی بەرجەستە نەکات. هەروەکو ئەوەی لەکاتێکدا تا نزیک حەمرین بەدەست پێشمەرگەوە بوو، لە شارێکی وەکو کەرکوکدا پارێزگار و پۆلیس و ئاسایش و هێزی چەکدار کورد و پێشمەرگە بوون، بەڵام جەلال تاڵەبانی ناچاربوو دەستپێشخەری بکات بۆ دابەشکردنی هەموو پۆستە سیاسی و ئیداریەکانی شارەکە بە یەکسانی لەنێوان کورد و تورکمان و عەرەبدا بە ٣٣% بۆ هەرکامیان. لەکاتێکدا هیچ گومانێک لە ناسیۆنالیست بوون وتەنانەت قەومپەرستبونی یەکێتیدا نیە، بەڵام ئەمری واقع ئەمە فەرز دەکات. تەنانەت حکومەتی هەرێمیش ئەگەر بەڕواڵەتیش بێت خەڵکی غەیرە کوردی بەناوی “کەمینە” شەریک کردوە. جگە لەوانە لە نەهجی تازە و مانیفێستەکەی ئۆجەلاندا کەباسی کۆمەڵگەی دیموکراتی و برایەتی گەلان دەکات، دەستبەرداری دەوڵەتی نەتەوە و فیدراڵی و ئەو ئەلگۆیانە بووە و تەنها ئامانجی سیاسی ئێستایان بەشداریە لە دەسەڵاتی ناوەند تەناناتە بەبێ حوکمی زاتیش.

هەسەدە لە ئەمڕۆی ناوچەکە و سوریادا پێگەیەکی زۆر هەستیاریان هەیە، هەم فشارێکی زۆریان لەسەرە و هەم زۆر دەوڵەت چاوی تێبڕیون بۆئەوەی لەبەرژەوەندی خۆیدا دەستیان بۆ درێژ بکات. ئەمریکا بۆ پاراستنی پێگەی خۆی وەکو هاوپەیمان هەڵیبژاردون و هاوکارییان دەکات، جمهوری ئیسلامی هەوڵدەدات بەلای خۆیدا ڕایانکێشێت، ئیسرائیل چاوی لەسەریانە و ئامادەیە لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازەی دڵخوازی خۆیدا هاوکاریان بکات و بەکاریان بهێنێ. تورکیا و ڕژێمە پرۆتورکیا تازەکەی دیمەشق ئەو ڕاستیە دەزانن کە لانیکەم لەئێستادا ناتوانن نادیدەی بگرن و لەبەینی بەرن، بۆیە ڕێگای سازانیان لەگەڵیدا هەڵبژاردوە و ئەگەر کاتییش بێت جێگایەکی بۆ قایل بوون لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی تازەی سوریادا.

ئەم پێگە حەساسەی هەسەدە بەدەر لەوەی خۆی و خەڵکی تر بە چەپ یان بەڕاستی دەزانن، پێویستە مونسیفانەو واقعبینانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بۆچونێک ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئەحمەد شەرع بە خیانەت لە بنەماو پرەنسیپەکانی خۆی و کوردایەتی لێکدەداتەوە. بەڵام هیچ خیانەتێک لە ئارادا نیە. هەسەدە وەکو هێزیکی ناسیۆنالیستی کورد کە لە بنەڕەتدا لە دەوری مەسەلەی کورد سەریهەڵداوە و بونی خۆی ڕاستەوخۆ گرێداوە بە ماف و مەسەلەی کوردەوە، ئامانجی شەریکبونەوەیە لە دەسەڵاتی سیاسیدا. جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ نە زەمینەی هەیە و نە هیچ کات ئەم هێزە ئیدعایەکی وەهای بووە، تەنانەت وەکو ناسیۆنالیستە کوردەکانی عێراق ئیدعای فیدراڵیزمیشی نیە. بۆیە لە پەیوەند بە ئامانجەکەی خۆیەوە هیچ خیانەتێک لە ئارادا نیە.

ئەم ڕێککەوتنە بە”ئاشتی باشترە لە شەڕ”یش هەڵناسەنگێندرێت. ئەوە حوکمێکی گشگیر نیە، بۆنمونە شەڕی پەیەدە لەگەڵ داعش باشتر بوو لە ئامادەیی بارزانی بۆ هودنە و ڕێککەوتن لەگەڵ داعش. ئەمە مانای ئەوە نیە کە فەرز بکرێت بەسەر هەسەدەدا کە هەتا لەڕوانگەی  ئەوانەی وەکو هێزێکی چەپ چاو لە هەسەدە دەکەن، هەم وەڵامی پەیامی هاوپەیمانی  ئەمریکای ئیمپریالیست نەداتەوە، هەم دەست بنێ بەڕوی ئیسرائیل و جمهوری ئیسلامیەوە و هەم هاوکات لەگەڵ تورکیا و ڕژێمی تازەی سوریا بجەنگێ! ئاشکرایە کە هەتا ئەگەر هەسەدە مەبەستیشی بێت ناتوانێ ئەم کارە بکات. بۆیە لەڕووی مەنتقەوە هەسەدە ناچارە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە و ئەو دەوڵەتانە بکات کە بتوانێ خۆی و دەسەڵاتەکەی بپارێزێ. بەڵام بەدەر لە خەسڵەتی بورژوازی و ناسیۆنالیستی هەسەدە، گرنگ ئەوەیە بە چ نرخێک ئەم کارە دەکات؟ من ئەگەر هاوڵاتیەکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بم، نەک بەشداری هەسەدە لە دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکو ئەوەم بۆ گرنگە کە ئەم هێزە بە چ نرخێک لەگەڵ ڕژێمی تازەی سوریا دەسازێ؟ ئەگەر بۆنمونە وەکو حزبەکانی بارزانی و تاڵەبانی مافەکانی ژنان هەڕاج بکات، بێگومان بەتوندی مەحکومە. ئەگەریش بەئەندازەی قورسایی خۆی، مافە مەدەنیەکانی خەڵک بەگشتی و ژنان بە تایبەتی بکاتە مەرجی ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی تازەی دیمەشق، بەدەر لە خەسڵەتە بورژوازی و ناسیۆنالیستیەکەی خودی ئەم کارە تەنانەت ئەتوانێ ئەرێنی بێت.

هەڵویستی هەسەدە بۆ ڕەتکردنەوەی دەستوری قەومی و ئیسلامی تازەی سوریا، بەدەر لە خەسڵەتی چینایەتی ئەم هێزە شایانی پشتیوانیە. ئەو هێزەی دژی ئەو دەستورە کۆنەپەرستە دەوەستێت گرنگ نیە بۆرژوازیە یان کرێکاری، هەڵویستەکەی شایانی پشتیوانیە. ئەگەر هەر دەسەڵاتێک لەجێگای هەسەدە بوایە ناچاربوو بۆ بردنەپێشی بەرنامەی خۆی لە دابینکردنی ئەمنیەت بۆ دانیشتوان و پێکەوەژیانی خەڵکی سەر بە قەومیەت و دین و مەزهەبە جیاوازەکان وبەرگری لە مافی ژنان و مافە مەدەنیەکانی خەڵك، بەجۆرێک لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی و دەوڵەتانی دەوروبەر مامەڵە بکات کە بتوانێ خۆی ڕاگرێت. چونکە ئاشکرایە ناتوانێ شەڕی هەموو ئەوانە بکات. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بە چ نرخێک و لەبەرامبەر چیدا چ سازشێک دەکات و تا کوێ دەڕوات؟دەبێ ببینیین و بزانیین هەسەدە چی دەکات؟

Check Also

کارەبای ٢٤ کاتژمێری و بازرگانەکانی کوردایەتی!

موحسین کەریم کێشەی کارەبا، وەکو چەندین کێشەی دیکە، لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا دەستی پێکرد. لەماوەی …