ئایندەی شەڕی غەززە

عوسمانی حاجی مارف

 هاوکاتی ڕاگرتنی شەڕی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل لەناکاو هێرشی ئاسمانیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە دەستپێکرد، زیاتر لە ٣٦٠ فەلەستینی کوژران، کە زیادبونی ژمارەی قوربانیەکان تائێستاش بەردەوامە.

ڕێکەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر، لە قۆناغی دووەمیدا نەچووە پێشەوە، بڕیاری  گەڕانەوە بۆ شەڕ لە دژی غەززە زیاتر بەهۆی کاریگەری سیاسەتی ناوخۆییەوە بووە، کە ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی و یەکگرتوویی هاوپەیمانیەکەی دەیقۆزێتەوە.

ناتانیاهۆ، بە سەرکەوتوویی ئیفادەی بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەی لەبەردەم دادگای ناوچەی تەلئەبیب دواخست، کە دەبوا وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە دەربارەی گەندەڵی لەسەری تۆمار کراون، هاوکات ئیتامار بن گڤیر وەزیری دەستلەکارکێشاوەی ئیسرائیل، بە دەستپێکردنەوەی شەڕی غەززە، مەرجەکانی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆشەڕ وەک هاوپەیمانیەکی ڕاستڕەو، کە ڕووبەڕووی قەیرانی ناوخۆ بووەتەوە، جێبەجێکرد.

داگیرکاریەکانی ئیسرائیل لەکاتی چوونە ناو قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەدا ئاگربەستی وەستان، هاوکات ناتانیاهۆ ڕەتیکردەوە کۆتایهاتنی شەڕەکە ڕابگەیەنێت، چونکە دەزانێت کە هەڕەشە لە بەردەوامیدان بە حکومەتەکەی دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی دادگایکردنی و دواتر زیندانیکردنی.

ئەم هێرشە بەرفراوانترین هێرشە لەدوای ڕێکەوتنی ئاگربەستەوە کە قۆناغی یەکەمی لە ١٩ ی ١ ی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، بەدوای ١٦ ڕۆژ لە داخستنی دەروازەکان و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هاوڵاتیانی غەززەدا هات، هاوکاتی ئەو هەموو هۆشداریە کە دەربارەی برسیەتی لە غەززە درا، بەڵام ئەو هێرشە هەر ئەنجامدرا.

هێرشەکان و گەڕانەوەی ناتانیاهۆ بۆ شەڕ بۆ سەر غەززە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل دوو هەفتەی نیگەرانکەری بەسەربرد لە بەرامبەر سیستەمی سیاسی خۆیدا، کە دەرگیر بە قەیرانە ناوخۆییەکانە لە بودجە و یاسای وەرگرتنی سەربازی، دەبێت تا کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ بودجەی دەوڵەت پەسەند بکات,،گەر بەپێچەوانەوە بێت ئیسرائیل بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئەگەر بودجە پەسەند بکرێت، ناتانیاهۆ دەتوانێت تا هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

لەلایەکی ترەوە لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەربارەی دورخستنەوەی ناتانیاهو لە پۆستەکەی گەراوەتەوە بۆ پێشەوە، هەرلەم بارەیەوە لەگەڵ سەرۆکی دادوەردا قەیرانێک پێشهاتووە، کە لەلایەن حکومەتەکەی ناتانیاهۆوە باوەرپێکراو نیەو دانی پێدانانێن.

هەروەها  پێشنیار هەیە کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ ڕووخاندنی حکومەت واژۆ بکەن، جگە لەوەش ئۆپۆزسیۆن بڕیاریان دابوو ناڕەزایەتی بەرفراوان ڕێکبخەن، کە لە سەرەتادا بڕیاربوو لە ڕۆژی چوارشەمە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥ دەست پێبکات.

حکومەتی ناتانیاهۆ بەمەبەست ڕێکەوتنی ئاگربەستی لە غەززە پێشێلکردووە، بە ڕەزامەندی ئەمریکا، چونکە نەیدەویست تەواوی ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات کە دوو مانگ لەمەوبەر پابەندی بووە.

٤٨ کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆی بودجە، ناتانیاهۆ گەڕانەوەی بۆ شەڕی غەززە ڕاگەیاند، ناچاربوو پارتەکەی بن گڤیر بهێنرێتەوە ناو هاوپەیمانیەکەوە بۆئەوەی حکومەتەکەی نەڕوخێت.

پارتەکەی بن گیڤیر پێشوازی لە گەڕانەوەی شەڕ بۆ سەر غەززە کرد و بە هەنگاوێکی دروستی زانی بۆ “لەناوبردنی حەماس و گەڕانەوەی بارمتەکان، دەڵێن نابێت حەماس قبوڵ بکرێت و دەبێت تێکبدرێت”.

ئەتوانین بڵێین کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی بەپەلە هەن کە بووە هۆی گەڕانەوەی هێرش بۆسەر غەززە، وەک گەڕانەوەی ئیتمار بن گڤیز و پارتەکەی بۆ ناو حکومەت، هێشتنەوەی بێزالێل سمۆتریچ* لە حکومەتدا، پەسەندکردنی بودجە و  لابردنی مەترسی دەستبەجێ لەسەر حکومەت، دواخستنی دادگایکردنەکەی و وەستاندنی ئیفادەی لە دادگا، هەوڵی بۆ دوورخستنەوەی داواکاری گشتی و ڕونین بار سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ، هەوڵی بۆ لادانی کارنامەی ڕاگەیاندن لە نێو ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت، هەروەها هەوڵ دەدات بە پاراستنی شەڕێکی هەمیشەیی لە چەند بەرەیەکدا تا مانەوەی ئەو ڕژێمە مسۆگەر بکات، جگە لەوەش، دواتر توانی ئیفادەکەی لەبەردەم دادگای ناوچەی قودس هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە شەڕی دژی غەززەی دەستپێکردەوە.

پێدەچێت شێرپەنجەی ململانێکان و شەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە بکات، هێشتا لە دۆخێکی گێژاوی ئەوپەڕیدایە و بە ئاسانی دانامرکێتەوەو کەم نابێتەوە، ناوچەکە لەناو دیمەنی ئاڵۆزیەکاندا نوقم کراوە.

ئەم دۆخەی غەززە و فەلەستین و کارەساتی گەورەی دژی ئینسانی، شکستی تەواوەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و تەواوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانی بۆرجوازیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێ و شەڕەکان و بێتوانایی لە وەستاندنی سووڕی نوێبوونەوەی بەرفراوانی خوێنڕشتن. ئەوەی ڕوودەدات تەنها ململانێیەکی سیاسی و مانۆڕی سەربازی نییە، بەڵکو ئەڵقەیەکی نوێیە لە سووڕێکی بەردەوامی دژی مرۆڤایەتی، کە شەڕەکان دەبنە خولگەیەکی دووبارەبوەوە کە تەنیا بە گۆڕانکاری بچووک لە سیناریۆ و پاڵەوانەکاندا خۆیان بەرهەمدەهێننەوە.

ئەوەی نمایشدەکرێت و دەیبینین تەنها بەڕێوەبردنی ناکۆکیەکانە، نەک هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن، کە لەسەر مێزی دانوسان و دیالۆگی لایەنەکان جێهێڵراوە، گەمارۆدان، پاشان پەرەسەندنی شەڕ، ئارامبوونەوەیەکی کاتی، پاشان گەڕانەوە بۆ شەڕ، هەر لایەنێکیان لە هەوڵی ئەوەدان موزایەدەکردن بەکاربهێنن، لەکاتێکدا ڕێژەی قوربانیەکان بەردەوام زیاترو زیاتر دەکات.

سەبارەت بە خەڵکی غەززە، هەرچەندە چیرۆکەکە لە ئەوانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام چیتر بەشێک نین لە هاوکێشەکە، کەس بیر لە خەڵکی غەززە ناکاتەوە کە پێداویستی و ژیان و خەونیان هەیە، هیچ ئاماژەیەک نیە کە غەززە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت. بەپێچەوانەوە، هەموو بارودۆخەکان پاڵدەنێن بەرەو تراژیدیاو کارەساتی زیاتر لە ئێستاو لە داهاتودا، بەردەوامی شەڕەکە دەبێتە هۆی خراپتربونی بارودۆخی ئابووری و مرۆیی، فەرامۆشکردن و گۆشەگیرکردنی کەرتی غەززە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا.

لەلایەکی تریشەوە حەماس بۆخۆی لە دۆخێکی تەواو ناکۆک و سەختدایە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشە توندوتیژەکانی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، کە دەیەوێت ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لەژێر هەڕەشەدا خێراتر بکات، ئەمەش دەبێتە خەسارەتێکی سیاسی گەورە بۆ بزووتنەوەی حەماس، یان گەر پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات، دەبێتە کردنەوەی دەرگایەک بۆ ناتانیاهۆ تا هەڕەشەکانی ئەنجام بدات و هەزاران هاوڵاتی تر ببنە قوربانی.

گەر بارمتەکانیش ئازاد بکرێن، هیچ شتێک ڕێگری ناکات لە ئیسڕائیل لە درێژەدان بە پلانە بنەڕەتیەکەی بۆ هێرشکردنە سەر غەززەو زیاتر وێرانکردن وئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەماس و نەهێشتنی سیستمی سیاسی و ئامێرە سەربازیەکەی، جێبەجێکردنی پلانێکە کە دوای جەنگ لەسەر بنەمای ڕێگریکردن لە هەر کاریگەریەکی حەماسە کە بەسەر حوکمڕانی غەززەدا هەیبێت، جا بە ئاشکرا بێت یان بە نهێنی.

سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتیەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بەڵام ناتانیاهۆ بەپشتیوانی هاوپەیمانە ئەمریکیەکەی دووپاتیکردەوە کە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان “پێویستە” بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکان. ئەگەر بارمتەکان لەژێر فشاری هێرشەکانی ئیسرائیلدا ئازاد بکرێن، ئیتر حەماس هیچ گەرەنتیەکی نامێنێت.

سەرکردەکانی ئیسرائیل پشتگیری لە نەمانی حەماس دەکەن وەک هێزێکی سەربازی و دەسەڵاتدار لە غەززە، لەکاتێکدا حەماس ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گۆڕینی شێوەی حکومەت لە غەززە لە قۆناغی دوای جەنگدا، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە چەکەکانی دابنێت، ئیسرائیلیش لێی قەبوڵ ناکات.

بەڕاستی و بەکورتی حەماس لە دۆخێکی تەواو ناکۆک و سەختدایە، جا بارمتەکان ئازاد بکات یان بیانهێڵێتەوە! ئەگەر بارمتەکان ئازاد بکات، هیچ شتێک نیە ڕێگری بکات لەوەی بکرێنە ئامانج، یان ئەگەر بیانهێڵێتەوە، پاساوێکە بۆ ناتانیاهۆ بۆ لێدانیان.

ناتانیاهۆ لە هێرشی بەردەوامی بۆ سەر غەززە سود لە قسە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە حەماس وەردەگرێت، هەروەها هەڕەشەی نەهێشتنی بارمتەکان لەبەرامبەر حەماسدا دەکات، تا شەرعیەتێک بۆ هێرشی توندوتیژی کە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بکوژێت، دەهێنێتەوە.

لەم نێوەشدا بە هیچ جۆرێک باسێک لەسەر ئایندە و چارەسەری کێشەی فەلەستین ناکرێت و لە ئارادا نیە، تەنها بەدوای رێگریکردن و وەستاندنی تەواوی هاوکاریە مرۆییەکانن بۆ دانیشتوانی غەززە، لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی ترەمپەوەن بۆ ئاوارەبوونی دانیشتوانی فەلەستین لە غەززەدا.

.——————————-

*بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان لە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل کرد، ئەگەر بێت و ناتانیاهو، ڕازیبێت بە پێشنیارەکەی جۆو بایدن، لە بارەی ئاگربەستی غەززەوە.

Check Also

پرسیارەکانی کۆمۆنیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی

سیروان حەمەڕەشید ئەوەی سەرەوە  ناونیشانی پەرتوکێکە لەفەڕەنسیەوە، لەلایەن ئازاد عەبدوڵاوە وەرگێردراوە بۆسەر زمانی کوردی ، …