ئەنفالی عەلەویەکان!

موحسین کەریم

ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەلایەن خودی چەکدارانی هەیئەی تەحریری شام(هەتەشە)ەوە بڵاودەکرێنەوە، کە چۆن هاوڵاتیانی مەدەنی سوری سەر بە تائیفەی عەلەوی، خوێنساردانە لەناو ماڵەکانی خۆیان دەردەهێنن، سوکایەتیان پێدەکەن و دواتریش کۆمەڵکوژیان دەکەن، کەولەپەلەکانیان تاڵان دەکەن و ئاگر لە ماڵەکانیان بەردەدەن ، ویژدانی هەر مرۆڤێك، کە یەك تۆسقاڵ ویژدانی مرۆڤایەتی تێدا بێت و لە بەها مرۆڤایەتیەکان دانەماڵرابێت، بەتووندی ئازار دەدات.

ئەگەرچی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی تیرۆریستانی هەتەشە ئەو تاوانانەی بە کاری فەردی هەندێ چەکدار ناوزەد کرد و گوایە لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریەکان، بەڵام ئەوەی رویدا، نەك کاری فەردی چەکدارە تیرۆریستەکان نەبوو، بەڵکو وەڵامدانەوە بوو بەو ” نەفیر عام”ەی ئەحمەد شەرع پێش لەو روداوانە، ئاراستەی هێزو گروپە تیرۆریستیەکانی لایەنگری خۆی و حکومەتە داعشیەکەی کردبوو بۆ پاکردنەوەی چەکدارە پاشماوەکانی ئەسەد لە ناوچە کەناردەریاییەکانی سوریا کە دانیشتوانەکەی زیاتر سەر بە تایفەی عەلەوین! چەکدارە تیرۆریستەکانیش بەناوی پاکردنەوەی چەکدارە یاخیبوەکانەوە دەستیان لە ژن ومناڵ و پیرو لاوی عەلەوی نەپاراست و بە دڵنیابوون لە بەرهەقبوونی کارەکەیان و بە شانازیشەوە ڤیدیۆی تاوانەکان و کۆمەڵکوژیەکانیان دەگرت و لەسەر سۆشیال میدیا بڵاویان دەکردەوە!

بەپێی ڕاگەیاندنی “ڕوانگەی سوري بۆ مافەکانی مرۆڤ” کە بنکەکەی لە بەریتانیایە،٨٤٠ هاوڵاتی مەدەنی عەلەوی، کە ژن و مناڵیشی تیدایە، بەپێی بەڵگەی تۆمارکراو، لەلایەن تیرۆریستانی ئەحمەد شەرعەوە کۆمەڵکوژکراون. سەرەڕای ئەوەش سەدان هاولاتی دیکە کۆمەڵکوژ کراون کە هێشتا بەڵگەکانیان تۆمارو پشتڕاست نەکراوەتەوە.

میدیا عەرەبیەکانی سەر بە سعودیەو قەتەر، کە دوو دەوڵەتن لەپشتی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعی تیرۆریستەوە ڕاوەستاون، بەتایبەتی کەناڵی جەزیرە، بێشەرمانە چاوی خۆیان لەئاست ئەو تاوانکاریانەدا نوقاندوەو باس لە سەرکەوتنەکانی سوپاکەی شەڕع دەکەن بەسەر پاشماوەکانی ئەسەد دا!

ئەحمەد شەرع و رێکخراوە تیرۆریستیەکەی، کە بەدەستگرتنی تورکیاو سعودیەو قەتەر، وە لە رێکەوتنێکی نیوان روسیاو تورکیاو ئێران و قەتەردا و بەرەزامەندی ئەمریکا، کورسی دەسەڵاتی سوریای پێشکەشکرا، بە داکەندنی جلوبەرگە جیهادیەکەی و لەبەرکردنی قات و بۆیبناخ، ئەرکی سەرکردایەتی دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەو ووڵاتە لەدووای روخانی دەسەلاتەکەی بەشار ئەسەدەوە پێسپێردرا. ئەمریکا کە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات بۆ سەری ئەحمەد شەرع( محمم جۆلانی) تەرخانکردبوو، ناڕاستەوخۆ کەوتە گفتوگۆکردن لەگەڵیدا. دەوڵەتانی ئەوروپا بە هەڵەداوان بەرەو دیداری سەرۆکی تازەی سوریا ریزیان بەست. دەوڵەتانی تورکیاو قەتەرو سعودیە بە پارەو ناردنی راوێژکاری سیاسی و ئیداری هەوڵیان دا جۆلانی جیهادی بکەنە پیاوی دەوڵەتداری و دیپلۆماسی! ئێستاش بەرامبەر بەو تاوانی کۆمەڵکوژیە، یان بە بێدەنگە لێکردن، پشتیوانی خۆیانی بۆ دەردەبڕن، یاخود بە سەرکۆنەکردنێکی شەرمنۆکانە داوا لە شەرع دەکەن لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریەکان بکات!

بەڵام دۆخی سوریا لەوە ئاڵۆزترە کە جۆلانی بتوانێ بە گۆڕینی ناوی خۆی و لەبەرکردنی قات و بۆینباخ و گۆڕینی ناوی هێزو گروپە تیرۆیستیەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی، بۆ سوپای یەکگرتووی سوریا و کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگریەکان و بە کۆکردنەوەی سەرکردەکانی چەند گروپی ئیسلامی تیرۆریست و ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی و کردنی خۆی بەسەرۆک کۆماری سوریا و…. تاد. ئەو دۆخە تێپەڕێنێت و جێگیری سیاسی و ئەمنی، بەپێی بەرنامەو ستراتیژی خۆی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، لە سوریادا بەرقەرار بکات. چەندین دەوڵەت، لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی، کە بەرژەوەندی جیاوازو ناکۆکیان هەیە، لوتیان ژەندۆتە ناو دۆخی سوریاوە و هەریەکەیان بە ئاراستەیەکدا ڕایدەکێشن.

ئێران، وەکو هێزێکی ناوچەیی کاریگەر، کە لە گۆڕانکاریەکانی سوریادا زەبری کوشندەی بەرکەوت، بەو ئاسانیە سوریا بۆ شەرع و هاوپەیمانەکانی جێناهێڵێت. ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لەنێوان چەکدارەکانی پاشماوەی بەشارد ئەسەد و هێزە ئیسلامیەکانی سەر بە حکومەتی شەرع لە رۆژانی رابردوودا ڕوویدا، سەرەتای ئەو ململانێ و روبەروبونەوەیە کە ئێران نەخشی گرنگی تێدا هەیە. ئەحمەد شەرع، لەڕێگای کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی سەر بە تایفەی عەلەویەوە، ئەو پەیامەی بۆ ئێران نارد کە هەرجۆرە هەوڵێك بۆ رێگری دروستکردن لەبەردەم ئەو ئەرکەی  پێیسپێرداوە، بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەداتەوە. هاوکات پەیامێکیشی بۆ هەموو ئەو گروپە سیاسی و چەکدارانە نارد کە لەدەرەوەی دەسەلاتەکەیدا ماونەتەوە، کە ئەگەر مل بە بڕیارەکانی نەدەن، ئەوا سڵ لە ئەنجامدانی تاوان و کۆمەڵکوژی ناکاتەوە بەناوی پاراستنی یەکپارچەیی سوریاو دەسەڵاتی یاساو سەقامگیری دەوڵەت! ئەو هێزەی کە لەپێش هەموانەوە پەیامەکەی وەرگرت، هەسەدە بوو لەرێگای سەرۆکەکەیەوە، مەزڵوم عەبدی، رێکەوتننامەیەکی لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا واژۆکرد بۆ تێكەڵکردنی سەرجەم دامەزراوە سەربازی و مەدەنیەکانی ناوچەکانی ژێردەسەلاتی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا و پشتیوانیکردنی حکومەت بۆ شەڕ دژی پاشماوەکانی ئەسەد!

 

 

Check Also

پرسیارەکانی کۆمۆنیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی

سیروان حەمەڕەشید ئەوەی سەرەوە  ناونیشانی پەرتوکێکە لەفەڕەنسیەوە، لەلایەن ئازاد عەبدوڵاوە وەرگێردراوە بۆسەر زمانی کوردی ، …