عوسمان محمد
رێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە کورد و سونە و شیعەوە لە سەر تێپڕاندنی ئەم یاسا پڕوپووچ و دواکەوتوانەیە، ئەچێتە قالبی مەهزەلەیەکی سیاسی مێژوویی بێوێنەوە، کۆمەڵگایەک 65 ساڵ پێش ئێستا توانیبێتی یاسایەک داڕێژێ کە بەشێک لە مافەکانی ئافرەت دەستەبەر بکات، دوای ئەو مێژووە بێت و 180 پلە بەرەو دواوە بگەڕێتەوە ئەبێ تووشی چی پەتایەک بووبێ کە ئەم هەموو پێشێلکاریەی پێ قبوڵ بکرێ، دوای ئەو هەموو گەشە و بەرەوپێشچوونەی کە لەو مێژووەدا لە هەموو مەیدانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕوویداوە، ئەوە دەردی پەرش و بڵاوی و ناڕێکخراوبوونە لە لایەن خەڵکە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکانەوە.
ڕەنگە تا ئێستا بەشێک لە خەڵک بڕوای بەوە هەبێت کە ئافرەت لە میرات شایەتیدا نیوەی مافی پیاوی هەبێت، بەڵام ئەوەی کە کچی 9 ساڵ بە شوو بدرێت، ئەوە هیچ ئینسانێک ئامادە نیە بەو ئەندام پەرلەمانەشەوە کە دەنگی بە یاساکەش داوە، کە کچی خۆی یان خوشکی خۆی لە 9 ساڵیدا بە شوو بدات.
با لەوە گەڕێین کە سات و سەودای ناو پەرلەمان وەک بازاڕی هەڕاجەکە ئاڵوگۆڕی پێوە کراوە.
بزانن تێپەڕاندنی ئەم یاسایە چی دەرهاوێشتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بە دوای خۆیدا دێنێت.
1: ئەگەر ئەم یاسایە سەرکەوتوو بێت ئەوە لە ماوەیەکە زەمەنی کورتدا ئافرەتی خوێندەوار نامێنێت ئەگەڕێینەوە چەرخەکانی ناوەڕاست.
2: کاتێ کە ئافرەت وەک کاڵا و کۆیلە مامەڵەی لەگەڵ کرا ئیتر لە باری ئابووریەوە هی ڕۆڵێکی لە کۆمەڵگادا نامێنێت.
3: لە باری سیاسیەوە، لە مەیدانی ململانێی سیاسیدا ئەکرێتە دەرەوە لە چوارچێوەی ماڵدا کۆت و زنجیر ئەکرێت و ئەبێتە کارەکەری پیاو.
4: ئەگەرچی نووکی ڕمی ئەم یاساییە ڕوو لە سنگی ئافرەتە بەڵام ڕیشەی کۆنەپەرستی ناوەڕۆکی ئەم یاساییە ڕووی لە هەموو مەیدانەکانی کۆمەڵگایە و مۆرکی خۆی ئەدا له هەموو بوارەکان.
وەک و لە سەرەوە باسمان کرد کە ئەمە وێنەی بازاڕی هەڕاجەکەیە و سات و سەودای پێوە کراوە لە نێوان هەر 3 لایەنەکەوە کە هەر لایەنە و بۆ مەرامی تایبەتی خۆێ بە کاری هێناوە :
1: بە نسبەت عەرەبی سوونەوە چەندین هەزار ئەندامیان لە زیندانەکانە بەم سات و سەودایە هەموویان لە زیندان ئازاد ئەکرێن.
2: بە نسبەت کوردەوە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی (مجلس قيادة الثورة) لە سەر ئەو زەویە کشتوکاڵیانەی کە هی کورد بوون کراوون بە ناوی عەرەبەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ جوتیارانی کورد ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ ئەحزابی دەسەڵاتدار.
هەردوو ئەم لایەنەش هاوتەریبن لەگەڵ شیعەدا کە بە درێژایی خەت کۆنەپەرستن و زەرەر و زیانەکانیشی ئەکەوێتە سەرشانی خەڵک.
ئەم یاسایە ئەوەش پەردەپۆش ئەکات، کە چەندین ساڵە مشتومڕی لە سەر ئەکرێت، کە منداڵی 9 ساڵ ئاساییە لاقە بکرێت، لە بەر ئەوەی ئیتر لاقە کردنی منداڵی 9 ساڵ ئەبێتە یاسا.
خەڵکی عێراق و کوردستان ئەبێ یەکگرتوانە و ڕێکخراو ڕووبەڕووی ئەم یاسایە ببنەوە، چوونکە ئەمە هێرشێکی تازەیە بۆ سەر ئازادی و مافە ئینسانیەکان کە بەرۆکی گشتی خەڵک ئەگرێتەوە.
کاتێک کە دڕندەیی ئینسان بگاتە ئەوەی کە بتوانێ منداڵێکی 9 ساڵ بخاتە پرۆسەی هاوسەرگیری، ئیتر دیارە لە باری سیاسیەوە چی بەربەریەتێک درووست ئەکات، ئەگەر بەری پێ نەگیرێت.