شەڕفرۆشتنی تورکیا بە کوردستانی سوریا!

موحسین کەریم

ڕاگەیاندنەکەی ئەردۆگان سەبارەت بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەوەی کە یان دەبێ چەکەکانیان ڕادەست بکەن یاخود لەگەڵ چەکەکانیاندا دەیاننێژین، جەوهەری فاشیزمی هەوسارپچڕاوی بۆرژوازی تورکی نیشان دەدات کە ئۆردوگان گوزراشتی لێدەکات! لە سەردەمێکدا کە مەنتقی هێزو ملهوڕی بووە بە سیاسەتی ڕاگەیەنراوی هێزە بۆرژواییە ئیمپریالیستی و لۆکاڵیەکان، ئیتر هیچ سەرپۆشێك پێویست نیە بۆئەوەی بۆرژوازی ماهیەتی درۆزنانەی دژە ئینسانی خۆی لەژێریدا بشارێتەوە! کوشتاری خەڵکی مەدەنی و مناڵ و ژن وەکو بەشێك لە سیاسەتی جەنگی و شکسیپێهنان و تەمێکردنی “دوژمن” و کاولکردنی ماڵوحاڵیان، باراندنی بۆمب و مووشەك بەسەر شارەکاندا، جڵەوشلکردن بۆ گروپ و دەستەو تاقمی بەکرێگیراوی ئیسلامی و نەتەوەپەرست و بەردانیان بۆ گیانی خەڵکی بێدیفاع و مەدەنی بووتە بەشێك لە ستراتیژی جەنگی بۆرژوازی لە دەورانێکدا کە هیچ بەهایەك بۆ ژیانی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش لە قاموسی سیاسی بۆرژوازیدا نەماوەتەوە. لە دەورانێکدا کە قەیرانی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و بێتوانایی بۆرژوازی و سیستەمەکەی لە بەرێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤی ئەم سەردەمەدا پووچی هەموو ئیدیعاکانی بۆرژوازی دەربارەی مافی مرۆڤ و ئازادی و ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و سەروەربوونی یاسا نێودەوڵەتیەکان بەشێوەیەکی روون و ڕەوان نیشانداوە، لە سەردەمێکدا کە ئیسرائیل کوشتنی بەکۆمەڵی مناڵی فەلەستینی وەکو مافی بەرگریکردن لە خۆی دەگرێتەبەرو لەلایەن ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژاواوە پشتیوانی لێدەکرێ، ئەو دەرفەتەش بۆ فاشیستێکی وەکو ئۆردوگان رەخساوە کە هەرەشەی کوشتاری خەڵکێك بکات لەو دیو سنورەکانیەوە کە گوایە مەترسیان بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ووڵاتەکەی دروست دەکەن!

ئۆردوگان و دەسەڵاتە نەتەوەپەرست و فاشیستەکەی، کە لەرێگای هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی ” سوپای نیشتمانی سوریا” و ” هەیئەی تەحریری شام” ەوە، کە لە دوای دەرپەڕاندنی بەشار ئەسەدەوە لەچوارچێوەی بەندوبەستێکی سیاسیدا لە نێوان جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکاندا، دەسەڵاتی سوریایان ڕادەستکرا، ئەو غرورەی لا دروست بووە کە دەتوانێ بڕیاردەری سەرەکی بێت لە دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا و دیاریکردنی نەخشەی ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لەو ولاتەدا، بۆیە وەکو خاوەنماڵ کەوتۆتە هەڕەشەکردن لە خەڵکی کوردستانی سوریاو هیزەکانی هەسەدە کە کۆنترۆڵی ناوچە کوردنشینەکان و باکوڕی رۆژهەڵاتی سوریایان بەدەستەوەیە. دەوڵەتی تورکیا کە خۆی پشتیوانی سەرەکی سیاسی- سەربازی و لۆجستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوو، کە خۆی پشتیوانی سەرەکی گروپە چەکداریە تیرۆریستیەکانی “سوپای نیشتمانی سوری” و ” هەیئەی تەحریری شام”ە ، شمشێری لەناوبردنی “تیرۆریستە کوردەکان” و “هەسەدە”ی هەڵکێشاوە! هەڕەشەی ناشتنی ئەو کەسانە دەکات کە دژی داعشی تیرۆریستی کۆنەدۆستی ئۆردوگان جەنگین و توانیان شکستیان پێبهێنن! هەڕەشە لەو هێزە دەکات کە دۆخێکی ئارامی بۆ خەڵکی ناوچەکە پێکهێناوە و بەرامبەر بە تیرۆریزمی ئیسلامی پاراستونی. بەپێچەوانەی دەسەڵات و سیاسەت و فەرهەنگی فاشیستی و شۆڤێنیستی ئۆردوگان و حزب و دەوڵەتەکەی، هەموو هاوڵاتیانی ژێر دەسەلاتەکەیان مافی هاوڵاتی یەکسانیان هەیەو کەس لەسەر بنەمای جیاوازی زمان و نەتەوەو دین و بیروباوەری ماف و ئازادیەکانی پێشێل ناکرێت.

ئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی کە لە تورکیا سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی کوردزمان پێشێڵ دەکەن و بەبیانووی جۆراوجۆرەوە هەڵسوڕاوانی سیاسی و ئەندام پەرلەمانە کوردەکان و… دەستگیرو زیندانی دەکەن، دەیەوێ ئەو دەرفەتەی لە کەوتنی بەشار ئەسەد بەدەستی هێناوە لەدژی هاوڵاتیانی کوردزمانی سوریاش بیقۆزێتەوەو ئەو خەڵکەی کە جۆرێك لە ئازادی و ئیرادەی سیاسی خۆیان بەدەستهێناوە، دوبارە بخاتەوە ژێرچەپۆکی سەرکوت و داپڵۆسین و بێمافی.

بانگەشەکان و پیلان و جەنگخوازی تورکیا دژی هێزەکانی هەسەدە و خەڵکی کوردستانی سوریا هیچ ڕەوایەتیەکی نیەو بیانووەکانی بۆ دژایەتی تیرۆر لەڕوانگەی بەشەریەتی ئازادیخواز و ئینساندۆستەوە بایەخی پووشێکی نیە. خەڵكی کوردستانی سوریا مافی خۆیانە بەرگری لە ماف و ئازادیەکان و بڕیاری سیاسی خۆیان بکەن دژی هەرجۆرە دەستدرێژیەکی تورکیا و  دەبێت لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازەوە پشتیوانی بکرێن.

Check Also

ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟

عوسمانی حاجی مارف ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، “کابینەی دەیەم”، درێژ و دڕکاوی و …