ئێوارە کۆڕێك بۆ موحسین کەریم ئەندامی کۆمیتەی ڕابەری رێکخراوی دەرەوەی حزب لە سوید

ئێوارە کۆڕێك بۆ موحسین کەریم ئەندامی کۆمیتەی ڕابەری رێکخراوی دەرەوەی حزب لە سوید

رۆژی ٢١ی ١٢ کۆمیتەی رێکخستنی حزب لە سوید ئێوارە کۆڕێکیان بۆ موحسین کەریم، ئەندامی کۆمیتەی ڕابەری رێکخراوی دەرەوەی حزب سازدا لەژێر ناونیشانی “کێشمەکێشە سیاسی و سەربازیەکانی ناوچەکەو کاریگەری لەسەر عێراق و کوردستان”. ئێوارەکۆڕەکە بە بەشداری ژمارەیەك هاورێ و دۆستی حزب لە ستوکهۆڵم بەڕێوەچوو، هاوکات بەشێوەی ڕاستەوخۆش لەسەر پەیجی رێکخراوی دەرەوەی حزب پەخشکرا.

موحسین کەریم سەرەتا ئاماژەی بە کاریگەری فاکتەرە جیهانیەکان و ململانێی نێوان جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان لەسەر روداوەکانی ناوچەکە کرد، بەهۆی ئەو پێگە گرنگە سیاسی و ئابوریەی کە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیەتی لە دابەشکاری بازار و ناوچەکانی نفوزدا لەنێوان ئەو هێزو جەمسەرانەدا. پاشان سەبارەت بە دوا گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی دوای روداوی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و کاردانەوەکانی ئیسرائیل و تاوانەکانی لە غەززەو هێرشی بۆسەر لوبنان و .. قسەوباسی کرد. دواتر ئاماژەی بە روداوەکانی سوریاو پرۆسەی روخانی رژێمی ئەسەد و دەوری هێزە جیهانی و ناوچەییەکان لەو پرۆسەیەدا کرد. باسی لەوە کرد کە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات نفوزی لە سوریا و ناوچەکەدا بەهێز بکاتەوە، دوای ئەوەی کە پاشەکشەیەکی بەسەردا سەپێنرابوو. هەروەها باسی لەوە کرد کە تورکیا وەکو هێزێکی ناوچەیی، بەپێچەوانەی پێشوەوە کە ئێران هێزی کاریگەری ناوچەیی بوو لە سوریا و لوبنان، دەستی باڵای بەسەر روداوەکانی سوریادا هەیە، بەهۆی پشتیوانی و هاوکاری سەربازی و سیاسی بۆ ئەو هێزە ئیسلامیانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتی سیاسی سوریادا دەوری کاریگەریان هەیە. هەروەها باسی لەوە کرد کە سەرەنجام هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و هێزە ئیسلامیە سەرکەوتوەکان خەریکن کە سیناریۆیەکی تاریك بۆ خەڵکی سوریادا دابڕێژن و لەجێگای دەسەڵاتی دڕندانەی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتێکی ئیسلامی پرۆ رۆژاوایی نزیك لە تورکیا بەناوی شۆڕشەوە بە خەڵکی سوریا بفرۆشن!

لەناو باسەکەیدا موحسین کەریم باسی لەوە کرد کە ئەم سیناریۆیەی بۆ خەڵکی سوریایان رێکخستوە ئەگەری ئەوە بەهێزدەکات کە بەرەو جەنگی ناوخۆ و شڵەژانی ئەمنی و سەربازی و سیاسی لە ناوچەکەدا بەتایبەتی عێراق و کوردستان بڕوات! ئاماژەی بەوەش کرد کە لەناو ئەم سیناریۆ تاریکەدا، دەنگێکی دیکە کە نوێنەرایەتی ئاوات و ئومێدە ئینسانیەکانی خەڵكی سوریا دەکات، چەکەرەی کردوەو خۆپیشاندانەکانی خەڵکی دیمەشق کە بەڕاشکاوی رایانگەیاند دژی حکومەتی دینی و قەومی و دژی زەوتکردنی مافەکانی ژنان و سەپاندنی دەسەلاتی ئیسلامین بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکدا، وەکو تروسکاییەکی جێگائومێد ناوزەدکرد کە دەبێ لەلایەن سەرجەم هێزە سۆشیالیست و کرێکاری و ئازادیخوازەکانەوە پشتیوانی بکرێ. هاوکات باسی لەوە کرد کە دەبێ ئامادەکاری بکرێ بۆ روبەرووبونەوەی ئەو هەوڵانەی کە عێراق و کوردستان ڕادەکێشیتە ناو کێشمەکێش و ململانێی سەربازی و ئەمنیەوە لەچوارچێوەی فشارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ پاشەکشەی زیاتر بەسەر ئێران و هێزە میلیشیاکانی لە عێراقدا. هەروەها باسی لەوەکرد کە دەبێ هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوەی کوردستان ئامادەسازی بکەین بۆ هاوکاری خەڵکی سوریا و ئەو کەسانەی کە روبەرووی ئاوارەبوون دەبنەوە بەهۆی ئەو دۆخە تازەیەی لە سوریادا هاتۆتەپێشەوە.

لە پەیوەند بە پرسی کورد و مەسەلەی ناوچە کوردنیشینەکانی سوریاو هێزەکانی هەسەدەوە و جێگاوپێگەیان لە سوریای دوای روخانی ئەسەد، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ لەناوبردنی ئەو هێزانەو کۆتاییهێنان بە دۆخی ناوچەکەو سەپاندنی سیاسەتی شۆڤێنیستی و کۆنەپەرستانەی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا لەرێگای هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە لەناو سوریادا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کێشەیە سەرەنجام لەنێوان بەرژەوەندی ئەمریکاو تورکیادا یەکلادەبێتەوە، کە رەنگە بە قازانجی خەڵکی ئەو ناوچانەو بەتایبەتی پرسی کورد لە سوریا نەشکێتەوە، چونکە ئەمریکا بەرژەوەندی درێژماوەو ستراتیژی لەگەڵ تورکیادا هەیە و هاوکاری و پشتیوانیەکانی بۆ هەسەدە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە تاکتیکیەکانی ئەمریکادا جێگایان هەیە…هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرجۆرە هێرشێکی سەربازی تورکیاو میلیشیاکانی بۆ سەر ئەو ناوچانەو تێکدانی دۆخی ژیان و ئاسایشی خەڵك مایەی سەرکۆنەکردن و دژوەستانەوەیە و دەبێ ئازادیی بڕیاری سیاسی لەدەستی دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا بێت ….

 

Check Also

ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟

عوسمانی حاجی مارف ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، “کابینەی دەیەم”، درێژ و دڕکاوی و …