-
ئامادەبوانی خۆشەویست
هاورێیان و دۆستانی مامۆستا شێرزاد فاتح
هاوسەر و مناڵانی هاورێی ئازیز مامۆستا شیرزاد!
سەرەتا بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان لەسەر گڵکۆی هاورێ ئازیز و خۆشەویستمان مامۆستا شێرزاد فاتح و رێزنان لە ژیان و خەبات و تێکۆشانی ئەو هاورێ تێکۆشەر و مرۆڤدۆستەمان.
ئازیزان ئێمە ئەمڕۆ کە لێرە کۆبووینەتەوە، دەمانەوێ خۆشەویستی و سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ هەوڵ و ماندبوونی ئەو ئینسانە مرۆڤ دۆست و شۆرشگیرە نیشان بدەین کە ئەرکی سەرەکی خۆی لەژیاندا بۆ ئەوە دانابوو کە ئەم دنیا سەرەوخوار و نایەکسان و پڕ لە ستەم و زوڵمە بەجۆرێك رێكبخرێتەوە کە لەگەڵ ژیانێکی شادو ئازاد و یەکسان بۆ هەموو ئینسانەکان هاوجووت و تەبا بێت. هیچ کەسێك لەژێر هیچ ناو باینوویەکدا ستەمی لێ نەکرێ.. مافەکانی پێشێڵ نەکرێ.. لە ئازادی بێبەش نەکرێ… موحتاجی ئەوە نەبی کە چەندە پارەی هەبێت ئەوەندە بتوانێ لە ژیان و خۆشیەکانی ژیان بەهرەمەند بێت……
مامۆستا شیرزاد کۆمۆنیستیکی پەیگیر و بڕوای تەواوی بەکۆمۆنیزم، بەئازادی و یەکسانی بوو.. سیمایەکی کۆمەلایەتی مۆدرین و راستگۆ بوو بەمانای ووشە…ئەو لەو کۆمۆنیستانە سەرسەختانە بوو کە دەیویست فەرهەنگی خەڵک بگورێت.. ئەو تەقلیدە دواکەوتوانە بگۆریت و بباتە دواوە کەدژی منالان و مافەکانیان بوو، ئەو یاسایانە هەڵوەشێتەوە کە مافەکانی مناڵان پێشێل دەکات و لەژیانی مناڵانەیان بێبەشیان دەکات.. ئەو دەیوت و هەوڵی بۆ ئەوە دەدا کە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکا ی مناڵان خەبات بکرێ و کۆمەڵگای بۆ سازبدرێت. ئەو خەباتی بۆئەوە دەکرد کە مندالان لەژیانیکی شاد و داهینەرانە بەهرەمەند بن.. نابیت گەشبینی و ئومیدی منالان لەژێر هیچ تایتڵ و ناوێکدا تێکبدرێت. بە خوارفەی دینی و نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی مێشکیان بشێوێنرێت، چونکە ئەو باوەری وابوو ئەم سیستە کۆمەلایەتیەو ئابووریەی جیهان کە بنەماکەی پاراستنی قازانجە بۆ کەمایەتیەک، یەکێك لە ئامرازەکانی هێشتنەوەی ئەم جیاوازی و نایەکسانی و بێمافیە لەسەر کۆمەڵگای ئینسانی، بێمافکردن و ستەمکردنە لە مناڵان و تێکدانی مێشکو هۆشیانە بە خورافەی ئاینی و مەزهەبی و ناسیۆنالیستی و لیبراڵی و تاد….ئەو باوەری بە گۆرینی ئەم سیستە زالمانەی سەرمایەداری هەبوو..دەیزانی منالان قوربانی بێمافی و چەوسانەوەی ئەم سیستەمەن. هەربۆیە تا لەژیاندا بوو بەدژی ئەوە بوو کە منالان بخرینە ناو بزوتنەوە سیاسی و ئاینیەکانەوە.. بنەمای فکری ئەو گۆرینی جیهان و هینانە ئارای نەوەیەکی نۆی بوو بۆ کۆمەڵگایەك کە ئازادی و یەکسانی و بەختەوەری تیا بەدی بێت.
بە ئاوردانەوەیەکی خیرا لە جیهانی ئەمرۆ، بۆمان دەردەکەوێ کە هیچکاتیک هیندەی ئیستا بۆرژوازی روخساری جیهانی شارستانی و بەناو ئازاد و بەها ئینسانیەکان و مافی ژیان و مرۆڤدۆستی لەپێشچاوی جیهان قێزەون پیشان نەداوە. ئەو تاوان و بەربەریەت و ئینساکوژیەی ئیستا کە لە غەززە تا لوبنان و ئوکرانیا… بەڕێکەوتوە، ئەنجامدانی جینوسایدو کۆمەلکوژی ژنان و منالان..کردنی کۆمەلگە بەگورستانی بەکۆمەڵ.. هەموو سنوریکی درەندەیی و تاوان، دارمانی ئایدولۆژیاو و سیاسی بۆرژوازی و سەرمایەداری تیپەراندوە ….
دنیای ئەمرۆ قەرزاری کەسانی وەکو مامۆستا شیرزادە کە لەناو ئەم تاوان و کوشتار و بێمافکردنەدا، کە قوربانیەکانی بەشێكی بەرچاوی مناڵانە، بۆ بەرگری لە مناڵان و مافەکانی و لەژیان و سەلامەتی مناڵان، ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن..مامۆستا شێرزاد فاتح هەڵگری خەمی گەورەبوو ئەوئەندامی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێێراق و دواتریش ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان بوو باوەری بەوە بوو کە چینی کرێکار بەحزبی سیاسی دەتوانیێت شەری سەروماڵی خۆی لەگەڵ بورجوازی بکات.
مامۆستا شێرزاد لەسەرەتای نەوەتەکانەوە تا ئەو ساتەی کە ماڵاوایی لە ژیان کرد، لەگەل هاوکارەکانی لە کوردستان سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منالانی کوردستانی دامەزراند…بەرامبەر بە بێمافی و ستەمکیشی منالان سەرسەختانە راوەستایەوە، دژ بەلیدانی منالان لە قوتابخانەکان ، خستەبەرکاری منالان، بۆ بەهانەوەچوونی ژنان و منالانی ئاوارەکان لەگەل ئیمە لەگروپی هانادا پەیگیرانە راوەستاو سەنگەرێکی پۆلاینی دامەزراند ..دواتریش لەدوای رووخانی رژیمی بەعس روویکردە بەغدا و بۆ بەهاناوەچوون و رزگارکردنی منالان دەیان کەمپەینی بۆ هاوکاری و پشتیوانی لە منالانی عیراق بەریخست.. بەهەق لەدەستدانی ئەو هاورێ ئازیزەمان خەسارەتیکی گەورە بوو، نەک تەنها لە کۆمەڵگاو لە ئێمە هاورێیانی و لە مناڵە بێنازەکانی کوردستان و عێراق ..بەڵکو لە یاڤلە، لەم شارە کە هاوری شیرزاد خەڵاتی ساڵانەی چالاکترین کەسایەتی تیا وەرگرت.
لەکۆتایید ..شانازی بەخۆم و حیزبەکەمەوە دەکەم کە کەسایەتی مرۆڤدۆستی وەک مامۆستا شیرزادی تیا بەرجەستە بوو..مامۆستا شیزاد لەناواماندا نیە بەجەستە بەلام ئەزمونی ئەو ، منالدۆستی ئەو، میهرەبانی و خەمخۆری ئەو بۆ مناڵا بۆ مرۆڤی چەوساوە، بۆ هەمیشە عەزم و ئیرادەیە بۆ ئیمە…گەورەترین ریزلینان لە مامۆستا شیرزاد ئەوەیە کە ئیمەش بۆ تەحقیقی ئەو ئامانجانەی ئەو لەمەیداندا بین. درێژەپێدەری ڕێبازو ئامانجەکەی بین .. هەربۆیە ناو و خەبات و هەوڵەکانی لەپێناو مرۆڤایەتی و مافەکانی مناڵاندا بەدریژایی سەردەمەکان دەمینیتەوە…بەرزو بەریز بێت یادی هاوری ئازیزمان مامۆستا شیرزاد
ئێوەش سەربەرزو سەرکەوتووبن…
Check Also
ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟
عوسمانی حاجی مارف ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، “کابینەی دەیەم”، درێژ و دڕکاوی و …