توانا محمد نوری
ڕووداوەکانی سووریا تەنها یەکێکە لە چەندین پێشهاتی سیاسی لە ناوچەکە. ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو بکەین، پێشهاتە ناوخۆییەکانی سووریا تازە دەستی پێکردووە. سەرەڕای هەوڵی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان و حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە کە پشتیوانیان لێدەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بە سوودی گروپی “دەستەی ڕزگاری شام” و تورکیا و قەتەر، ڕووخانی بەشار ئەسەد بووەتە خاڵی دووبارە سەرهەڵدانی بزووتنەوە جەماوەرییە ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازەکان لە سووریا. خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ داکۆکی لە ئازادییە سیاسییەکان و مافەکانی ژنان لە ئێستاوە دەستیپێکردووە.
هەر لەیەکەم ڕۆژی ڕووخانی بەشار ئەسەد و پێشڕەوی ئیسلامیەکان، دیاربوو کە سووریا ناتوانرێت لەلایەن ڕژێمێکی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاستەوە ئیدارەبکرێت. هۆکارەکەشی ڕوونە. پێش هەموو شتێک، هەمەجۆری ناوازەی نەتەوەیی و تائیفی و ئایینی وڵاتێکی بچووک کە ٢٠ ملیۆن کەسی تێدایە، ڕێگری دەکات لەڕێکخراوێکی ئایینی کە پابەندە بە تەریقەتێکی دیاریکراوی سوننەوە، لە سەپاندنی ئایدۆلۆژیا و حکومەتێکی سیاسی دیاریکراو بەسەر خەڵکدا. هەروەها سووریا نەریتێکی عەلمانی هەیە، کە بەتایبەتی لەماوەی حوکمڕانی حیزبی بەعس لە ٦٠ ساڵی ڕابووردوو بەهێزتر بووە. هەروەها سووریا لەڕیزی پێشکەوتووترین وڵاتانی عەرەبیە لە ناوچەکە. بۆیە کاتێک خەڵک ڕوویان لە شۆڕشی ٢٠١١دا کرد دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد، دەستپێشخەرییەکی جەماوەر بوو بۆ گۆڕینی نەزمی حوکمڕانی، هیچ باسێکیش لەسەر ئیسلام و گروپە ئیسلامییەکان نەدەکرا.
پێشئەوەی گرووپە ئیسلامییەکان پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن، گەلی سووریا ڕوویان لە مەیدانی خەباتی ڕاستەوخۆکردووە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی کانونی یەکەم لە بەشێک لە شارەکانی سووریا خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەری دەستیپێکرد، هەزاران کەس لە “گۆڕەپانی ئومەوی”ی دیمەشق کۆبوونەوە و داوای حکومەتێکیان بە بەشداری ژنان کرد. ئەوان دروشمیان دەوتەوە: “دین هی خودایە و نیشتمان هی هەموو کەسێکە”. “مافی ژنان جێگای گفتوگۆ نییە”. خۆپیشاندەران لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانیاندا دروشمیان هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو “دیموکراسی نەک تیۆکراسی”، “جگە لە حکومەتێکی عەلمانی و دیموکراسی هیچ حکومەتێکی تر قبوڵ ناکەین”. هەروەها گۆڕەپانی “شێخ زاهر” لە لازقییە شایەتحاڵی کۆبوونەوەی گشتی بووە و ناڕەزایەتییەکان بە داواکاری هاوشێوە بوو.
بانگەوازی زۆر لەلایەن ژنانی سووریاوە بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە گۆڕەپانە گشتییەکان بڵاوکرایەوە. چالاکوانانی سووری لە شاری حومس خۆپیشاندانێکی گەورەیان ڕێکخست و دروشمی پشتیوانی لە ژنان و مافە مەدەنییەکانیان بەرزکردەوە. گروپ و ڕێکخراوە سیاسییەکان کە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا گەشەیان کرد، دیسانەوە چالاکن و پشتیوانیان لە خەباتی ژنان کرد. لەلایەکی ترەوە، فراکسیۆنە کوردییەکان بەرەیەکی چەکداری ڕێکخراو و بەهێزیان بنیاتناوە کە دژایەتی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات.
دیارە کێبڕکێ و ململانێ ناوخۆییەکان و هەژاری و برسێتی و ئاوارەیی لەگەڵ گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دۆخی ئابووری خەڵکی سووریای چەندقات قورستر کردووە. لەلایەکەوە تورکیا و قەتەر پشتگیری لە گروپە ئیسلامیەکان دەکەن، بەتایبەتی ئیخوانەکان. لەبەردەمیاندا میسر و ئوردن و ئیمارات و تەنانەت سعودیە وەستاون، کە هەموویان بەتوندی دژی کۆنترۆڵی ئیخوانن و پشتگیری لە گروپە نزیکەکانی خۆیان دەکەن. لە بارودوخێکی بەوجۆرەدا، هەرچەندە تورکیا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە پاڵپشتیکردنی گروپە ئیسلامییەکان بۆ ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەڵام لەبەردەم بەرەی وڵاتانی عەرەبی کە لە هەر حاڵەتێکدا سووریا بە وڵاتێکی سەر بە جیهانی عەرەبی دەزانن، ناتوانێت سیاسەتەکەی بەوشێوەیەی کە دەیەوێت بە دەستێکی کراوە جێبەجێ بکات. دیارە ئیسرائیل، ڕووسیا و تەنانەت کۆنە بەعسیەکانیش هێشتا نەچونەتە دەەرەوەی بازنەکە.
هەرچەندە هەندێ گروپ کە ئاراستەی جۆراوجۆریان هەبوو، لەوانە گروپە ئایینیەکان و ئیخوان موسلیمین، لە هەندێک شوێنی سووریا بە یارمەتی دەرەکی دەسەڵاتیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، توانای ئیسلامیەکان بۆئەوەی ببنە هێزێکی باڵادەست بەهۆی هێز و ناوبانگ و پێگەی خۆیان لەنێو خەڵکدا نەبووە، بەڵکو ئەنجامی پشتیوانی دارایی و سەربازی هێزە هەرێمیەکان بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکانیان و فراوانکردنی بواری نفووزیان کە بووە هۆی پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی سووریا.