خۆپیشاندانی خەڵکی ئازادیخوازی سوریا تروسکاییەك لەناو سیناریۆی کۆنەپەرستانەی باڵەکانی بۆرواژیدا!

ئەمڕۆ ٢٠ی دێسەمبەر، هەزاران ژن و پیاوی ئازادیخواز لە گۆڕەپانی ئەمەوییەکان لەسەر بانگەوازی “کۆمەڵەی لاوانی مەدەنی” لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆبونەوەو خوازیاری دەوڵەتێکی عەلمانی و مەدەنی بوون کە مافەکانی ژنان و مناڵ و سەرجەم هاوڵاتیانی سوریا دەستبەربکات. خۆپیشاندەران خوازیاری ئەوەی بوون کە سەرجەم هاوڵاتیانی سوریا بەدەر لە پێناسەی نەتەوەیی و دینیان مافەکانیان لە سوریای داهاتوودا پارێزراو بێت. خۆپیشاندەراب بەدەنگێکی دلێرەوە لەدژی سەپاندنی دەسەڵاتی دین و گروپە چەکدارە ئیسلامیەکان ڕایانگەیان کە دەبێ سوریا بۆ هاوڵاتیانی سوریا بێت و کەس پەراوێزنەخرێ.

بێگومان ئەم دەنگە لەناو ئەو فەزا جەنگی و ئەو سیناریۆ تاریکەدا کە دەوڵەتانی سەرمایەداری ناوچەکەو هێزە ئیمپریالیستەکان بۆ ئایندەی ژیانی خەڵکی سوریایان چنیویانە، دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی سوریایە کە زیاتر لە یەك دەیە لەمەوبەر لەیەکەم چەخماخەی شۆڕشێکی جەماوەریدا دژی دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دڕندەکەی بەشار ئەسەد، پێینایە مەیدانی شەقامی شارەکانەوە، بەڵام لەلایەن دەزگا سەرکوتگەر و وەحشیەکانی ئەسەدەوە سەرکوتکراو لەلایەن هێزە ئیسلامیەکان و بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە، گۆڕدرا بۆ شەڕێکی ناوخۆیی کە سەدان هەزاری لە هاوڵاتیانی مەدەنی کردە قوربانی و چەندین ملیۆنی ئاوارە و دەربەدەر کرد….

ئەم دەنگە، دەنگی کپکراوی شۆڕشی ڕاستەقینەی سوریایە،  دەنگی ئەو ئینسانانەیە کە وێڵی ئازادی و یەکسانین و لەم گێژاوەی ئێستای سوریادا، جارێکی دیکە خۆی نمایش دەکاتەوە و دەیەوێ ئایندەیەکی ئینسانی بخاتە بەردەم کۆمەڵگای سوریا. ئەمە ئەو دەنگەیە کە دەیەوێ بە خەڵکی جیهان و بە هێزو دەوڵەتە بۆرژواییەکان بڵێ کەئەوە هەر  ئێوە، دەوڵەتانی ناوچەکەو هێزە ئیمپریالیستەکان و هێزە ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانتان نین کە ئایندەی سیاسی ئێمە دەست نیشان دەکەن، بەڵکو ئەوە خەڵکی سوریایە کە لە دەرەوەی سیناریۆی تاریک و دڕندانەی ئێوەوە دەیەوێ ئایندەیەکی ئینسانی بخاتەبەردەم هەموو دانیشتوانی سوریا، بە ژن و پیاوەوە، بەدەر لە هەر پێناسەیەکەی درۆزنانەی نەتەوەیی و دینی تایفی و …

ئەم بزوتنەیەوەیە تروسکاییەکی ئومێدە بۆ هەر بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی لەناوچەکە و سوریا. بەهێزکردنی ئەم دەنگ و بزوتنەوەیە دەتوانێ ئایندەیەکی دیکە و پێچەوانەی سیناریۆکانی بۆرژوازی بۆ خەڵکی سوریا و ناوچەکەش فەراهەم بکات. ئەرکی هەر هێزێکی سیاسی شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ و ئینساندۆستی سوریایە کە لەپشتی ئەم دەنگ و بزوتنەوەیەوە بوەستێ و بە‌هێزی بکات. ئەرکی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی ناوچەکەو دنیایە کەپشتیوانی لەم دەنگ و بزوتنەوەیە بکات و بەهەموو رێگایەکی مومکین بیپارێزێ و بەهێزی بکەن.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان خۆمان بە بەشێك لەو بزوتنەوە ئازادیخوازو مەدەنیەی خەڵکی سوریا دەزانین و بەهەموو تواناوە پشتیوانی دەکەین.  وەستانەوە لەپاڵ چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و چەپ و ئازادیخوازی سوریا بە یەکێك لە ئەرکە سەرەکیەکانی ئەم دەورەیەی خۆمان دەزانین. دەبێ سیناریۆکانی بۆرژوازی دژی خەلكی سوریا بە شکست بکێشین.. “گێرانەوەی ئاسایش، نان و خزمەتگوازی، حکومەت و دەسەڵاتێکی مەدەنی و عیلمانی، بەرقەراربوونی ئازادی سیاسی بێقیەدومەرج و یەکسانی ژن و پیاو سەرەکیترین خواست و پێداویستی ئەم دەورەیەی کۆمەڵگەی سوریایە، کە دەتوانێت ئیرادەی سیاسی و ژیان و یاساو مافی هاوڵاتی بوون بۆ جەماوەری سوریا بگێرێتەوە و کۆتایی بەدەستێوەردانی دەرەکی بهێنێت.

بژی ئیرادەی راستەوخۆی جەماوەری…

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کورددستان

٢٠/١٢/٢٠٢٤

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …