موحسین کەریم
دوای تەنها ١٠ رۆژ لە دەستپێکردنەوەی هێرشە چەکداریەکانی گروپە ئیسلامیە چەکدارەکانی سوریا، شاربەدوای شار، بەبێ بەرگریەکی ئەوتۆ لەلایەن سوپای سوریاو هێزە چەکداریەکانی بەشار ئەسەدەوە، سەرەنجام دەسەڵاتی ئەسەد کەوت و بەشار ئەسەد بەنهێنی سوریای بەجێهێشت بەرەو روسیاو لەلایەن پۆتینەوە مافی پەنابەری پێدرا. بەوجۆرە دیمەشق کەوتە دەستی هێزەکانی” دەستەی رزگاری شام- هیئە تحریر الشام”!
رۆژێك پێش کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد لەرۆژی ٨ ی دێسمەبەردا، لە “دۆحە”، کۆبونەوەی نێوان روسیا و تورکیاو ئێران ئەنجام درا. ئەگەرچی نهێنیەکانی ناو ئەو کۆبونەوەیە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام رووداوەکانی دوایی بەڕووی ئەوە دەردەخات کە لەو کۆبونەوەیەدا رێکەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە بەشار ئەسەد سوریا جێبهێڵێت و لەلایەن ڕوسیاوە مافی پەنابەری پێبدرێت، بەرامبەر بە بەڵێنی تورکیا بە فەرمانکردن بە گروپە ئیسلامیەکانی ( دەستەی رزگاری شام) و ( سوپای نیشتمانی سوری) کە سەر بە تورکیان یان لەلایەن تورکیاوە هاوکاری و پشتیوانی سەربازی و لۆجستیکی دەکرێن، بەرامبەر بە پاراستنی هەردوو بنکەی سەربازی ڕوسیا لە سوریا، لەگەڵ هێشتنەوەی پەیکەری دەسەڵاتی پێشوو و دەستنەبردن بۆ دەزگاو دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێکەوەکارکردن لەگەڵ دەستەی رزگاری شام و باقی گروپە ئیسلامیەکانی نزیکی تورکیا لە قۆناغی “گواستنەوە”دا! کۆبونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی رژێمەکەی ئەسەد( محمد جەلالی) و سەرۆکی هەیئەی رزگاریی شام ( احمد شەرع- ناسراو بە محمد جولانی) ئەم رێکەوتنە پشتڕاست دەکاتەوە. بەڵام دەربارەی دەورونەخشی ئێران لە سوریای تازەدا، ئێران بەناچاری ئەوەی قبوڵکردوە کە ئەو نەخشەی جارانی نابێت لە سوریادا، دوای ئەو زەبرانەی بەر لقوباڵەکانی لە لوبنان و سوریا کەوت!
لەلایەکی دیکەوە، ئەگەرچی ئەمریکاو ئیسرائیل لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە نەبوون کە چارەنوسی رژێمی ئەسەدی یەکلاکردەوە، بەڵام شکستی دەسەلاتی ئەسەد، ڕاستەوخۆ لەبەرژەوەندی ئەوانیش دەشکێتەوە. لەکاتێکدا تورکیا بەهۆی دەوری گروپە ئییسلامیەکانەوە کە کۆنترۆڵی سوریایان کردوە، دەورێکی کاریگەری دەبێت لەئێستا و داهاتوی سیاسی سوریادا، وەکو هێزێکی ناوچەیی جێگەی ئێران لە سوریا دەگرێتەوە، بەڵام لاوازبوون و بێکاریگەربوونی نەخشی سیاسی و سەربازی ئێران و حزبوڵلای لوبنانی لە سوریادا، کۆمەك بەجێبەجێبوونی بەرژەوەندیە سیاسی– سەربازی و ئەمنیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دەکات. لاوازکردنی نەخشی ئێران لە فەلەستین، لوبنان و ئێستاش سوریا، بەشێکە لە عەمەلیبوونەوەی ستراتیژی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ پەڕوباڵکردنی ئێران لە ناوچەکەدا و لەسەر سنورەکانی ئیسرائیلدا. ئەم پاشەکشەیەی ئێران هاوکێشە سیاسی- سەربازی- ئەمنیەکانی ناوچەکە رووبەڕووی گۆڕانکاری دەکاتەوە.
تورکیا لەرێگای ئەو هێزە ئیسلامیانەوە، بێجگە لەوەی نەخشی گرنگی دەبێت لە پێکهاتەی دەسەڵاتی داهاتووی سوریادا، هاوکات بەسوودوەرگرتن لە هەمان ئەو دەرفەتەی هاتۆتەپێش و لەو هێزە ئیسلامیانەی سەر بەخۆی ، بەتایبەتی “سوپای نیشتمانی سوری”، هەوڵی ئەو دەدات فشارەکانی بۆسەر هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە زیاتر بکات و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان کۆنترۆڵ بکات. شەڕو هێرشەکانی هێزەکانی سەر بەتورکیا دژی هەسەدە و بۆردومانەکانی تورکیا دژی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، لەیەکەم رۆژەکانی روخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە، ئەو ڕاستیە بەروونی نمایش دەکات. هەروەك هەوڵ دەدات فشارەکانی لەسەر ئەمریکاش زیاتر بکات بۆ دەستبەرداربوون لە هەسەدە! ئەمەش ئەگەرێکی دوور نیە، بەتایبەتی کە هەر ئێستا ئەمریکا بەشوێن پەیداکردنی هاوپەیمانی تازە و پەیوەندگرتن لەگەڵ “دەستەی رزگاری شام دا”، سەرقاڵی ئەوەیە کە ئەم رێکخراوە لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت و سەرۆکەکەی، واتە احمد شەرع( محمد جولانی)، کە ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی تەرخانکردبوو، وەکو نوێنەری “شۆرشی سوریا” بناسێت!
ئیسرائیلیش، وەکو ئەوەی کە لە بەرەیەکی جەنگدا سەرکەوتبێت و بیەوێ تا دوا سەنگەرەکانی پاشەکشە بە دوژمنەکەی بکات، تەنها لەماوەی دوو رۆژدا نزیکەی ٣١٠ هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر بنکە و ناوەندە سەربازیەکانی سوریا کە هیچ سەربازیكی تێدا نیە و وێرانی کردوون، بێجگە لەوەی سوپاکەی تا نزیك بە ٢٥ کیلۆمەتری دیمەشقی پایتەخت پێشرەویکردوە.
بەوجۆرە ئایندەی سیاسی و ئەمنی سوریاو ژیان و گوزەران و ماف و ئازادیەکان و ئاوات و ئومیدە ئینسانیەکانی خەڵکەکەی لەناو ئەم فەوزایەدا دەڕواتە پێشەوە کە چەند هێزی جیهانی و ناوچەیی ناکۆك و خاوەن بەرژەوەندی جیاواز لوتیان تێژەندوەو ئامادەن کۆمەڵگای سوریا بەرەو وێرانی زیاتر و شەڕی ناوخۆ ڕابکێشن، ئەگەر لەسەر دابەشکردنی بەشی خۆیان لە جەستەی هەنجنهەنجکراوی کۆمەڵگاو جوگرافیای سیاسی سوریا رێکنەکەون! دۆخەکە لەداهاتوودا لەنێوان بەرژەوەندی ئەو لایەنە جیاوازە ناوچەیی و جیهانیانەدا هاتوچۆدەکات! سەرباری ئەوە، ئەو هێزانەشی کە بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەسەڵاتیان لە ئەسەد وەرگرتۆتەوە، لە ئەسەد کۆنەپەرستترن و لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و بەشی خۆیان لە سامانی سوریا بێگومان ئەکەونە ململانێ و شەڕەوە. بۆیە ئەگەری تێكچوونی زیاتری دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا و ژیانی خەڵکەکەی ئەگەرێکی دوور نیە.
هەڵبەتە دڵخۆشی خەلكی سوریا بە رۆشتنی ئەسەد و کۆتایی رژێمە خوێنرێژەکەی، بە ئازادبوونی زیندانیە سیاسیەکان، بە هەستکردن بە ئازادی و نەمانی ترس و سەرکوت و داپڵۆسینی شەبیحەو دەزگا ئەمنیەکانی بەشار ئەسەد و..تاد مایەی دڵخۆشییە، بەڵام بەداخەوە کەوتنی ئەسەد ئاکامی شۆڕشی خەڵکی سوریا نەبووە، ئاکامی ئامادەیی سیاسی و رێکخراوەیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی سوریا و کارو کردەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوان نەبووە، بەڵکو ئاکامی هێرشی دەولەتانی کۆنەپەرستی جیهانی و ناوچەیی و هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانی هاوپەیمان و خزمەتکاری ئەوان و بەندوبەستی نیوانیان بووە. بۆیە دوور نیە کە هەموو خۆشیەکانی ئێستای خەڵك بگۆڕێت بۆ ناخۆشی و مەینەتی زیاتر!