جه‌مال موحسین
نۆڤێمبه‌ری ٢٠٢٤
پێشه‌كییه‌كی كورت:
(ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌رده‌ستتان سه‌باره‌ت به ئامارێكی ترسناكه له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ئه‌و ژن و كچانه‌ی كه له ئاستی دنیادا ڕووبه‌ڕووی لاقه‌كردن و ده‌ستدرێژیی سێكسی بوونه‌وته‌وه. بابه‌ته‌كه پێشتر ئاماده كراوه و په‌یوه‌ندی به خودی ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له دژی ژنانه‌وه نه‌بوو له كاتی نووسینیدا. به‌ڵام به‌وبۆنه‌یه‌وه كه له‌و ڕۆژه نزیكبووینه‌ته‌وه هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی به‌جۆرێك ڕێكخراوهتهوه كه هاوكاتی ئه‌و یاده بێت و به‌مجۆره‌ش بڕێك ئه‌چێته سه‌ر توندوتیژی به گشتی و هۆكاره‌كانی و ئه‌م كێشه‌یه‌ش ئه‌خاته به‌ر تیشكی ڕه‌خنه‌وه.)
ڕۆژی ١٠ ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ و به‌بۆنه‌ی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی كچانه‌وه، ڕێكخراوی یونیسێف له ڕاگه‌یاندنێكی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا به گوێره‌ی خه‌مڵاندنێك ڕێژه‌ی لاقه‌كردن و ده‌ستدرێژیی سێكسی بڵاوكردبۆوه. سه‌ره‌تای ڕاپۆرته‌كه باس له‌وه ئه‌كات كه زیاد له ٣٧٠ ملیۆن كچ و ژن له ئاستی جیهاندا (واته له هه‌ر ٨ كه‌س، كه‌سێك) ڕووبه‌ڕووی لاقه‌كردن یان ده‌ستدرێژیی سێكسی بوونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ڕاپۆرته‌كه زۆر مه‌سه‌له‌ی جیاجیا ئه‌وروژێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه هه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته ئه‌ڵێ كه ئه‌گه‌ر شێوازی ’’به‌ریه‌ك نه‌كه‌وتن‘‘، واته ئه‌م جۆره توندوتیژیه له‌ڕێی ئینته‌رنێت و یان ته‌نها به زاره‌كی به حساب بهێنرێت ئه‌وا ڕێژه‌كه ئه‌گاته ٦٥٠ ملیۆن كه‌س له ئاستی هه‌موو جیهاندا. زۆرترینی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌م تاوانه بوونه‌ته‌وه له نێوان ته‌مه‌نه‌كانی ١٤ بۆ ١٧ دان! كه ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات هه‌م له‌و كاته‌دا كه ئه‌م دهستدرێژیهیان ئه‌كرێته سه‌ر و هه‌م دواتریش له ته‌واوی ژیانی گه‌وره‌ساڵییاندا تووشی جۆره‌ها كێشه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌بن و ئه‌م خورپه قوڵ و ڕاتهكانه وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك تا دوا هه‌ناسه به دوایانه‌وه ئه‌بێت.
پێشتریش و له ڕاپۆرتێكی ژنانی سه‌ر به ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا كه له مانگی ٧ ی ئه‌مساڵدا بڵاوكرایه‌وه، باس له‌وه كرا كه نزیك به ٧٣٦ ملیۆن ژن (واته له هه‌ر ٣ ژن ژنێك) لانی كه‌م جارێك ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی جه‌سته‌یی و ده‌ستدرێژی سێكسی له‌لایه‌ن دۆست و خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه یان كه‌سی غه‌یره‌وه بۆته‌وه. ئه‌وانه‌شی ئه‌م ئامارانه ئه‌یانگرێته‌وه له ته‌مه‌نی ١٥ و به‌ره‌وژوورن. وه كه‌سانێك ناگرێته‌وه كه ڕووبه‌ڕووی گێچه‌ڵی سێكسی بوونه‌ته‌وه (به واتایه‌كی تر ئاماری ئه‌وان جیاوازه و پێئه‌چێت به‌شێكیان له‌وه‌یاندا حساب كرابن كه له سه‌روتر ئاماژه‌ی پێدراوه و دوای ئه‌م ڕاپۆرته‌یان ده‌رچووه). ڕاپۆرته‌كه هه‌روه‌ها باس له‌وه ئه‌كات كه له ساڵی ٢٠٢٢ دا ٤٨٨٠٠ ژن و كچ له جیهاندا له‌لایه‌ن خۆشه‌ویسته‌كانیان یان دۆسته‌كانیان یاخود هاوسه‌ره‌كانی ئێستا یا هی پێشووتریانه‌وه كوژراون و ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش ئه‌كاته كوژرانی ٥ ژن یان كچ له هه‌ر كاتژمێرێكدا له‌لایه‌ن كه‌سانی ناو خێزانه‌كه‌ی خۆیانه‌وه! پاشان دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له قه‌یرانه مرۆیی و ته‌ندروستی و كه‌شوهه‌واییه‌كان (لافاو و زریان و…هتد. ) دا ڕێژه‌ی توندوتیژی له دژی ژنان زیاد ئه‌كات. شتێك كه جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه ئه‌وه‌یه له‌پاڵ وڵاتانی وه‌ك نیپاڵ كه له دوای بومه‌له‌رزه‌كان له ساڵی ١٩٩٠ ه‌وه تاكو ٢٠١٥بازرگانیكردن به ژنان و كچانه‌وه له ٣ بۆ ٥ هه‌زاره‌وه به‌رزبۆته‌وه بۆ ١٢ بۆ ٢٠ هه‌زار و له ئه‌تیوپیا ڕێژه‌ی فرۆشتنی كچانی خوار ته‌مه‌نی ١٨ ساڵ به‌ناوی هاوسه‌رگیریه‌وه بۆ ده‌ستكه‌وتنی خواردن و بژێوی خێزانه‌كان به‌رزبۆته‌وه، له جه‌رگه‌ی پێشكه‌وتنی دنیادا له ویلایه‌تی میسیسیپی ئه‌مریكا ڕێژه‌ی لاقه‌كردنی ژنانی ئاواره‌بوو شه‌ش ئه‌وه‌نده زیادی كردووه و له نیوزیلاند له دوای زریانی كانتربێری (ساڵی ٢٠١١) به پێی ڕاپۆرتی پۆلیس توندوتیژی خێزانی له سه‌دا ٥٣ زیادی كردووه. ئه‌مه و چه‌ندین ئاماری ترسناكی تر كه ڕاپۆرته‌كه نیشانی ئه‌دات له بازرگانی كردن به كچان و ژنانه‌وه بگره تا ناچاركردنیان به له‌شفرۆشی و تا هاوسه‌رگیری مناڵان و شێوازه‌كانی خه‌ته‌نه‌كردن و تا توندوتیژی و گێچه‌ڵ كردن به ژنان له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به گشتی و شێوازه‌كانی توندوتیژی له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه…هتد. له نوێكردنه‌وه‌یه‌كی ئاماره‌كانی ئه‌مساڵدا هه‌مان ده‌زگای سه‌ر به نه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان، ڕێژه‌ی كوشتنی ژنانی به ٥١١٠٠ خه‌مڵاندووه له ساڵی ٢٠٢٣ دا واته نزیك به ٦ ژن له هه‌ر كاتژمێرێك و له هه‌ر ١٠ ده‌قیقه‌دا ژنێك كوژراوه! باقی ژماره‌كانی تری ناو ئه‌م ئاماره تازه‌یه به نزیكه‌یی وه‌ك هه‌مان ئه‌وانه‌یه كه له‌سه‌رووتر ئاماژه‌م پێداون. (بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌رسێ ڕاپۆرته‌كه سوود له‌م لینكانه وه‌ربگره كه به زمانی ئینگلیزیه:
ئه‌م نمونانه پێمان ئه‌ڵێن كه دۆزه‌خ و سووتانی ڕاسته‌قینه‌ی ژنان لێره‌یه، له‌م گۆی زه‌ویه. ئه‌گه‌ر ئه‌م جیهانه جارێك دژی هه‌موو مرۆڤ بێ و ده‌ستاڕی هاڕینی ژیانیان بێ، ئه‌وا چه‌ند قات وه‌ك ئاشێكه و نه‌ك ته‌نها له ساڵدا، بگره له مانگ و هه‌فته و ڕۆژ و كاتژمێر و بگره خوله‌كیشدا لاشه‌ی ژنان و كچان ئه‌هاڕێت. بۆیه جێی خۆیه‌تی بپرسین ئه‌م هه‌موو توندوتیژیه له دژی ژنان بۆچی؟ ئه‌گه‌ر له وڵاتانێكی ژێرده‌سته و داگیركراو و خاپوركراو به جه‌نگدا ژنان و مناڵان و به تایبه‌ت مناڵانی مێ ئه‌بنه قوربانی یه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر له وڵاتانێكی به‌ناو تازهپێشكهوتوودا زۆرترین ڕاده و ڕێژه‌ی قوربانی دژی توندوتیژی تۆمارئهكرێ، به‌ڵام بۆچی له جه‌رگه‌ی دنیای پێشكه‌وتوو و دیموكراسی و به‌ناو مافی مرۆڤدا هێشتا ئاماری ترسناك له دژی ژنان هه‌یه؟ ئاخر خۆ بزووتنه‌وه‌ی (می توو Me Too) له ئه‌مریكا و وڵاتانی پێشكه‌وتوودا سه‌ریهه‌ڵدا له دژی ده‌ستدرێژی سێكسی و گێچه‌ڵپێكردن له شوێنی كار و شوێنه گشتیه‌كاندا، خۆ له‌م وڵاتانه‌دا سه‌ركوتكردنی سێكسی (كبت الجنسی) بوونی نییه! ئه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه به په‌نهانی له ده‌سه‌ڵات و پۆلیس و خودی خێزان و داموده‌زگایه‌ك ماوه‌ته‌وه و ناچنه چوارچێوه‌ی ئه‌م ئامارانه‌ی داموده‌زگاكانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه له كوێدا جێیان بۆ ئه‌كرێته‌وه؟ ئه‌م هه‌موو توندوتیژی و سه‌رئه‌نجام دۆزه‌خه ڕاسته‌قینه‌یه بۆ ژنان و مێیینه‌كان بۆ؟ ئه‌م وتاره هه‌وڵ ئه‌دات گه‌ر به كورتیش بێت سه‌رنجێك له‌م پرسیار و مه‌سه‌لانه بدات. هاوكات خودی ئه‌و پێشنیارانه‌ش بخاته ژێر پرسیاره‌وه كه له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كی وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و پێكهاته‌كانیه‌وه له په‌یوه‌ند به‌م كێشانه‌وه ئه‌خرێنه ڕوو.
كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی سه‌رمایه‌داری خۆی سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ترین و ناڕەواترین توندوتیژیه له فۆڕمه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریهكهیدا و سه‌رئه‌نجام ته‌ندروستی و دهرونیهكهیدا. چینێكی فراوان و زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌زۆر و ناچاری، به ڕووپۆشی ’’ئازادانه‘‘ه‌وه خراوه‌ته‌وه بازاڕی كاره‌وه و ناچار به فرۆشتنی هێزی كاری كراوه كه ئه‌م زۆرینه‌یه هه‌رچی به‌رهه‌می مادی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاری هه‌یه به‌رهه‌می ئه‌هێنێت، به‌ڵام خۆی لێ بێبه‌شه. زیاده له كاری ئه‌م زۆرینه‌یه به‌ناوی زێده‌باییه‌وه ئه‌بێته قازانجی زیاتر و سه‌رمایه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو بۆ كهمینیهیهك ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی هۆكانی به‌رهه‌مهێنانن. واته چینێكی زۆرینه ئه‌بێ كار بكات و چاویشی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ی خۆی نه‌بێت كه بۆ خۆی و مناڵه‌كانی بێت، له كاتێكدا ئه‌بینێ كه‌مینه‌یه‌ك له‌سه‌ر كێوێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م دانیشتووه، ئیتر ئه‌مه به‌هێزترین و زه‌قترین شێوازی توندوتیژیه. جا چینی باڵا ده‌ست ، كه كهمینهكهیه، به هێز و سوپا و زیندان و جۆره‌ها داموده‌زگای توندوتیژیش ئه‌م جێگه‌وڕێگه چینایه‌تیه، باڵا بۆ خۆی و ژێرده‌سته بۆ ئه‌وی دی، ئه‌پارێزێت. به واتایه‌ك توندوتیژییه‌كی ڕێكخراو و ده‌وڵه‌تی، ڕه‌وایه‌تی پێدراو و یاسایی به‌ڕێوه ئه‌بات.
بێگومان له‌نێو هه‌ر ئه‌م چینه‌ی زۆرینه‌دا ڕه‌گه‌زێكی تر كه ژنانه، چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی زیاتری له‌سه‌ره. ئه‌و له‌سه‌ریه‌تی چ به‌رپرسی به‌رهه‌مهێنانه‌وه (reproduction) بێ و چ وه‌ك كرێكارێكی بێ‌ماف هه‌م كاری ماڵه‌وه‌ش ئه‌نجام بدات و هه‌میش وێل بێت به‌دوای كارێكدا كه به‌رهه‌می ڕه‌نج و ماندووبوونه‌كه‌ی بۆ خاوه‌نی هێزه‌كان و ئامێره‌كانی به‌رهه‌مهێنانه. به‌مجۆره ژنانیش ئه‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌م توندوتیژیه گشتیه‌وه. به‌ڵام كار هه‌ر به‌مه‌وه ناوه‌ستێ! پیاوێكی كرێكاری توڕه و ناڕه‌حه‌ت، پیاوێكی كرێكار كه ماندووی ده‌ستی ئه‌و چه‌وسانه‌وه و توندوتیژیه چینایه‌تیه‌یه، چ به ئیراده و چ لائیرادی، چ ئاگایانه و چ بێئاگایانه، ئه‌و توندوتیژیه له خێزاندا ئه‌نجام ئه‌داته‌وه. كه ئه‌مه ئه‌توانێ له فۆڕمی لێدان و توندوتیژی جه‌سته‌ییدا بێت له دژی هاوسه‌ر و مناڵه‌كانی به نێر و مێوه، یاخود ئه‌و بێده‌سه‌ڵاتی و ’’هیچ كه‌سی‘‘یه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه له شێوازێكی تردا و به‌شێوه‌ی توندوتیژی نواندن ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه. بۆیه لێره‌دا كاتێك سه‌یری ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئامێرێكی چینایه‌تی بكه‌ین بۆ پاراستن و سه‌پاندنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه چینایه‌تیه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی زۆرینه ئه‌سه‌پێنێ، ئه‌بێ یاسا و فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیش بره‌وپێبدات كه ئه‌و توندوتیژیه چینایه‌تیه بپارێزێ. هه‌ر ئه‌مه‌ش شێوازه‌كانی تری توندوتیژی له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و هه‌تا شه‌خسیدا بره‌و پێئه‌دات و ته‌شه‌نه ئه‌كات.
به‌م لێكدانه‌وه‌یه‌وه سه‌یر نییه، خاوه‌نكارێك جگه له‌وه‌ی چاوی له‌وه‌یه هێزی كاری كرێكارێكی مێینه بمژێ و بیكات به سه‌روه‌تی كه‌ڵه‌كه بوو، جه‌سته‌شی بكاته نێچیرێكی بهچهترسێنكراو و به لاقه‌كردنی ملشۆڕی زیاتری چه‌وسانه‌وه چینایه‌تیه‌كه‌ی بكات. ئیتر ئه‌مه شۆڕ ئه‌بێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و وه‌ك نه‌ریتێكی باو دۆست و خۆشه‌ویستیش خۆیان به مۆڵه‌تپێدراو ئه‌زانن كه ئه‌گه‌رچی ژن یان كچه هاوڕێكانیان نه‌یانه‌وێ و مه‌یلیان له جووت بوون نه‌بێ، لاقه‌یان بكه‌ن، یان گێچه‌ڵی سێكسییان پێبكه‌ن و جۆرێك له ده‌ستڕۆیشتوویی به‌سه‌ریاندا بنوێنن. به‌ڵام بۆچی كاتێك پۆلیس و ده‌وڵه‌ت به‌م مه‌سه‌لانه ئه‌زانن خوێنساردانه و بێباكانه مامه‌ڵه ئه‌كه‌ن؟ بۆچی ئایا ئه‌وه‌نده پاره و ئیمكانیات و هێز و دامودهزگایان له‌به‌رده‌ستا نییه پێش به‌م توندوتیژیانه بگرن و’’داكۆكی‘‘ له ژنان و كچان بكه‌ن؟ به‌ڵێ زۆر به زیاده‌وه هه‌یانه، به‌ڵام ئه‌وان پارێزه‌ری ئه‌و سیستمه‌ن كه پێویستی به‌وه هه‌یه ژنان و كچان ژێرده‌سته و ژێرچه‌پۆك و بگره مرۆڤی ناخ و ده‌روون شكاو بن تاكو مرۆڤه‌كان یاخی نه‌بن و شۆڕش نه‌كه‌ن و ئه‌و سیستمه‌یان لێ تێكنه‌ده‌ن كه سه‌رچاوه‌ی پاره و سه‌روه‌ته بۆ ئه‌وانی كه‌مینه و نه‌هامه‌تی و توندوتیژیش بۆ چینی كرێكاران به ژنان و و پیاوانه‌وه. سیستمێك كه بێباكه له‌وه‌ی له هه‌ر كاتژمێرێكدا ژن یان كچێك بكوژرێ، سیستمێك كه بێباكه له‌وه‌ی له هه‌ر ٨ ژن ژنێك لاقهبكرێ (جگه له ژماره شاراوه‌كان)، سیستمێك كه ژنانێكی كرێكار له حه‌وزه‌ی هه‌رزانی ئاسیای دوور و ئاسیای ڕۆژهه‌ڵات و به‌رازیل و ئه‌مریكای لاتین و كه‌مبۆدیا و …هتددا ناچار به كاری ڕۆژانه‌ی به‌رامبه‌ر به ١ و ٢ دۆلار كردووه و خانووی ته‌نه‌كه‌ی ژه‌نگاوی و نایلۆن و جه‌مه‌لۆنی كردووه به شوێنی ژیان و حه‌وانه‌وه و شیردان به مناڵه‌كانیان، ئیتر ئه‌وه خودی ئه‌و سیستمه‌یه كه توندوتیژه و تا سه‌ر ئێسقان دژه ژنه. سیستمێك كه له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه دیموكراسیه‌كه‌یه‌وه ئه‌وپه‌ڕی سوكایه‌تی به ژنان ئه‌كات و به‌ربژێری سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی تۆمه‌تباره به په‌یوه‌ندی ژێربه‌ژێر به له‌شفرۆشه‌كانه‌وه تا نهێنیه‌كانی بۆ بپارێزن، سیستمێك كه جۆره‌ها جه‌نگی به‌رپاكردووه و له جه‌رگه‌ی موشهكبارانهكانیشدا خه‌یاڵی لای لاقه‌كردنی ژنانه، ئیتر سیستمێكی داڕزیو و دژه ژن و بێفه‌ڕه كه نه به ڕاپۆرته‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان مه‌له‌فی ڕه‌شی سپی ئه‌بێته‌وه و نه ئه‌شتوانێ و ئه‌یه‌وێ چاره‌سه‌رێك به‌رامبه‌ر به توندوتیژی دژی ژنان چ جه‌سته‌یی و چ ده‌رونی و مه‌عنه‌وی بدۆزێته‌وه. سیستمێك كه خۆی داڕزیوه و پایه‌ی له‌سه‌ر چه‌وسانه‌وه‌ی ئینسان بۆ كاری به‌كرێ داناوه، پێویستی به دابه‌شكردنی ئینسانه‌كانه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌ز و جۆره‌ها ناو و شوناسی ساخته‌ی تر، پێویستی به دابڕاندنی هێزی كاری كۆمه‌ڵگه‌یه به ژن و پیاوه‌وه، به نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زی جیاوه، به ئاین و ئینتمای تره‌وه، هه‌ربۆیه‌شه له‌پێناو به‌یه‌كدادانی ئه‌م به‌شه جیاكراوانه پێویستی به توندوتیژی هه‌یه.
جیهانێك له دژی مێ
جه‌مال موحسین
نۆڤێمبه‌ری ٢٠٢٤
بەشی دووەم:
توندوتیژی دژی ژنان له هه‌موو شێواز و جۆره‌كانیدا، چ جه‌سته‌یی، سێكسی و ده‌رونی، پیسترین فۆڕمی توندوتیژییه كه ته‌نها و ته‌نها له سیستمه چینایه‌تیه‌كان ئه‌وه‌شێته‌وه هه‌روه‌كو دنیای ئێستا. سیستمێك كه گێتییهك له بۆگه‌ناوی توندوتیژی دژی ژنانی خوڵقاندووه. هه‌ربۆیه‌شه فه‌رهه‌نگی سوك ته‌ماشاكردن و بێبایه‌خكردنی ژنانی ڕه‌واج پێداوه و به كاڵاكردن و وه‌ك بوكه‌شووشه مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ژناندا كردۆته مۆد و شتێكی باو و چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی تافه‌ی بۆ داناوه كه هه‌ر له پاره‌ی كه‌ڵه‌كه‌كراوی هێزی كاری ژنان و پیاوان به‌ڕێوه‌یان ئه‌بات. بۆیه باسكردن له بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان له فۆڕمه جیاوازه‌كانیدا له‌لایه‌ن داموده‌زگاكانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕاپۆرته فه‌رمیه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌وه كه ئه‌و جۆره له توندوتیژییان تێدایه گوێزێكی بێ كاكڵەیە و به‌س.
كه‌واته مادام كه سیستمێك سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژیه، مادام كه ڕاپۆرته‌كانی ئه‌و سیستمه‌ش دادی ژنان نادات و ڕێگه‌یه‌كی گونجاو بۆ كۆتاییهێنان به‌و نه‌هامه‌تیانه نیشان نادات، ئه‌بێ خودی ئه‌و سیستمه‌ی كه سه‌رچاوه سهرهكیهكهیهتی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و نه‌مێنێ. ئه‌م كاره‌ش به شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار ئه‌نجام ئه‌درێ.
پێویستی گۆڕانكاری ڕاسته‌قینه له‌وێوه سه‌رچاوه ئه‌گرێ كه سه‌راپای ئه‌م سیستمه بخرێته ژێر پرسیاره‌وه. كاتێك زه‌مینه‌ی توندویتژی نامێنێ كه بناغه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی له‌ناوبچێ كه ئه‌وه‌ش ته‌نها و ته‌نها له‌ڕێگه‌ی به‌رپاكردنی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار، شۆڕشی كۆمۆنیستییه‌وه ئه‌كرێت كه ته‌واوی پایه‌ی ئه‌م سیستمه‌ی ئێستا له بناغه‌وه ههڵئهتهكێنێ. سیستمێك دائه‌مه‌زرێنێ كه پێویستی به جیاكردنه‌وه‌ی ژنان له پیاوان نییه، كه تیایدا چینێكی كاركردووی زۆرینه‌ی بێ‌ماف و بێ ژیان و چینێكی خاوه‌نداری هه‌موو شتێك نییه. ته‌واوی كۆمه‌ڵگه كاركردووانه و به‌م پێیه‌ش به‌رهه‌می كاركردنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پێداویستی هه‌مووان و كۆمه‌ڵگه‌یه. واته سه‌رچاوه‌ی توندوتیژی نامێنێ. دنیایه‌كی له‌م چه‌شنه مومكین و پێویسته و وا به‌سته‌یه به خه‌بات و تێكۆشانی ڕۆژانه‌ی چینی كرێكارەوە كه زۆرینه‌ن و نیوه‌ی ئه‌م چینه كه ژنانه، وه‌ك به‌شێك له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ئه‌م چینه. گۆڕانكاری ڕاسته‌قینه بۆ نه‌مانی توندوتیژی، نه‌مانی سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی كه سیستمی سه‌رمایه‌داریه و ئه‌وه سۆشیالیزمه كه ئه‌توانێ ئه‌م كاره بكات. خه‌باتكارانی ڕێگه‌ی ڕیشه‌كێشكردنی توندوتیژی دژی ژنان، خه‌باتكارانی چینی كرێكارن بۆ سۆشیالیزم.
هێشتا پرسیاری گه‌وره ئه‌وه‌یه كه ئایا ژنان و كچانێك كه لاقه و هه‌راسان ئه‌كرێن یان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌دان وه هێشتا خه‌باتی چینی زۆرینه نه‌گه‌یشتووه به‌وه‌ی ته‌واوی سیستم و كۆمه‌ڵگه بگۆڕێ به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆشیالیستی و ئازاد و یه‌كسان، ئه‌وان چی بكه‌ن؟ ئایا دانیشن و له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بن كه ئه‌و شته له ئاسمانه‌وه بۆیان دابارێ؟! بێگومان نه‌خێر. خه‌باتی ڕۆژانه بۆ زیادكردنی قوتی مناڵان و كرێ و باشبژێوی، به‌شێكی دانه‌بڕاوه له خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانی و به‌مجۆره‌ش نه‌هێشتنی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان، چونكه سه‌رچاوه‌ی كرێی كه‌م و بێخانهولانهیی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌كان هه‌مان سه‌رچاوه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان و نایهكسانكردنیانه و به‌مجۆره‌ش سه‌رچاوه‌ی نواندنی هه‌ر جۆره توندوتیژیه‌كی سێكسی و جه‌سته‌یی و ده‌روونیه له دژیان. چۆن كرێكاران به ژن و پیاوه‌وه خه‌بات ئه‌كه‌ن بۆ زیادكردنی كرێ و دابینكردنی مه‌سكه‌ن و پۆشاك و باقی پێداویستیه‌كانی تری ژیان، ئاوهاش ئه‌بێ و ئه‌توانن فشاره‌كانیان زیادبكه‌ن له دژی توندوتیژی و هاوكات هه‌تا گۆڕینی ئه‌و یاسا و نه‌ریتانه‌ی كه بره‌و به توندوتیژی به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه ئه‌ده‌ن. به‌ڵام ئایا ئه‌و كاره به بڕیار و پێشنیارەکانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌كرێ كه داوا له وڵات و ده‌وڵه‌ته‌كان ئه‌كات پێوه‌ره‌كانی توندتویژی كهمبكنهوه و نه‌یهێڵن و گوایه هوشیاری له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رز بكه‌نه‌وه، پاره‌یه‌كی زیاتر ته‌رخان بكه‌ن له‌پێناو جه‌نگان له دژی توندوتیژیدا؟ به‌ڵام بۆی جێی پرسیار نییه ئه‌و ملیاره‌ها دۆلار یان یۆرۆیه له كوێوه هاتووه و وا به‌شێكی گوایه پێویسته ته‌رخان بكرێ بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی؟ خودی ئه‌و سیستمه بهركارهی سه‌رچاوه‌ی توندوتیژیه به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه به ده‌ستلێنه‌دراوی ئه‌هێڵێته‌وه. ئاخر هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تانه‌ی كه ناویان هاتووه یان نه‌هاتووه له‌م ڕاپۆرتانه‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌وسانه‌وه و به‌شبه‌ش كردن و پیاده‌كردنی شێوه‌كانی توندوتیژیه‌وه سه‌دان و بگره هه‌زاران قاتی ئه‌و ملیار دۆلاره‌یان دهستئهكهوێ و كه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌كه‌ن، كه بڕیاره ئه‌گه‌ر به قسه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن، له‌پێناو پلانه‌كانی دژی توندوتیژیدا به‌كاریبهێنن! له باشترین حاڵه‌تی پێشنیارەکانی ئه‌م ده‌زگایه‌دا ئه‌نجامی نادیه موردای لێئه‌كه‌وێته‌وه كه یه‌كێكه له قوربانیه‌كانی داعشی ئیسلامی كه كرایه سه‌بایا و كۆیله‌ی سێكسی، ئێستا خۆیان وته‌نی وه‌ك ’’ژنێكی ئازا‘‘ سه‌رپه‌رشتی پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌كات كه قوربانیانی توندوتیژی (به‌تایبه‌تی توندوتیژی سێكسی) له‌باری ده‌روونیه‌وه ئه‌هێنێته‌وه جێی خۆیان و به‌هێزیان ئه‌كاته‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی خودی ئه‌و كاره باشه، به‌ڵام لێره‌دا نه قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م خوێنخۆره ئیسلامیانه بۆچی و له كوێوه و به پاره‌ی كێ هاتن و هه‌زاره‌های وه‌ك نادیه‌یان به‌و چاره‌نوسه گه‌یاند. هاوكات قسه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌و سیستمه نییه كه له‌ژێر بیانوی جیاجیادا هاوشێوه‌كانی داعش چ له باری سیاسی و حكومه‌تی و ده‌وڵه‌تیه‌وه (به نمونه تاڵیبان و كۆماری ئیسلامی ئێران و ته‌حریر ئه‌لشام و…هتد) و چ له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه به‌رئه‌داته گیانی ژنان.
هه‌تا له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا فشار له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌كان دابنرێ پلانی تۆكمه و پاره ته‌رخان بكه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان، كارێكی باشه. به‌ڵام توندوتیژی به‌وه بنبڕ ناكرێت، وه‌ك باسكرا. پێویسته له‌ئاستی هه‌ر وڵاته‌دا و لەئاستی جیهانیشدا بزووتنه‌وه‌كانی یه‌كسانیخوازی ژنان و ڕادیكاڵ له ڕیزێكی فراوان و پته‌ودا له‌ئاستی لۆكاڵی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا دژی پیاوسالاری و ده‌سه‌ڵاتی پارێزه‌ری بوه‌ستنه‌وه. ڕێكخراوه‌كانی ژنان پێكبهێنن، كه بەشێوه‌یه‌كی میلیتانتانه (دڕانه) ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵات و یاساكانیان، پیادهكهرانی توندوتیژی، ببنه‌وه. وه لەئاستی هه‌ر وڵاته‌دا ئه‌م خه‌باته ڕێكخراوهییه په‌یوه‌ست بكه‌نه‌وه به خه‌باتی چینی كرێكار بۆ ڕزگاری و ئازادیه‌وه. سه‌رئه‌نجام ئه‌م خه‌باته لۆكاڵیانه له چه‌ترێكی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تیدا كۆبكرێنه‌وه كه هه‌ر ئێستا له مه‌یدانیدایه. به‌مجۆره خه‌باتێك له به‌رگریكاره‌وه بگۆڕین بۆ هێرشبه‌ر، هێرش بۆ سه‌ر سیستمێك كه توندوتیژی دژی ژنانی له هه‌موو فۆڕمه‌كانیدا بره‌وپێداوه و له‌م پێناوه‌شدا فه‌رهه‌نگ و یاسا و ده‌زگای داپڵۆسین و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و زیندانی بۆ پاراستنی خستۆتهكارهوه. ئێمه كۆمۆنیست و سۆشیالیست و یه‌كسانیخواز و ئازادیخوازه‌كان جه‌نگاوه‌رانی ئه‌م به‌ره هێرشبهرهین.