چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری

لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە پاریسدا گرت – کە بوو بە ناوەندی کۆمۆنەی پاریس – و ئاڵای سووریان هەڵکرد. لە کۆمۆنەی پاریس ئەمە یەکەمجار بوو کە چینی کرێکار، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان، دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. لە وەسفکردنی ئەمەدا لە کتێبی ‘شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسا’ مارکس نووسیویەتی، “جیهانی کۆن بە بینینی ئاڵای سوور تووڕە بوون”.

ئەمە یەکەمجار نییە ئاڵای سوور وەک هێمایەک بۆ هیوای شۆڕشگێڕانەی ستەملێکراوان هەڵکرابێ. بە درێژایی مێژوو چینە بێبەشەکان وەک نیشانەی یاخیبوونیان ئەم ئاڵایەیان هەڵکردووە. ڕۆمای کۆن بەهۆی ڕاپەڕینی کۆیلەکانەوە هەژێندرا و دواجار ڕووخێنرا. لەم یاخیبوونانەدا ئاڵای سوور هێمای شەڕی کۆیلە یاخیبووەکان بووە. لە بزووتنەوە گەورەکانی جووتیاران لە ئەڵمانیا، لەشکری جووتیاران بە هەڵگرتنی ئاڵای سوور لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ڕێپێوانیان کردووە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی و سەرمایەداری، دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن هاتە پێشەوە. لە کاتێکدا سەرمایەداری لە خەباتدا بوو بۆ ڕووخاندنی ئەو بەربەستانەی کە سیستەمی فیۆداڵی دروستیکردبوون، هەلومەرجی لەبار بۆ گەشەسەندن و بازاڕێک بۆ کاڵاکانی و ئازادی بازرگانی و گواستنەوەی دروستکرد، ئەمەش وڵاتانی وەک ئەمڕۆ دەیانناسین هێنایە ئاراوە – هەریەکەیان خاوەنی ئاڵای نیشتمانی خۆیەتی کە نوێنەرایەتی چینی سەرمایەداری وڵاتە جیاوازەکان دەکات.

لە کاتێکدا چینی بۆرژوازی خەباتی دەکرد بۆ تێکشکاندنی کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگەی فیۆداڵی، چینێکی نوێ لە تەنیشتیەوە سەریهەڵدا، کرێکار، چینێکی نوێی کۆمەڵایەتی بێ موڵک و ماڵ. زۆرێک لە جووتیارانی لادێ لەگەڵ دانیشتوانی شارەکان لەلایەن چینی سەرمایەداری تازە پێگەیشتوو بەرەو کارگە و کارخانەی سەرمایەداران بردران.  تا سەدەی نۆزدەهەم، خەباتی چینایەتی لە جیهاندا سیمایەکی تەواو نوێی هەبوو لەوەی کە لە سەردەمی شەڕەکانی جووتیارانی ئەڵمانیادا هەیبوو. ئێستا ڕووخساری هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک لە ژێر کاریگەری خەباتی چینی کرێکاردا دەبوو. ئەو ئاڵا سوورەی کە ئەم چینە بەرزیان کردبووەوە گرنگییەکی تەواو نوێی هەبوو، ئەرکی مێژوویی کرێکاران بۆ ڕزگارکردنی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی بوو.

لە ساڵی ١٨٤٨، ئەو ساڵەی مانیفێستی کۆمۆنیستی تیا بڵاوکرایەوە، لە ڕاستیدا تەنها چەند مانگێک پێش بڵاوبوونەوەی، ئاڵای سوور مژدەی خەباتی کرێکاری گەشەسەندوو بوو لە سەرانسەری ئەوروپا. شانزە ساڵ پێشتر لە فەرەنسا، کرێکارانی پاریس لە یاخیبوونێکدا ئاڵای سووریان بەرزکردەوە کە ئامانجی ڕووخانی حکومەتی لویس فیلیپ بوو. دواییتر لە شوباتی ساڵی ١٨٤٨دا کرێکارانی پاریس جارێکی دیکە دەستیانکردبووە بە سەنگەر دروستکردن.

پرسی هەڵبژاردنی ئاڵای نەتەوەیی فەرەنسا لە ڕۆژانی دواتردا سەریهەڵدا. کرێکاران خوازیاری ئەوە بوون کە ئاڵاکە سوور بێت. بەشەکانی بۆرژوازی کە هاتبوونە ناو ئەم خەباتە، بە هەوڵی گۆڕینی دەوڵەت لە دەسەڵاتی پاشایەتی بۆرژوازییەوە بۆ کۆماری بۆرژوازی، داوایان دەکرد ئاڵای نەتەوەیی ئەو ئاڵا سێ ڕەنگە بێت کە لە سەردەمی شۆڕشی بۆرژوازی فەرەنسادا بەرزکرایەوە.

خەباتی کرێکاران لە کۆتاییدا لە خوێندا نوقمکرا و تاکە ئیمتیازێک بۆ داواکارییەکەیان، گوڵێکی سوور بوو (نیشانەیەک کە لە گوڵەبەڕۆژەی سوور دەچوو)، بە ئاڵای فەرەنساوە لکێنرابوو.

 

لە ساڵی ١٨٧١دا جارێکی دیکە ئاڵای سوور بەسەر پاریسدا بەرزبووەوە، ئەمەش ڕاگەیاندنی کردەوەیەکی مێژوویی بێوێنەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی کرێکار بوو. کۆمۆنەی پاریس دامەزرا. ئەمە یەکەمجار بوو کە ئاڵای سوور نەک تەنیا بۆ یاخیبوون، نەک تەنیا بۆ ڕاپەڕین، بەڵکو بۆ شۆڕش – بۆ سەرکەوتنی خەباتی کرێکاران و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری بوو.

لە سەردەمی کۆمۆنەی پاریس و بەدواوە، ئاڵای سوور بوو بە هێمای ئاواتەکانی کرێکارانی نێونەتەوەیی و ئەرکی مێژوویی بۆ ئازادی هەموو مرۆڤایەتی. لە یادکردنەوەی ئەو خەباتەدا لینین نووسیویەتی: “یادی خەباتگێڕانی کۆمۆن، نەک تەنیا لە لایەن کرێکارانی فەرەنسا، بەڵکو لەلایەن کرێکارانی جیهانەوە ڕێزی لێدەگیرێت. چونکە کۆمۆن نەک بۆ هەندێک ئامانجی نیشتمانی یان تەسک و بچوک، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی هەموو مرۆڤایەتی زەحمەتکێش، لە هەموو چەوساندەوەیەک خەباتی کرد. کۆمۆن وەک تێکۆشەرێکی پێشەنگ بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی، لە هەر شوێنێک کرێکارێک ئازاری هەبێت و خەریکی خەبات بێت، هاوسۆزی بەدەستهێناوە”.

جەنگاوەرانی کۆمۆنە بە ئاگایی ناسیۆنالیزمی بۆرژوازی خۆیان ڕەتکردەوە و ئاڵای سووریان کردە سیمبولی ئازادی کرێکارانی جیهان.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ژاپۆن، سەرمایەداری بۆ سەرمایەداری ئیمپریالیستی پەرەی سەند. لەگەڵ ئەم گۆڕانەدا یەکەم جەنگی ئیمپریالیستی ڕوویدا. بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ جەنگ، چینە فەرمانڕەواکانی وڵاتانی ئیمپریالیستی دەستیان کرد بە بانگەشەی “گەلەکەم لەسەرووی هەموویانەوە” و “بەرگری لە نیشتمان”. بۆ ئامادەکاری بۆ جەنگ، چینە فەرمانڕەواکانی ئەم وڵاتانە ئاڵای نیشتمانییان بەهێز کرد و ئاڵای سووریان لە هەموو کاتێک زیاتر سەرکوت کرد. لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکاندا، لەوانە لە نێو کۆمۆنیستەکاندا، مشتومڕ دروستبوو: ئایا ئاڵای شۆڤێنیزمی نەتەوەیی بەرز بکەنەوە یان ئاڵای شۆڕشی کرێکاری و کۆمۆنیستی. ئەم مەسەلەیە، واتە مشتومڕی نێوان ناسیۆنالیزم یان ئینتەرناسیۆنالیزم، دووبەرەکی لە نێوان گرووپ و پارتە کۆمۆنیستەکاندا دروست کرد – ئینتەرناسیۆنالیزمی دووەم – لەسەر ئەم پرسیارەی ناسیۆنالیزم بەرامبەر بە ئینتەرناسیۆنالیزم داڕما.

ئاڵای سوور لە زۆرێک لەو وڵاتانە لەلایەن کرێکارانەوە هەڵکرا. ڕاپەڕینی بەرفراوان لە سوپا و هێزی دەریایی هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا سەریهەڵدا. هەروەها ئاڵای سوور لە ئەمریکا لەلایەن کرێکارانی پیشەسازی و کەسانی دیکەوە بەرزکرایەوە. بەڵام تەنیا لە ڕووسیا بوو – کە حیزبی چینی کرێکار و سەرکردەکەی لینین بەردەوام هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەی بەرامبەر بە حکومەت پاراستبوو – کە چینی کرێکار لە ڕاستیدا توانیبووی سوود لەو قەیرانە سەختە وەربگرێت کە بەهۆی شەڕەوە قورستر بووبوو وە ڕاپەڕینێکی چەکداری ئەنجام بدەن و دەست بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا بگرن. تەنها لە ڕووسیا ئاڵای نەتەوەیی ڕووخێنرا و ئاڵای سووری کۆمۆنیزم لە شوێنی دانرا.

بەلشەفییەکان سەرکەوتوو بوون لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەرنامەی سیاسی خۆیان و لە شەوی ٢٥ی ئۆکتۆبەردا بانگهێشتی ڕاپەڕینیان کرد. ئاڵای سوور لەسەر کۆشکی زستانی قەیسەر بەرزکرایەوە و ئەندامانی حکومەتی کاتی (بۆرژوازی ) دەستگیرکران. لە ڕۆژانی پاش ئەو سەرکەوتنە، کاتێک هەزاران کەس لە شەقامە جیاوازەکانەوە ڕژانە گۆڕەپانی سوور و سروودی ئینتەرناسیۆنالیان دەگوت، ئاڵای سووری شکۆمەند لە سەرەوەی دیواری کرملین بەرز کرایەوە. لینین سەبارەت بە گرنگی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەڵێت: “ئێمە هەرگیز ئەو ڕاستییەمان نەشاردۆتەوە کە شۆڕشەکەمان تەنها سەرەتایە و سەرکەوتنی کۆتایی دێت کاتێک هەموو جیهان بە گڕی ئەم جۆرە شۆڕشە ڕووناک دەکەینەوە.”

بۆ یەکەمجار کرێکاران و پارتە سیاسیەکەیان دەسەڵاتی سیاسیان گرت، حکومەتی کرێکاریان دامەزراند و دەستیان بە گواستنەوەی سۆشیالیستی کۆمەڵگە کردبوو. ئەمەش بازدانێکی مێژوویی بوو بۆ دۆزی کریکاری نێودەوڵەتی و ئەرکی مێژوویی کرێکار.

ئەمڕۆ شۆڕشی سۆشیالیستی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پێچەوانە بۆتەوە. بەڵام چیرۆکی ئاڵای سوور لە خەباتی ستەملێکراو و ئیستغلالکراوان و ئامانجی شۆڕشی کرێکاری و تێڕوانینی ئینتەرناسیۆنالیزمی کرێکاری جیانەکراوە دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا خەڵک خەریکی خەباتە، دەبێت ئەوە بزانین کە ئاڵایەک هەیە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی خەڵک دەکات، بەڵام ئاڵای یەک نەتەوە نییە. ئاڵای سووری کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری. ئەو ئاڵایەیە کە چەوسێنەران و ستەملێکراوان لە سەرانسەری جیهاندا بەیەکەوە دەبەستێتەوە بە پێچەوانەی دابەشکردنیان. ئەو ئاڵایەیە کە نوێنەرایەتی ئەرکی مێژوویی چینی کرێکار دەکات بۆ ڕزگارکردنی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی.

 

لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی.

Check Also

جێگاو ڕێگای بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە هەفتەی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بەژناندا!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود لە ٢٥ ی مانگی نۆڤەمبەری هەموو ساڵیکدا، ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان …