جێگاو ڕێگای بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە هەفتەی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بەژناندا!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لە ٢٥ ی مانگی نۆڤەمبەری هەموو ساڵیکدا، ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رێکخراوەکانیان، کەسایەتیەکانی بەرگری لە مافی ژنان، لە لەزوربەی وڵاتانی دنیادا، دەست دەدەنە چەندین چالاکی جۆراو جۆر و کەمپەینی دیاریکراو بەدژی توندوتیژی لە دژی ژنان وەڕێ دەخەن. ئەم نەریتە لە کوردستانیش لەلایەن بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ڕیکخراوە ژنانەکانەوە، جێ کەوتووەو هەموو ساڵیک دوو هەفتە وەکو رەمزی بەرەنگاری بەدژ توندوتیژی لە دژی ژنان، چالاکی وەڕێدەخەن.

توندوتیژی لە دژی ژنان لەژێر سایەی دەسەڵاتی نەتەوەپەرستەکانی کورددا، بێداد دەکات… توندوتیژی و بێمافی ژنان لە کوردستاندا، هێندە دڵرەقانەو بەرینە، ئینسان بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر رۆژنامەو میدیاکان و تەنانەت بە نیگاکردن لە کۆمەڵگەو خیزانەکان و شەقام، دەتوانرێت، بە سادەیی ببینرێت.

هەواڵی کوژرانی ژنان، دەستدریژی بۆسەر ژنان، خۆسوتاندنی ژنان، خۆ خنکاندنی ژنان، لێدان لە ژنان، هەراسان کردنی ژنان لە شوێنی کار، گێچەڵەکانی سۆشیال میدیا، حیجاب کردنی مناڵان، لەپاڵ بانگەشەی مەلای دەست ئاواڵاکراو بۆ هێرش بۆسەر ژنان، فتوای بەردەوامی مەلاو وەزارەتی ئەقاف و دەست وەردانیان لە ورد و درشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەیی و کەلتوری… تا دەگاتە یاسای کۆنەپەرستانەی سەرچاوە گرتوو لە شەرع و دین، هێندە بەرجەستەیە و بۆتە پەڵەیەکی نەنگ بە ناوچەوانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی.

جیا لەوانە لە کوردستان گۆرستانی ژنانی بێ ناونیشان هەیە، کە ئەگەر ئەوە لەلایەکەوە نیشانە و گەواهی دەری کوشتنی ئاشکرای خۆشەویستی و ژنان بێت، هاوکات گەواهی دەری دەسەڵاتێکی دژە ژن و کۆنەپەستیە.

لەناو ئەو دۆزەخستانەدا کە بۆژنان سازکراوە، ئەرکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان یەکجار قورس و هەمەلایەنەیە. ئینسان کاتێک ئەو هەموو هێرش و پەلامارە بۆسەر ژنان و مافەکانیان دەبینێت، تێدەگات، کە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوڕاوەکانی رووبەرووی چ ئەرکێکی قورس و هاوکات کارێکی ئینسانی بۆنەتەوە.

دیارە لەناو ئەو دۆخەدا و لەپاڵ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوراوەکانیدا، دەیان ڕیکخراوەی ژنان و ئافرەتان و خانمانی حزبەکانی دەسەڵات و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی بە قەومی و ئیسلامیەوە… هەن. کە کاری ئەو ڕیکخراونە بەجیا لە بانگەشەی خۆیان، بەگشتی نوێنەرایەتی کردنی حزبە سیاسیەکانیانە لە پەیوەند بە پرسی ژنانەوە، واتە ئەو حزبە دژی ژنانەی دەسەڵاتیان هەیە یان لە بەرەی نەیاری دەسەڵاتدان و بە ئاشکرا سەرچاوەی دنەدان بە کۆنەپەرستی و بێمافی ژنانن، بەرگری لە سیاسەت و ڕێ و شوێن و سەرچاوەی ئایدۆلۆژی رەوتەکانیان دەکەن. ئەو رێکخراوانە یان ئین جی ئۆیانە، تەنها دژی ژنان و مافەکانیان نین بەپێی بەرنامەی حزبەکانیان، بەڵکو هاوکات دژی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوراوەکانیان و هەموو جموجۆڵیکی پیشەکەوتنخوازانەن.

کێشمەکیشی نیوان ئەم دوو بەرە و ئۆردووە، بەشیکە لە ململانێیەکی ئاشکرای ناو کۆمەڵگەی کوردستان… چۆن ململانێی نێوان چینی کریکار و بۆرژوازی، واقعیەت و مۆتۆری جوڵەی کۆمەڵگەیە و حزبەکان نوێنەرایەتی لایەکی ئەو ململانییە دەکەن، ئاواش رێکخراوەکانی ژنان و هەڵسوراوەکانی، لە بازنەی ئەم ململانێ چینایەتیەدا مانا پەیدا دەکەن و رۆڵی خۆیان دەگێرن. ڕێکخراوەکانی ژنانی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامیەکەی، لە هیچ بۆنەیەکی ژنان و لە پەیوەند بە مافەکانی ژنانەوە، خاوەنی هیچ رۆڵێکی بەرجەستەی پۆزەتیف نین و ئەگەر لە برگەیەکدا یان بۆنەیەکدا خۆیان بە پرسێکی ژنانەوە هەڵدەواسن یان بەشداری لە کەمپینە گشتیەکاندا دەکەن، لە بنەرەتدا بەدوای ئامانجی ترەوەن کە ئاسۆی سیاسی بزوتنەوە سیاسیەکەیان چوارچێوەی پێداوە.

رێکخراوە ژنان و ئین جی ئۆکانی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، لە رۆژ و هەفتەی بەرەنگاربوونەوە دژ بە توندوتیژی ژنان، یان لە هەشتی مارس و بۆنەکانی تری پەیوەست بە ژناندا خۆیان نیشان دەدەن و بەشداری دەکەن، تاخۆیان بە بزوتنەوەی نارەزایەتی ژنان، هەڵبواسن…. بەڵام هاوکات دەیان و سەدان پاساو و بیانوو بۆ توندوتیژی و بەرگری لە پیاوسالاری دەهێننەوە. چونکە بەشێکن لە ماکینەو ماشینی حزبییان، بۆ یەک جار ئەم رێکخراوانە، بەدژی پەیام و سیاسەت و نەریتی حزبەکانیاندا، نەوەستاونەتەوە و رووبەروویان نەبونەتەوە و نابنەوە.

لەناو دڵی ئەو دۆخە ئاشکرا و بەرجەستەیەدا، تەنها بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوەکانی بەدژی ستەم و بیمافی و هەڵاواردنی ژناندا، راوەستاوانەو بێ ئەمماو ئەگەر وەستانەتەوە، بێ ئەمما و ئەگەر هۆکار و سەرچاوەکانی ستەم کیشی و بێمافی ژنانیان خستۆتە ڕوو، وە ئەوەیان خستۆتە روو کە ستەم کیشی ژنان لە بنەرەتدا ریشەی لە ململانییەتی چینایەتیدایە و نیزامی سەرمایەداری ئەمڕۆ سەرچاوەی بێمافی و ستەم و هەڵاواردنەکانی ژنانی ئەم سەردەمەیە.

ئەم رەوتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە بە حزب و ڕیکخراو گروپە سیاسیەکانیانەوە تا دەگاتە رێکخراوە ژنان و هەڵسوڕاوەکانی، هۆکارێکی سەرەکی ناساندنی مافەکانی ژنان و سەرچاوەی بیمافیەکانی ژنانی نیشان داوە، بەدژی پیاو سالاری و کوشتنی ناموسی و سەرجەم بێمافیەکاندا دەنگی هەڵبڕیووە، مۆری خۆی داوە لە واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستان. یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژن و پیاو، قەدەغەکردنی کوشتنی ژنان لە ژێر هەر بەهانەیەکدا، وەستانەوەی راشکاو بەدژی کۆنەپەستی، بەدژی حزبەکانی دەسەڵات و رەوتە دژە ژنەکان، بەدژی خێڵی فەلای فتواچی…تاد. کاری ئەم رەوتە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بووە. هەر ئەوەش وای کردووە بەشیک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و هەڵسوڕاوەکانی، بە ناچاری یان ریاکارانە خۆیان لەگەڵ خواستێک یان دروشمێکی ئەم بزوتنەوەیەدا بگونجێنن، بەڵام بێ ئەوەی بەکردەوە ببنە نوێنەری ئەو خواست و داواکاریانە.

لە ئیستادا کە هەفتەکانی روو بەرووبوونەوەی توندوتیژییە، بەجیا لەهەموو بێمافی و ستەمە جیاوازەکانی سەر ژنان و توندوتیژی و هەراسانکردنەکان… تاد، پرسی هەمواری یاسای باری کەسێتی، کە  بەیاسا رێگا بە زەواجی کچی ٩ ساڵان دەدات و دەستی سەرۆک عەشیرەت و خێزان ئاوەڵادەکات لەدەرەوەی یاسا و بەپێی عورف و نەریتی هۆز و عەشیرەت، پرسی بەشودانی کچان بەڕێوە ببەن، مەترسی ترین دۆسیەیە بەدژی ژنان و مناڵان و سەرجەم کۆمەڵگە… بۆیە ئەرکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوڕاوەکانیەتی، لەناو دڵی دەیان و سەدان کیشەو بیمافی ژناندا، مەسەلەی رووبەرووبوونەوە لەدژی هەمواری ئەم یاسایە بکەنە میحوەری کاری ئەم بڕگەیە و ڕیگە نەدەن یاسایەکی لەو جۆرە لە پەرلەمانی عێراق تێبەپەڕیت، ئەم یاسایە بە یاسایی کردنی دەستریژی سێکسییە بۆسەر مناڵانی کچی ٩ ساڵە.

دیارە لەپاڵ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رەوتی ئینسان دۆست و مۆدێرنیزمی کۆمەڵگەدا، ئەرکی حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانە، بەکردەوە لە ریزی پیشەوەی ئەم نەبەردەدا بن بۆ بەشکست کیشانی یاسای هەمواری باری کەسێتی…

 کۆتایی نۆفەمبەری ٢٠٢٤

Check Also

چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە …