هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بە پاساوی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، یەکێکه لە ئاماژەکانی توندبوونەوەی فەزای جەنگ و میلیتاریزمێک کە حکومەتە فاشیستەکەی ناتانیاهۆ، بەپشتیوانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و سەربازیەکانی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگهی عیراقی لهبهردهم ڕاكێشان بۆ ناو شەڕێکی ماڵوێرانکەر داناوە. لێدوانەکانی “ماسیۆ میللەر”، وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا، بە چاوپۆشیکردن لە سیاسەتی کاولکاری و شەڕخوازانەی ئیسرائیل و پێداگرتنی لەسەرئەوەی کە “گروپە چەکدارەکانی عێراق، هۆکاری ئەو جەنگەن کە لە ناوچەکەدایه”، جگە لەوەی ئاماژەیەکی ڕۆشنە بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسرائیل و هەموو ئەو تاوان و کۆمەڵکوژی و کاولکاریەی لەدژی خەڵكی مەدەنی لە فەلەستین و لوبنان و ناوچەکە ئەنجامیداوە، هاوکات دەستئاوەڵاکردنی ئیسرائیلە بۆ بەکردەوەدەرهێنانی هەڕەشەکانی بۆ سەر عێراق. ئهمه لهكاتێكدایه كه حكومهتهكهی ناتانیاهۆ بهوێنهی حكومهتێكی فاشیست و كۆمهڵكوژ و دژهئینسانی، تەریک و لاکەوتە کەوتۆتەوە و ڕووبەڕووی نەفرەت و توڕەیی ڕای گشتی جیهانی و ناوخۆیی بۆتەوە. خودی هەوڵەکان لەئاستی دونیادا بۆ دادگاییکردنی ناتانیاهۆ و وەزیری پێشوی بەرگری ئیسرائیل، وەک تاوانبارانی جەنگ، بەڵگەیە بۆ ئەم راستیە.
لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەی ئیسرائیلدا، سودانی و حکومەتەکەی، لەنێو گێژاوی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی لایەنە شیعەکان و لەئارادابوونی هێزە میلیشیاییەکانی لایەنگر لە ئێران و لەرزۆکی دەسەڵاتەکەیدا، کەوتۆتە هەوڵدانێکی سیاسی و دیبلۆماسیەوە، تا هەرچۆنێک بووە هەڕەشەکانی ئیسرایل و مەترسیەکانی بۆ سەر مانەوەی لە دەسەلاتدا تێپەڕێنێ و هاوسەنگییەک لەنێوان ویستی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران و لایەنە ناکۆک بەیەکەکانی شیعەکان و دەستەوتاقمی میلیشیاییاندا، پێکبهێنێ. پەنابردن بۆ کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامی، ناردنی نامە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی، پەنابردن بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و ئێران، تا دانوسانە ناوخۆییەکان لەگەڵ هێزە میلیشیایەکان و ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستان… هەموویان ڕوویان لەم ئامانجەیە.
بێگومان لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، بێجگە لە تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی، کۆمەڵگهی عێراق بۆ نێو جەنگێکی مالوێرانکەر ڕادەکێشێ، کە تەنها خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێش، بە تێکچونی بارودۆخی ژیان و کوشتار و ئاوارەیی و ماڵوێرانی و هەڵتەکاندنی بنەما مەدەنیەکان، قوربانیەکەی دەدەن و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری کوردستان و ژیان و گوزەرانی خەڵكەکەی دەبێت. بەڵام لەم نێوەدا ئەوە حیزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانن و لەپێشیانەوە پارتی و یەکیەتی، لەسەرو هەر پرەنسیپێکی ئینسانیەوە و پێچەوانە لەگەڵ شەپۆلی بزوتنەوەیەکی ئینسانی و شارستانیەتی دونیا کە لەدژی سیاسەتی جەنگخوازانەی ئیسرائیل و هەموو ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە خەڵکی فەلەستین و لوبنان و ناوچەکە، ئەنجامیداوە، پێیناوەته مەیدانەوە، سیاسەتێکی دووڕوویی و ڕیاکارانە لەبەرامبەر ئەم دۆخە و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر عێراق نمایش دەکات. ئهمهش له پێناوی ئهوهدایه تا بە ئامانجە قیزەونەکانی خۆی، لەژێر ناوی “مافی نەتەوەیی کورد”دا، بگات.
لە سەردانەکەی سودانیدا بۆ لای حزبەکان و ئەوەی کە دواتر لە ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم و میدیاکانی یەکیەتی نیشتمانیدا بڵاوکرانەوە، کە گوایە هەڵوێستی خۆیان لە دۆخی ئیستای عێراق ڕاوەستانیانە لەپاڵ سودانی و پشتیوانیکردنیەتی لە هەوڵەکانیدا بۆ خۆلادان لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل، جگە لە دووڕوویی و ڕیاکاریەکی سیاسی ناسیونالیزم و حزبەکانی شتێکی تر نییە. ئەم حزبانە کە هیچکات هەڵوێستێکی ڕۆشن و راشکاوانەیان بەرامبەر بە تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل و ئەو کۆمەڵکوژی و کاولکاریەی دەستی داوەتێ، دەرنەبڕیوە، تەنانەت نەک هەر وشەیەکیان لەسەر هەڵوێستی هاوکاریکردن و پشتیوانی بێدرێخی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ ناتانیاهۆ و تاوانەکانی دەرنەبڕیوە، بەڵکو ڕۆژانە ئەوان بە دۆست و پشتیوانی خەڵکی کوردستان دەناسێنن. لەکەنار ئەمەشەوە ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی هەرکاتێک پێویستی کردبێت لەپێناو وەرگرتنی ئیمتیازات بۆ خۆیان و حیزبەکانیان، دەستیان بردووە بۆ دنەدانی نەفرەتی قەومی و پڕوپاگەندەی فاشیستانە و دەمەزەرکردنەوەی نەتەوەپەرستی لەدژی خەڵکی عێراق. ئەوەشی کە ئەمجارە ڕایانگەیاندووە “نامانەوێت عێراق لەجەنگەوە بگلێ” درۆیەکی ئاشکرایە و بۆ ڕازیکردنی سودانی و حکومەتەکەیەتی تا نەرمی لەبەرامبەر کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بنوێنێ و فشاری لایەنە شیعەکان لەسەر خۆیان کەمبکەنەوە.
لەڕاستیدا، مێژووی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی، کارنامەیەکی ڕەش و سیاسەتێکی پێچەوانەی بەهەر پرەنسیپێکی ئینسانی، نمایشکردوە. ئەوان کە لەڕێگای خۆگرێدانەوە بە سیاسەتە جەنگخوازی و کاولکاریەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی ڕۆژئاواوە، لەدژی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق گەیشتنە دەسەڵات، ئێستاش ناتوانن و نایانەوێت ڕاشکاوانە لەدژی ئیسرائیل و حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، ڕاوەستن و هەڵوێست بگرن. هەربۆیە وەک دۆستێکی ئیسرائیل ژێربەژێر دەمێننەوە. بێگومان ئەم دووڕوویی و ڕیاکاریە سیاسیەی ناسیونالیزمی کورد، لەو بنەما سیاسیەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەڵێت: ” بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان لە لاوازکردنی حکومەتی عێراقدایە” تەنانەت ئەگەر بە نرخی کوشتار و کاولکاری و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگهی مەدەنیش مەیسەربێت.
حیزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی کوردستان ڕادەگەیەنێت، کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و شارەکانی عێراق، یەک بەرژەوەندی و یەک چارەنوسیان هەیە، خەباتی هاوبەش و چینایەتی ئەوان، لەدژی جەنگ و ئینسانکوژی و بەدەستهێنانی ئاشتی پایەدار لەناوچەکەدا، بەشێکە لەو خەبات و ناڕەزایەتیەی کە بۆ باشبژێوی و بەدەستهێنانی مووچە و دامەزراندن و خزمەتگوزاریەکان، ڕۆژانە یەخەی هەردوو دەسەڵات، چ لەکوردستان و چ لەعێراقدا، دەگرێ. خەڵکی کوردستان نەک هەر هیچ دۆستایەتیەکیان لەگەڵ فاشیستە فەرمانڕەواکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانانێکی وەک ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا نییە، بەڵکو ئەوان بە بکوژی مناڵانی فەلەستین و بەرپرسیار لەو کۆمەڵکوژیە دەزانن کە لە غەزە و لوبنان بەرپاکراوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان حکومەتی ئیسرائیل بە یەکێک لە دڕندەترین و تاوانکارترین حکومەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەزانێ و لە خەباتی خۆیدا تێدەکۆشێت تا خەڵکی کوردستان لەکەنار خەڵکی عێراق و بزوتنەوەی جیهانی لەدژی ئیسرائیل و سیاسەتە جەنگخوازیەکانی ڕابوەستێت. ئێمە پێکەوە لەگەڵ کرێکارانی ناوچەکە و خەڵکی موتەمەدینی جیهاندا خوازیاری کۆتاییهێنانین بە داگیرکاری و ئاوارەیی و ئەو کۆمەڵكوژییەی لەدژی خەڵکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێخراوە.
خەڵکی ناڕازی کوردستان نابێ لەدژی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بەدیار سیاسەتە دووڕووییەکانی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانیەوە، دانیشن، بەڵکو دەبێ لەپاڵ خەبات بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانیان، بەشێوەی گونجاو مومکینی خۆیان، بە دروشمی “نا بۆ ئیسرائیل، نا بۆ جەنگ و کاولکاری”، و وەک بەشێک لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە جیهان و ناوچەکەدا، پێبنێنەمەیدانەوە. ئەمە تەنها ڕێگای ناکامکردنەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی مەترسی فراوانبوونەوەی جەنگە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
کۆتایی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤