کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان، دەوڵەتان و دامەزراوە جیهانیەکانەوە، جارێکی تر پرسی ژنان و ئەو توندوتیژی و جیاکاریەی ڕووبەڕووییان بۆتەوە، دەکەنە جێگای باسی میدیاکان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر. بەڵام خودی ئەم ڕۆژە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە ژنان لەسایەی سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی و یاسا و نەرێتە باڵادەستەکانیدا، لەگەڵ ئەوپەری ستەم و بێمافی و جیاکاری و ژێردەستەییدا، تائاستی کوشتن وکۆیلەیەتی بەرەوڕووە. سەرهەڵدانی قەیرانە ئابوریەکان، وەک بنەمایەک بۆ هێرش و پەلاماردانەکانی دەوڵەتانی دونیای ئەمڕۆ بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێش و پەیرەویکردن لە سیاسەتی سکهەڵگوشین و لێگرتنەوەی ئابوری، جگە لە سەپاندنی هەژاری و بێکاری و پایماڵکردنی ماف و ئازادیەکان، کە ژنان و کەسایەتییان دەکاتە نیشانە، هاوکات هەڵایاسانی جەنگ و توندبونەوەی میلیتاریستی و ئاوارەیی و کوشتاری بەکۆمەڵ و چالاکبونەوەی ڕەوتە ئیسلامی و ڕاسیستی و فاشیستیەکان، کردۆتە واقعیەتێكی تراژیدی و لەپێشەوە قوربانیەکانی خۆی لە ژنان و منداڵان دەسێنێ. جەنگ لە غەزە و لوبنان و ئۆکرانیا و سودان و.. کە تا ئێستا بەسەدان هەزار قوربانی لێکەوتۆتەوە و چەند ملیۆن ئینسانی ئاوارە و دەربەدەرکردووە، چەندیدن ماڵوحاڵ و گوند و شاری بەیەکجاری کاولکردووە، واقعیەتێكی تاڵی دونیای سەرمایەداری ئەمڕۆ و بەرهەمی کارنامەی ئینسانکوژی هەر ئەو دەوڵەتانە و هەر ئەو هێزە سیاسیە بۆرژوازیانەیە کە ئەمڕۆ دەم لە”ڕۆژی ڕاوەستانەوە بەرامبەر بەتوندوتیژی ژنان” دەکوتن.

لە کوردستان، ژنان لەسایەی دەسەڵاتی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد و حزبەکانیدا، بەدرێژایی چەندین دەیە، نەک هەر لەگەڵ بێمافی و جیاکاری و توندوتیژییەکی ڕێکخراو و پێشێلکردنی ئازادیەکانیاندا ڕووبه‌ڕووبوونەتەوە، بگرە کوشتن بە بەهانەی ناموس و ناچارکردنیان بەخۆسوتاندن بۆتە پەڵەیەکی ڕەش بە تەوێڵی سیستەمی حوکمڕانیەوە.  سەرباری یاسا کۆنەپەرستە پیاوسالاریەکان، کە سەرچاوەی لە شەریعەتی ئیسلام وەرگرتوە، ژیانی کۆمەڵایەتی و یاسایی ژنانی کوردستانی لە دۆخێکی توندوتیژی بەردەواوم و ڕێکخراودا ڕاگرتووە و نەریت و کەلتوری کۆنەپەرستانە و دواکەوتوانەی جێماوی عەشیرەتی کوردایەتی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیەوە بەسەر ژناندا سەپێنراوە و ڕۆژانە بەکەم زانین و ئەتکردکردن و بەکاڵا سەیرکردنی ژنان بەشێوەیەکی فراوان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەلایەتیدا، خۆبەخۆ ڕەواجی پێدەدرێ. هاوکاتیش، دەست و دەمی ئیسلامی سیاسی و مەلا و بانگخوازە ئیسلامیە کۆنەپەرست و سەلەفیەکان دژی مافەکانی ژنان و کەسایەتی و کەرامەتی کۆمەڵایەتی و ئینسانیان کراوەتەوە و ڕۆژانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی حزبە جۆرواجۆرە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکانەوە ژەهری دژە ژن و بەسوك تەماشاکردنی ژنان و سەپاندنی فرەژنی و گەرمکردنی بازاڕی بازرگانی بە ژنانەوە بەناوی زواجی مسیار و موتعەو فرەژنی و تاد… دەڕێژرێت. بەڕادەیەک کە ئەم دۆخە بۆ ژنان به‌ئاستێک گەیشتووە، کە ژن بوون جگه‌ بە مانای بوونەوەرێکی بێبایەخ و بێنرخی دروستکراو بۆ چێژوەرگرتنی سێکسی و خزمەتی پیاو، شتێکی تر نییە. هەر ژنێکیش له‌م پێوه‌ر و فه‌رهه‌نگه‌ دواكه‌وتوانانه‌ لابدات، ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی و سوکایەتی دەبێتەوە. ئەم ئاپارتایدە ڕەگەزی و  یاسایی و کۆمەڵایەتیەی دژی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەڕێخراوە، بەشێکە لە جیاکاریی رێکخراو و بەئەنقەستی بۆرژوازی کورد، بە هەموو بزووتنەوە و ڕەوتەکانیەوە، بەمەبەستی لێکدابڕینی ڕیزەکانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان، تا دەسەڵات و بەرژەوەندی سەرمایە و سەرمایەدارانی کورد و خاوەن کۆمپانیاکان لەسەر ڕەنج و زەحمەت و قوربانی و خوێنی ئەوان مسۆگەر بێت!

بێگومان وەستانەوە بەڕووی ئەم تاوانکاری و ستەمگەریەی کە ڕووبەڕووی ژنانە، چ لە جیهاندا و چ لە کوردستان، لەلایەن بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و کۆمۆنیزمی کرێکاری و جوڵانەوە سکولاریستی و ئینساندۆستیەكانه‌وە، هەمیشە مەیدانێک بووە لەڕاستای بەرگریکردن لە کەسایەتی ئینسانی ژن و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانیان، گۆشەیەک بووە لە خەباتێکی چینایەتی بەرینتر، بۆ باشکردنی ژیان و پێکهێنانی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوە بەڕووی توندوتیژی ژناندا، بانگەوازی ڕێکخراوەکانی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەکات، ئەمڕۆژە لەڕاستای توندکردنەوەی خەبات بۆ لەگۆڕنانی ئاپارتایدی ڕەگەزی و بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی یاسایی و کۆمەڵایەتی ژنان لەگەڵ پیاواندا، بەدەستەوەبگرن. هاوکات ڕادەگەیەنێت کە خەبات بۆ گێڕانەوەی حورمەتی ئینسانی و ماف و ئازادیەکانی ژنانی کوردستان، بەشێکە لە خەبات و ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریەی کە ڕۆژانە و به‌ شێوازی جۆراوجۆر بۆ بەدەستهێنانی موچە و دامەزراندن و خزمەتگوزاریەکان، یەخەی دەسەلاتداران دەگرێ. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە هەروەکو چۆن مانەوەی ستەم و توندوتیژی و نایەکسانی و بێمافی ژنان لە بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار و خاوەن سامانی کۆمەڵگای کوردستاندایە و حزب و لایەن و دەسەڵاتەکانی ئەوان بە چنگ و ددان دەیهێڵنەوە، ئاواش ڕزگاربوون لەو دۆخە پڕ لە سوکایەتی و بێمافیەی ژنان بەندە بە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازەوە لەپاڵ بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا بۆ هەڵتەکاندنی سیستمی سەرمایەداری و بنەما یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی..

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

Check Also

تراژیدیای عــــێراق لەناو سیاسەتی ئارایشدانەوەی ناوچەکە لەلایەن ئامریکاوە!

مەحمود حەلاق دوو دیوی لێکدراو دیوی یەکەم نەخشەی وێرانکردنی خۆرهەڵاتی ناوین بەناوی نەخشەی نوێی جیهانەوە …