“پرسی ئاشتی” لە تورکیا!

موحسین کەریم

رۆژەکانی نیوەی دووەمی مانگی ڕابردوو بۆ کۆمەڵگای تورکیا، دەرخەری وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە مێژووی سیاسی تورکیادا! دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی فاشیستترین و شۆڤێنیترین پارتی نەتەوەپەرستی تورکی(مەهەمە)، کە بەدرێژایی مێژووی سیاسی حزبەکەی نەك هەر دژی خەڵکی کورد بووە لە تورکیا و کەمترین و سەرەتاییترین مافی بەڕەوا نەبینوە بۆیان، بەڵکو بەهەموو جۆرێك بەرگری لە سەرکوتکردن و داپڵۆسینی هەموو جۆرە جموجوڵ و خواستێکی خەڵکی کوردی کردوە بەناوی دژایەتی تیرۆرەوە، “دەستی ئاشتی بۆ خەڵکی کورد درێژدەکات!” رۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: {با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەی ڕابگەیەنێ و کۆتایی بە تیرۆر بهێنێ، ئەوکات دەتوانێ سودمەند بێت لە یاسای “مافی هیوا”؛ واتە ئازادی}. ئەم راگەیاندنە باخچەلی لەلایەن ئۆردوگانەوە پشتیوانی لێکرا. دواتر باخچەلی لەوەش زیاتر دەڕوات و لە  ٢٧ی ئۆکتۆبەردا لە کۆڕی یادی ١٠٠ ساڵەی مردنی” زیا گۆک کاڵپ” کە کۆمەڵناسێکی تورکی بووەو بە باوکی ناسیۆنالیزمی تورک دادەنرێت، دەڵێت:” ئەگەر هەر تورکێك کوردی خۆش نەوێ تورك نیە، هەر کوردێکیش تورکی خۆش نەوێت کورد نیە!”

جێگای ئاماژەیە کە لەبەرامبەر ئەم ڕاگەیاندنانەی باخچەلیدا، رۆژی ٢٣ی ئۆکتۆبەر، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر دامەزراوەیەکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەنقەرە و پەکەکە بەرپرسیارێتیەکەی لەئەستۆ گرت! بەڵام دەم پارتی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند؛ ” رودانی شتێکی وا چاوەڕوانکراوە لەکاتێکدا کۆمەڵگای تورکیا باسی چارەسەر دەکات و ئیمکانی گفتوگۆ زیاتر دەبێت”. عبدللە ئۆجەلانیش لە دیدارێکی لەگەڵ عومەر ئۆجەلانی برازای کە سەردانی کردبوو لە زیندان، ڕایگەیاند کە” ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت توانای تیۆری و کردەییم هەیە ئەم پرۆسەیە لە پێکدادان و ئەنجامدانی توندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی”.

سەرەڕای هیرشەکەی پەکەکە کە بووەهۆی کوشتنی چەندین کەس، بەڵام دەوڵەت باخچەلی باسی برایەتی کورد و تورك دەکات و ئۆردوگانیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەرەوپێشەوەچوونەکان فرسەتێکی کەموێنەن!

بێگومان ئەوەی پێی دەوترێ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەردەوام لەسەر دەستی دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا شکستی پێهێنراوە، چونکە هیچکات ئامادەنەبووە مافە سەرەتاییەکانی خەڵكی کورد لە تورکیا بەرەسمی بناسێت و دەستبەرداری سەرکوت و داپلۆسین بێت دژی دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان. هەرجۆرە بەرەنگاری و نارەزایەتیەکانی دانیشتوانی کوردستانی تورکیا دژی ستەم و زوڵمی دڕندانەی ئەو رژێمە بەناوی تیرۆرو بەبیانووی دژایەتیکردنی تیرۆرەوە سەرکوت کردوە. ئەوەی رێگری لە دامەزراندنی ئارامی سیاسی و کۆتاییهاتنی فەزای جەنگی لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا کردوە، کە ڕاستەوخۆ نائارامی کۆمەڵایەتی و ناکۆکی و نەفرەت و کینەی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی برەوپێداوە لەناو کۆمەڵگای تورکیادا، دەوڵەتی تورکیا بووە. ئەم وەرچەرخانەی ناو بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکی و حزبەکانی و حکومەتەکەی روو بە پرسی کورد، دەرخەری ئەوەیە کە؛

یەکەم؛ کۆمەڵگای تورکیا بە ئەزمونی دەیانساڵەی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی حزب و بزوتنەوە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکانی تورکدا، بەو بڕوایە گەیشتوە کە ئیتر پرسی کورد لە کۆمەڵگای تورکیادا ناکرێ بەهەمان ڕەوشی کۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. درێژەکێشانی ئەم کێشەیە لەرووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە کۆمەڵگای تورکیا بەرەو کارەسات و داڕوخانی زیاتر دەبات.

دووەم؛ گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکانی جیهان و هەنگاونانی جیهانی سەرمایەداری بۆ جیهانی فرەجەمسەری، لەگەڵ خۆیدا ئاڵوگۆڕی بنەرەتی لەهەموو مەیدانەکانی سیاسی-ئابوری- ئەمنیدا دەهێننەپێشەوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتەکانی دەبێت. ئەو دەوڵەتانە دەبێت خۆیان بۆ پێشوازی لەو گۆڕانکاریانە ئامادەبکەن. تورکیا وەکو دەوڵەتێکی گەورە و یارکەرێکی ناوچەیی، دەبێت خۆی بۆ ئەو پێشهاتانە ئامادەبکات. بۆ ئەو مەبەستەش، سەرەڕای ئارامکردنەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و بگرە ئابوری ناخۆی تورکیا، لە عێراق و سوریاش پێویستی بە ئارامکردنەوەی دۆخەکە هەیە لەگەڵ پەکەکەدا، چونکە فاکتەرێکی زۆر گرنگ و چارەنوسسازدەبێت بۆئەوەی تورکیا بتوانێ بەرەوپیری ئەو گۆڕانکاریانە بڕوات.

لەلایەکی دیکەشەوە، لەچاوی کۆمەڵگای کوردستانی تورکیاو بگرە بزوتنەوەی سیاسی ناسیۆنالیستی کوردیشەوە، مەسەلەی بەرەنگاری چەکداری وەکو هۆکارێکی کاریگەری بەرەنگاری، پێگەی جارانی لەدەستداوە. دەمێکەیە دەستدانە خەباتێکی سیاسی وەکو رێگایەکی بەرگری و بەرەنگاری ستەم و سەرکوتگەریەکانی دەوڵەتی تورکیاو لەپێناو مافەکانی خەڵکی کورد لە تورکیادا، دەستی پێکردوە. بۆیە بەنیسبەت پەکەکەشەوە مەسەلەی کرانەوەی دەروازەیەك بۆ چوونە ناو پرۆسەی سیاسیەوە بایەخی پەیداکردوەو ئەوەش لەزمانی ئۆجەلانەوە رایەگەنراوە، ئەگەرچی ڕەنگە بەشێکی پەکەکە بەناڕاستەوخۆ نەیانەوێ لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیەدا بڕۆن بە حوکمی نزیکیان لە ئێرانەوە!

سەرەنجام دەستپێکردنی دۆخێکی نوێ لەنێوان دەوڵەتی تورکیاو خەڵکی کورد و هەروەها لە نێوان دەوڵەت و بزوتنەوەی سیاسی ناسیۆنالیزمی کورد( بە چەکداری و مەدەنیەوە) بەپلەی سەرەکی بەندە بەوەی دەوڵەتی تورکیا تا چ ڕادەیەك ئامادەیە دان بە مافە سەرەتاییەکانی خەڵكی کوردستانی تورکیادا بنێ و کۆتایی بە فەزای سەرکوت و داپڵۆسین بهینێ لە ناوچە کوردنشینەکاندا، بەپلەی دووەمیش بەندە بەوەی کە چەندە ئەو ڕەوتەی ناو پەکەکە کە لەئێرانەوە نزیکە، کێشە بۆ ئەم “کرانەوە”یە دروست ناکات.

Check Also

حکومەتی دوای هەڵبژاردن

عوسمانی حاجی مارف حکومەتێک گەر یەکێتی نیشتمانی بەشداری تێدا نەکات، ئەو حکومەتە ناتوانێت پێکهاتەیەک بێت …