پلینۆمی (٣٠) کۆمیتەی ناوەندی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا

ڕۆژانی ١و٢ ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی و هاوڕێ سەمیر عادل سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و بەشداری چەند میوان پلینۆمی (٣٠)یەمی خۆی بەست.

سەرەتا پلینۆم بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ و خولەکێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی و یەکسانی دەستی پێکرد و دواتر هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، وتاری دەستپێکردنی پلینۆمی پێشکەش کرد. پاشان دەستوری بەڕیوەچونی کۆبونەوەکان و باسەکانی پلینۆم پەسەندکرا کە بریتی بوو لە:

١/ ڕاپۆرتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانەکانی حیزب لە نێوان دوو پلینۆمدا

٢/ توندبوونەوەی فەزای جەنگ لە ناوچەکە

٣/ کارمان لەمەیدانی مەسەلەی ژناندا

٤/  دۆخی سیاسی کوردستان دوای هەڵبژاردن

٥/ شێوەکار و کاری رێکخستنی حیزبی

٦/ بۆچونێکی تر لەسەر تەبلیغاتی حزب لەسەر هەڵبژاردن

٧/ بڕیار و بڕیارنامەکان

٨/ هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی

 

١/ ڕاپۆرتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ئۆرگانەکان:

سەرەتا هاوڕێ خەسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی، لەقسەوباسێکدا، لەسەر حەرەکەتی گشتی حیزب ڕاوەستا و ئاماژەی بەو مەیدانانە کرد کە هەڵسوڕانی حیزب و ئۆرگانەکان تێدا پێشڕەویانکردووە و پاشان پەنجەی لەسەر لاوازیەکانی کاری حیزب و ئەو بەربەست و گرفتانەی کە لە کاری ئەم دەورەیەی حیزبدا سەریان هەڵداوە دانا و لە کۆتاییشدا چەند پێشنیارێکی لە ڕاستای برەودان بە مەیدانەکانی کاری حیزب و کارکردن بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان خستەبەردەم پلینۆمەوە. بەدوای ئەودا پلینۆم ڕێگای کردەوە بۆ قسەوباسی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر سەرجەم راپۆرتەکان کە پێشتر بە نوسراو خرابوونە بەردەستی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەشداربوونی پلینۆمەوە وپ اش سەرنجدان لەلایەنە جیاجیاکانی کاری ئۆرگانەکان و هەڵسەنگاندنیان، پلینۆم وێرای ئەوەی کە کاری ئەم دەورەیەی حیزبی ڕوولەپێش هەڵسەنگاند، هاوکات لەسەر خاڵە لاوازەکانی کاری ئەم دەورەیە ڕاوەستا و لەبەرامبەریاندا، چەندین بریاری بۆ پەسەندکردن گەڵاڵەکردەوە.

٢/   توندبوونەوەی فەزای جەنگ لە ناوچەکە:

ئەم باسە لەلایەن هاوڕێ موحسین کەریمەوە پێشکەش کرا کە لێکدانەوەی بۆ دۆخی ناوچەکە و فاکتەرەکان و ئەگەرەکانی توندبونەوەی فەزای جەنگی لە ناوچەکەدا کرد لەبەر رۆشنایی توندبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان و هەڕەشەکانی لە فراوانکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا و هەروەها دەوری ئێران و گروپە ئیسلامیەکانی سەر بە ئێران لەو فەزا جەنگیەدا ڕوونکردەوە. ئەم بابەتەش لەلایەن ئامادەبوانەوە قسەوباسی گەرموگوڕی لەسەرکرا و پێداگری لەسەر ئامادەکردنی نەخشە و هەنگاوی عەمەلی پيویست لەوبارە کرا.

٣/ کارمان لە مەیدانی مەسەلەی ژناندا

ئەم باسە لەلایەن هاوڕێ سەوسەن سەلیم و هاوڕییانێکی ترەوە پێشکەش کرا و ئاماژەیان بەو هەنگاو و هەواڵانە کرد کە لەلایەن هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازی ژنانەوە دەستی پێکراوە بە ئامانجی دروستکردنی رێکخراوێکی خەباتکارانەی ژنان کە بۆ رێکخراوکردنی ژنانی یەکسانیخواز و ناڕازی بە ستەم و چەوسانەوە لە دژی ژنان تێبکۆشێت بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانی ژنان و یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژن و پیاو. پلینۆم پێشوازی گەرمی لە باسەکە و هەوڵەکانی هەڵسوڕاوانی ژنان کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ڕاگەیاندن.

٤/ دۆخی سیاسی کوردستان دوای هەڵبژاردن:

سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی لە پێکهاتەی دەسەڵات و دۆخی سیاسی کوردستاندا پێك نەهێناوە. دەسەڵاتیش هەمان پێکهاتەی میلیشیایی پارتی و یەکێتی دەمێنێتەوە، هاوکات باسی لەوەش کرد کە لەسایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا و کاریگەری دۆخی سیاسی ناوچەکە لە ئاکامی قەیرانی ئابوری و ناکۆکیەکانی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەەتی عێراق و کێشەکانی نێوان خۆیان و بەردەامی لە وەڵامدانەدانەوە بە خواستەکانی خەڵک و توندبونەوەی فەزای جەنگی، ئەگەری تێكچوون و خراپبوونی باری ژیان و گوزەرانی خەڵك زیاتر دەکات.

٥/ شێوەکار و کاری رێکخستنی حیزبی

لەم بەشەی قسەوباسەکانی پلنۆمدا ، هاوڕێ رێبوار ئەحمەد باسی لە مەسەلەی شێوەکار کرد لە بواری ڕێکخستنی حزبی و کۆمۆنیستیدا و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئەو گرفت و ڕێگریانەی وایکردوە حزب لەباری ڕێکخستنەوە پێشرەوی جدی و بەرچاو نەکات، هۆکارەکەی مانەوەی شێوەکاری چەپی غەیرەکرێکاریە لە مەیدانی ڕێکخستندا. ئەمەش بە نۆرەی خۆی ڕەنگدانەوەی سیاسەت و شێواز و هەڵسورانی سیاسی حزبە….

جێگای ئاماژەیە باسەکەی ڕێبوار ڕەخنە بوو لە شێوازی کارکردنی حزب لە بواری ڕێکخستندا کە قسەوباسێکی گەرمی دروستکرد و پێداگری لەسەر ئەوە کرا کە ئەو ڕێوشوێن و هەنگاوانە دەستنیشان بکرێن کە دەتوانێ ئەو ئاڵوگۆڕە لە شێوەکاری حزبدا مەیسەردەکات.

٦/ بۆچونێکی تر لەسەر تەبلیغاتی حزب لەسەر هەڵبژاردن:

ئەم بابەتە لەلایەن هاوڕێ خەسرەو سایەوە پێشکەش کرا و ئاماژەی بەشێوازی پڕوپاگەندەی حزب کرد لە پەیوەند بە هەڵبژاردن و بەڵگەو پاساوەکانی بۆ داواکردن لە خەڵك کە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن. هاوکات هاوڕێ خەسرەو لە قسەوباسەکانیدا، هەڵبژاردنی وەک مەیدانێکی تاکتیکی بۆ دەخاڵەت و ئیبرازی حیزب و خستنەڕووی بەرنامە و پلاتفۆرمی داخوازیەکانی جەماوەر و ناساندنی بە کۆمەلگا تەئکید لێکرد و لە کۆتایشدا ئەو بنەمایانەی ڕۆشنکردەوە، کە حیزب دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداری کردن و نەکردنی کۆمۆنیستەکان لەهەر هەڵبژاردنێکدا بەدەستیەوە بگرێ. باسەکە بەدوای قسەوباسی چڕوپڕی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، بەو ئاقارەدا ڕۆیشت کە پرسی بەشداریکردن یان نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت و لەکاتی خۆیدا لێکدانەوە و هەڵوێستێکی دروستی حزبی لێدەربکێشرێت.

٧/ بڕیارو بڕیارنامەکان:

لە بەشی بڕیار و بڕیارنامەکاندا، چەندین بڕیار پەسەندکران سەبارەت بە چۆنیەتی عەمەلیکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە لەباسەکانەوە دەبێت دەربکێشرێن و هەروەها هەنگاوی پێویست بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی حزب و بردنەسەری تواناییەکانی لە مەیدانی سیاسی و دەرکەوتنی وەکو هیزێکی کاریگەری ئۆپۆزیسیۆنی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕ کە قابیلی ئەوەبێ خەڵکی کوردستان و کرێکار و زەحمەتکێش وەکو هێزێکی سیاسی متمانەی پێبکەن لە ڕەوتی خەباتیاندا بۆ گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەرانیاندا لەپاڵیدا ڕاوەستن..

٨/ هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی:

لەم بەشەی بەرنامەی کارەکانی پلینۆمدا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف بە تێکرای دەنگ بە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە و هەروەها ١٢ کەسیش بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران کە بریتین لە هاوڕێیان: خەسرەو سایە، دەشتی جەمال، ئازاد مەجید، عبدللە محمود، موحسین کەریم، فوئاد صادق، جەمال موحسین، ڕێبوار ئەحمەد، شاباز محمود، ئالان مەعروف، وەستا مەهدی ڕەسول و رێبوار عارف.

پلنۆم بەدوای دوو ڕۆژ لەقسەوباسی چڕوپڕ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بەدوای تەواوبونی کارەکانی پلنۆم، مەکتەبی سیاسی لە یەکەمین کۆبونەوەی خۆیدا هاوڕێ خەسرەو سایەی وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد و دەستەیەکی کارگێڕی لە هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حیزب، لەنێوان دووکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا دیاری کرا.

٦/١١/٢٠٢٤

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …