هەڵبژاردن و ئەزمونێکی دیکە!

موحسین کەریم

خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان، دوای دەورەیەك لە بێباوەڕی خەڵک بە هەڵبژاردن و دوای  توندبونەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵات و سەرجەم هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی، جارێکی دیکە بەشێکی لە خەڵکی ناڕازی و توڕەی لەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ڕاکێشایەوە ناو وەهمی گۆڕانکاری لەڕێگای دەنگدانەوە! ئەم خۆشباوەڕیەی خەڵك لەئاکامی ئەو چەواشەکاریەوە بوو کە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەرامبەر بە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمان کردیان کە گوایە بواری تەزویری یەکێتی و پارتی نەماوە، چونکە هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، یەکێتی و پارتی توانای پارە بەخشینەوە و فشارخستنە سەر خەڵکیان نیە بۆ دەنگدان، ئامێرەکانی دەنگدان بەجۆرێكە کە کەس نازانێ دەنگ بەکێ دراوەو.. تاد. بۆیە دەکرێ بە بەشداری فراوانی خەڵكی ناڕازی و دەنگدان بە ئۆپۆزیسیۆن کۆتایی بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بهێنرێ! ئەمە سەرەڕای کەمپینی هەڵبژاردنی یەکێتی کە گوایە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی دەڕوخێنن، بەئامانجی ئەوەی فەزای دژی پارتی کە لەناو خەڵکدا ڕەواجی هەیە، بخاتەپشتی خۆی و ئەوەیش کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی بەشێك لەوانەی دژی پارتی بوون، بچنە پاڵ یەکێتیەوەو دەنگی پێبدەن!

تەنانەت لە ماوەی کەمپینی هەڵبژاردندا، سەرجەم هێزو لایەنەکانی بۆرژوازی، بەتایبەتی ئۆپۆزیسیۆن، کەوتنە هێرشێکی ناڕەوا بۆسەر ئەو کەسانەی کە ئامادە نەبوون بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بە خزمەتکاری دەسەڵات تۆمەتباریان کردن. بەوجۆرە لەچوارچێوەی کەمپینێکی بەخشینەوەی درۆو چەواشەکاری و هێرشێکی ناڕەوا بۆسەر خەڵکی ناڕازی، توانیان ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان راپێچی دەنگدان بکەن. بەڵام چەند کاتژمێرێکی نەخایاند کە هەموو ئەو درۆو چەواشەکاریانەی بڵاویان کردبوەوە بەرامبەر بە پاكی و بێخەوشی دەنگدان و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، یاخود بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی،  هەمووی بووە بڵقی سەرئاو! پارتی دەنگی یەکەم و یەکێتیش دەنگی دووەمی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا، کە سەرباری ئەوەی لەدنیای واقعدا هەر ئەوان دەسەڵاتدار دەبوون، بەڵام شەرعیەتی دەنگدانیان دایەوە بەدەسەڵاتەکەیان و سەرکەوتنێکی سیاسی گەورەیان بۆخۆیان تۆمارکرد. بەڵام ئەوەی کە کڵاوی یەکێتی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ساختەچی کرایە سەری، ئەو خەڵکە نارازایە بوون کە بە درۆکانی ئۆپۆزیسیۆن و یەکێتی بروایان کردبوو.

بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوەوە، ئەمجارەیان گەورەترین تەزویرو ساختەی رێکخراو لەدەنگی خەڵک کرا. ساختەکاریەکە بەجۆرێکە کە هیچ بوارێکی بۆ داپۆشین نەهێشتۆتەوە. ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە باسی نەزاهەتی دەنگدانی دەکرد، ئێستا خۆیان باسی ئاستێکی بێوێنە لە ساختەکاری دەکەن بەوەی کە هەموو ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی بەرنامەکراو لە بەرژەوەندی پارتی بەپلەی یەکەم و یەکێتی بە پلەی دووەم بەرنامەکراون. هەر خۆیان باس لەوە دەکەن کە لەدەیان بنکەی دەنگدان ژمارەی دەنگەکانیان کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیەنراوە زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی کە لای چاودێرەکانیان تۆمارکراوەو بە بەڵگەوە لایانە!

بەمجۆرە ئەم هەڵبژاردنە جارێکی دیکە ئەزمونێکی نێگەتیڤی لەسەر مێژووی خەباتکارانەی بەشێك لە خەڵکی ناڕازی کوردستان تۆمارکرد. جارێکی دیکە ئەوەی دوپاتکردەوە کە هەرجۆرە وەهمێك بە باڵەکانی بۆرژوازی، چ بەو بەشەی دەسەڵات کە خۆی وەکو دۆستی خەڵك نیشان دا یاخود ئەو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنانەی بۆرژوازی کە بانگەشەی کۆتایی هێنانی دەسەڵاتی میلیشاییان دەکرد، یاخود باسی چاکسازییان لە سیستەمی حوکمرانی کوردستاندا دەکرد لەرێگای پەرلەمانەوە، چەندە گورزێکی سیاسی کوشندە دەدات لە هەوڵەکانیان بۆ ئاڵوگۆڕ لە ژیان و گوزەرانیاندا و چەندە رێگای خەبات و تێکۆشانیان سەختر دەکات و گەیشتنیان بە هیواو ئومیدەکان و خواستەکانیان دوورتر دەخاتەوە. ئەم هەڵبژاردنە وەکو هەموو جارەکانی دیکە، سەدجار ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە هەرجۆرە ئاڵوگۆڕێك لەژیان و گوزەران و مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش و چەوساوەدا تەنهاوتەنها لەرێگای خەباتی هوشیارانەو رێکخراوی خۆیانەوە مەیسەردەبێت! ئەو ڕاستیەشی دووبارە سەلماندەوە کە بەڵێنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ باشکردنی ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵك لەرێگای دەنگدان و پەرلەمانەوە شتێك نیە بێجگە لە مامەلەیەکی سیاسی ساختەکارانە بۆ بەبەلاش وەرگرتنی دەنگی خەڵك لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا.

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …