نوری بەشیر
چەند رۆژێکە حزبەکانی ناو پەرلەمانی تورکیاو میدیای ناوخۆ و ناوچەکە باس لەسەر پڕۆژەیەک دەکەن بۆ ئاشتی لە تورکیادا و ئەمەش دوای قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورک “مەهەپە” بوو کە لە پەرلەمانی تورکیا رۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبەر کە ووتی:” با ئۆجەڵان بێتە پەرلەمان و قسە بکات بۆئەوەی کۆتای بە تیرۆر بێت!”
ئەم قسەیەی باخچەلی بەدوای ئەوەدا هات کە ناوبراو لە١ی ئۆکتۆبەردا کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو، چووە لای هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵدا کردن. دوای ئەوە، ئەوەبوو لە ٢٢ی ئۆکتۆبەردا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، بەدوای ئەوەی کە قسەیەکی زۆری کرد لەسەر زەرورەتی یەکپارچەیی تورکیا، نزیکبوونەوەی حزبەکان لەبەرژەوەندی تورکیاو هەروەها دژی تیرۆرو هێنانی ئاشتی و ئاسایش بۆ تورکیا. لەقسەکانیدا باخچەلی داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و ئۆجەلان بێت و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت ” تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و بڵێت رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە”، باخچەلی لە قسەکانیدا زۆر ئیشارەی دا بەوەی کە خۆشی و ئاشتیان بۆ خەڵكی کورد دەوێت لەچوارچێوەی تورکیادا.
ئەمە بووە شوێنی قسەوباس و هەڵوێستی هەموو حزبەکانی پەرلەمان لەوانە: جەهەپە، دەم پارتی و هەروەها ئاکپارتی، کە بەگشتی هەموو حزبەکان هەڵوێستی ئەرێنی و ڕەزامەندیان نیشاندا، بەتایبەت خودی رەجەب تەیب ئەردوگان وەک سەرۆککۆمارو پارتەکەی پارتی دادو گەشەپێدان. ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی ئاکپارتی ئەم هەنگاوەیان بەباش زانیوەو داوایان کردووە کە دەم پارتی بەزوویی هەڵوێستی خۆی بەیان بکات. هەروەها رەمزی کارتال هاوسەرۆکی پارتی گەل وتویەتی ئێمە ئەم هەنگاوەمان پێباشەو پێموایە ئۆجەلانیش رازی دەبێت، بەڵام دەبێت سەرەتا گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان لاببریت و ئەو هەنگاوە دروست نیە کە باخچەلی بۆ ئۆجەلانی داناوە ئاوا قسە بکات، وە زەرورە ئەم کارە هیچ فێڵێکی تێدا نەبێت.
ئەم پڕۆژەیە بەپێی رەزامەندی ئەردوگان رێکەوتنی پێشوەختەی لەسەر بووە، واتە ئەمە پێشنیاری حکومەتەکەیانە، کەخۆیان لەڕابەریەکەیدان و هەردووکیان و حزبەکانیان وەک دوولایەنی قەومی و ئیسلامی کۆنەپەرست کە نوێنەرایەتی بۆرژوازی تورکی دەکەن، هەردوولایەنیش نەک تەنیا بەدژی خەڵکی کوردستانن، بەڵکو بەدژی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی سەراسەری تورکیان و لانیکەم لەدەیەی رابردوودا کۆمەڵگایان لە گێژاوی قەیرانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی قوڵدا راگرتووە، وە لەسیاسەتی کێشەو پەلکێشان بۆ وڵاتانی ناوچەکە لە کێشەو شکستی بەردەوامدان، لەوانە کێشەی قوبرس و یۆنان، کێشەیان لە سوریاداو هێنانی دەیان هەزار سەربازو کردنەوەی دەیان سەربازگە لە ناوچەی زەردی پارتیدا لە کوردستانی عێراق لەژێر ناوی دژایەتی تیرۆرو پەکەکەدا.
ئەم هەلومەرجە قەیراناویە کە پارتەکانی ئەردوغان و باخچەلی رووبەرووی تورکیایان کردۆتەوە، سەرەڕای قەیرانێکی قوڵی ناوچەکە، بەتایبەت کە لەیەک ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕی ئیسرائیلەوە بەسەر خەڵکی غەززەو ناوچەکەدا سەپێنراوە، لە کاولکردنی غەززەو بە غەززەکردنی لوبنان و هێرش بۆسەر سوریاو حوسیەکانی یەمەن و ترسی هێرش بۆسەر عێراق و هەڕەشەکردنی هێرش بۆسەر ئێران، دۆخێکی ناسەقامگیری بۆ حکومەتی تورکیا و حزبە دەسەڵاتدارەکانی دروست کردوە.
ئەگەرچی قوربانی یەکەمی هەلومەرجی ناوچەکە خەڵكی کرێكارو کەمدەرامەتی ئەو وڵاتانە دەبن، بەڵام حکومەتە قەیرانگرتووەکانی ناوچەکەش بەبێ زیان لێی دەرناچن. هەر ئەمەش کە مەهەپەو ئاکپارتی لێی دەترسن و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبەرامبەر پێشنیارەکەی باخچەلیدا دەڵێت: باسی نزیکبوونەوەی مەهەپە و دەم پارتی لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتیەو دەڵێ، “دەستێک هەیە بە ئیرادەوە درێژکراوەتەوە لەپێناو خەباتی وڵاتەکەمان و دیموکراسی، ئێمە پێشوازی لێدەکەین و بەئەرێنی و مانادار سەیری دەکەین، باخچەلی لە چوارچێوەی سیاسەتی تورکیا جەخت لە ئاشتی و دیالۆگی گرینگ دەکات، ناتوانین ئەو هەنگاوەی بەرێز باخچەلی دەستیپێکردووە بەلاوە بنێین و …، هیوادارم بنەمای کۆدەنگی کۆمەڵایەتی لەسەر دەستووری نوێ زیاتربکەین و کلیلی کێشەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتەکەماندایە، هیواخوازم هەموولایەنەکان لەم پرۆسەیەدا بەشداربن” هەروەها دەڵێ: “لەلایەک گرژییەکان لە عێراق لەزیادبوونە و شەڕی ناوخۆی سووریا و هەڕەشە و دڕندەیی ئیسرائیل و بوونی تیرۆر هۆکارێکە کە لەناوخۆی وڵات ئاشتی دابمەزرێنین و هەنگاوی ریشەیی بنێین لە سیاسەت و دیموکراسی بۆیە پشتگیریی و پشتیوانی تەواو و بەهێزمان بۆ ئەم هەنگاوە هەیە.”
سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە وڵاتانی ئەلبانیا و سربیا لەنێو فڕۆکەدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند، “ناتوانین هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکامان پشتگوێ بخەین، ئامانجی ئیسرائیل تەنیا تێکدانی سەقامگیری فەلەستین و لوبنان نییە، دەیەوێت ئاگرەکە کاریگەری بۆ ناوچەکانی دەوروبەریشی هەبێت….” لەولاشەوە ئۆجەلان لەرێگای برازایەکیەوە کە ئەندام پەرلەمانی دەم پارتیەو پارێزەرە، لە ئیمراڵی سەردانی کردوە، رایگەیاندوە کە هێزی ئەوەی هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادانەوە ڕابکێشێت بۆ زەمینەیەکی سیاسی. دەتوانێت کۆتایی بە پێکدادان و تووندوتیژی بهێنێت. هەروەها موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردەوە، رایگەیاند ” ئەگەر رەوشێکی باش بێتەکایەوە کە بەرژەوەندیی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی راستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل.”
ئەمانە هەمووی بەڵگەی ئەوەن کە هەم حکومەتی هاوبەشی ئۆردوگان- باخچەلی، وەکو دوو هێزی کۆنەپەرستی بۆرژوازی فاشیست، لەم دۆخەدا پیویستی بەوەیە کە دۆخی ناوخۆی کەمێك ئارام بکاتەوە تا بتوانێ بەو تەحەدیانەدا بگات کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا روبەرووی دەبێتەوە. هاوکات بۆ پەکەکەو عبدللە ئۆجەلان دەرفەتێكە کە بتوانن عبدللە ئۆجەلان لە گۆشەگیری و زیندان رزگار بکەن و دەورەیەکی دیکە لە دانوسان بە ئومێدی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی تورکیادا دەست پێبکەن.
رۆشنە کە چ باخچەلی و چ ئۆردوگان بەشوێن وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵكی کوردستان نین، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت داواکاریەکانیان بەرەسمی بناسن، ئەوە هەنگاوی یەکەم ئەو سەرکوت و فەزا سەربازیەی ناوچە کوردیەکان لاببەن و بەشداری خەڵكی لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا بەرەسمی بناسن، دەتوانن فەزای ئاوەڵا دروستبکەن، کە خەڵك هەست بە هاوڵاتی یەکسان بکات، ئەمە هەنگاوی یەکەمە لەراستای ئەو پرۆسە ئاشتیەی کە دەیانەوێت لە کوردستان یان لە رێگای ئۆجەلانەوە دەست بۆ ببەن.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر گریمان ئەم پڕۆژە ئاشتیە نوێیە چەکی بە پەکەکەش دانا، ئەی ئۆردگان و باخچەلی و حکومەتەکەی وەڵامیان بۆ قەیرانی ئابوری و سیاسی سەراسەری تورکیا چی دەبێت، ئەی وەڵامیان بۆ کێشەکانیان لە سوریا و قوبرس و یۆنان چی دەبێت، ئەی فەزای سەرکوتی ئازادی سیاسی چۆن وەڵام دەدەنەوە، ئەی هێزەکانیان لە کوردستانی عێراقدا چی بەسەر دێت، ئەمانە کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگی سیاسی – ئابوری و کۆمەڵایەتین کە حکومەتی ئەکەپە- مەهەپە دەرگری بووەو رەنگە ئەگەر پرۆسەی ئاشتیش سەربکەوێ، کە ئەگەرێکی نزیك نیە، بەڵام هەموو ئەو پرسیارانە بە هێزی خۆیان لەبەردەم بۆرژوازی تورکیاو حکومەتەکەیدا دەمێنێتەوە.