دەشتی جەمال
ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتوبەر دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردن لە کوردستان، بانگەشەی هەڵبژرادنی بەربژێرەکان ماوەیەکە دەستی پێکردوە بۆ تەخشانو پەخشانکردنی درۆ و دەلەسەی بێناوەرۆك بۆ هەڵبژاردنیان لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا، بەلام جیاواز لەخولەکانی پیشووتر، ئەمجارە هەریەك بەتایبەتی لەحزبە دەسەلاتدارەکانی کوردستان، شمشێریان لەبەرامبەر یەکدا هەڵکیشاوە، گوایە ئەمجارە زۆرانبازیەکە ملی ئەوی تریان دەشکێنێت ولەساحەکە دوری دەخاتەوە! بەزمانی زبرو دوور لەهەموو پێوانەیەکی هەڵبژاردن لەمڕۆی دنیادا وەکو ئەوەی پەیڕەو دەکرێ و حزبەکان بەربژیرەکانی خۆیان دەخەنەڕوو کە پڕوپاگەندە بۆ بەرنامەو ئەجندای خۆیان دەکەن بۆ چوارساڵی داهاتوو، تا لەو رێگایەوە دەنگدەران هەڵخرێنن و دەنگیان پێبدەن.
بەڵام گاڵتەجاری و ریسوابوونی هەڵبژاردن و پەرلەمان بەجۆرێکە لەناو خەڵکی کوردستاندا کەئاستی چاوەروانیەکان ئەوەیە هاولاتیان بەڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن، بۆیە هەم لایەنەکانی دەسەڵاتدار و هەم ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی هەموو هەوڵ و هاوارێکیان بۆئەوەیە خەڵك پەلکێشی هەڵبژاردن بکەن و رێژەی بەشداریکردن بەرزبکەنەوە لەپێناو بەرژەوەندی و مەرامە سیاسەکانی خۆیاندا. کەوایە بۆچی نابێت بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکرێت وبایکۆتبکرێت:
١- پەرلەمان و حكومەت و بەدیاریکراویش هەڵبژاردن لە دۆخێکی دژواردا کە کوردستان لەبۆشایی قەوارەی دەولەتدا لەژیرسایەی دەسەلاتێکی میلیشایی وحیزبیدا بەڕیوەدەچێت کەدوو دەسەلات بەزەبری هێزی چەکدار و تاڵانیوراوروتی ژێر قەڵەمڕەوی خۆی، خۆگریدانەوە بە وڵاتێکی ناوچەکەوە، دەسەلاتیان داسەپاندوە. بەهەلبژاردنو کایەی پەرلەمانی ناتوانرێت ئەو واقعیتە بگۆردرێت. هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە جگە لە نمایشێك بۆ شهرعیهتدانەوە به دهسهڵاتی بۆرجوازی و هێشتنەوەی ئەو دوو دەسەڵاتە میلیشیاییە وڕاگرتنی پایەکانی دەسەلاتیان لەکوردستاندا هیچی تری بەقازانجی خەڵکی کوردستان لێ سەوزنابێت.
٢-دەڵێن هەڵبژاردنی ئەمجارە پاك ونەزیهە و راستەخۆ لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی عێراق ولایەنی نیونەتەوەییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەمە وەك بەهانەیەك لەلایەن هیزەکانی بەشدارەوە بەدەستەوە گیراوەکە گوایە مەجالی تەزویروساختە نەماوە. ئەمە لەکاتیکدا ئۆفیسی کۆمیسیۆنی هەلبژاردنەکان لەشارەکانی کوردستان بە موافقەتی یەکیتیو پارتی دانراونو کورسی تورکمان و مەسیحیەکان دابەشکراون لەنێوان زۆنی سەوزوزەرددا. داهاتی کۆمەڵگاومیدیای زەبەلاح هەمووی له دهستی ئهحزابی میلیشیاکاندایە وهیزە سەربازیوئەمنیەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ئەگەر دەنگ بەلایەنی دەسەلات نەدەن رووبەرووی لێپێچینەوە دەبنەوە. لهسایهی هەلومەرجێکی وادایە کە هیچ دەرفەتێکی نەهیشتۆتەوە خەڵك لهسهر بناغهی ئاشنایهتیوتیگهیشتن له بهدیل ورێگەچارەی لایهنهكان دهنگبدهن. هەروەکو له سایهی زهختو زۆرو دهسهلاتی ملیشیاكاندا ناتوانن ئازادانه بهدیلی خۆیان ههلبژێرن.لەوەش زیاتر دەخالەتی دەولەتانی ناوچەکە لەپرۆسەکەدا و پشتیوانی تورکیا لە پارتیو ئیران لە یەکیتیلە هەڵبژاردنەکاندا فاکتەرێکی کاریگەرە. ئەمە جگە لە دۆخی نائهمنیو سهختو دژواری ئیستای عیراق وکوردستان و فشارەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات و شکاندنی شکۆی ئەوەی ناویان لێناوە قەوارەی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم.
٣- هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لەپرۆسەی هەڵبژاردندا تەنها قازانج و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەدارانوخاوەن کۆمپانیاکان دەپارێزن، خۆیان بەشداربوون لە بەتالانبردنی سەروەتو سامانی کۆمەڵگا و یەك هەڵویستن بۆهێشتنەوەی ئەودۆخەی کەهەیە. هیچ پرۆژەیەکیان پێنیە بۆ دەرکێشانی کوردستان لەم دۆخە سیاسی و ئابوریە چەقبەستوە و درێژەپێدەری توندکردنەوەی فەزای کۆنەپەرستیو دژ بە شارستانیەت و مودێرنیزمی کۆمەلایەتین، ناکۆك و دژن بە باشبژێوی و بەختەوەری خەڵك و مافەکانی ژنان ومنالان و گەشەکردنی کۆمەڵگا.
٤-بانگەشەی پەرلەمانو دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات لەرێگەی پەرلەمانەوە جگە لە بلاوکردنەوەی خۆشباوەریو پەلەقاژەیەکی فریوکارانە بۆ جوانکردنی سیمای ناشرینی دەسەلاتی میلیشایی هیچیتر نیە. ئەو گروپ و لایەنانەشی بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە دەهۆڵی گۆرانکاریو بەشداری جەماوەر لەم هەڵبژاردنەدا دەکوتن پاداشتی خۆشباوەرکردنی جەماوەر بەدەسەلاتی یەکیتی وپارتی وەردەگرن! هەموویان پێیان لە بێئاسۆیی و بێئومیدی و سەرگەردانی دۆخی چەقبەستووی کوردستان گیرکردوە و چارەنوسی کوردستانیان لەچوارچێوەی فیدرالیزمێکی قەومی کۆنەپەرستانەدا بەستۆتەوە بەدەسەلاتی کۆنەپەرستی قەومی ئیسلامی عێراق. هەر حزبێك لەوانەش ئەگەر چەند کورسیش بهێنێت، ناتوانێت دەسەڵات لەیەکیتیو پارتی وەربگرێت، وەیان چەند پۆستی سەرەکی وەربگرێت.
٥- بەربژیرەکان لەسەر پەیوەندی بە دەسەلاتی مەرکەزی عێراقەوە، دەستور دەکەنە سەنگی مەحەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان لەکوردستان، بەلام دەبێت بپرسین کام دەستور، دەستورێك کەلەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتیو زمانو رەگەزوئاینوئەتنیکی وژیرپێنانی مافەکانی ژنانوبەرەسمیەت نەناسینی مافی هاولاتی یەکسان دامەزراوە، دەستورێك کە ئاینی ئیسلام کە دژ بەمافە مەدەنی وئینسانیەکانی خەڵکی عێراق وکوردستانە کردۆتە بنەما؟ دەستورێك کە فیدرالیزمی قەومی بەسەر خەلکی کوردستان دا سەپاندوەو سێبەری هەڕەشەی شەرو پیکدادانی قەومی بەهەمیشەیی بەسەر سەری خەلكی کوردستان و عێراقەوەڕاگرتوە. فیدرالیزمێك کە پرۆژەیەكە بۆ بەشداری ناسیونالیزمی کوردودەسەلاتەکەی لەپێناو بەشکردنی دەسەلات وسەروەتو سامانو هێشتنەوە و ڕاگرتنی دەسەلاتی میلیشیاکانیان بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوەو بۆتە دەستمایەو ساتوسەودا لەگەل دەسەلاتی مەرکەزیدا دژ بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان.
٦- لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە کوردستاندا خەڵك هیچ متمانەیەکی بە هەڵبژاردن نەماوەو بە رێگایەکی نازانێ بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەران و مافەکانی ئەوە چ جای ئەوەی بەڕیگایەكی بزانێت بۆ دەستاودەست پێکردنی دەسەلات! بۆیە ئەوەی کە ئەم حزبانە داوادەکەن خەڵكبەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچن و دەنگیان پێبدەن، کڵاوکردنە سەر خەڵکە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا و ژیان و ئایندەی خەڵك ئەوەندە بۆئەوان گرنگە کە شەرعیەت بەکارنامەی ڕەش وکۆنەپەرستانەی دەسەڵاتەکەی خۆیان بدەنەوە، دەنا هەرچەند سەعات دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکەیان، لە هەموو بەڵینەکانیان پەشیمان دەبنەوە. هەربۆیە بایکۆت بۆتە تایبەتمەندیەکی واقعی کۆمەڵگەی کوردستان وە بۆتە بەشێك لە درێژەپێدەری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بەدژی پەرلەمان و حکومەت.ئهوانهشی خهڵك دڵخۆشدهکهن بهم ههڵبژاردنه بهوهی بهشداری و دهنگی خهڵك گوایه گورانكاری دهكات، ئەوا گهورهترین زهربه ئهدهن لههۆشیاری خهڵك، بهمهش ههڵهیهکی سیاسی دەکەن وباجی قورس دەکەوێتە ئەستۆیان .
٧- ئەم مەهزەلەی هەڵبژاردنە نەك تەنها شایەنی بەشداری نیە، بەڵکو پێویستە ریسوابکرێت. کەوایە ئەگەر دەمانەوێت دەسەلاتی دەستەوتاقمێك بەسەرخۆمانەوە نەهێڵێنەوە کە خاوەنی کارنامەیەکی رەشن بەرامبەر بەکۆمەڵگای کوردستان،سەرچاوەی بیکاری وهەژاری و بێموچەیی وبێمافی وئاوارەییو دەیان موسیبەتو دەردەسەری دیکەن و کۆمەڵگایان بۆ نیو شەرونائەمنی بردوە، دەبێ یەکگرتوانەو دەستەجەمعی ئەم سیناریۆیەی ناویان لێناوە هەڵبژاردن، بەشکست بکێشین و ڕیگانەدەین دەنگی خەڵك بۆ دووبارە دریژەدان بەدەسەلاتی نەگریسیان بەکار بهێنن. گاڵتەکردن بەم هەڵبژاردنەو بایکۆتکردن ودورکەوتنەوە لەدرۆو بەڵینەکانیان بەشێکە لەهەڵویستی هوشیارانەی جەماوەر لەڕاستای خەباتێکی شۆڕشگێرانە وکوبوونەوە لەدەوری خواستی نانو ئازادیو دەسەڵاتدارێتی جەماوەری.ئەگەر دەمانەوێت دەسەلاتی ئایندەی کوردستان دەسەلاتی خەڵك بێت،ژیانێکی تیروتەسەل وخزمەتگوزاریە گشتیەکان بۆ خەڵك بێت،ئازادی ومافەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بێت، بۆئەوەی چیتر پۆل پۆل لاوانی ئەم کۆمەلگایە لەدەریاکاندا نەخنکێن، گەنجەکانمان بیکارنەبن ، سەرکوت و بێماف نەکرێن، بانەك تەنها بەربەستی سەر رێگای ئەم سیناریۆ گالتەجاریە بین، بەڵکوبزووتنەوەی نارەزایەتی سەربەخۆی خۆمان بهێنینە مەیدان وە شێلگیرانە ڕێگە نەدەین خۆیان لەداخوازیە سەرەکیەکانی ژیانمان بدزنەوە.