چاوپێکەوتنی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی

سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردن لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

ئۆکتۆبەر:  هاورێ عوسمان لە بەیاننامەی حزبدا سەبارەت بە خولی شەشەمی هەڵبژاردن هۆکاری بەشدارینەکردنی حزب بۆ چەند مەسەلەیەك دەگێرێتەوە، لەوانە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە لەجیاتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، یاخود پاك نەکردنەوەی لیستی دەنگدەران  و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و .. تاد، کە سەرەنجام هەڵبژاردن بەپێی ویستی یەکێتی و پارتی دیزاینکراوە،  بەڵام بەپێچەوانەوە ئۆپۆزیسیۆن باس لەوە دەکەن کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات، باس لەوە دەکەن کە کورسی کۆتاکان نەماون و بەوجۆرە لانی کەم پارتی ١٠ کورسی کەمکردوە. یاخود دەڵێن پارەو موچە لەدەستی بەغدادایەو یەکێتی و پارتی ناتوانن بە هەرەشەی مووچەبڕین خەڵك ناچار بە دەنگدان بەوان بکەن. یاخود دەڵێن گۆڕینی شیوازی دەنگدان لە یەك بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، دەستی دوو حزبی دەسەڵات کورت دەکاتەوە لەوەی دەنگی شوێنەکانی دیکە بدەن بەو کاندیدانەی لەجێگای دیکە دەنگی کەم دەهینن.. بەوجۆرە هەموو ریکارەکان لەزیانی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەیەو دەکرێ بە دەنگدان بە ئۆپۆزسیۆن و کردنیان بە زۆرینە، رێگا لە یەکێتی و پارتی بگرن کە حکومەت پێک بهێنن. سەرەنجام هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن حکومەت پێكبهێنن و بەوجۆرە کۆتایی بەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بهێنن! بۆیە ئەوان لە دوو حزبی دەسەڵاتدار زیاتر هانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا. ئێوە دەربارەی ئەو بانگەشانەی ئۆپۆزیسیۆن چی دەڵێن؟

عوسمانی حاجی مارف: هەلبەتە بەشداری نەکردنی حزبمان لەم هەڵبژاردنەدا، لەسەربنەمای ئەو خاڵانەی لە بەیانەکەدا ئاماژەی پێکراوە، چەندخاڵیکی سەرنجڕاکێش و واقعین، ئەوەی شاراوە نیە کە پارتی لەو شوێنەوە بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەی ڕاگەیاندا کە لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵدا ڕاوەستایەوە، ئەم بایکۆتەی بارزانی هەڵبژاردنی خستە سەر ڕێگایەکی بنبەست و داخراوەوە، ئەوەی نیشاندا کەبەبێ بەشداری پارتی هەڵبژاردن ناکرێت، بۆیە دادگای فیدراڵی ناچارکرد ، دەستبەرداری بەشێک لە بڕیارەکانی بێت و گۆڕانی تیا بکات، تا بارزانی قەبوڵی کات بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکات، واتە زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین هەرکات بارزانی بەرەوڕوی هەڵبژاردنێک بێت زیانی هەبێت بۆی، ئەتوانێ ئیفلیجی بکات، ئەمەش واقعی سروشتی جۆری دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستانی عێراقدا، کە خاوەن هێزی میلیشیا باڵادەسەتە نەک دەنگ و دەخالەتی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەزمونی جۆری دەسەڵاتی سیاسی زۆنی زەردو زۆنی سەوز لە سیوسێ ساڵی ڕابردودا ئەوەی نەشاردۆتەوە، کە هەڵبژاردن چ گاڵتەجاریەکەو هیچ کات نەیتوانیوە هیچ گۆڕانێک یا کۆتایی هێنانبێت بەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی. واتە پێش هەر شتێک پێویستە ئەوە بە هەند وەرگرین کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەیتوانی سیاسەتەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، لەبارەی هەڵبژاردنەوە خۆی بسەپێنێت، نەیتوانی بارزانی ملکەچ کات بۆ ئەو سیاسەتەی تاڕادەیەک بە بەرژەوەندی تاڵەبانی دەشکایەوە.

واتە چونەسەری بڕیاری بەشداری نەکردنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، وادەکات لەوە بگەین کە هەڵبژاردن ناتوانێ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕدرێت، چونکە گەر وانیە، ئەوە ئاسانترین ڕێگە بو کە بایکۆتی پارتی بکریتە هۆکارێک کە پارتی تەریک بکرێتەوەو هەڵبژاردن بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەنجام بدرایەو دەسەڵاتی پارتی کۆتایی پێ بهێنرایە، بەڵام دیمان کە ناتوانرێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدرێت، دادگای فیدراڵی بەناچاری بڕیارەکانی گۆڕی.

بۆیە ئەتوانین بڵێین ئەو خەیاڵات و چەواشەکاریانەی ئۆپۆزسیۆن وەک ئومێدێک بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بانگەشەی بۆدەکەن، بێناوەڕۆک و بێ مانایە، چونکە لە گەڵ هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەدۆخی سیاسی کوردستاندا ڕویدابێت، یان پەیوەندیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بارگرژی تێکەوتبێت، هەروەها حکومەتی عێراق و هێزەکانی شیعە فشارێکی زۆریان لەسەر بارزانی و تاڵەبانی دانابێت و میلی هاوسەنگی هێزیان بەقازانجی حکومەتی عێراق وەرچەرخاندبێت، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوز لاوازن لەبەرامبەر حکومەتی عێراقداو ناچارکراون ملکەچی ئەو واقعیەتەبن، حکومەتی عێراق ئەم دووهێزە میلیشیایەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەو شێوەیە لاپەسەندە کە پاشکۆی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقبن، پارتی و یەکێتیش لە چوارچێوەی ئەو ململانێیانەی لە چەند ساڵی ڕابردودا لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا هەولیان بۆداوە، نەک مایەپوچ مانەوە، هەنگاوبەهەنگاو ئایندەی بەرژوەندیەکانیان لە ژێر سێبەری سیاسەتی حکومەتی عێراقدا پێناسەدەکەنەوەو پێگەی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لەبەرامبەر خەڵک و ئەولایەنانەی وەک ئۆپۆزیسۆن خۆیان پێناسە دەکەن، پارتی و یەکێتی بەداخەوە کە توانایان نەگۆڕدراوەو بەردەوامی بەدەسەڵاتەکەیان ئەدەن و بەهیچ جۆرێک هەڵبژاردن ناتوانێ ئەو پرۆسەیەبێت مانای کۆتایی دەسەڵاتەکەیانی لێکەوێتەوە. لەلایەکی تریشەوە ئۆپۆزسیۆن بانگەشە بە ئومێدێکەوە دەکات کە گوایە لەڕێگەی پشتیوانی بە حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵیەوە ئەتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام ئەوەی زۆر ڕۆشنەو حکومەتی عێراق و هێزەسیاسیەکانی عێراق بەهیچ جۆرێک حسابی لەسەر ناکەن، ئەو لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەی کوردستانە کە جێگای متمانەی سیاسی و بەرێوەبردنی دەسەڵاتت سیاسی نین، ئەو ئەرک و کارەو پێشخزمەتیەی بارزانی و تاڵەبانی ئەتوانن بۆ حکومەتی عێراق ئەنجامی بدەن، ئۆپۆزسیۆنەکەیان کۆمەڵێ لایەنی بێکارو هیچ لەبارانەبون.

هەروەها شێوازی ئەم هەڵبژاردنە ٢٠/١٠ی ئەمساڵ بە هەر جۆرێک بەڕێوەببرێت و هەرلایەنێک بەڕێوەی بەرێت، مانای ئەوە نیە ئەتوانرێت دەرگای ساختەکاری بەرامبەر بەهێزی میلیشیا ببەسترێت، ئەوەش بەدوور نازانم کە لایەنەکانی حکومەتی عێراق یارمەتی پارتی و یەکیتی لە ساختەکاریدا بدەن،  جگە لەوەش هەردوو هێزی دەسەڵاتدار نفوزێکی تایبەتی بەخۆیان هەیە کە وەک دەنگدەری جێگیر حسابیان لەسەر کراوە، کە ناتوانن دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی و یەکێتی نەدەن کە ژماریەکی کەم نین، کە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم جۆرە دەنگدەرانە بێبەشن، دەنگدان بۆیان پەیوەستە بە مەزاجی دەنگدەرانەوە، بۆیە داوا دەکەن زۆرترین کەس بەشداری بکات.

ئەگەر کورتی کەینەوە، دۆخەکەو پێگەی تائێستای بارزانی و تاڵەبانی ناتوانێ ئەوەمان نیشاندات تا خەڵك فریوی ئەوە بخوات کەبە دەنگدان ئەتوانن ئەم دەسەڵاتە ئاڵوگۆڕ پێبکەن، بۆیە نەچون بۆ بەردەم سندوقەکان و دەنگ نەدان بەشێک دەبێت لە پیادەی ئەو ئاڕاستەیە کە خەڵکی ناڕازی لەڕاستای ئەو ئامانجەدان کە بە ڕاپەڕینی جەماوەری دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێبهێنن.

ئۆکتۆبەر: قسەیەکیش هەیە کە دیسان ئۆپۆزیسیۆن دەیکات و رەنگە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی هەندێ کەسیش دانابێت، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێ؛ ئەگەر خەڵك بایکۆت بکات وەکو ئەوە وایە دەنگ بدەن بە مانەوەی یەکێتی و پارتی! ئایا بەڕاست بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن و دەنگ نەدان خزمەت بەمانەوەی ئەو دوو حزبە دەکات لەسەر دەسەڵات؟ ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە بە دەنگدان دەسەڵات لەو دووحزبە بسەنرێتەوە؟

عوسمانی حاجی مارف: هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا هیچ کات دەنگدان سەنگی مەحەکی مانەوە یان نەمانەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەبووە، هەڵبژاردن لەکوردستان ئەو تایبەتمەندیەی هەیە کە تەنها ئامرازێکە بەدەستی بارزانی و تاڵەبانیەوە کە بەناوی هەڵبژاردنەوە شەرعیەت بەدەسەڵاتەکەیان بدەن، دەنا هەلبژاردن بکرێت یان نەکرێت زۆنی زرەدو و زۆنی سەوز باقیە، فرسەتدان بەبەشداری لایەنەکانی تریش بەهەر ناوێکەوە یان بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، تەنها ئارایشکردنی شێوازی هەڵبژاردنەکەیە، جا ئەو لایەنانە هەر ڕێژەیەک لە دەنگیان بەدەست هێنابێت، نەیان توانیەوە کاریگەریان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکەو گۆڕانی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی هەبێت، جگە لەوەی کە دواتر بونەتە بەشێک لە پێکهاتەی حکومەتەکەیان، واتە ئێستاش بەو مانایە کەدۆخەکە پێشوەخت هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە توانای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر خەڵک و بەناو ئۆپۆزسێۆنەکەیدا پێک نەهێناوە، ئاشکرایە کە ئەنجامی دەنگدانی ئەم هەڵبژاردنەش هەر جۆرێک بێت ناتوانێ ئاڵوگوڕ لەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی پێشبینی بکرێت، بەڵام دیارە ئەم دۆخی بێزاری و تورەیی و ناڕەزایەتیە فراوانەی خەڵک لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا، ڕێژەی دەنگدەر کەمدکاتەوە، ئەمەش زیاتر بەزیان بۆ لایەنەکانی بە ناو ئۆپۆزسێۆن تەواو دەبێت، چونکە ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا، تەنها ئومێدیان بەدەنگدانە، نەچونی خەڵک بۆ دەنگدان، بی ئومێدیان دەکات لەو چاوەروانیەی کە بە هەڵبژاردن بۆ بەدەست هێنانی چەند کورسیەک هەیانە،  ئەمەش مایەی ئەو مەترسیەیە بۆیان کە نەتوانن کورسی پێویست بەدەست بهێنن، پێموایە خۆشیان باش دەزانن کە پارتی و یەکێتی مایەیەکی ئەوتۆیان لەسەر دەنگدان دانەناوە، لە هەر حاڵەتێکدا ئەوەی گرنگە بۆیان پرۆسەکە بەبێ کێشەو دەردی سەری تێپەرێنن، دەوری خەڵکیش ئەوەیە بتوانێ ئەو کێشەو دەردی سەریانە زیادکات بەسەریانەوە، ئەمەش لەرێگەی بایکۆتی بەرفراوانەوە بەدەست دێت.

ئۆکتۆبەر:  حزب بڕیاری داوە بەشداری هەڵبژاردن نەکات و بێگومان داواش لە خەڵك دەکات کە بەشداری نەکەن و دەنگ نەدەن. ئایا یەکەم؛ بەشداری نەکردن لە هەلبژارندا چ مانایەکی هەیە بۆ خەڵك و بۆ دەسەڵات؟ دووەم؛ شێوازی بەشدارینەکردن چۆن بێت؟  هەندێ کەس بڕوای وایە کە بەشداری دەنگدان بکرێ بەڵام دەنگەکەیان بسوتێنن تا یەکێتی و پارتی نەتوانن دەنگەکانیان بەکاربهێنن!؟ ئێوە لەوبارەوە  چ بۆچوونێکتان هەیە؟

عوسمانی حاجی مارف: نەچون بۆ دەنگدان پێویستیەکی گەشەسەندنی نارەزایەتیەکانی خەڵکە، کە لە ڕۆژی دەنگداندا نەچینە دەرەوە و نەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، نەچون بۆ دەنگدان مانای نایەکی گەورەیە بۆ ئەم دەسەڵاتە، چونکە تەواوی لایەنەکان بۆ ساختەکاری و بەسەرکەوتن گەیاندنی هەڵبژاردنەکەیان پێویستیان بە نیشاندانی وەستان و ڕیزبونی خەڵکە لە بنکەکانی دەنگداندا، پێویستە لەبەرامبەر ئەو ڕاستیەدا بەئاگابین کە دەنگی ئێمەیان ناوێت، تەنها وەک ئەکتەرێک بەکارمان دەهێنن، بۆیە یەکەم؛ نەچون بۆ دەنگدان ڕیسواکردنی تەواوی پرۆسەی گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکەیانە، چونکە ئەوان بەهەر فروفێڵ و شێوازێکی ناشایستەو ساختەکاری بێت ئەتوانن یاری بەدەنگەکان بکەن. دووەم؛ ئەوان پێویستیان بە کۆبونەوەی خەڵکە بەدەوری بنکەکانی دەنگدان تانیشانی بدەن کە هەڵبژاردنەکەیان شەرعیەتی هەیە. بەڵام ئەوانەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن و کاندیدیان هەیە، بە فریودانی ئەوەی دەنگی خەڵک نەسۆتێ لەخەڵک دەپاڕێنەوە بچن دەنگ بدەن، بەڵام کەسی ناڕازی بچێت بۆ دەنگدان یا نەچێ دەنگەکەی هەرسوتاوە، نەچون بەهێزکردنی پرۆسەی ناڕەزایەتیەکانمان نیشان ئەدات، چون بۆ دەنگدان دەنگی ناڕەزایەتی دەسوتێنێت.

ئەوان هەوڵئەدەن ئەم پرۆسەیە تێپەرێنن، بۆیە پێویستە هوشیاری خەڵک لەوە زیاتربێت کە فریوکاری تەواوی لایەنەکان کاریگەری لەسەریان هەبێت. ئەوڕاستیەش نابێت فەرامۆش بکەین پارتی و یەکێتی وەک دەسەڵاتدار بەهەر شێوەیەک بۆیان بچێتەسەر ئەتوانن ساختەکاری بکەن، وەک پێشتر وتم هیچ دورنیە کە حکومەتی عێراقیش یارمەتی ساختەکاریان بدات، لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی عێراقدا حکومەتی عێراقیش جێگای متمانە نیە.

ئەوەی ڕاست بێت بەجۆرێک کە لەگاڵتەجاری ئەم هەڵبژاردنە تێگەیشتوین، بەتایبەتی لە دۆخی هەڵبژاردنی ئەم جارەدا، ئەوە باش دەبینین کە جۆری بانگەشەیان بۆ هەڵبژاردن ناتوانن بە بەڵێنی دابینکردنی خواست و موچەو  پیداویستیەکانی ژیان خەڵک فریوکاری بکەن، چونکە بە لاوازی پێگەیان لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا ئەو هەلەیان لەدەستداوە کە ڕویان بێت بانگەشەیەکی لەو چەشنەبکەن، زیاتر لە گۆشەیەکەوە بانگەشەکانیان ڕادەگەیەنن، کە ڕیسواکردن و تاوانبارکردن و شکاندنی یەکترە تائاستی دروشمی کۆتایی دەسەڵات، بەمجۆرە بانگەشەکەیان زیاتر نیشاندانی دۆخی شەڕە تا ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت، ئەتوانم بڵێم هەڵخڕاندنی دۆخێکی لەم چەشنە زیاتر پێویستی بە نەچون بۆ دەنگدان و ڕیسواکردنی پرۆسەکەیانە، ئۆپۆزسیۆنێکیش هەستی دڵسۆزی و پشتیوانی بۆ خواست و ئایندەی خەڵک هەبێت، لەڕیزی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا دەوەستێت بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی ڕاپەڕین و شۆڕشی جەماوەریەوە، نەک بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا کەدەسەڵاتداران بۆ شەرعیەتدان بەدەسەڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …