توندبوونەوەی فەزای جەنگ و مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ و وێرانکاری

په‌یامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان

دوای وێرانکردنی نزیك بە تەواوەتی غەززە و ئەنجامدانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی خەڵکی فەلەستین، حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ، رووی ماشینی جەنگیەکەی ئاڕاستەی لوبنان و ناوچەکە کردووە. حکومەتی ئیسرائیل کە دوای نزیك بە ساڵێک لە کۆمەڵکوژی و کاولکاری لە غەززە  نەیتوانی بە ئامانجەکانی خۆی بگات بۆ ئەوەی لە سایەی کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، ئاسۆیەک بەرووی دەرهاتنی لەو بنبەست و قەیرانەدا بکاتەوە کە بەرۆکی پێ گرتووە. بۆیە بە ملهوڕی و وەحشیگەرییەکی هەوساربچڕاوه‌وه‌ بە بیانووی وەستانەوە بەرامبەر بە هێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل، جەنگێکی دیکەی خوێناوی دژی خەڵکی لوبنان بەرپاکردووە و پەیتاپەیتاش هەڕەشەی فراوانکردنەوەی جەنگەکە دەکات تا لە ڕێگای ڕاپێچکردنی ئێران و بەم جۆرەش ڕاکێشانی پای ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا تەواوی ناوچەکە نوقمی جەنگێکی ماڵوێرانکەر بکات.  پەلامارە ئاسمانیەکان و بۆردومان و کردەوە تیرۆریستیەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت و شاروشارۆچکە سنوریەکانی دیکەی لوبنان، سەدان کەس کوژراو چەند هەزار برینداری لێكه‌وتۆته‌وه‌ و زیاتر لە یەك ملیۆن کەس ئاوارەبوون. هاوکات لەپاڵ ئەم هێرشانەدا، چەند هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دیمەشق و سوریا ئەنجام داوە و ڕۆژانەش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئێران و کێشکردنی عێراقیش بۆ ناو جەنگ ده‌كات. به‌مجۆره‌ش تادێت ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری جەنگێکی ناوچەیی و ئاسەوارە زیانبارەکانیدا دادەنێت.

حکومەتی نەتانیاهۆ، کە لەئاستی ڕای گشتی دنیادا ڕیسوا و تەریک کەوتۆتەوە و لەناوخۆشدا لەگەڵ قەیرانێکی حکومەتی بەرەوڕووە، پێویستی بە شەڕ و فراوانکردنەوەی شەڕەکەیە تا هەم خۆی دەرباز بکا و هەم دەستەی فەرمانڕەوای ڕاستڕەو و فاشیستی ئیسرائیل یەکدەست لەپشتی خۆی و حکومەتەکەیدا ڕابگرێ. هاوكات نه‌تانیاهۆ به‌ ته‌واوی توانایه‌وه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ڕاکێشانی ئێران و کۆماری ئیسلامی بۆ ناو ئه‌م فه‌زای جه‌نگی و تیرۆریستیه‌ و ئه‌و كاولكاریه‌ی ده‌ستی داوه‌تێ. ئه‌مه‌ش نەک تەنها لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و دەوڵەتانی ڕۆژائاواوە به‌ چه‌كی قورس و وێرانكه‌ر و به‌ ده‌زگا هه‌وڵگریه‌كانیان هاوكاری و پشتیوانی لێ ده‌كرێ، بگره‌ جڵەوی ته‌واوی بۆ شلکراوە، تا جه‌نگ و كاولكاری وه‌ك ڕێگایه‌ك بۆ خۆده‌ربازكردن له‌و بنبه‌ست و بێئاسۆییه‌ی تێیدا چه‌قیوه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێ و جه‌نگ بكاته‌ تارمایی و كابوسێك به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كه‌وه‌.

رژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران، هەروەک ئەوەی ڕایگەیاندووە کە نایەوێت بچێتە ناو جەنگێکی فراوانی ناوچەییەوە، چونکە بەرژەوەندی خۆی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی هەمەلایەنەدا نابینێتەوە.  بەڵام فریوکارانە و ڕیاکارنە دەیەوێ ئەو کارەساتەی دەوڵەتی دەڕندەی ئیسرائیل بەسەر خەڵکی فەلەستین و لوبنانی هێناوە بەدەستەوە بگرێت. مانەوەی کێشمەکێشەکانی لەم ئاستەی ئێستادا لەگەڵ ئیسرائیل، لەچوارچێوەی پڕوپاگەندە و جەنگی دەروونی و جارجارەش شەڕە مووشەک، هەم خۆی لە پۆزی خاوەندارێتی مەسەلەی فەلەستین و بەرگری لە خەڵکی بێدەرەتانی لوبنان و ”ئومەتی ئیسلام” نیشان بدات و هەم هێزنمایی بکا و هێزە میلیشیا ئیسلامیەکانی سەربەخۆی لە غەززە و لوبنان و سوریا و عێراقدا هەڵخڕێنێ و چڕنوکی خۆی نیشانی ڕەقیبەکانی بدات. بەڵام ملهوڕی و بەربەریەتی پەیتاپەیتای ئیسرائیل و قودرەتنمایی جمهوری ئیسلامی، ئەگەری فراوانبوونەوەی جەنگە و گۆڕانی بۆ شەڕێکی هەمەگیر کە هەموو ناوچەکە بسووتێنێ کردووە بە مەترسییەکی جدی و هەڕەشە لە هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکات. شەڕفرۆشی ئیسرائیل و جڵەوشلکردن و هاوکاری هەمەلایەنەی لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی غەربیەوە، سەراپای ناوچەکەی ڕووبەڕووی مەترسی جەنگ و کاولکاری کردوەتەوە. جەنگێک کە لە سایەی چەکداربونی لایەنەکانی بە جۆرەها چەکی مۆدێڕنی کۆکوژ، ئەگەر بەرپا بێت هەموو ناوچەکە خاپور و وێران دەکات و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە تیایدا دەبن بە قوربانی.

کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵكی ناڕازی کوردستان:

کابوسی جەنگ کراوەتە مەترسییەکی جدی لەسەر خەڵکی ناوچەکە، ئەم جەنگخوازیەی دەوڵەتی ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا و بەریتانیا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا بەدڵنیایەوە پڕیشەکەکەی دەچێتە چاوی هەموو خەڵکی ناوچەکە بە خەڵکی کوردستانەوە.. ئێمە خەڵکی نارازی کوردستان کە بۆ نان و کار و خۆشگوزەرانی ڕۆژانە لەدژی دەسەڵات ناوەندی شەقامەکان دەگرین، ناتوانین ئەم دۆخە فەرامۆش بکەین و بێلایەن بەدیار ئەو شەڕ و کوشتار و کاولکاریەوە کە دەرگای ماڵەکانمانی گرتووە دەستەوەستان ڕاوەستین. ئێمە کە ئاڵای باش بژێوی و خۆشگوزەرانیمان بەرزکردۆتەوە بەبێ سەلامەتی و ئارامی ناوچەکە مومکین نییە و بەدەستنایەت. ئەوەی کە ئێستا دەسەڵاتداران و حیزبەکان سەرگەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن و شەرعیەت دانەوەن بە سیستمێك کە سی ساڵە ژیانمان دەهاڕێت، نابێ ئەو دۆخە مەترسیدارەی کە ڕووی لەناوچەکە کردووە لەبیر بەرێتەوە. دەبێ بەوپەڕی هەستیاریەوە کاردانەوەمان بەرامبەر ئەم کابوسە ترسناکە هەبێت. ڕاستە دەولەتی رەگەزپەرستی ئیسرائیل شەڕ دەفرۆشیت، ڕاستە ئەمریکا و زلهێزە غەربیەکان بەبێ دودڵی لە پشتی ملهوڕی ئیسرائیل ڕاوەستاون و بە هەموو جۆریک پشتیوانی دەکەن، بەڵام ئەوان تەنها بڕیاردەر نین بۆ خاپور و وێرانکردنی ناوچەکە، چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان سەنگەرێکی بەهێزیان لێداوە بۆ بەرپەرچدانەوەی جەنگخوازی ئەوان. بزووتنەوەی دژی جەنگ و دژی ملهوری ئیسرائیل بزووتنەوەیەکی بەهێزە و ئەگەر هەمووو هێزی خۆی بهێنێتە مەیدان، دەتوانێ دەستی ئەم ملهوڕانە ببەستێ و دەهۆڵی جەنگیان رابگرێت. خەڵکی کوردستانیش دەبێ بەوپەڕی هوشیاریەوە خۆیان بە بەشێک لەو جوڵانەوەیە بزانن کە بۆ ڕاگرتنی جەنگ و کاولکاریی لە فەلەستین و لوبنان و لەدژی ئیسرائیل و لایەنگرانی، ناوەندی شارەکانی ئەوروپا و ئەمریکاو ئوسترلیا گرتووە. دەبێ لەپاڵ نارەزایەتیەکانمان بۆ خۆستەکانمان لە دەوری خواستی”نا بۆ شەڕ و شەڕخوازی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!، بەڵێ بۆ دەستبەجێ راگرتنی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان!” کۆببینەوە و ڕێگا نەدەین ناوچەکە ببێتە جێگای هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ و کوشتار و کاولکاری زیاتر. راوەستانی ئێمە خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێش وەک هێزێکی سەربەخۆی چینایەتی لەدژی ئەم دۆخە و لەپاڵ بەرەی ئینسانی و ئازادیخوازی جیهانی لەدژی جەنگ، زامنی بەرگرتنە لەهەر کارەساتێک کە لە ناوچەکەدا بەڕێوەیە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٧\١٠\ ٢٠٢٤

Check Also

بەیاننامەی  دامەزراندنی: بەرەی یەکگرتووی کرێکاریی بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین

٧٨ ساڵه‌ خەڵکی فەلەستین بەردەوام و به‌شێوازی جۆراوجۆر ڕووبه‌ڕووی تاوانكاریی دوژمنکارانەی داگیرکەرانی زایۆنیستی بۆته‌وه‌،‌ هه‌ر …