مەئمود حەلاق
سەرەتا بابزانین هەڵبژاردن چیدەگۆڕێت، ئایا وەڵامدەرەوەی ئاڵوگۆڕێکە بەقازانجی گشتی خەڵک و کرێکاران کەبتوانێت ژیانیان بەرەو باشتر بەرێت؟ ئایا هەڵبژاردن ئەتوانێت خەڵک لەنەهامەتیەکانی ژیانی ئازادو قوتار بکات؟
لەڕوانگەی کرێکارانەوە هەڵبژاردن ناتوانێت وەڵام بەم خاڵانەی خوارەوە بداتەوە:
١-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت کێشەو گرفتی مووچە لەنێوان هەرێم و ناوەندا چارەسەر بکات. ئایا ئەتوانێت ڕێگا لەم شانۆگەرییە سیاسیەی هەرێم و بەغدا بگرێت کەساڵانە چەندبارە ئەبێتەوەو بەم هۆیەوە ژیانی خەڵکیان بەبارەمتە گرتووە؟
٢-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت ڕیزی سەدان هەزار دەرچووی کۆلێژو پەیمانگاکان کەئێستاکە دەستبەتاڵ لەسەر شەقامن دابمەزرێنیت و چارەنوسێکی باشتریان بۆفەراهەم بکات؟
٣-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری، خوێندن، خەستەخانەو دەیان ناوەندی تر کەکراوون بەکۆمپانیای قازانجهێنەر لەدەست ئەحزابەکان دەربهێنیت و بیکاتەوە بەموڵکی گشتی وبەخۆڕایی پێشکەشی خەڵکی بکات؟
٤- ئایا پەرلەمان ئەتوانێت ڕێگا لەلێشاوی جیابوونەوەکان بگرێت کەئامارەکانی بەرزو تۆقێنەرن بەهۆی دەسەڵاتی حزبەکانەوە لەنەبوونی تەئمینی ژیانی خەڵک و بەتایبەت گەنجان، نەبوونی کارێک وەک سەرچاوەی بژێوی ئەوان وسپاردنیان بەچارەنوسێکی ڕەش وپڕ تراژیدی؟
٥-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت ڕێگا لەداگیرکارییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە بگرێت بۆسەر کوردستان کەبەهۆیەوە سەدان گوندو ئاوەدانی وێرانکراوون و هەرڕۆژە ناوچەیەک بۆردمان ئەکرێت و بەم هۆیەشەوە نائارامی سەپاندووە بەسەر هەرێمی کوردستاندا؟
٦-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت گەندەڵی، دزی و تاڵان و بڕۆی حزبەکان و دەستوپێوەندەکانیان کۆتایی پێبهێنیت کە ژیانی خەڵکی کوردستانی لەبەریەک هەڵوەشاندۆتەوە؟
٧-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت داگیرکاری وقۆرخکارییەکانی بازاڕ نەهێڵێت و ڕێگا بکاتەوە بۆکارو کاسبی خەڵک؟
٨-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت ڕێگا لەقاچاخچێتی مەوادی بێهۆشکەر، داوو دەرمان و خۆراکی ماوەبەسەرچوو بگرێت و قاچاخچیان ڕەوانەی دادگا بکات و ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵدا بکرێت؟
٩-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت دادگاو یاسا ئازادو قوتار بکات لەدەسەڵاتی حزبی هەتا بتوانێت سەربەخۆو بەتووندی ئیجرائات بکات لەگەڵ هەر لایەن و کەسایەتیەکی سەرپێچیکەر یان تاوانبار بەقازانجی گشتی خەڵک؟
١٠-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت سیستەمی سیاسی کوردستان لەڕیشەوە بگۆڕێت بەقازانجی گشتی و بەئاقاری چارەنوسێکی باشتر بۆ خەڵکەکەی؟
١١-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت یەک یەکی لێپرسراوو دەسەڵاتدارانی هەرێم بهێنیتە پای دادگاییکردن لەسەر دزی و تاڵان و فەرهودییەکانیان کەژیانی خەڵی کوردستایان لەڕیشەوە وێرانکردووە؟
١٢-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت بیمەی کۆمەڵایەتی، مووچەی تایبەت بۆ بێکاران دەستەبەر بکات؟
١٣-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت بێکاری نەهێڵێت یان کەمیبکاتەوە، هەلیکاری مسۆگەر بکات بۆزۆرینەی خەڵک هەتا کرێکارانی لەسەرکار نەکات بەکۆیلەو لەترسی بێکارکردن ملبدات بەکاری کۆیلەکاری و خاوەنکار بەوویست و ئارەزووی خۆی دەستئاوەڵڵا بهێڵێتەوە؟
١٤-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت بڕیاربدات لەسەر یاسایەکی کاری پێشڕەوی کرێکاری و بیکات بەدەستوریک و فەرزی بکات بەسەر کۆمپانیا، خاوەنکارو ناوەندەکانی کاردا کەنەتوانن هەروا ئاسان ماف و ژیانی کرێکاران بەبارەمتە بگرن و لەتراژیدیترین دۆخدا ڕایانبگرن و بیانهێڵنەوە؟
١٥-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت مافە فەردی و ئازادییەکان دەستەبەر بکات و پارێزگاری لێبکات؟
١٦-ئایا پەرلەمان ئەتوانێت یاساو دەستورێکی مەدەنی بکات بەدەستوری ووڵات و ئازادی فەرد لەهەر ڕوویەکەوە بکات بەمەرجی ئازادبوونی کۆمەڵگاو بەم هۆیەوە ئینسانەکان بەهرەمەندبن لەژیانێکی باشتر؟
لەڕوانگەی کرێکارانی کورستانەوە ئەگەر پەرلەمانێک نەتوانێت ئەم کارانەو دەیانکاری تریش بکات کەڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی خەڵکەوە هەیە، ئەگەر نەتوانێت لەسەر بەرژوەندییەکانی خەڵک کارێک بکات بەئاقاری نەخشاندنی داهاتوو ژیانێکی باشتر بۆیان، ئەگەر نەتوانێت ئەم خواستە واقیعییانە کەلەخەڵک زەووتکراوون فەراهەمبکات و نەتوانێت بیگێڕێتتەوە بۆخەڵک، ئایا ئیتر پەرلەمان جگە لەدەستگایەکی قانوونی بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بۆبردنە پێشەوەی سیاسەت و ئەجێندای خۆیان دەتوانێت شتێکی تر بێت؟ ئایا پەرلەمانێک نەتوانێت لەئاستی لێپرسراوێتی خۆیدا بێت بەرامبەر بەم خواستانەی خەڵک کەژیانی پێوەگرێدراوەتەوە، ئیتر جگە لەدەستگایەکی یاسایی چەواشەکار بۆکەلەبچەکردن و بێدەنگ کردنی خەڵک دەتوانێت شتێکی تر بێت؟
کەواتە هەڵبژاردن بۆپەرلەمان، تەنها شەرعیەتدانەوەیە بەو ژیانە مەمرەو مەژی و پڕ لەنەهامەتیەی کە زیاتر لەسێ دەیەیە دەڕواتە پێشەوەو خەڵکی لەسەر چەواشە ئەکەن.. ڕیشەکەی لێرەدایە نەک لەدەم و چاوەکان و لەژمارەی کورسی و براوەکاندا کەهەریەکەیان بانگەشەی بۆ دەکەن. سەرەڕای ئەوانەش حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان قاچی یەک کورسیش نەهێنن، هەرگیز لەدەسەڵاتدا لاناچن تا ئەوکاتەی کەجەبهەی خەڵک بەتووندو تۆڵی و بەئیرادەیەکی پۆڵایینەوە لەپێناوی ژیانێکی باشتریدا دێتە مەیدانەوە.
لەڕوانگەی ئێمەی کرێکارانەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمان تەنهاو تەنها بەیاساییکردنەوەی حکومەت ودەسەڵاتدارێتی حزبەکانی کوردستانە ڕووەو جیهانی دەرەوە کەبڵێن ئێمەش حکومەت و دەزگای قانوونی و دامەزراوەی سیاسیمان هەیەو لێرەوە پیشانی دنیای دەرەوەی خۆیان بدەن کەدەتوانن پەیوەندییەکانتان بەئێمەوە گرێبدەنەوە.
مانای عەمەلی ئەم هەڵبژاردنە هەر ئەوەیە کە پارتی و یەکیەتی بۆ چوار ساڵی تر دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان بەپاڵپشتی ئەمریکاو دەوڵەتانی ناوچەکە بەسەرسەری خەڵکی کوردستانەوە ڕادەگرن و هەژاری و بێکاری، سەرکوت و تاوان، نەبونی مووچەو خزمەتگوزاری، جیاکاری و ستەمگەری لەژنان و مناڵان درێژە پێبدەن. هەر ئەوەیە کە بەناوی پەرەپێدان بەکەرتی تایبەت شانی خۆیان بەتاڵبکەنەوە لەئاستی سەرەتایترین مافەکانی خەڵک و هەموو سێکتەرەکانی ژیان هەراجبکەن و بیدەن بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، هەرئەمەش سەرچاوەی ڕاووڕوتی خۆیان و کۆمپانیاکانیانە. بەمجۆرە خەڵکی بێبەشی کوردستان جگە لەدەردومەینەتی زیاترو مانەوە لەچوارچێوەی هەمان ئەو ستەم و بێدەرەتانیەدا کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە درێژەی هەیە، هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە.