کۆنفرانسی پێنجەمی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرکەوتوانە کۆتایی هات!

لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە بەشداری سەرجەم نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی حزب لە وڵاتەکانی ئەوروپا و کەنەدا و بە میوانداریی ژمارەیەك ئەندام و دۆستی حزب و شاندێکی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و بە ئامادەبوونی هاوڕێ عبداللە محمود، نوێنەری مەکتەبی سیاسی، لە وڵاتی فینلاند، کۆنفرانسی پێنجەمی خۆی بەست.
سەرەتا، بە مەبەستی شەرعییەتدان بە کۆنفرانس، کۆمیتەی ڕابەری ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیاری سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەران پێشکەشکرد و بە تێکڕای دەنگی نوێنەرانی ئامادەبوو، ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا. بەمجۆرە کۆنفرانسی پێنجەم شەرعیەتی یاسایی وەرگرت.
بەدوای ئەوەدا بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی دەرەوە لیژنەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەی کاری کۆنفرانس پێشنیارکرد و پەسەندکرا. پاشان لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانس بەسرودی ئەنتەرناسیوناڵ و دەقیقەیەك ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم کارەکانی خۆی دەستپێکرد.

سەرەتای کارەکانی کۆنفرانس بە وتەی دەشتی جەمال دەستی پێکرد. دەشتی جەمال باسی لەو ئاڵوگۆڕانە کرد کە لەدنیادا هاتۆتە ئاراوە و کاریگەریی گەورەی لەسەر کۆمەڵگەی بەشەری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەباتی چینایەتی داناوە لەسەر ئاستی جیهانی و هەروەها لەسەر ئاستی عێراق و کوردستاندا. هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە پێویستە ڕێکخراوی دەرەوەی حزب لەسەر هەمان ئاڕاستەی سیاسی کۆنگرەی شەشەمی حزب نەخشەکار و هەنگاوەکانی داهاتووی خۆی دیاری بکات. بەدوای ئەودا هاوڕێ عەبدوڵا مەحمود بە نوێنەرایەتی مەکتەبی سیاسی حزب وتەیەکی پێشەکەش کرد کە تێیدا ئاماژەی بە جێگاوڕێگای پێشەنگی ڕێکخراوی دەرەوەی حزب کرد لەڕێڕەوی بەرەوپێشبردنی کارەکانی حزبدا لە دەرەوەی وڵات.
پاشان هاورێ ابراهیم محمد نوێنەری ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، دوای پیرۆزبایی لە بەستنی کۆنفرانس، ئاماژەی بە هاوسەنگەری خەباتی هەردوو حزب کرد لە خەبات دژی بۆرژوازی لە عێراق و کوردستان.
دوای پەسەندکردنی پەیڕەو و بەرنامەی کاری كۆنفرانس لەلایەن نوێنەرانەوە، کارەکانی کۆنفرانس دەستی پێکرد کە بریتی بوون لە:
1- هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاپۆرتی كار و چالاكیه‌كانی دەورەی ڕابردوو
2- بەڵگەنامەی ئاڕاستە و ئەولەویاتەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بۆ دەورەی داهاتوو
3- چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی باری دارایی حزب
4- بڕیار و بڕیارنامەکان
5- ئارایشی ڕێکخراوی دەرەوە و هەڵبژاردن
6- وتەی کۆتایی کۆنفرانس.
لە بەندی یەکەمی بەرنامەی کاری کۆنفرانسدا سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی دەورەی پێشووی ڕێکخراوی دەرەوە و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی قسەوباسکرا و بەگشتی بە پۆزەتیڤ هەڵسەنگێنرا و پێداگری لەسەر ئەوە کرا کە هەنگاوەکانی داهاتوو نەك هەر دەبێ کەموکوڕییەکانی پێشوو پڕبکاتەوە، بەڵکو دەبێ ڕێکخراوی دەرەوەی حزب بەعەزمێکی گەورەترەوە کارەکانی داهاتووی دیاری بکات و جێبەجێیان بکات.
دووەهەمین بەندی باسەکانی کۆنفرانس لەلایەن هاوڕێ جەمال موحسین پێشکەشکرا کە هەوڵیدا سەرنجی نوێنەران بۆ گرنگترین ئەو مەیدانانە ڕابکێشێت کە پێویستە ڕێکخراوی دەرەوە لە چوارچێوەی ئاڕاستەو جیهەتگیری کۆنگرەی شەشەمی حزبدا پێی هەڵستن.
باسی سێهەمی کۆنفرانس بریتی بوو لە چۆنیەتی بە‌هێزکردنی توانایی دارایی حزب کە لەلایەن هاوڕێ جەلال سەعیدەوە پێشکەش کرا. بەندی دواتری کۆنفرانس بریتی بوو لە بڕیار و بڕیارنامەکان. لەم بەشەدا سەرەتا هاوڕێ بنار مستەفا سەبارەت بە بڕیارێکی پێشنیارکراوی خۆی سەبارەت بە کارەکانی داهاتووی ڕێکخراوی دەرەوە ڕوونکردنەوەیەکی پێشکەش کرد. دواتر بڕیارەکەی هاوڕێ بنار و کۆمەڵێك بڕیاری دیکە خرانە بەر دەنگدانەوە کە بەزۆرینەی دەنگی هاوڕێیانی نوێنەر پەسەندکران، لەوانە بەڵگەنامەی ئاڕاستە و ئەولەویاتەکانی ڕێکخراوی دەرەوە و چەند بڕیاری گرنگی دیکە بە ئاقاری توندوتۆڵ کردنەوەی ڕێکخستنەکانی حزب لە دەرەوەو بەرەوپێش بردنی کارەکان.
دوابڕگەی کۆنفڕانس ئارایشی کۆمیتەی ڕابەری داهاتوو بوو کە ئەم هاوڕێیانە وەکو ئەندامانی کۆمیتەی ڕابەری ڕێکخراوی دەرەوەی حزب هەڵبژێردران:
ئیبراهیم حسێن، جەمال موحسین، شیرین ئەحمەد، جەلال سەعید، نوری بەشیر، موحسین کەریم، گەشاو ڕەحیم، بنار مستەفا، دەشتی جەمال، ڕێنوار جەبار، ئاراس ڕەشید، سەردار عەبدوڵا حەمە، دلشاد مەجید، عوسمان ئەحمەد و سەوسەن سەلیم بە ئەندامانی کۆمیتەی ڕابەری داهاتوو هەڵبژێردران.
کۆمیتەی ڕابەری لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا دەشتی جەمالی بە بەرپرسی ڕێکخراوی دەرەوە هەڵبژارد. هەروەها هەر یەك لەهاوڕێیان حەمید نادر و دانا بەهادینی بە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ڕابەری دیاریکرد. بەم شێوەیە کۆنفرانس پاش دوو ڕۆژ لە فەزای شۆڕوشەوق و ئامادەیی هاوڕێیان بۆ کاروباری دەورەی ئایندەی حزب لە دەرەوە، کارەکانی سەرکەوتووانە کۆتایی پێهێنا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ڕێکخراوی دەرەوە
٢٣/٩/٢٠٢٤

Check Also

هەڵبژاردن لەڕوانگەی کرێکارانەوە چ پەیامێک بەکۆمەڵگا ئەدات!

مەئمود حەلاق سەرەتا بابزانین هەڵبژاردن چیدەگۆڕێت، ئایا وەڵامدەرەوەی ئاڵوگۆڕێکە بەقازانجی گشتی خەڵک و کرێکاران کەبتوانێت …